بە جینۆساید ناساندنی كۆمەڵكوژی ئیزدیەكان لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە
August 4, 2019
وتار و بیروڕا
بۆ ماوەی ساڵێك دیلی دەستی داعش بووم و ترسناكترین دیمەنەكانم لە كەمترین ماوەی تەمەنی خۆمدا بینی
شەم بەرهەم:
لەو منداڵانەوە هێزێكی زۆرم وەرگرت، ئاخر ئەوان بە تەمەنێكی زۆر بچووك بەرگەی ئازاری زۆر گەورەیان گرتووە
دوای پەلاماردانی خاكی هەرێمی كوردستان لەلایەن تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) و تاوانی گەورەی كۆمەڵكوژیی ئێزیدیان و بە سەبایاكردنی ئافرەتانیان، رای گشتی لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان ئیدانەی ئەو تاوانە دژی مرۆڤایەتییەیان كرد، بەڵام جگە لە پەرلەمانی كوردستان، پەرلەمانی هیچ وڵاتێك تا ئێستا بە فەرمی ئەو تاوانەی بە جینۆساید نەناساندووە. پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی رۆژی 3/8/ 2019 خوێندنەوەی سێیەمی بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانی كۆمەڵكوژیی ئێزیدییەكان بە كۆی 87 دەنگ رۆژی 8ی ئابی بە رۆژی جینۆسایدی ئێزیدییەكان دیاری كرد. جینۆسایدی كوردانی ئێزیدی سەدان چیرۆكی دڵتەزێنی لە هەگبەی خۆیدا هەڵگرتووە. ئەو ئافرەتانەی لە تاریكستانی جەهلی داعشییەكان رزگاریان بووە، هەركامیان هێمایەكی گەورەی قوربانیبوون و بەسەرهاتیان تەژییە لە دڕندەیی تیرۆریستانی داعش و زۆر جاریش بەسەرهاتی خۆیان بۆ میدیاكاران باس كردووە. شەم بەرهەم، كچێكی كوردی تەمەنی ١٧ ساڵ و دانیشتووی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانە، ئەمساڵ یەكەمین كتێبی بە زمانی ئینگلیزی لە ژێر ناونیشانی: (ئێوە تەنیا تەماشا دەكەن. چیرۆكی ئەو منداڵە ئیزیدییانەی لەدەست داعش رزگاریان بوو) بەچاپ گەیاند و رۆژی 13/11/2018 لە رێوڕەسمێكدا لە هەولێر، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حكوومی، نوێنەرانی زۆربەی كونسوڵخانەكان لە هەولێر و و ژمارەیەكی بەرچاوی كەسایەتیی ئەكادیمی و نووسەران و هونەرمەندان، كتێبەكەی بە خوێنەران ناساند.لە یەكەمین ئیوارەی ناساندنی كتێبەكەی 600 بەرگی فرۆشرا و داهاتەكەشی بۆ ئەو منداڵە ئێزیدییانە تەرخان كرد، كە پاڵەوانی چیرۆكەكانی ناو كتێبەكەی (شەم)ن. گوڵان ئەو نووسەرە نەوجەوانە زیاتر بە خوێنەرانی دەناسێت و یەكێك لە چیرۆكەكانی بڵاو دەكاتەوە. كە ئەم چیرۆكە یەكێكە لەو كۆمەڵە چیرۆكەی پێشتر بە زمانی ئینگلیزی لە كتێبێكدا بە ناونیشانی (You are just watching. The story of Yazidi children who survived the Islamic State) بڵاوكراوەتەوە.
چیرۆكی ڤینال، ئەو كیژۆڵەیەی لەدەست داعش رزگاری بوو
خۆم وەك نابیست نیشان دا
بۆ ئەوەی لەو ئازارانە رزگارم بێت
شەم بەرهەم
من ناوم (ڤینال)ـە و خەڵكی شنگالم، دوو برا و یەك خوشكم هەیە و كاتێك داعش هێرشی كردە سەر شنگال، لەگەڵ دایكمان دەژیاین، من شێوەی باوكمم بە باشی بیر نایەت، چونكە هێشتا زۆر منداڵ بووم كە باوكم لەدەست دابوو، من بۆ ماوەی ساڵێك دیلی دەستی داعش بووم و ترسناكترین دیمەنەكانم لە كەمترین ماوەی تەمەنی خۆمدا بینی.
