ستراتیژەكانی سیاسەتی پەروەردە، چـۆن سەرکەوتوو دەبـێـت..؟

ستراتیژەكانی سیاسەتی پەروەردە، چـۆن سەرکەوتوو دەبـێـت..؟
سیستەمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، بۆ زۆر كەسی نێوەخۆییمان تا ڕادەیەك سیستەمێكی ناوازە وێنا دەکەن، چون لەگەڵ زۆربەی یاسا و بنچینەكانی سیستەمی باوی پەردوەردە لە جیهاندا ناگونجێت..! وڵاتێک هەروەكو خۆمان دەڵێین پاش شەڕی دەرو دراوسێ و شەڕی نێوەخۆیی و سەدان ساڵ داگیرکاری نیشتیمان لە لایەن ناحەزان و دووژمنانی گەلی کورد، بۆ چەندین جار لە وێرانە و سیفرەوە هەستاینەوە سەرپێ..، کەچی بەداخەوە ئێستا لە بواری پەروەدەدا خاوەنی مۆدێلێكی نزم و نابەرامبەرین.ئەو مۆدێلە، وەكو پێشتریش باسم كرد، لەسەر بناغەی داهێنان و دیدی داهێنەرانە دانەرێژراوە!. ئاخر گرینكترین ستراتیژی سیستەمی پەروەدە لە کوردستان دەبێت ئەوانە بن:
1- خوێندن لە خوار تەمەنی حەوت ساڵاندا بە زۆر نەبێت. منداڵ بەر لە تەمەنی حەفت ساڵی نەخرێتە بەر قوتابخانە...
2- قوتابی ماوەی پشوو” ڕێست” ی زیاتری هەبێت، ئەوەش بە مەبەستی ئەوەی كە قوتابی لە كاتی پشوودا چالاك و مێشک كارابێت، بۆ ئەوەی بەشداری لە چالاكی داهێنەرانە بكات بە سەرکەوتووانە...
3- ژمارەی كاژێرەكانی خۆێندن بە بەراورد لە گەڵ سیستەمی خوێندن لە وەڵاتە ڕۆژئاواییەکان كەمتربن...
4- قوتابخانەی تایبەت و نموونە نەبێت و تەواوی قوتابخانەکانی هاوشێوە دابخرێن ...
5- لە سەرانسەری کوردستان سیستەمی یەك پێوەری و یەك مودێلی بوونی هەبێت، واتە یەك ستاندارتی نیشتمانیی سەرتاسەری تاقیكردنەوەكانی” بكالوری” هەبێت...
6- بایەخدان بە تواناو بەهرەی قوتابی وەكو تاك، لە چاوگرتنی تایبەتمەندی قوتابی وەكو كەسایەتییەكی سەربەخۆ، ستراتیژێكی گرینگە و پێویستە پارێزگاری لێ بکرێت، ئەو بایەخپێدانەش پشت بە باوەڕێک ببەستێت كە منداڵ گەورەترین و بەهادارترین سامانی وڵات دەرکەوێت..
7- تاقیكردنەوەیەكی ستاندارتی” گشتی” لە سیستەمی پەروەردەیی لە کوردستاندا جێگیر بکرێت.
8- نمرەدانان لە لایەن مامۆستاوە بۆ قوتابی تاكو ساڵی هەشتەم” پۆلی هەشت” ئیجباری نەبێت...
9- مامۆستا دەبێت بڕوانامەی ماستەری بە دەست هێنابێت...
12- هەموو لایەکمان کاربکەین تاوەکو کوردستان كولتووری نێگەتیڤ قبووڵ نەكات و باوەڕی تەواوی بە داهێنان هەبێت، ئەگەر دەركەوت مامۆستایەك پەسەند یان لێهاتوو نەبوو، با ڕاهێنان و مەشق و خولی زیاتر ببینن، تاكو بگاتە ئاستی شیاوی وانەگووتنەوە، هیچ كەسێك دەرنەكرێت و نان بڕاو نەكرێت.
13- سیستەمی پەروەردە لە خودی پەروەردەدا پشت بە هاریكاری و ئەزموونی هاوبەش لە نێوان قوتابخانەكاندا ببەستێت...
14- هەروەها خۆی لە هەموو جۆرە پێشبڕكێیەك دوور ڕابگرێت و باوەڕی پێ نەبێت، واتە زیاتر باوەڕی بە هاریكاری و ئاڵوگۆڕی ئەزموون وكاری گروپ و كۆمەڵ و تاقم هەبێت...
15- دەبێت پەرەوەردە دەرفەتێكی یەكسان بێت بۆ هەمووان...
16- بەشی زۆری بودجە لەناو وەزارەتی پەروەردە و لەناو قوتابخانەکان بۆ پۆل و پێداویستییەكان و چالاكییەكانی ناو كلاس تەرخان بکرێت، بە پێچەوانەی سیستەمی ئەمریكایی و وڵاتانی تری ڕۆژئاوایی، كە هەڵەنەبم وابزانم پشكی گەورەی بودجەكەیان دەڕوات بۆ كاروباری كارگێڕی...!
17- سیستەمی پەروەردە بە جۆرێ گوزارشت بکات کە دەستی منداڵ بەرەو كەسایەتی سەربەخۆ بەرێت، ئاراستەی بکات بۆ بەدەستهێنانی ئەزموون، وە منداڵ هەست بە ئازادی وجیاهەڵكەوتوویی خۆی بكات، وە لەو سیستەمەدا قوتابی هان بدرێت و بکرێت بە پێی خۆی بڕوات بۆ قوتابخانە، نەك بە ئۆتۆمبیل و باسكیل و چی و چی....، کە بەداخەوە ساڵانە بودجەیەکی زۆر بۆ ئەو مەبەستە دیاری دەکرێت!. هەر ئەوەنە ماوە وەكو ئەمریكیەکان، قوتابیانمان بە هێلیكۆپتەر ڕەوانەی قوتابخانە بکەین..!
