کاک نێچیرڤان ئیدریس بارزانی چۆن ڕووبەرووی پیلانەکان بووەوە؟!..
September 6, 2019
وتار و بیروڕا
ھەر کاتێک یەکێک لە ئێمە دەمانەوێت باسی کابینەی ھەشتەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی جەنابی کاک نێچیرڤان ئیدریس بارزانی بکەین، دەبێت ڕاستبێژی پێش حزبایەتی و ڕق و کینەکانمان بخەین و، ھیچ نەبێت تۆزقاڵێک بە ویژدانەوە باسی کۆی ڕووداو و ئاستەنگەکانی ئەوکاتی پێش کابینەی ھەشتەم وەکو خۆیان بکەین، ئینجا ئەگەر ڕەخنەیەکی بنیادنەریشیمان ھەبێت، شتێکی زۆر ئاساییە و پێویستە و باوەڕناکەم ھیچ حکوومەتێکی زیندوو لەم دونیایەدا ھەبێت ڕەخنەی بنیادنەری لا پەسەند نەبێت..
کابینەی ھەشتەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە دوای ساڵی ٢٠١٤ـە، تووشی کۆمەڵێک قەیران و کێشەی گەورە بووەوە، ھەندێک لەو قەیران و کێشانە بە مەبەست دروستکرابوون، ئامانج لە دروستکردنیان سەد دەر سەد لە ناوبردنی ئەزموونی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتەکەی بوو، نامەوێت لێرەدا زۆر بە دوور و درێژی بچمە ناو باسکردنی کۆی کێشە و پیلانەکانی ئەوکاتی ھەندێک لایەن و عێراق و چەند وڵاتێک!! چونکە پیلانگێڕییەکانی ئەوکات ئەوەندە زۆربوون، ژماردنیان زەحمەتە، ئەوەی من مەبەستمە لێرەدا باسی لێوە بکەم و تۆزقاڵێک ھەڵوەستەی لەسەر بکەم ئەوەیە، جەنابی کاک نێچیرڤان ئیدریس بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کابینەی ھەشتەم، چۆن ڕووبەڕووی کۆی ئەو باروودۆخە نەخوازراو و پیلاناویانە بووەوە؟!!..
بێگومان سەرھەڵدانی داعش و فراوانبوونی سنووری دەسەڵاتی گرووپی تیرۆریستی داعش لە عێراق، بەتایبەتی دوای داگیرکردنی چەند ناوچە و پارێزگایەکی عێراق و نزیکبوونەوەیان لە بەغدای پایتەخت مەترسیی لە ناوچوونی عێراق و دەسەڵاتی شیعەستانی زیاتر کرد، بەڵام ئەوەی تا ئێستاش جێگای تێڕامان و سەرسووڕمانە، چلۆن و بە فەرمانی چ وڵات و لایەنێک تیرۆریستانی داعش خێرا و لە شەو و ڕۆژێکدا ڕوو گۆڕکێیان لە بەغداوە بەرەو ھەرێمی کوردستان پێکرا؟!! ئەم ڕوو گۆڕکێیە گەلەکەمانی تووشی دۆخێکی سەخت و شەڕێکی نابەرانبەر کردەوە، چونکە ئەو چەک و تەقەمەنییە زۆرەی سوپای عێراق، کە لە دوای ھەڵھاتنیان لە موسڵ و سەلاحەدین و ڕوومادێ و ھەندێ ناوچەی دیکەی عێراق بۆ تیرۆریستانی داعش جێیان ھێشتبوو، لە چەکە ھەرە پێشکەوتووەکانی سووپای عێراق بوون، کە ئەمریکا پێی دابوون..
ھەڵھاتنی سووپای عێراق و دەست بەسەردا گرتنی کۆی ئەو چەک و جبەخانانەی سوپا دۆڕاوەکەی عێراق لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، بۆ ھەرێمی کوردستان بووە کێشەیەکی جددی و پڕ مەترسی، چونکە چەکی دەستی پێشمەرگە لە چاو ئەو چەکانەی دەست تیرۆریستانی داعش کەوتبوون تەواو نابەرانبەربوون، بەداخەوە لە کاتێکدا ھەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ئەم شەڕە نابەرانبەرە ببووەوە، ئا لەم کاتەدا ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتەکەی لەلایەن حکوومەتی ناوەندیی عێراقیشەوە دژایەتی دەکران و ڕووبەڕووی نامرۆڤانەترین ئابڵووقەی دارایی و بڕینی بوودجە و مووچەی فەرمانبەرانی و سزادانی سیاسیی بوونەوە.
