بۆ سەلماندنی تاپۆی ڕیفراندۆم دەبێ چی بکەین؟!

بۆ سەلماندنی تاپۆی ڕیفراندۆم دەبێ چی بکەین؟!

سەلماندنی تاپۆی ڕیفراندۆم وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و نەتەوەیی و مرۆیی و نیشتیمانی ئەرکی سەرشانی هەر تاکێکی نیشتەجێی کوردستانە، لەم قۆناغەشدا زەروورەتی مانەوەیی تاک و کیانی کوردانە.

تاکە نەتەوەی ڕیزپەر لە هەموو نەتەوەکانی دونیاو مرۆڤایەتیدا نەتەوەی کوردە، کە دێرینترین نەتەوەی بێ دەولەتە، وە لە مێژوو، کلتوورو هەبووندا هەگبەیەکی دەولەمەندی هەیە.
بۆیە بە پشتبەستن بەم فاکتەرە شایستانەی نێو عورفی نێودەوڵەتیدا بە درێژایی مێژووی هەزاران ساڵەی خۆی لە هەموو قۆناغەکانی هەنگاونانی مرۆڤایەتی بۆ چەسپاندنی ئەرک و مافی گەڵاندا، وە لەهەموو تەسفییە حسابییەکان و گۆڕانکارییەکاندا ئەم گەڵە ژێردەستەیە هەوڵی بە دەستهێنانی مافەکانی داوە، بەڵام زۆر جار تەنیا ئەرکی بێ مقابل هاوشێوەی هبە بەشی بووە و هیچی تر.
مەبەستمە ئەوە بلێم کە گلەیی کورد لە ڕەوڕەوەی مێژوو بەوەی کە لە کۆندا ئەگەر باسکی هێزو بازووی ئیستعماریەت و خۆسەپاندن و داپلۆسێنەران ماسولکەکانیان لە هی کورد گەورەتربێت و ئەسپی تاودانی تەماحکاری و داگیرکارییان لە هی کورد بە بەز تر بێت، ئەی ئێستا لەم سەردەمەی عەولەمەو سەردەمەی مۆدێرنەتەو دیموکراسیدا، بۆچی ئێمەی کورد جارێکی تر لەسەر کورسی یەدەگی ماف خوراواندا دەستەوەستان دانیشتووین؟
ئایا دەبێت دەستە ئەژنۆ تەنیا تەمەشا ڤان بین، یاخود دەبێت خۆمان کۆبکەینەوە و تەکان بە هەنگاوەکان بدەین و هێزی بازوو و عەقلی تاکی کورد بەگەڕ بخەین و بە ئیرادەی دلۆپە ئاوی سەر بەرد شەو و ڕۆژمان یەک بخەین و تەنیا وشەیەک توانای تێپەڕینی هەبێت بە پەردەی گوێماندا، بەرژەوەندی باڵای نیشتیمانمان بێت؟
یانژی دەپرسم چۆن لە شەڕگەی پان و بەرینی دونیادا زەنگی هەبوونمان بە گوێی ئەوانیتردا بچرپێنین.؟

وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە بە دەولەت هەبوون دەدرێتەوە.!!
ئێمەی کورد لە ٢٥ی ٩ ی ٢٠١٧ بڕیاری دیاریکردنی چارەنووسی خۆمانداو هەر لە قۆناغی دووەمی ناساندنیدا سەرکەوتوو نەبووین.
لێرەوە دەپرسین ئایا سڕکردنی ڕیفراندۆم کۆتایی دونیامان و دوا چانسمانە، یاخود سڕکردنی ڕیفراندۆم کۆتایی مدەی تقادمی یاسایی ڕیفراندۆمە؟
لە وەڵامدا دەلێین: کۆسۆڤۆ ساڵی ٩١ جاڕی سەربەخۆیی خۆیدا بەڵام لە هەموو جیهان تەنها یەک دەولەت دانی پێداناو نەیتوانی ئامانجەکەی بپێکێ، ئەمە لە کاتێکدا لە ڕێفراندۆمێکی گشتگیردا سەدا ٩٩ ی دەنگەکان لە پارسەنگی بەڵێ بوو، ئێستاش ئاڵای لەتەک ئاڵای وڵاتانە لە نەتەوە یەکگرتووەکان.
بۆ ئێمەی کوردیش لە و چەرخەی پاش ٢٥ی ٩دا ئەوەی گرنگ بێت ئامادەکردنی پێداویستیەکانی تاپۆکردنی ڕیفراندۆمە، کە پێویستە لە ئەولەویەتی کارو پلانی ڕێبەر و کارەکتەر و سیاسەتوان و تەواوی کیانی کوردیداو لە ئەولەویەتی بیرکردنەوەو هەنگاوە کرداری و مەعنەویەکانی تاکیشدا زۆر بەجدی بەرجەستەبێت.
لە تێڕوانینی تایبەتی خۆشمدا ئەگەر ئێمە بتوانین ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بگرینەبەر ئەوا دەتوانین ئەم دووڕە بەنرخەی ڕیفراندۆم بکەینە هەوێنی هاتنەدی ئاواتە لە مێژینەکانمان، بیکەینە مایەی خۆشگوزەرانی و ئاسوودەیی بۆ تاکی کورد، کە من وەک پێداویستی سەلماندنی تاپۆی ڕیفراندۆم دەیبینم ئەوانیش:ـ

