سەركەوتن بەدوای سەركەوتن و شكست ناپەزیر..

سەركەوتن بەدوای سەركەوتن و شكست ناپەزیر..
بەدرێژایی ساڵانی دامەزراندنی پارتی وەك قوتابخانەی كوردایەتی لەلایەن نەیاران و دوژمنە دەرەكی و ناوخۆییەكانەوە بە شێوەیەكی چڕ و یەك لە دوای یەك ڕووبەڕووی دەیان پیلان بووەتەوە، كە تا ئێستاش بەردەوامیی ھەیە.سەرەتای ھەوڵەكان لە رێی چەندین لایەنی دروستكراو بە ناو و تامی كوردی هەوڵی دژایەتیی بزاڤی رزگاریخوازی و خەباتی گەبی كوردستان داوە و زیانی زۆریان بە دۆزی كورد گەیاندووە بە تایبەت پارتی دیموكراتی كوردستان كە زیاتر لە حەوت دەیەیە ، گشت تواناكانی خستۆتەگەر لە پێناو بەدیهێنانی مافەكانی كورد و كوردستان . دوژمنان وناحەزانی پارتی و بارزانیی هەر لە دامەزراندنی ئەو پارتە كە قوتابخانە و چەتری كۆكەرەوەی گشت كوردستانیان بووە ، دەیان جار هەوڵی لێكترازان و تیرۆر و كۆسپ و تەگەرەیان داوە ، له‌ 16 ی ئابی 1946 به‌ڕابه‌رایه‌تی باوکی ڕووحی نه‌ته‌وه‌یی کورد (بارزانی نه‌مر) پارتی دیموکراتی کوردستان دامه‌زراو ودووباره‌ خه‌بات و تێکۆشان و دڵنیایی بۆ کوردستان ده‌ستی پێکردووه‌و ئه‌و خه‌باته‌ تاوه‌کو ئێستاشی له‌گه‌ڵدابێت بۆ یه‌ك چرکه‌ چییه‌ نکۆلی نه‌کردووه‌و به‌رده‌وامه . دوای کۆتایی هاتنی جه‌نگی جیهانی دووه‌م سیسته‌م و شیرازه‌یه‌کی نوێ بۆ گه‌لان به‌رپابوو و له‌م نێوه‌نده‌ دا پارتی دیموکراتی کوردستان وه‌ك هێمایه‌ك هاته‌نێو گۆڕه‌پانی سیاسی و کۆمەلایەتی کوردستانی نه‌ك به‌ته‌نیا بۆ باشوور ،به‌ڵکو بۆ ته‌واوی ناوچه‌ و به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان و هه‌ر ئه‌مه‌ش وای کرد ئه‌و پارته‌ له‌کاتی دامه‌زراندنیه‌وه‌ و تاوه‌کو ئه‌مڕۆ ببێته‌ خاوه‌ن گه‌وره‌ترین لایه‌نی سیاسی کوردستانی و هه‌موو لایه‌ك به‌دۆست و دووژمنه‌وه ئاماژه‌یه‌کی تایبه‌تی بۆ ده‌که‌ن ،چونکه‌ مێژوو هه‌رده‌م ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه‌ بۆ کورد ئه‌گه‌ر پارتی بوونی هه‌بێت ،ئه‌وه‌ کورد بوونی خۆی ده‌سه‌لمێنێت.کورد مافی خۆیه‌تی شانازی به‌مێژووی خۆی بکات ،که‌پارتی به‌رده‌وام ڕابه‌رایه‌تی ده‌کات ،چونکه‌ ڕۆڵه‌کانی پارتی هه‌میشه‌ هه‌ڵقوڵاویی نێو خه‌ڵک و جه‌ماوه‌ر بوونه‌ وڕۆژێك له‌ڕۆژانیش به‌درێژایی 73 ساڵی ڕابردوو پارتی خۆی به‌دوور له‌ خه‌ڵك و جه‌ماوه‌ری کورد نه‌زانیوه‌ ،به‌ڵکو له‌گه‌ڵ خۆشی و ناخۆشییه‌کانی جه‌ماوه‌ر له‌هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان خۆی دۆزیوه‌ته‌وه بەڵام پارتی هێزێكی لە بن نەهاتوویی كورد و كوردستانە ووەك چییاییەك بەرامبەر ئەو پیلان و لوغمانە خۆراگربووە ،لە دوای شۆرشی مەزنی ئەیلوول ، گەورەترین پیلانگێری ئیقلیمی و نێو دەوڵەتی بەرامبەر پارتی و بارزانیی جێبەجێكرا و هەروەها لە دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان جارێكی تر بەهەمان شێوە گەورەترین پیلان گێری ئەنجامدرا .