تا ئەودەمەی پارتایەتی کوردایەتی بێت، پارتیم
August 24, 2019
وتار و بیروڕا
"مارکیز دی کۆندرویسە"
٧٣ ساڵ خەبات و تێکۆشان، قوربانیدان، بەخشین و فیداکاری، نەبەزین و فریونەخواردن، دڵنیایی لە دۆزی ڕەوای گەل و بەخشندەی، چێکردنی هیواو گەشبینی لە دڵ و دەروونی مرۆڤی کورد و هاندان بۆ ڕابوون و بەرخودان و گەیشتن بە ئازادی، ٧٣ ساڵ مێژووییەکی درێژ و هەڵکشان و داکشان، هەڵبەز و دابەزی ڕؤژگار، ڕووبەڕوو بوونەوەی دەیان و سەدان ئەستەنگ و هەوراز و نشێو، بەرەنگاری لەگەڵ دڵڕەقترین و زۆردارترین و فاشیترین دەسەڵاتە دیکتاتۆر و خۆسەپێنەکانی ناوچەکەدا، ٧٣ ساڵ شۆڕش و بەرخودان و خۆنەچەماندن، دەستکەوتی گەورەی نەتەوەیی و نیشتمانی.
دروست بوونی حیزب وەک ئۆرگان و دەزگایەکی هاوچەرخ داهێنراوی سەردەمی ڕۆشنگەرییە، زەروورەت و پێویستیەکی بە کۆمەڵ هەیە لە هاتنەبوونی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، زەروورەت وەک فەلسەفە و وەک پنت و خاڵی جەوهەری بۆ ئەوەی ئەو ڕێکخراوە سیاسییە کاری بۆ بکات وە تەواوی پرۆژە و جوڵەکانی لە خزمەت ئەو خاڵە ستراتیژی و جەوهەرییەدابێت، کە دەکرێت بە ئامانجی باڵا ناوی ببەین. زەروورەت و ئامانجی باڵای دروست بوونی پارتیدیموکراتی کوردستان، پارتی لە چرکە ساتێکدا دروست دەبێت کە دووەم گەورە جەنگی جیهان بە کۆتا دێت، سەرلەنوێ نەخشەکان دادەڕێژرێنەوە و سنورەکان بە هێز و لەبەرژەوەندی دەوڵەتانی زلهێز دەکێشرێنەوە، کوردیش وەک نەتەوەیەکی دێرینی ناوچەکە و خاوەن بنەماکانی گەل و خاک و زمان و مێژووی هەوبەش لە دەرەوەی ئەجندا و ڕۆژەڤی دەوڵەتە زلهێز و خاوەنبڕیارەکاندایە، زەروورەت و هاتنەبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەلماندنی هەبوونی نەتەوەییەکە، پارتی بۆ ئەوە دروست بوو تا بە ئەوانی جیاواز بڵێت: ( من کوردم، من هەم، من لێرەم، ئەمە سنوری خاکی منە، من سەرداری ئەم خاک و قەڵمەڕەوەم، من ڕووبەڕووی ئینکار و ڕەتکردنەوەی ئەوانی نکۆڵکار و ستەمکار دەبمەوە) ٧٣ ساڵە پارتی کار بۆ سەلماندنی (کوردبوون) دەکات و فەلسەفە و ئامانجی باڵای پارتی کوردبوونە، هێنانەبوونی کوردە لەدەرەوەی بوونەوە بۆ ناو بوون.
ئالێرەوەیە ئێمە وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەینەوە بۆچی پارتین؟ ئەندامان و لایەنگران و تێکۆشەرانی پارتی بۆ کوردایەتی پارتین، بۆ بەرگریکردن لە هەبوونی نەتەوەیەک، بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی، پارتی ئاڵا هەڵگری کوردایەتیە و تا ئەودەمەی پارتایەتی کوردایەتی بێت، پارتین.
پارتی دیموکراتی کوردستان، کە خاوەنی مێژووییەکی پڕ دەستکەوتوو شازییە، پارتی شۆڕش و بەخودانە، پارتی ژیاندنەوەی گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی و دروستکردنەوەی شوناسی کوردی و کوردستانیە، پارتی بوونێکی بەهێزی هەیە لە مێژووی بزافی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان دا، لێ پارتی لە مێژوودا نەماوەتەوە، بەردەوامە و هاوکات پارتی ئەمرۆشە.لەم جەدەل و پێکنانۆکبوونەی ئیرادەی خێر و شەڕەدا، پشتبە ئیردەی گەل و هەوڵی هێزە نیشتمانپەروەرکان و سەرکردە جوامێرەکانی کوردایەتی، پشتبە میراتی دەوڵەمەندی فەلسەفەی بارزان و مێژووی پڕ فیداکاری پارتی دیموکراتی کوردستان جەماوەری بەشەرەفی خەڵکی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی نیشتمانپارێز، هیوامان زۆرە بەوەی ئیردەی خێر و فیداکاری، تەوژمی فیکریی ئازادیخوازان و سەربەخۆخوازان سەردەکەوین.
دواجار پارتی لەبەردەم خەون و خەیاڵ و داوا و خوستە ڕەواکانی خەڵکی کوردستاندا، ڕووسور و سەربەزانە بەردەوامە لە گەشپێدانی دونیابینی و پرۆژە و فەلسەفەی ڕۆشنی بارزانیدا، لە سەرخستنی کیانی هەرێمی کوردستان و بەنێودەوڵەتیکردنی دوزی ڕەوای گەلی کوردستان دا. بۆ خەڵکی کوردستانیش"ڕیبازی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان" سیمبولی خەباتی ڕزگاری و ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان و ئاسۆی دوا ڕۆژێکی پڕشنگدارە.
لێوان لێوین لە عێشقی خاک لە خۆشویستن