بەغدا و مالیکی و پاشان عەبادی ھاوشان لەگەڵ تیرۆریستانی داعش، پێکەوە سزای ئەوەیان داین، کە کوردین و بە کوردی دەدوێن و بە کوردی بەرگری لە خۆمان و خاکمان دەکەین!! حکوومەتەکەی عەبادی ھاوشێوەی حکوومەتە فاشیستە ڕووخاو و دۆڕاوەکانی پێشووتری عێراق، بە ئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ ھەرێمی کوردستان و گەلەکەمان ڕاگەیاند.
ھاوکات لەگەڵ عەبادی ھەندێک بەناو کوردیش، گرەوی شکست پێھێنانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیان لەگەڵ عەبادی و ناحەزانی گەلەکەمان تاوتوێ دەکرد و بۆ ئەم مەبەستەش دەستیان تێکەڵ بە ئەوان کردوو و پیلان دوای پیلانیان دژ بە حکوومەت و ئەزموونەکەمان دادەڕشت و ھەندێکیان بوونە چاوساغی ھەرە باشی بەغدا و عەبادی.
بەڵێ.. ئەو ھەندە ڕۆڵێکی زۆر خراپیان گێڕا!! ئەوکات ئەوان و زۆری دیکەش، شک و گومانیان لە نێو دڵی کوردستانییان بڵاودەکردەوە و، لەگەڵیشیدا ھێڕشی سەر ڕێزدار کاک نێچیرڤان ئیدریس بارزانییان دەکرد، کار و پیشەیان ببووە ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە شکستخواردوو بشووبھێنن، ھەموو ئەمانەشیان لە پێناو مەرام و ئامانجی سیاسیی خۆیان بوو!..
ئەوان ھەر لە سەرەتای ئەم ھەموو کارە نادەستوورییانەی حکوومەتەکەی عەبادی بەرانبەر ھەرێمی کوردستان، شاگەشکەی خۆشی و شادی گرتنی و ھەر زوو خۆیان لە پێناو چەند دەستکەوتێکی لابەلا و کەسێتی و حزبیانە، خستە خزمەت بەغدا و فەرمانە شۆڤێنییەکانی عەبادی و بەرپرسە عێراقییەکانی ئەوکات، کار گەیشتە ئەوەی بەشێکیان زۆر ڕاشکاوانە داوایان لە کاربەدەستانی عێراق دەکرد، لە بڕیار و کارە ناڕەوا و دژەکانیان بەرانبەر بە حکوومەت و گەلی ھەرێمی کوردستان بەردەوام بن و پاشگەز نەبنەوە و ئەوەی لەم ڕووەوە پێیان دەکرێت، لە سزادانی ھەرێم و گەلەکەی، ئەنجامی بدەن و دەست لە ھیچ سزایەک و لەژێر ھیچ ناو و بیانوویەکدا نەپارێزێت!! تا ئەو کاتانەی حکوومەتی ھەرێم بە یەکجاری دێتە ژێر باری عێراق و ملکەچی کۆی بڕیارە نادەستووری و شۆڤێنییەکانی حکوومەتەکەی عەبادی دەبێت.
بێڕێزی ئەو ھێندە بە خەبات و قوربانیدانی گەلەکەمان گەیشتە ئاستێک، ھەر کوردێکی دڵسۆز بە خاک و نیشتمانەکەی ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت لە گێڕانەوەیدا شەرم دایدەگرێت.
ئەو ھێندە پێش و دوای سەرکەوتنی ڕیفراندۆمە مەزنەکەی گەلەکەشمان وازیان لە دژایەتیکردنی حکوومەتی ھەرێم و گەلەکەمان نەھێنا!! بەڵێ بەشێک لەوانە زۆر بەشانازییەوە و لە ڕێگای تیڤییەکانەوە دژایەتی خۆیان بۆ ڕیفراندۆمە سەرکەوتووەکەمان و جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی نیشان دەدا!! بەشێکی دیکەشیان دەیانگووت؛ بەشە بوودجەی شاری سلێمانی بەڕێوەیە و یەک دوو ڕۆژێکی دیکە دەگات و ژیانی ھاووڵاتییانی ئەو دەڤەرە لە سایەی ئەو لێکحاڵیبوونانەی کە لە دەرەوەی حکوومەتی شەرعی ھەرێم و لەگەڵ دەسەڵاتداران و ھێزە عێراقییەکان واژوو کراوە، گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا دێت!! بەڵام زۆری نەخایاند ڕاستییەکان بۆ ھەمووان ڕوون بوونەوە و دەرکەوت، ئەمەشیان تەنھا چەواشەکارییەک و گەوجاندێکی دیکەی ئەوان بوو، بۆ پەردەپۆشکردنی خیانەتەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەری کەرکووک و لە دەستدانی تەواوی ناوچە کوردستانییەکان..