ئەگەر تەنها هەڵوەستەیەك لە سەر حكومرانی 28 ساڵی رابردوو بكەین بە باشی ئەو راستیانەمان بۆ ئاشكرا دەبێ‌ كە چۆن داگیركەران و كۆیلەكانیان بەتامی كوردی نەخشە شوومەكانیان ئەنجامداوە ،بۆیە،هەر لەگەڵ لەدایكبوونی كیانێك بە ناوی ھەرێمی كوردستان، شەڕێكی نەخوازراو بەسەر ئەم ھەرێمە ساوایەدا سەپێندرا، سەرباری كێشە ناوخۆیی و گەمارۆكانی سەر ھەرێم و كشانەوەی گشت دام و دەزگا میرییەكان و نەبوونی سەرچاوەی داھاتی پێویست بۆ حكوومەتی ھەرێم، ناچار كرا بۆ پاراستنی ئەم ئەزموونە، قوربانییەكی زۆری گیانی و ماددی بدات و لەبری ئەوەی سەرقاڵی بنیاتنانی ھەرێم و بەرەنگاربوونەوەی نەیارانی بێت، ناچار كرا شەڕی براكانی بكات، كە لە ھەموو ئاستەكاندا زیانی زۆری بە كوردستان گەیاند.دواتر بینیمان كە چۆن لەلایەن سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق نووری مالیكی، فەرماندەی ئۆپراسیۆنی دیجلە پێك ھات و ھەڕەشەی ھێرشكردنە سەر ھەرێم و گەڕانەوەی كوردی دەكرد بۆ ھێڵی ٣٦ و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی بڕی بۆ ھاندانی فەرمانبەران دژی حكوومەت و گشت مافە دەستوورییەكانی كوردی رەت كردەوە، ھەوڵی بەردەوامیشی دەدا بۆ تێكدانی یەكڕیزیی ھێزە سیاسییە كوردییەكان، بە دروستكردنی حەشدی عەشائیرییش، ھەوڵی زیندووكردنەووەی جاشایەتیی دەدا لە ھەرێم، بەڵام لەكۆتاییدا ئیرادەی گەل سەركەوت و نووری مالیكیش بوو بە ڕابردوو.هێرشی داعش بۆ عێراق و خۆبەدەستەوەدانی سێ فیرقەی سەربازیی سوپای عێراق لە مووسڵ بە گشت پێداویستییە سەربازییەكانەوە، لەكاتێكدا بوو، كە پاشماوەی ئەم ھێزانە گشت سەنگەرەكانیان چۆڵ كرد، ئەوەی ڕوونە، دەكرێ ئەم ھەنگاوە بە ئامادەكارییەك ھەژمار بكرێت بۆ ھێرشكردنە سەر ھەرێم، بەو ھۆكارەی كوردستانیان كردە دراوسێی داعش بە ھێزێكی مەزن لە رووی ژمارە و بوونی چەكی پێشكەوتوو، بەڵام لەكۆتاییدا بە سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی و قارەمانیەتیی برا پێشمەرگەكان و خۆڕاگریی ئەم میلـلەتە، نەك ئەم دەوڵەتە تێك شكێنرا، بەڵكوو لەوەش زیاتر توانیمان گشت ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێم كۆنترۆڵ بكەین و ڕیفراندۆم بۆ سەلماندنی كوردستانیبوونی ئەم ناوچانە بکەین.لەدوای ڕێككەوتننامەی جەزائیر و نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول، ١٦ی ئۆكتۆبەر بە گەورەترین گەلەكۆمەکیی ھەرێمی و ناوخۆیی دادەنرێت بۆ كۆتاییھێنان بە ھەژموونی حكومەتی ھەرێم، ھێزە عێراقییەكان بە ڕێككەوتن لەگەڵ چەند سەركردەیەكی سەربازی و سیاسیی ھەرێم، ھێرشێكی بەربڵاویان كردە سەر ھێزەكانی پێشمەرگە لە كەركووك و مەخموور و شنگال، كە پاشان گەمارۆیەكی توندی ئابووری و سیاسی خرایە سەر ھەرێم، ئەمەش ھاوكات بوو لەگەڵ ھەوڵەكانی ھەندێ ھێزی سیاسیی كوردستانی، بۆ دروستكردنی حكوومەتی رزگاریی نیشتمانی و دابەشكردنەوەی ھەرێم لەسەر بنەمای فیدڕاڵیی پارێزگاكان، ئەمەش ڕێك بە مانای لەباربردنی ھەرێمی كوردستان بوو، بەڵام ئەم هەوڵەش نەزۆك بوو و شكستی خوارد.