پارتی واتا هێز وئیرادەی گەلی كورد

پارتی واتا هێز وئیرادەی گەلی كورد
پارتی دیموكراتی كوردستان بە رابەرایەتی بارزانیی بە حوكمی ئەو بەرپرسیاریەتییە مێژووییەی كە لەسەر شانیەتی، دەبێت شانی بداتەبەر و رووبەڕووی هەموو مەترسی و هەڕەشەیەك كە رووبەرووی گەلی كورد دێت ببێتەوە.پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لەخۆڕا نەگەیشتۆتە ئەو پێگە و شكۆیەی كە ئێستا تیایەتی، ئەمانە هەمووی رەنگدانەوە و لۆژیكی سەرۆك بارزانی-یە كە بە گیانێكی نەتەوەیی و نیشتمانی مامەڵە لەگەڵ هەموو رووداو و پێشهاتەكان دەكات و، كاتێك كوردستان رووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە، ئەوا سەرۆك بارزانی پێش هەمووان لە سەنگەرەكانی بەرگری بە هەمان هەست و حەماسی شۆڕشگێڕیی ساڵی 1962ـەوە هاوشانی پێشمەرگە لە بەرەی پێشەوەی سەنگەرەكانی پێشمەرگەیە، كاتێكیش كە هەرێمی كوردستان پێویستی بەوە لە ئاستێكی شایستەی خۆی نوێنەرایەتی بكرێت، ئەوا دیسان سەرۆك بارزانی لە ناوەندی وتووێژ و كۆبونەوە سیاسییەكان دەبینین، كە چۆن پێداگری لە سەر مافە رەواكانی گەلی كوردستان دەكات، ئەوجا ئەو داكۆكیكردنە لەسەر مافەكانی گەلی كوردستان بێت لە عێراقدا، یان داكۆكیكردن بێت لە مافی كوردی پارچەكانی دیكەی كوردستان، سەرۆك بارزانی چۆن بۆ دابینكردنی مافەكانی خەڵك لە هەرێمی كوردستان بڕوای بە دیالۆگ و چارەسەری ئاشتییانە هەیە لەگەڵ حكومەتی عێراقدا، لەسەر مافی كوردانی پارچەكانی دیكەش بەردەوام رێنمایی و راسپاردەی سەرۆك بارزانی بۆیان ئەوەیە كە رێگەی ئاشتی و دیالۆگ بۆ چارەسەری كێشەكان بگرنەبەر، لەبەر ئەوەی سەردەمی شەڕ و چارەسەركردنی سەربازی بەسەرچووە.پارتی قوتابخانەی كورداتییە ، خۆی بە درێژەپێدەری فیكر و رێبازی مستەفا بارزانی دەزانێت و سەرۆك مسعود بارزانی وەك قوتابیی ئەو فیكر و رێبازە بە كردەیی پیادەی دەكات و درێژەی پێ دەدات، بەردەوام داكۆكی لە ئاشتی و یەكڕیزیی نێوماڵی كوردستان و سەقامگیریی سیاسی و تەناهی بۆ خەڵكی كوردستان دەكاتەوە، ئەم دیدوبۆچوونە كە هەڵقوڵاوی فیكر و رێبازی مستەفا بارزانی-یە، لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەگەر لەناو خودی خەڵكی كوردستان تەبایی و یەكڕیزی بوونی نەبێت، ئەوا ناتوانێت سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی بێتەدی و زەمینە بۆ بەدیهێنانی دەستكەوتەكان و بەرگریكردن لە مافەكانی خەڵكی كوردستان بەدی نایەت. هەروەها بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی خۆبەڕێوەبردن لە ناو رێبازی بارزانی-دا، پارتی هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی حوكمڕانیی باش و دادپەروەری و ئاشتیی كۆمەڵایەتی بە ئەركی سەرشانی خۆی و كۆی ئەو هێز و لایەنە سیاسییانە دەزانێت كە بەرپرسیاریەتیی نیشتمانی لە سەرووی بەرەژوەندیی حزبییەوە سەیر دەكەن، بۆیە لەم راستەوە بەردەوام هەوڵیداوە لەگەڵ هێزە سیاسییە كوردستانییەكان بەرەیەكی سیاسیی فراوان بۆ ئامانجە هاوبەشەكان بێنێتەئاراوە، ئەمەش لە پێناوی ئەوەیە هەموو تواناكان بۆ خزمەتی گەلی كوردستان بخرێنەگەڕ.بەدڵنییاییەوە چوار ساڵی ئایندە و قۆناخی داهاتوو، پارتی ئەرك و بەرپرسیاریەتی زیاتری دەكەوێتە سەرشان. راستە مەیدانی راستەقینەی خەبات و تێكۆشانی پارتی، هەرێمی كوردستانە لە چوارچێوەی عێراقدا، بەڵام بەشی هەرە زۆری كوردانی هەر چوارپارچەی كوردستان و رەوەندی كورد لە هەندەران، سەرۆك مسعود بارزانی وەك رابەری نەتەوەیی خۆیان سەیر دەكەن و چاوی ئومێدیان لەسەر ئەوەیە كە سەرۆك بارزانی داكۆكی لە مافی هەمووان بكات، لە ئێستاشدا كە بارەگای سەرەكیی سەرۆك بارزانی، بارەگای بارزانییە، نەك شوێنێكی دی، ئەوا بارەگای بارزانی ئەو رەشماڵە گەورەیەیە كە بۆ هەموو لایەك كراوەیە، راستە ئەم ئەركە راستەوخۆ دەكەوێتە سەرشانی سەرۆك بارزانی، بەڵام تێكڕای پارتی پشتیوانی سەرۆك بارزانی-یە بۆ ئەوەی لەم ئەركە نەتەوەیی و نیشتمانییەدا سەركەوتوو بێت. پارتی ،بارزانیی هەمیشە بە هیوا و ئومێدەوە دەرووانە ئایندە و خاوەن دەستكەوت و ستراتیژی گەورەیە هەر لە شۆرشی مەزنی ئەیلوول تا شۆرشی گوڵان و ئینجا حكومەت،پەرلەمان ،فیدراڵی و ریفراندۆمی سەربەخۆیی و كوردستانێكی بەهێز..
Top