کەرکوک کلیلی چارەسەری کێشەکانی کورد و عێراق

کەرکوک کلیلی چارەسەری کێشەکانی کورد و عێراق
کەرکوک چەق و جەوهەری کێشەی کوردە لە عیراقدا، تاکێشەی کەرکوک بە لەبەرچاوگرتنی ڕاستی و حەقیقەتە مێژووی و جوگرافیەکەی چارەسەر نەکرێت، کێشەی کورد لە عێراقدا کێشەیەکی زیندو و گەرمە و لە چاوەڕوانی چارەسەردا دەمێنێتەوە. تاکێشەی کەرکوک چارەسەرێکی دادپەروەرانەی بۆ نەکرێت، عێراق سەقامگیریی و ئارامی بەخۆییەوە نابینێت، عیراق گیرۆدەی کۆمەڵێک کێشەیە، کێشەی بوون و دەستەبەرکردنی مافەکانی کوردیش لە ترۆپکی ئەو کێشانەدان، کورد لە سەد ساڵی ڕابردوودا، لەسەد ساڵی عێراقیبوونیدا، هەستی بە دادپەروەری و عێراقی بوون نەکردوە، بەپێی دەرفەت و قۆناغە مێژووییەکان کورد جەنگی مانەو و بوونی کردوە، لەهەر قۆناغێکیشدا بەشێک لە مافەکانی سەلماندوە، کورد لە چوارچێوەی عێراقدا بەشوێن دەسەڵاتی فراوانی ناوچە کوردییەکان و عێراقیش بەشوێن مەرکەزیەتێکی تووند و تاقەتپڕوکێنەوەیە، وەک حەسەن عەلەوی گەوەر بیرمەندی عێراق و عەرەب دەڵێت: (بەبوونی کورد مەرکەزیەت لە عێراقدا بەدی نایەت، ئەگەر عەرەب عێراقێکی مەرکەزی دەوێت کورد ئیزنبدەن!).
پرۆژەیاسای هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق و بڕیاری ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق، ئەگەرچی لە ڕووکەشدا یەکەمیان وەک ئیلتیزام بە دیموکراسی و گەڕانەوە بۆ دەنگی خەڵک و باوەڕ بە هەڵبژاردن و دەستاو دەستکردنی دەسەڵات ئەنجام دەدرێت، دووەمیشیان وەک ڕێگەو شیوازێکی زانستی و تەکنیکی بەکار دەهێنرێت! لێ لە ڕاستیدا هەردوو پرۆژەکە بەر لە ڕوانگە بنەڕەتیەکانی خۆیان پرۆژەی بە ئیمتیاز سیاسیین، دەکرێت وەک جۆرێک لە پیلانیش تەماشا و مامەڵەی بکەین، چونکە کەرکوک وەک بەشێکی گرنگ و جەوهەری لە کێشەکانی کورد، لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق تەنها یەک جار هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای تیا ئەنجامدروە، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ساڵی ٢٠٠٥ دا لیستی برایەتی-کورد توانی زۆرینەی کورسیەکانی ئەنجومەن بەدەست بهێنێت و ئەمەش کوردستانی بوونی کەرکوکی سەلماندەوە، لێرە بەدوا کەرکوک لە هەڵبژاردنەی ئەنجومەنی پارێزگاکان بێبەشکرا، تا لە ١٦ی ئۆکتۆبەر هێزە شۆڤێنیەکان تەرازووی هێزییان لە بەرژەوەندی خۆیان گۆڕی، ئێستا دوای زیندوکردنەوەی پرۆسەی تەعریبی ناوچە کوردستانیەکانی مادەی ١٤٠ی دەستوور و ڕەشکوژکردنی خورماتوو، وە هێنانی دەیان هەزار خێزانی عەرەب لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق، نیشتەجێکردنیان لە کەرکوک و شەنگال و خورماتوو، هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک و سەرژمێری گشتی بۆ عێراق ئەنجامدەدەن!
ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی لە عێراق دوای زیاتر لە ١٧ساڵ لە پرۆسەی ئازادی، بە پلەی باڵا مەغزایەکی سیاسیی و شۆڤێنیانەی لە پشتە، ئامانجی یەکەم سەرژمێریکردن لە کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، تا ئەوەی زۆرینەی کورد بکەنە کەمینە لەبەرامبەر عەرەبی هاوردە دا! دووەم: لەسەر ژمێرییەکی پڕ لە ساختەو چەواشەکاریدا بیسەلمێنن کە ڕێژەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان کەمترە لە ٪١٧ ی دانیشتوانی عێراق و لەم ڕێگایەوە پشکو بووجەی هەرێمی کوردستان کەم بکەنەوە!
لە چرکە ساتێکدا ئێمە ٥٨مینساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلول دەکەینەوە، شۆڕشێک ١٤ ساڵی خایاند و کۆمەڵێک دەستکەوتی گەورەی بۆ گەلەکەمان دەستە بەرکرد، شۆڕشێک ئامادەنەبوو مساوەمە بکات لەسەر کوردستانیبوونی کەرکوک، بۆیە هەر هەوڵێک بۆ دابڕێن و گۆڕینی ناسنامەی کوردستانی بوونی کەرکوک شکست دێنێت. لای خەڵکی کوردستان کەرکوک کلیلی چارەسەری کێشەکانی کورد و عێراقە.
Top