بەدرێژایی پرۆسەی پێكھێنانی حكوومەت، ھەموو ھەوڵێك درا بۆ پەكخستنی ئەم پرۆسەیە، ئێستاش ھەوڵەكان بەردەوامییان ھەیە و ئەم جارە دووبارە پەكەكە ھەمان ڕۆڵ دەبینێت و ھەوڵی تێوەگلانی ھەرێم دەدات لە شەڕێكی نەخوازراو لەگەڵ توركیای دراوسێدا، رووداوی تیرۆركردنی دیپلۆماتە توركییەكە و گواستنەوەی شەڕ بۆ ناو خاكی ھەرێم، ئەم بۆچوونە پشتڕاست دەكاتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە لە شنگال خزمەت بە سیاسەتەكانی بەغدا دەكەن دژی كوردانی ئێزدی و حكوومەتی ھەرێم.سەرباری هەموو ئەو هەوڵانە بۆ لەباربردنی ئەزموونی ھەرێم، هەرێمی كوردستان لە سەرجەم قۆناغەكاندا بەسەر لەمپەر و ئاریشەكاندا زاڵ بووە و وێڕای تێپەڕاندنی قەیرانەكان، بەوپەڕی ئیرادەوە كەوتووەتەوە سەر پێی خۆی و هەوڵی نەیاران و دوژمنانی كوردستانی لە شكستەوە بۆ شكستی حەتمیتر پەلكێش كردووە و سەنگ و پێگەی خۆیشی لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا، لە جاران كاریگەرتر و بەهێزتر كردووە.بۆیە، پارتی دیموكراتی كوردستان سەرٍ باری گشت پیلانگێرییەكان و ئاستەمەكانی بەردەمی سەركەوتن لە دوای سەركەوتنی بۆ گەل و نیشتیمانەكەی تۆمار كردووە و شكست ناپەزیر بووە بەرەو بەدیهێنانی گشت مافە رەواكانی .. شایانی ئاماژەیە ،له‌ 16 ئابی ساڵی 1946 پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی مستەفا بارزانی نەمر دامه‌زراوه‌، سه‌ره‌تا ناوی (پارتی دیموكراتی كورد) بووه‌ و له‌ كۆنگره‌ی سێیه‌مدا كه‌ له‌ 26/1/1953، له‌ شاری كه‌ركووك به‌سترا بڕیار درا ناوی حزب بكرێته‌ پارتی دیموكراتی كوردستان.لە ساڵی 1979 دوای كۆچی دوایی مستەفا بارزانی، سەرۆک بارزانی بە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرا.لەنێوان ساڵانی 1946 بۆ 2011 پارتی 13 كۆنگرەی بەستووە، کە چواریان لە بەغدا و چواریان لە ناوچە جیاوازەكانی كوردستان و دوانیشیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بووە، هەروەها سێ کۆنگرەی دیکەی لە هەولێر بەستووە.پارتی رۆڵێكی بەرچاوی لە دامەزراندنی بەرەی كوردستانیی هەبووە، کە بووە سەرەتاییەک بۆ دەستپێکردنەوەی خەباتکی نوی لەگەڵ هێزە کوردستانییەکان و لەئەنجام راپەڕینی بەهاری 1991 لێهاتە بەرهەم.بەگوێرەی دوایین دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانیش، پارتی به‌هێزترین و یه‌كه‌مین حزبی سه‌ر ئاستی مه‌یدانی سیاسی كوردستان و عێراقه.