۱- گەڕانەوەی انتمــــاء(ولاء) بۆ تاک:
انتماء "ئەو پەیوەندیە ڕۆحیەیە کە لە نێوان تاک و خاکدا هەیە، زۆربەی جار کارلێکێکی بە هێز پەیوەستیان دەکات، بەڵام ڕەنگە هەندێ فاکتەری دەرەکی کارلێکەکە ببنە مایەی درز و بێهێزی ئەم بەندە بەهێزە"
ئەوەی جێی سەرنجی زانایانە ئەوەیە کە گەلی کورد گەلێکی کاریگەرە بە عاتیفەو سۆزەوە، بەڵام تێکگیرانی متآسفانە لەو تێڕوانینەو واقعی انتمای تاکی کورد هەیە، بەوەی ئێمەی پێشەنگی متەعاتفان، انتماءمان لەو پەڕی بێهێزی دایە بۆ خاک و بۆولات!
ئەمەش هۆکارەکەی ڕوونەو وەڵامەکەی قسەی زانایەکە کە دەلێ" دیکتاتۆریم خۆشترەوێ لە دیموکراسی بەرەلا"

من مەبەستمە بلێم نەمانی انتماء بەدەرەجەی یەک بۆ نەبوونی دەسەلاتێکی منظم و سیستەماتیک دەگەڕێتەوە، کە جیاوازی چینایەتی و مەغدوورو مەظلوومی زۆری تیادا فەراهەم بووە، بۆیە لەهەنگاوی یەکەمدا پێویستە چاکسازی ڕاستەقینەو عەدالەتی کۆمەلایەتی بەرجەستە لە گشت کایەکانی ولاتدا ڕەنگدانەوەی خۆی هەبێت و بەتەواوی دابکوترێ.
۲- یەک گوتاری سیاسی و یەکخستنەوەی نێو مالی کورد: گشت لاپەڕەکانی مێژووی بەرەنگاری و خۆ سەلماندنی کورد بە بەهێزی یەوە دەست پێ دەکەن ودواتر عنصرەکانی بەرەبەرە کاڵ دەبنەوەو لە کۆتایدا ڕەنگڕێژی و بێ ئومێدی و خیانەت دەکرێن و شاهێدی دەدەن بەوەی کە بەرژوەندخوازی وحزب پەرستی و ناوچەگەرایی پەتای کوشندەی سەر شانی کورد بوونە،
ناگەڕێینەوە بۆ مێژوو بەڵام دەلێین: "بۆ ئەوەی هەبین دەبێ یەک بین...."
بۆ ئەمەش تەنیا پێشنیارم ئەوەیە کە ئەو هێزەی لە دژایەتی یەکتر بەکار دێنین با بیکەین بە زەبری بەر سنگی دوژمن، بتوانین زاخاوی مێشکمان زاڵ بکەین و دواتر هەوڵبدەین لە جیاتی بەکارهێنانمان، بەکارهێنەری تواناکانی دوژمن بین بۆ بەرژەوەندی خۆمان.
۳- یەک گوتــــاری کۆمەلایەتی:
ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی نوێی کوردستانی باشوور بدەینەوە بە تایبەت لەسەرەتاکانی ڕاپەڕینە مەزنەکەی ٩١ ئەوا زۆر بە ئاسانی پەی بەو هەستبەرزییە بێ شومارەی ئەم گەڵەی خۆمان دەبەین کە بە ئومێدەوە چاو لە دەستی سەرکردەکانمان بوون بۆ ئەوەی کیان و قەوارەیەکی بەهێزی کوردانەیان بۆ دروستبکەن، بەڵام هەوڵدان بۆ سەپاندنی هەژموونی حزبی و شەڕی دەسەلات و پارەو خۆسەپاندن و بەرژەوەندی کەسی، بوو بە مایەی فرە فەرهەنگی و فرە ئایدیای دژەبەرەی یەکترو فرە زۆن و فرە ناچەیی، ئەمەش بۆ شیکەرەوە بیانی و نێوخۆییەکان جێگەی تێڕامان و هەلوەستە لەسەرکردنبووە، کەتەنیا تاکەبەرەنجامیشی دواخستن و مەرگی دۆزی ڕەوای ئەم گەڵەیە.
بۆیە یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانمان بۆ ئێستا دەکرێ ئسیلاحی کۆمەلایەتی و یەک گوتاری بێت.
٤- بە سیستەمکردنی دامەزراوەکانی هەرێــــــــم:
هیچ مەتەلێک هێندەی ئەمە قورس نییە کە لێت بپرسن" سیستەمی حوکمڕانی هەرێمی کوردسنان چ سیستەمێکە"، چونکە لەسەر هیچ سیغەیەکی یاسایی و عورفی نێودەولەتیدا چەسپاونابێت، سەرەڕای ئەوەش ڕۆتین و گەندەلی ڕەگی داکوتاوەو لە دیاردەوە بەرەو عادات پەلکێش بووەو بێ سەروبەری ئییداری و بێکاری شاراوە هەموو کایەکانی سیستەمەکەی تەنیوەتەوە.
بۆیە دەکرێ کەلک لە دلسۆزان و زانایان و خەمخۆرو ئەکادیمیستانی وڵات و دۆستانیشمان وەربگرین، وە کارێک بکرێ کە سیستەم جێگای ڕۆتین و شەفافیەت جێگای گەندەلی پڕبکاتەوە.
٥- هاوتاکردنی بەرژەوەندی زلهێزان لەگەل بەرژەوەنیەکانماندا: بێگومان کوردستان هەم لەڕووی جیۆپۆلەتیک و هەم لە ڕووی جیۆگرافییەوە، جێگای تێڕامان و چاوتێبڕینی دونیا دادەنرێ.
بۆیە دەکرێ ژیرانە بەرژەوەندیەکانی خۆمان و دونیا هاوتا بکەین و دواتر هاوڕێیەتی دۆستانمان بکەین بە هەلێک بۆ خزمەتا دۆزێ.
لە کاتی ئێستادا قسەو باسی زۆر هەیە دەربارەی (ڕێکەوتنی سەدە)، کە پڕۆژەیەکی ئەمریکییە بۆ چارەسەری کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل، دەکرێ ئێمەی کوردیش زیرەکانە مامەلە بکەین بۆ بەشەکۆمەلەبوون لەم پڕۆژەی سەدەیە، کە ڕەنگە بە جێ بەجێ و تەواوبوونی لە چوارچێوەی خۆیدا زیاتر پەلبهاوێژێ و گۆڕانکاری گەورە لەسەر نەخشەی سیاسی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست دروست بکات.
٦ـ هەوڵدان بۆ درەوشانەوە لە ناوچەکەدا:
ئەگەر سەرنجی دەوروبەری خۆمان بدەین، تایبەتەن ئەو هاوبەشە لە مێژینەیەی کە پێی دەڵێن عیراق هەموویان وەک هەسارە پێویستیان بە ڕووناکی هەیە بۆ ئەوەی دیاربن، نەک وەک ئەستێرە ڕووناکی دەربن.
دەکرێت کورد پێشبڕکێی درەوشانەوە بکات دۆزی خۆی لە نەبوونەوە بکات بە ئەستێرە نەک هەر هەسارەیەکی ڕوناکی وەرگر، بێگومان ئەمەش میکانیزم وعەقلێکی سەلیمی سەرکردە ئاسای گەرەکە.
۷ـ لــــــۆبیکردنی بەردەوام:
لۆبیکردن یەکێکە لە فاکتەرە بەهێزەکانی سەرخستنی ڕیفراندۆم و بەرەو دەولەتبوون، پێویستە ئێمەی کورد کەسانی دل پڕو دلسۆز بکەین پێشەنگی لۆبیکردنمان لە دەرەوە و ئەکادیمیستی کوردپەروەر ڕۆلی خۆیان ببینن بۆ بە جیهانی و بە نێودەولەتی کردنی کێشەی ڕەوای گەلەکەمان.
٨ـ هەولدان بۆ بەهێزی ئابووری و سەربازی و ڕێکخستنەوەی سنورەکان.
۹ـ هەبوونی مەرجەع و پێشەنگێکی کورد پەروەر.

۱۰ـ شەڕ لە پێناو دانپێدانان(sovereignty):
ئێمە دەزانین کە ڕوکنی چوارەمی بوون بە دەولەت دانپێدانان(اعتراف)ە، دوای خاک و گەل و حکومەت،
وە ئێمەی کوردیش میللەتێکی قوربانی و سوتاوی دەستی ئەم ڕوکنەی دەولەت دارین، وەک دەبینین چەندین ساڵە گەلی ئێمە لەسەر خاکی خۆی و لەژێر سێبەری حکومەتی خۆی دایە، بەلام بە نەبوونی سۆڤێرێنتی، ناوی لەسەر نەخشەی جیهان و ئاڵای لەتەک ئاڵای ولاتان، لە چوارچێەوەیەکی محالانە ماوەتەوە، بۆیە من پێم وایە کاتی ئەوەیە کە هەر تاکێکی نیشتەجێی سەر خاکی کوردان، پێویستە قۆلی لێ هەلماڵێ و ماندوونەناسانە شەونخونی بکات بۆ ناساندنا دۆزێ.
Top