هێزی ژیان

هێزی ژیان

ڕووداوی دروست بوون و دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕووداوێکی گرنگی ناو مێژووی بزافی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستانە، پارتی بە خەسڵەتی کوردایەتی و نیشتمانپەروەریی و کوردستانی بوونی، هاوکەت پەیامی هاوچەرخ و سەردەمیانەی ڕووداوێکی گەورەی لە مێژووی کوردستان و ناوچەکەدا خولقاند، دوای دامەزراندنی پارتی و دروستکردنی ئەو کاریگەرییە فراوانەی لە بزافی ڕزگاریخوازی کوردستان دا دروستیکرد، پارتی بۆتە خاڵی جیاکردنەوەی قۆناغەکان، زۆرجار لە پەیڤی سیاسەتمەدارەکان و لە دێڕی مێژوو نووسەکاندا دەبیستین و دەخوێنینەوە، بەر لە دامەزراندنی پارتی و دوای دامەزراندنی پارتی پارتی دیموکراتی کوردستان.
چی پارتی کردە ڕووداو؟! ئەمە ئەو پرسیارە فەلسەفی و جەوهەرییەیە کە پێویستی بە بەداوداچوون و توێژینەوە و کنە و پشکنین هەیە، چونکە زیاتر لە هۆکارێک لە پشت ئەو کاریگەرییە قوڵانەوە هەیە کە پارتی دروستیکردوون، زۆر هۆکار هەن کە هێشتا بە دروستی خوێندنەوەیان بۆ نەکراوە، بۆ گەیشتن بە وەڵامێکی دروست و تێرو تەسەلی ئەم پرسیارە(چی پارتی کردە ڕووداو؟!) پێویستمان بەڕەنجێکی گەورە هەیە، تا ئەوەی بە وردی بە مێژوودا بچینەوە و خوێندنەوە و شیکارێکی واقیعی و بابەتیانە بۆ ڕووداوەکان بکەین، بە پێی کەیل و کێشانەی ئەو ڕۆژانە ڕووداوەکان ببینین و بخوێنیەوە.
یەکێک لە ڕەهەندە گرنگ و پڕ بایەخەکانی بە ڕووداو بوونی پارتی، بوونی کەسایەتیی کاریزمی مستەفا بارزانی یە، بارزانی بە پاشخانێکی شۆڕشگێریی و بە تێگەیشتن و تێفکرینێکی مرۆڤدۆستانەوە، دەبێتە بزووێنەری مێژوو، دەبێتە خولقێنەری مێژوویەکی نوێ، مێژوویەکی جیاواز، سەرۆکی پارتی، پارتی وەک ئامرازێک و دەزگایەکی هاوچەرخ دەخاتە خزمەتی دۆزی ڕەوای کورد و کوردستانەوە، بۆیە یەکەمین ئەرکی پارتی کارکردن دەبێت لەسەر ژیاندنەوەی گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی، دروستکردنەوەی سوبێکتی مرۆڤی کورد، لە سوبێکتێکی ترساو و لاوازە وە بۆ سوبێکتێک هەست بە بوون(کوردبوون) بکات، سوبێکتێک لە هەست بە خۆکردن، لە خۆبەراوردکردن بەوانی جیاواز (بەوانی جیاوازی سەردەست و داگیرکار و ستەمکار) سوبێکتێکی کوردی کە توانای تێفکرین و بیرکردنەوە و ڕەخنەکردنی هەبێت، خاوەنی دونیابینی و ئامانجی باڵاو خەونی سەربەخۆیی بێت.
دوای ٧٣ ساڵ خەبات و تێکۆشانی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئێستا کاتێتی بە دیدێکی فەلسەفی و ڕەخنەگرانەوە ڕووداوی پارتی دیموکراتی کوردستان بخوێنیەوە، ڕووناکی زیاتر بخەینە سەر کەسایەتی کاریزمی جەنڕاڵ مستەفا بارزانی و پارتی و ڕۆڵی لە ژیاندنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی و بەهێزکردنەوەی هێزی ژیان لای مرۆڤی کورد باشتر بخەمڵێنین.
Top