مێژووی كۆنگره‌كانی پارتی له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه‌:كۆنگره‌ی یه‌كه‌م: 16/8/1946 ، به‌ نهێنی له‌ شاری به‌غداد، له‌ ماڵی (سه‌عید فه‌هیم) به‌سترا، به‌ ئاماده‌بوونی نزیكه‌ی (70) نوێنه‌ر.كۆنگره‌ی دووه‌م: له‌ مانگی ئاداری ساڵی (1951) له‌ شاری به‌غداد، ماڵی (عه‌لی حه‌مدی) به‌سترا، به‌ ئاماده‌بوونی نزیكه‌ی (30) نوێنه‌ری لق و ناوچه‌كانی پارتی.کۆنگره‌ی سێیه‌م: 26/1/1953، له‌ شاری كه‌ركووك ،به‌ ئاماده‌بوونی نزیكه‌ی (35-40) نوێنه‌ر به‌سترا.كۆنگره‌ی چواره‌م: 4-7/10/1959، له‌ شاری به‌غداد، ماڵی (كاكه‌ زیاد) به‌ سه‌رپه‌رشتی مه‌لا مسته‌فا بارزانی به‌سترا.كۆنگره‌ی پێنجه‌م: مانگی ئایاری ساڵی (1960)، له‌ باره‌گای ئه‌وكاتی حزب له‌ شاری به‌غداد، به‌سترا.كۆنگره‌ی شه‌شه‌م: له‌ سه‌ره‌تای مانگی ته‌موزی ساڵی (1964) له‌ شارۆچكه‌ی قه‌لێدزێ به‌سترا.كۆنگره‌ی حه‌وته‌م: 15/11/1966 ، له‌ گه‌ڵاڵه‌ به‌سترا.كۆنگره‌ی هه‌شته‌م: 1/7/1970، له‌ ناوپردان به‌ ئاماده‌بونی (488) نوێنه‌ر به‌سترا.كۆنگره‌ی نۆیه‌م: 4/10/1979، له‌ زێوه‌ی ده‌ڤه‌ری (مه‌رگه‌وه‌ڕ) به‌سترا، تیایدا به‌ تێكرای ده‌نگ (مسعود مسته‌فا بارزانی) به‌سه‌رۆكی پارتی هه‌ڵبژێردرا.كۆنگره‌ی ده‌یه‌م: 2-12/12/1989، له‌ (مه‌رگه‌وه‌ڕ) به‌ به‌شداری (332) نوێنه‌ر به‌سترا.كۆنگره‌ی یانزه‌یه‌م: 1993، له‌ هه‌ولێری پایته‌خت، به‌ به‌شداری (2167) نوێنه‌ر به‌سترا.كۆنگره‌ی دووانزه‌یه‌م: 6-14/10/1999، له‌ هه‌ولێری پایته‌خت، به‌ به‌شداری (1473) نوێنه‌ر به‌سترا.كۆنگره‌ی سیانزه‌یه‌م: 11/12/2010-18، له‌ هه‌ولێری پایته‌خت، به‌ به‌شداری زیاتر له‌ (1500) نوێنه‌ر به‌سترا.
Top