بۆ ئێمەمانان ھەر لەسەرەتاوە دیاربوو، ئامانجی شاراوەی پشت ئەم لێدوانانەیان، شەڕی دەروونی ئەوانە بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو شکستە گەورەیەی کە پاش خیانەتەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر تووشی ھاتبوون!!! ئەوان ویستیان بەم کارەیان خۆیان زیاتر لە بەغدا و عەبادییەوە نزیک بکەنەوە، عێراقچێتی خۆیان بۆ دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی بەغدا سەد دەر سەد بسەلمێنن و ھانی ئەوەیان بدەن، کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ناچار بکەن، پابەندی تەواوی بڕیارە نادەستووری و شۆڤێنییەکانی بەغدا بێت!!.
بێشک شەڕی تیرۆریستانی داعش و ئابڵووقەی دارایی و دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕە جیھانییەکان و ھاتنی ئاوارەیەکی زۆر بۆ ھەرێمی کوردستان و خەرجیی شەڕی تیرۆریسانی داعش لەلایەن ھەرێم خۆیە و زۆر ڕووداوی دیکەی نێوخۆیی و دەرەکی و دژایەتیکردنی ھەندێک حزبی کوردی بۆ حکوومەتی ھەرێم و پاشانیش لە ھەمووی ناخۆشتر، خیانەتەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر، ھەموو ئەمانە و زیاد لەم کێشە و گرفتانەش ڕووبەڕووی کابینەی ھەشتەمی حکوومەتی ھەرێم بە سەرۆکایەتی جەنابی کاک نێچیرڤان ئیدریس بارزانی بووەوە..
ئەمڕۆ پرسیارە ھەرە گرنگەکە ئەوەیە؛ جەنابیان چلۆن ڕووبەڕووی ئەو ھەموو کێشە و پیلانگێڕییانە بووەوە؟! چۆن ئەزموونی ھەرێمی کوردستانی لەو پیلانگێڕییە ھەمەجۆرانە پاراست؟!! .
بێگومان کاک نێچیرڤان ئیدریس بارزانی سیاسەتمەدارێک و سەرکردەیەکی واقیعبین و ھێمن و زۆر لێھاتووە، بۆ ھەموو ئەم ڕووداو و پیلانگێڕییانەش ئەوکات خاوەن بیرۆکە و چارەسەری دروست و ڕەوان بوو، زۆر ھێمنانە ھەڵسوکەوتی لەگەڵ تەواوی بارودۆخەکەدا کرد، ھەر لە سەرەتاوە قۆڵی کارکردنی لێ ھەڵماڵی و دەستی دایە ئەرکە ھەرە قورسەکە و ڕووبەڕووی ئەو ھەموو فشار و پیلانگێڕییە ھەمەلایەنانە بووەوە، کە دژ بە ئەزموونەکەمان لە ئارادابوون، بەڕێزیان وەکو سەرۆکی حکوومەت بەرپرسیارێتییە مێژووییەکەی خستە ئەستۆی خۆی و بەڵێنی ئەوەی دا کە ڕووبەڕووی ھەموو کێشە و گرفتەکان ببێتەوە و، لە چارەسەرکردنیان تۆزقاڵێک کەمتەرخەمیی نەنووێنێت، بەتایبەتی ھەردوو ئابڵووقەی دارایی و دیبلۆماسیی، کە خرابوونە سەر ھەرێمی کوردستان، لە ئاکامی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمە سەرکەوتووەکەی گەلەکەمان.
ئەوەبوو ھەر زوو ئەنجامی ئەو سیاسەتە دروست و ڕاستەی جەنابیان دەرکەوت، کە چۆن بە لێھاتوویی و کارامەیی خۆی دوای سەردانە دیبلۆماسییە سەرکەوتووەکەی بۆ پاریسی پایتەختی فەرەنسا و دیداری لەگەڵ ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا، توانی کۆمەڵە دەرگایەک بۆ چارەسەرکردنی بەشی زۆری کێشەکانی نێوان بەغدا و ھەرێم بکاتەوە، ئەمڕۆش ھاووڵاتییانمان بەرھەمی ئەو سیاسەتە ڕاست و دروست و ھێمن و لەسەرخۆیەی جەنابیانن بە چاوی خۆیان دەبینن.