18- نابێت سیستەمی پەروەدە باوەڕی بە كاری ماڵ و ئەركی قوتابی هەبێت لە ماڵدا، بەڵکو گرنگ دەبێت کە سیستەمەکە باوەڕی بەوەبێت كە قوتابی دەبێت لە ناو پۆلدا پەروەردەبكرێت و گەشە بە تواناكانی بدرێت..
19- دەبێت قوتابخانەكان زیاتر لەوەی کەهەیە بایەخ بە وەرزش بدەن، بەڵام نەك بە مەبەستی كێبڕكێ و پێشبڕكێ. کە خۆم لە قوتابخانە بووم و ئەنجامم داوە، ڕاستەوخۆ کاریگەری نەرێنی هەبووە لە سەرم، ئاخر وەرزش چالاكییەكە بۆ پەروەردەی جەستە و ئەڤینی ژیان، نەوەک بۆ وێرانکردنی دەروون و داچاندنی ڕق و کینە...
20- بایەخ بە كێشەی تایبەتی قوتابی بدرێت و گرفتەکانی وێڵ نەکرێت، بۆ نموونە ئەگەر قوتابییەك كێشەی هەبێت و لە خۆێندن دوابكەویت، یەكسەر پلان و نەخشەی تابیەتی بۆ سازنەكرێت و سەرکوت نەکرێت، بەو شێوەیە قوتابخانە هەموو ڕێگەیەك لەوە دەگرن كە ئەو قوتابیە ئایندەیەكی خراپ چاوەڕێی بكات، ئەوە وادەکات کە دەستبەجێ قوتابخانە یارمەتی قوتابیەکە بدات تاوەكو ڕێگەی ڕاستەقینەی خۆی بدۆزێتەوە و ڕێچكەی خۆی وەرگرێت.
لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ کە: کێن ئەوانەی دەبنە هۆی چاکترکردنی سیستمی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان..؟
پێم وایە خۆشەویستی وڵات و هەبوونی ئینتیماو گیانێکی نیشتمانپەروەرانە، هەتا مرۆڤی تۆکمەو لۆژیک درووست لە سیستمی پەروەردەوە سەرچاوە دەگرێت، واتە فەردی نیشتمانپەروەر کاتێک بە فلتەری پەروەردەیەکی دروست دەربازی دەبێت و ئەو ناوەی دەخرێتە سەر کە بە گیان و دڵ دار و بەرد و خاک و ئاو و ئاژەڵ و مار و مێرو و گوڵ و گوڵزار و تەنانەت دڕکستان و زەلکاو و زۆنگ و هتد نیشتمانەکەشی خۆش دەوێت.. . جا ئەگەر وەها سیستمێک نەبوو کە خۆشەویستی بەرامبەر بە قەومییەت و ئاخ و نیشتیمان درووست بکات، ئیدی پەروەردە خۆشەویستی چ واتایەکی نامێنێ..!.
ئاخۆ خۆشەویستی نیشتیمان جیا لە ئینتیما درووست کردن بۆ ئاو و خاک و گیاندار و شاخ و بەرد و سروشت، که مرۆڤ وەکوو زێد و مەوتەن تێیدا دەژی؟ ئەو خۆشەویستییه چۆن لە دڵ و دەروونی فەردی کۆمەڵگادا دروست دەبێت و بەردەوامی دەبێت...؟
هەر وەکوو گوتمان نیشتمانپەروەر کەسێکە کە بە بەرپرس و خۆشەویستییەوە لە سروشتی زێدەکەی دەڕوانێ و هەمیشە خزمەتکاری ئاخ و خەڵکی زێدەکەیەتی، ئەو خۆشەویستییه یەکێک لە توخمەکانی پێکهێنەری کەسایەتییە کە دەبێ قوتابخانە تۆوەکەی بچێنێ لە هەگبەی هەر منداڵێکدا، کە لە ڕێی پەروەردەوە لە ڕۆح و دەروونی قوتابیدا چەکەرە دەکا و سەوز دەبێ. دەبێت پەروەردە کارێک بکات کە ئەو توخمە لە دڵ و دەروونی زۆربەی قوتابیەکانماندا بچەسپێت و هەستی سیستمەکە خۆشەویستی غەوارە دەرنەخات.
سیستمی پەروەردە کە بەهێزترین پێکهاتەی کۆمەڵگایە بۆ پەروەردەی شارۆمەند و تاکی وشیار، لە باتی ئەوەی بە شێوەیەکی فەرمی بۆ ئەو پەروەردەکردنە هەوڵ و تێکۆشانی ببێ، بە شێوەی سەقەت و ناتەواو ئەرکەکانی خۆی بەڕێوە دەبات و لە بارهێنانی تاکێکی ساغ و نیشتمانپەروەر بە هۆگەلی جۆراوجۆر خۆدەبوێرێ و بۆچاککردنیشی دەبێت لە ئەولەوییەتی سەرەکی کارەکانی حوکومەتی جەنابی براگەورە کاک مەسروور بێت.
چون ئەوە سیستمی پەروەردەو قوتابخانەیە کە دەبێت هەوێنی اینتیماو گیانی بەرپرس بخاتە دەروونی قوتابیانەوە و شێوەی پاراستنی فەرهەنگ و کولتوور بە هەموویان فێر بکا و لەو ڕێگایەوە فەردێکی پەروەردە درووست و پارێزەری نیشتمان دروست بکاو پێشکەشی کۆمەڵگای بکا.



Top