تەعریبی كەركووك و هەڵوێستی كورد

تەعریبی كەركووك و  هەڵوێستی كورد

رۆژانە هاووڵاتیانی كورد لە زێدی خۆیان دووردەخرێنەوە، بە بیانووی جیاواز پۆستەكانی كورد لە كەركووك بە عەرەب و توركمان دەبەخشرێن، زەوییە كشتوكاڵییەكانیان بە بەرچاوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دەسووتێندرێن و دەستیان بەسەردا دەگیرێتەوە. لە كەركووك هەموو رەهەندەكان لە خاڵێكدا یەك دەگرنەوە، ئەویش پیلانێكی بەرنامە بۆ داڕێژدراوە بۆ لەناوبردنی ناسنامەی رەسەنی ئەم شارە كە درێژكراوەی هەمان ئەو عەقڵییەتی شۆڤێنییە كە نزیكەی سەت ساڵە عێراق بەڕێوەدەبات.
هێزە شۆڤێنییەكان هەموو رێگایەك دەگرنەبەر و هەموو دامەزراوەكان دەكەنە داردەست و كەرەستەی درێژەدان بە دوژمنایەتیكردنی گەلی كوردستان. بۆ توندتركردن و خێراتركردنی پرۆسەی بەعەرەبكردن و گۆڕینی دیمۆگرافیای شارەكە، ئەو جارەیان هێزە شۆڤێنییە عەرەبییەكان بە هاوكاری پەرلەمانتارانی توركمان و ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی كورد، پەرلەمانیان كردەوە دەسكەلای دوژمنایەتیكردنی گەلی كوردستان بە تێپەڕاندنی ماددەی (35) لە یاسای هەلبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، بەمەش هەنگاوێكی دیكەی پرۆسەی بەعەرەبكردنی ناوچە داگیركراوەكانی كوردستانیان بەتایبەتی شاری كەركووك جێبەجێ كردو گەورەترین مەترسییان بۆ ئایندە و مێژووی ئەم شارە خولقاند.
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە درێژایی چەند مانگی رابردوو بە هەماهەنگی لەگەڵ لێژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك كاری كرد بۆ هەمواركردنەوەی یاسای ژمارە 12ی ساڵی 2018 لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام بەداخەوە رۆژی 22ی تەموزی 2019 هێزە عەرەبییەكان لە هەمواركردنەوەی یاساكە لە بەرژەوەندیی خۆیان سەركەوتوو بوون.
پێویستە ئەوە وەبیر بێنینەوە كە ساڵی پار كاتی هەمواركردنەوەی یاساكە بە هەوڵی پەرلەمانتارانی كوردو بەتایبەتی ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق توانرا بە شێوەیەكی گونجاو یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك هەموار بكرێتەوە، بەڵام ئەمجارەیان بەهۆی یەكدەنگنەبوونی پەرلەمانتارانی كوردستان، لایەنی عەرەب و توركمانی كەركووك توانییان لە رێگەی داواكارییەكانیانەوە گۆڕانكاری لەو پرۆژە یاسایەدا بكەن، وێڕای ئەوەی لێژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك بە تەواوی ئەو گۆڕانكارییانەیان رەتكردەوە و داویان كرد هیچ گۆڕانكارییەك لەو یاسا و بڕیارانەدا نەكرێ كە بە كەركووكەوە گرێ دراون، تا دۆخی شارەكە ئاسایی نەبێتەوە.
ماددەی (35) لە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بە هەموو لێكەوتە یاسایی و سیاسییەكانی تەنیا بۆ زیانگەیاندن بەكورد و بە قازانجی عەرەب داڕێژدراوە، چونكە لەنێو دەقی ئەم یاسایەدا هیچ ئاماژەیەك بە دۆخی ئێستای كەركووك و ئاساییكردنەوەی رەوشەكە نەكراوە.
ئەو گۆڕانكارییانەی كە بە هۆی گوشاری توركمان و عەرەب لەناو ماددەكەدا كران، زیان بە دەنگدەری كورد دەگەیەنێت. بۆ نموونە: داواكاریی سەرەكیی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران ئەوە بوو كە پێویستە رەوشی تەواوی ئەو ناوچانە ئاسایی بكرێتەوە، ئەوكات هەڵبژاردن بكرێت، بەڵام بە گوێرەی یاساكە هیچ ئاماژە بەو خاڵە نەكراوە.