ھەر ئەمەش وایکرد زۆربەی ھەرە زۆری ھاونیشتمانیانمان پێشبینی ئەوەیان دەکرد، کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دۆخە نەخوازراو و نوێیەی کە ڕووبەڕووی ھەرێمەکەمان ھاتبوو، ھەمووان پێکەوە شان دەدەنە بەر ئەو بەرپرسیارێتییە مێژووییە و واز لە ھەندێ دەستکەوت و ئامانجی حزبیانەی کاتیی خۆیان دێنن لە پێناو ئامانجێکی گەورەتر، کە ئەویش بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان بوو، بەڵام بە داخەوە پێشبینیەکانی ھاووڵاتیانمان لە جێگای خۆیان دەرنەچوون.. ھەندێک لایەن ھەر زوو سەنگەری دژایەتیکردنی حکوومەتی ھەرێمیان ھەڵبژارد، دەتوانم بڵێم بەشی زۆریان پشتیان لە جەنابی کاک نێچیرڤان ئیدریس بارزانی و حکوومەتەکەی کرد.
بەڵێ... جەنابیان وەکو بەرپرسی یەکەمی حکوومەت، ئەوکات بۆ ئەوەی کەشتی کورد بە سەلامەتی بگەیەنێتە کەناری ئارامیی و دڵنیابوون، قۆڵی خەمخۆری و کوردانەی خۆی لێ ھەڵماڵی و دوای ڕێگا چارەکان کەوت، تا بتوانێت کەشتییەکە لەسەرخۆ و بە ھێمنی بگەیەنێتەوە جێی خۆی و ھەمووان لەو تۆفانەی تووشی کەشتییەکەمان ھاتبوو بپارێزێت، جەنابیان وەکو سەردارێک و کەشتیوانێکی لێھاتوو و بە توانا، توانی لەم ئەرکە قورسەی سەرشانی خۆی بە سەرکەوتوویی بەجێ بگەیەنێت.
جێی داخ بوو ھەندێک بەناو سیاسی کورد، ئەوکات ڕۆژانە لە ڕێگای ڕاگەیاندن و سۆسیال میدیا و کەناڵە لۆکاڵییەکانی خۆیانەوە، بووختان دوای بووختان و پڕوپاگەندە و چەواشەکارییان دژ بە حکوومەتی ھەرێم و جەنابی سەرۆک وەزیران بڵاودەکردەوە و خۆیان فریشتە ئاسا بە گەلەکەمان دەناساند و کۆڕ و سیمیناری ناواقیعیانەیان لەسەر بارودۆخی ھەرێمی کوردستان دەگێڕا..
بەڵێ.. ئەوانەی ئەو دەم دەیانگووت؛ حکوومەت، حکوومەتی کاک نێچیرڤان بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستانە و پارتی و کاک نێچیرڤان ئیدریس بارزانی لە ھەموو ئەم کێشە و کەمووکوڕیانە بەرپرسن و دەبێت ھەر ئەوانیش باجی ئەو ھەموو نەھامەتیانەی بەسەر گەلەکەماندا ھاتووە بیدەن!!. ئەمڕۆ ھەر ئەوانەن دەیانەوێت دەسکەوتەکانی حکوومەتی ھەرێم، بۆ خۆیان ببەن و خۆیانمان وەکو پاڵەوان و ڕزگارکاری گەلەکەمان پێ بناسێنن.
بێگومان جەنابی کاک نێچیرڤان ئیدریس بارزانی پشت ئەستوور بە گەلەکەمان، دەیزانی ئەم دۆخەی کوردستان تێی کەوتبوو، تێدەپەڕێ و دەبێتە ڕابردوو و گەلەکەمان تێیدا سەردەکەوێت، چونکە ئێمە لایەنی زوڵم لێکراوبووین و ھێڕشی سەر ھیچ کەس و لایەنێکمان نەکردبوو، بەڵکو تەنھا بەرگریمان لە مافی خۆمان و گەلەکەمان دەکرد.
جەنابیان دەیزانی لەگەڵ ھەندێک لایەن و وڵاتی ناوچەکەدا چ جۆرە گفتوگۆ و دیالۆگێک پێویستە، بۆ ئەوەی دۆخەکە ھێمن بکرێتەوە و متمانە و بڕوابوون سەرلەنوێ بگێڕدرێتەوە نێو کەشوھەوای دیدار و گفتوگۆکان، لە ھەمان کاتدا زۆر باش درکی بەوە کردبوو، کە ھەندێک چلۆن دەیانەوێت تۆڵەی کوردبوونمان لێ بکەنەوە..
