ڕێفراندۆم و بە جیهانیبوونی دۆزی کورد

ڕێفراندۆم و بە جیهانیبوونی دۆزی کورد

ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان، کۆمەڵێک ڕوانگە و ڕەهەندی جیاواز و گرنگی هەیە، کە پێویستی بە لەسەر وەستان وردبوونەوە و توێژینەوە هەیە، جیا لە ڕەهەندە نێوخۆییە گرنگەکانی، لە جۆشدانەوەی خەڵکی کوردستان و ئامادەسازی دەروونی بۆ سوربوون و پێداگری لە داخوازی شوناسێکی کوردی و کوردستانی، ڕەهەندی بەجیهانیبوونی دۆزی کورد و پرسی شوناسێکی کوردی و کوردستانی ڕەهەند و ڕوانگەیەکی گرنگی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستانە.
ڕیفراندۆم و بانگی سەربەخۆیی کوردستان، دۆزی کوردی لە چێوە داخراوەکەی عێراق و دەوڵەتانی خاکی کوردستان بردە دەرەوە، لە دوای ئەنجامدانی ڕێفراندۆم چیتر کێشەی کورد کێشەی دەوڵەتێک و دوان نیە، کێشەی کورد کێشەی گەلێکی دێرینی ناوچەکەو جیهانیشە، کێشەیەکە پێویستە چارەسەرێکی بنەڕتی بۆ ببینرێتەوە، چارەسەرێک کورد وەک هەبوویەک پێی ڕەزامەندبێت، ڕیفراندۆم ناساندی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان بوو لە ئاستە جیهانیەکەدا، مەگەر ئێمە لەسەردەمی گلۆباڵ و بەجیهانیبوون ناژین، کەوابوو پێویستە جیهان و مرۆڤایەتی لە کێشەکەمان بەئاگابن! یەکێک لە ئامانجە گەورەکانی ڕیفراندۆم بە ئاگاهێنانی گۆماڵگای نێودەوڵەتی بوو لە دۆزی کورد. وەبە قەزیەکردنی ئەم پرسە بوو.
ڕیفراندۆ بۆ سەربەخۆیی کوردستان، بوە هۆی ئەوەی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان و پرسی سەربەخۆیی کوردستان لەسەر ئاستی ناوەندە گرنگەکانی جیهان گەنگەشە بکرێت، ئەوانەی لەگەڵدابوون و ئەوانەی دژیبوون! پێویست بوو ناوەندە گرنگەکانی جیهان هەڵوێستیان هەبێت، ڕۆژانی بانگەشە بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و دەوڵەتانی جیهان، حیزب و پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان، دەزگا و ناوەندەکانی توێژینەوەی ستراتیژی سیاسیی و ئابوری، سەرکردەو کەسایەتیە گەورە گرنگەکان، لەبارەی هەبوونی دەوڵەتی کوردی و سەربەخۆیی کوردستان دەدوان.
لەسەر ئاستی میدیایی، میدیای نێودەوڵەتی گرنگی و بایەخی بە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی دەدا، ڕیفراندۆم دۆزی کوردی کردبووە ناوچەی هەستیار و گرنگی ڕۆماڵی کەناڵە گرنگ و پڕ بینەرەکانی جیهان، کەناڵ و ئاژانسە نێودەوڵەتیەکان گورزێک ڕووناکیان خستبوە سەر دۆزی کورد و هەبوونی کورد، چارەسەری کێسەی کورد.
ڕەوەندی کورد لە تاراوگە، سەرباری ئەوەی ڕەوەندی کورد لە وێستگە جیاوازەکانی ژیانی سیاسییانەی خەڵکی کوردستان ڕۆڵی هەبووە لە ناساندنی دۆزی کوردا، لێ لەسەردەمی بانگەشەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا، ڕەوەندی کورد قورساییەکی گەورەی خستبووە سەر کەیس و مەلەفی کورد لە مەحفەلی نێودەوڵەتی، بە درێژایی زیاتر لە سەد ڕۆژ ڕەوەندی کوردی لە دەوڵاتانی ئەم جیهانە بەرینەدا لە چالاکی و خۆپیشانداندا بوون، لەسەر شەقامەکانی پایتەختی گەلێک لە دەووڵەتانی جیهانیان خرۆشاند، بەدەنگێکی زووڵاڵ مافی ڕەوایەتی هەبوونی دەوڵەتێکیان بۆ کورد و کوردستان بە جیهان گەیاند.

Top