فەرامۆشكردنی رەوشی كەركووك لەناو یاساكەدا بەو جۆرەیە كە رێگە دراوە بە وەی سیستەمی سانت لیگۆی پێشوو (١.٧، ٣، ٥، ٧، ...) فەرامۆش بكرێت، لەجیاتی ئەو سیستەمی سانت لیگۆی (١.٩، ٣، ٥، ٧، ...) لەكاتی دەنگداندا پەیڕەو بكرێت، لەم حاڵەتەشدا دەنگێكی زۆری كورد لە دووز خورماتوو و دیالە و بەغدا و لە پاریزگای كەركووك (ئەگەر یەك لیست نەبین) لەدەست دەچێت، ئەوەش تەنیا یەك ئەنجامی دەبێت، ئەویش ئەوەیە كە كورد زۆربەی كورسییەكانی لەدەست دەدات.
خاڵێكی مەترسیدارتر لەناو یاساكەدا وادەیەك بۆ تۆماركردنی ناوی دەنگدەران بە پشتبەستن بە فۆرمی خۆراك و بەڵگەنامەكانی دیكەی وەك رەگەزنامەی عێراقی دەستنیشان كراوە، لەكاتێكدا بەشی هەرە زۆری دانیشتووانی كوردی ئەم ناوچانە بەهۆی نالەباریی دۆخی ئەمنی و داگیركاری شازدەی ئۆكتۆبەرەوە ئاوارە بوون، لەوەش ترسناكتر ئەوەیە كە عەرەب و توركمان هەوڵدەدەن رەهەندێكی یاسایی بۆ بخولقێنن كە بتوانن دژایەتی كوردبوونی ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكانی دەرەوەی هەرێمی پێ بكەن.
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەماوەی رابردوودا هەوڵیدا رێگە لەم پیلانە بگرێت، چەند پرۆژەیەكی بۆ داڕشتنەوەی یاساكە و هەمواركردنەوەی بە رێگەیەكی گونجاو پێشكەش كرد، ئەو هەوڵانە لە بەرامبەر زۆرینەی عەرەب و یەكنەگرتوویی كورد شكستیان هێنا، بۆیە تاكە رێگە كە لە بەردەم نوێنەرانی كورد مایەوە، هەوڵدان بوو بۆ ئەوەی بتوانرێت گوشارێكی یاسایی دروست بكرێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرانی كورد لە لێژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك، كە بڕیارمان دا، ئەندامانی كوردی ئەنجومەنی نوێنەران بایكۆتی كوبوونەوەكە بكەن، بۆ ئەوەی رێژەی یاسایی تەواو نەبێت و دانیشتنەكە سەركەوتوو نەبێت، بەڵام بەداخەوە تەنیا فراكسێونی پارتی و چوار ئەندامی فراكسێونی یەكێتی بایكۆتی دانیشتنەكەیان كرد و زۆربەی فراكسێونی یەكێتی و سەرجەم فراكسێونەكانی دیكەی كوردستانی دەنگیان بە پرۆژەكە دا. ئەوە لە كاتێكدا بوو كە ئەگەر تەنیا سێ پەرلەمانتاری دیكە بایكۆتیان كردبا، ئەوا پرۆژەكە دوادەكەوت و ئەوجارەیان شكستی دەهێنا. هەوڵەكانی ئێمە لە فراكسیۆنی پارتی ئەوە بوو كە هەڵبژاردن لە كەركووك نەكرێت، تا ئەو كاتەی دۆخەكەی ئاسایی دەبێتەوە.
مێژوو چ وەڵامێك دەداتەوە؟
لە كاتی دەنگدان بە یاسای ژمارە 35 كە ئایندەی كەركووكی بە كۆمەڵێك ئەگەری نادیار و ترسناكەوە گرێ داوە، حەقیقەتێكیشی وەدیارخست بۆ خەڵكی كەركووك و ناوچە داگیركراوەكانی دیكە بۆ ئەوەی هەڵوێستی هێزە كوردستانییەكان بزانن لە بەرامبەر ناوچەكانیان، بەتایبەتی هەڵوێستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە لە ناوخۆی كوردستان كەركووك وەك كارتی وەدەستخستنی پۆست و پلە و پارە بەكاردەهێنێ و لە بەغداش كەركووكی كردۆتە كارتی سازشكردن لەگەڵ هێزە شۆڤێنییەكان و مامەڵەی پێوەدەكات و ئامادەیە بۆ دەستكەوتی كاتی و بەرژەوەندیی تەسكی كەسی و حزبی یاری بە چارەنووسی كەركووك بكات، ئەوەش باشتر وەدیاركەوت كە تەنانەت پەرلەمانتارە كەركووكییە یەكێتییەكانیش هەموویان بایكۆتی دانیشتنەكەیان نەكرد، ئەو شەش پەرلەمانتارەی یەكێتی لە كەركووك بە دەنگی چەكدارانی حەشدی شەعبی دەرچووێندران، بۆیە ناچارن هەر كاتێك هێزەكانی حەشدی شەعبی و عەرەبی شۆڤێنی پێویستی بە دەنگیان بێت، دەبێ دەنگەكانیان بۆ بەرژەوەندیی ئەوان و دژایەتیی گەل و نیشتمانی خۆیان بێت.

Top