پارتی و سێوەکەی سۆقڕات
August 15, 2019
وتار و بیروڕا
پـــارتی، ئەو حزبەیە کە لە ڕۆژهەڵات لەدایک بوو، لە باشور گیرسایەوەو لە باکورو ڕۆژئاواش لق و پۆپی چەکەرەکرد و لە کۆتاییدا، تا وەدەستهێنانی سەربەخۆیی بۆ کوردستانی گەورە سەر نانێتەوە، پێخەمەت دامەزراندنی وەها پارتێک بوو بە خاڵی وەرچەرخانی گەشانەوەی کورد و مێژووی ناچار بە ڕێڕەو گۆڕینکرد،
ئەڵبەت پارتی حزبێکە، تەمەنی بەرەو هەورازی حەفتاو پێنج ساڵە هەڵدەکشێ و بە درێژای ئەو هەموو ساڵە، بێوەچان لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام بووە، لێ هێشتاکێ پارتی لە هەڕەتی لاویەتیدایە و یەک پۆینتی پیری لەسەر ڕووی ئەو حزبە بەدیناکرێ، هۆکارەکەشی ئەوەیە، پارتی لە چل و شەشەوە تا ئێستا، تاکە هێزی سەر مەیدانی سیاسیە کە بەکردار هەوڵی بۆ ڕزگاری و سەردەستکردنی میللەتێک داوە، گەر ئومێدێک یانژی ترووسکایەک هەبێ، ئەوا پارتیە، تاکە زامنی سەربەخۆی و دەوڵەتسازیی، وە لەو پێناوەشدا قوربانی ئێکجار زۆری بەخشیووەو دڵنیایم لە داهاتووشدا لە سەر هەمان ڕیتم بەردەوامی دەبێ،
ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگرە، سڕی سەرکەوتن و فاکتەرێکی تری بە گەورەیی مانەوەی پارتی، بوونی ڕابەر و پێشمەرگەی کوردستان، جەنابی سەرۆک مسعود بارزانیە،
کارێزمایی و سیاسەتی دانایی ئەو پیاوە، دۆز و سەدای کوردی بەم ئاستە بەرزە گەیاندووە، ئەڵبەتە ئەگەر بارزانی نەبوایە، حاڵی پارتی لەوەی ئێستایی زۆرێک لەو حزبە کوردیانە خراپتر دەبوو،
لەوڕا پێگەی جەماوەری پارتی لە هەنووکەدا لە هەر هێزو لایەنێکی تری سیاسی زۆر بەهێز ترە و هەوادار و ئەندامانی پارتی لە ئەندام و کادری هیچ حزبێکی تر ناچێ، ئەوان مۆڕاڵ و عەقیدەیان وابەستەی ڕێبازێکی بەرز و هزرێکی حەقکردووە، هەر بۆیەش پارتی و کوردایەتی دوو چەمکی ئاوێتەن و بە بەندێکی کیمیایی یەکیان گرتووەو جیاکردنەوەیان لەیەکتری ئەستەمە،
مەگەر کۆمەڵە کەسێکی پۆپۆلیست و مشەخۆری نێو پارتی خۆی، ئەگینا ڕەگ و ڕیشەی ئەو حزبە لە هەناوی گەڵدا بەجۆرێک ڕۆچووە، هەر هێزو لایەنێک زاتی ئەوە بکات و پێنگاڤ بۆ لاوازکردنی پارتی هەڵببڕێ، ئەبێ پێش هەر شتێک، بیر لە مەرگی خۆی بکاتەوە، چونکە بەربەرەکانێ لەگەڵ پارتی، واتا کوتینی ئاسن بە ساردی،
سۆقڕات لە بارەی ڕۆح و ئاسوودەیی مرۆڤ وەها دەڵێ،
ڕۆحی مرۆڤ دوو بەشە، بەشێکی لەنێو جەستەو بەشەکەی تریشی لە دەرەوەی جەستەیە، ئەم دوو بەشە تەکمیلەی یەکترین، بۆیەش هەمیشە مرۆڤ هەوڵی وەچنگ خستنی ئەو بەشە دەدات کە لە دەرەوەی جەستەکەیدا بزرەو ئەبێ بەدوای بگەڕێ تا دەیدۆزێتەوە، وە هیچ یەک لەم دوو بەشە ئۆقڕەناگرێ، تا نەگات بە دیداری بەشەکەی تر،
لە ئێستادا پارتی و جەماوەرەکەی، ڕێک وەک ئەوە دوو لەتە سێوەن کە سۆقڕات تەکزی لێکردۆتەوە، بۆیەش گرنگە پارتی ئایندە، پارتی شەقام و دەنگی کزی قوڕگی هەژاران بێت، ڕیفۆرمێکی سەرتاسەری لە نێو گشت ئۆڕگانەکانی حزب لە ڕێکخراوەکان تا سەرکەدایەتی و مەکتەبی سیاسی، ئەنجام بدات نەوعە سیاسەتێک ڕەسم بکات، کە جێی ئیعتباری هاوڵاتیان بێت و لەسەر ئاستی دەرەکیش ڕەنگدانەوەیەکی پۆزەتیڤی هەبێ، هەروەها پەرێزی خۆی لەو بەرپرسە زیوان ئاساو گەلحۆیانە بژار بکات و هەموو ئەو مافیاو مشەخۆرانەی چەند ساڵێکە پارتیان کردۆتە پێبەستی بنپێکردنی یاسا بۆ ئەنجامدانی گەندەڵی و تەڵبەندکردنی زەوی کشتوکاڵی و داگیرکردنی موڵک و ماڵی حکومەت، بیانخەسێنێ و دووریان بخاتەوە، ئەگینا ڕۆژێک دێت، دڕدۆنگی ئەو بەرپرسانە، وەک بەکتریا لەتە سێوەکە شیدەکەنەوەو بۆ ئەبەد توونە دەبێت،
لە کۆتایدا بەرزو پیرۆزبێت، ساڵیادی دامەزراندنی پارتی و لەدایک بوونی مەرجەع و پێشمەرگەی کوردستان.