ئەوەی جەنابی کاک نێچیرڤان ئیدریس بارزانی لە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆی قەیران و باروودۆخەکەدا کردی، جێگای ستایش و دەستخۆشی زۆربەی ھەرە زۆری کوردستانییان و عێراق و ناوچەکەش بوو، جەنابیان توانی ئەو ئابڵووقە ئابوورییە نادەستوورییەی کە لە لەلایەن بەغدا و ھاوسێکانمانەوە ھەر یەکە و بە جۆرێک خرابووەنە سەرمان، کۆتایان بێنێت و بڕواو ئومێد بۆ ئاشتی و دیالۆگ بگێڕێتەوە.
ھەرگیز بە چەند دێڕە نووسینێکی ئاوەھا ناتوانین ھەق و مافی تەواوی جەنابیان بدەین، چونکە ئەوەی جەنابیان لە سەرۆکایەتیکردنی کابینەی ھەشتەمی حکوومەت کردی و ئەنجامی دا بۆ پاراستن و لە ناونەچوونی ئەزموونەکەمان و خۆشگوزەرانی گەلەکەمان، جێگای ڕێز و ستایشێکی زۆرە.
جەنابی کاک نێچیرڤان ئیدریس بارزانی، توانی بە لێھاتوویی و کاریزمای خۆی، باروودۆخەکە بەرەو ئاقاری ھێمنی و ئاشتی نیشتمانیی و کۆمەڵایەتی بەرێت و کەش و ھەوای شەڕ و ئاشووب بگۆڕێت، بۆ لێکحاڵیبوون و دیالۆگ و نزیکبوونەوەی ھەمووان لەو ئامانجەی جەنابیان ویستی.
جارێکی دیکەش بەڕێزیان ئەوەی بۆ دۆست و دوژمن سەلماند، کە سەرکردەیەکی تەواو لێھاتوو و دڵسۆزێکی بێ وێنەیە بۆ گەل و نیشتمانەکەی و چلۆن لە ئاوەدانی و ھێمنیی دا ئەندازیارێکی بلیمەت و نموونەیی بووە، لە ئاشتەواییشدا ئەندازیارێک و سیاسییەکی ھێمن و سەرکەوتووی قوتابخانەی بەرخۆدان و شۆڕشگێڕی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی نەمر و پارتی دیموکراتی کوردستانە..
ئێستا لەگەڵ حکوومەتەکەی عەبدولمەھدی دەرگای چارەسەرکردنی کێشەکان باشتر لە پێشان کراونەتەوە، ھەرچەندە ئەم ڕێگایە بێ تەگەرە و کێشە نییە، ھەوراز و نشێوی زۆرمان لە پێشە و ھێشتا زۆربەیمان نەبڕیووە، ھەندێک ھەن ھەوڵ دەدەن کێشەکانی نێوان بەغدا و ھەرێم بێ چارەسەرکردن و ھەروا بمێنێتەوە، چونکە مانەوەی کێشەکان وەکو ئێستا لە بەرژەوەندی ئەو ھەندەدایە.
تا ئێستا دیارنییە ھەردوو حکوومەت لەسەر کۆی ئەو بابەت و کێشانە دەگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی، یاخود کێشەیەکی دیکە لە نێوانیاندا ڕوودەداتەوە، ھاوشێوەی ئەو کێشانەی ئێستای کەرکووک و ناوچە کوردنشینەکانی دیکەی ماددەی ١٤٠ و ھاوردەکردنی عەرەبی شیعە مەزھەب بۆ ئەو ناوچانە!! بەو ھیوایەی کێشەکان بە ھێمنی و دیالۆگی بنیادنەر بێنە چارەسەرکردن و گرفتی دیکەی ھاوشێوەی بڕینی بوودجە و سزادانی گەلەکەمان ڕوونەداتەوە و ئەو سیاسەتە ھەڵەیە بۆ ھەمیشە بوونی نەمێنێت و ببێتە ڕابردوو و ئەو ڕۆژە ناخۆشانەش دووبارەبوونەوەیان نەبێت....
لە کۆتاییدا ئێژم، مادامەکێ سەرۆک مەسعود بارزانی ڕێبەر و ڕێنیشاندەر و کاک نێچیرڤان ئیدریس بارزانی سەرۆکی ھەرێم و کاک مەسروور مەسعود بارزانی سەرۆکی حکوومەت بن، ئومێدمان بە ئایندەی کوردستان زۆر گەورە و لە بن نەھاتووە..