هەموو شتێك لە تەلەفۆنەكەی ماممەوە دەستی پێ كرد، ئەو كاتەی مامم تەلەفۆنی بۆ دایكم كرد و گوتی: داعش وا خەریكە دەگاتە گوندەكەی ئێمە كە لە نزیك شنگال بوو، لە چەند چركەیەكی كەمدا، هەموو شتێك گۆڕدرا، ژیان گۆڕدرا، خەونەكانمان گۆڕدران، هیواكانمان گۆڕدران، لەگەڵ دایكم چەند شتێكی پێویستمان كۆكردەوە و كە چووینە دەرەوەی حەوشەكەمان خەڵكمان بینی كە هەر یەكە بە لایەكدا رادەكات، بەڵام دیاربوو هیچ كاممان هێشتا نەماندەزانی چی چاوەڕێمان دەكات، مامم گەیشت و گوتی: لەگەڵ خەڵكی گوندەكەمان بڕیارمان داوە بە زووترین كات بەرەو گوندێكی نزیك خۆمان بچین، كاتژمێر نزیك ٣:٣٠ی پاشنیوەڕۆ بوو كە گەیشتینە ئەو گوندە، بەڵام بینیمان بارودۆخی ئەوان لە هی ئێمە باشتر نییە و خەڵكی ئەوێش خەریكن هەڵدێن، هەرچۆنێك بێت بڕیاری دەرچوونمان لەو گوندەش دا، بەڵام نازانم چۆن بوو كە لە ناكاو خۆمان لە حاڵێكدا بینییەوە كە پێنج چەكداری دڕندەی داعش بە چەكەوە چواردەوریان داین. لەوكاتەی كەوتینە دەست داعش نزیكەی ٤٠ كەسێك دەبووین، بە زۆری چەك ناچاریان كردین دەست لە پشت سەرمان و لەسەر ئەژنۆ دانیشین، هەرچی جانتا و بوخچەمان پێ بوو، گەڕان، دواتر پیاوەكانیان لە ژن و منداڵەكان جیا كردەوە، زۆری نەبرد چەند پاسێك گەیشتن و پیاوەكانیان لەگەڵ خۆیان برد، ئەو كاتەی پیاوەكان لە پاسەكە سەردەكەوتن، ئیتر دواجار بوو من براكەمم بینی كە لە خۆم گەورەتر بوو، ئینجا چەند كۆستەرێكی دیكە گەیشتن و هەموو ژن و منداڵەكانیان سەر خست و گواستیانینەوە بۆ گوندی سۆلۆخ لە نزیك شنگال، كە گەیشتین بینیمان ئێمە بەشێكی زۆر كەم بووین لەو ژمارە زۆرەی ئێزیدییان كە كەوتبوونە دەستی داعش، پیاوە ریشدارەكان هاتن و هەندێك ئاو و خواردنیان پێ داین كە لە یادم نییە چی بوو، بەڵام كەسمان نەمانتوانی بیخۆین، هەر دووسەعاتێك لەو شوێنە ماینەوە و دووبارە پاسەكان گەیشتن، ئەم جارە بە لێدان و توندوتیژییەكی زۆرەوە سەریان خستین و گواستیانینەوە بۆ شوێنێكی دیكە. من لە گەورەكانم دەبیست، دەیانگوت: ئەوە تەلەعفەرە، ئەو شوێنەی ئێمەیان بۆی برد، دیار بوو پێشتر قوتابخانە بوو، ئاخر تەختەڕەشە و كورسی و رەحلەكان هێشتا لە كونجی ژوورەكان دەبینران، بۆ ماوەی سێ رۆژ لەو قوتابخانەی تەلەعفەر ماینەوە، بەڵام وەك دوو ساڵ دوورودرێژ بوو، ناوە ناوە داعشێك، یان چەند كەسێكیان دەهاتن و تەشقەڵەیان پێمان دەكرد، لەناكاو یەكێكیان دەردەهێنا و ئازاریان دەدا، یانیش بە گرووپ دەهاتن و گاڵتەیان بە ئایینی ئێزیدی دەكرد، تەنیا چەند جارێكی كەم، ئەویش بە زۆر بە پیسی خواردنێكیان بۆ دەهێناین كە سەرەڕای ئەوەی هەموومان برسیمان بوو، نەماندەتوانی بیخۆین، چەند جارێك هاتن و چەند ئافرەتێكی گەنجیان راكێشا دەرەوە و ئیتر نەماندەزانی چی روو دەدات، هەر ئەوەندە بوو هاوارو گریانی كچەكانمان دەبیست و گەورەكان سەیری یەكتریان دەكرد و هەموویان لەئاست ئەو رووداوانەدا بێدەسەڵات بوون.
دواتر جارێكی دیكە ئێمەیان گواستەوە شوێنێكی دیكە، دایكم گوتی: ئەوە بەندیخانەی بادووش بوو لە مووسڵ، نزیكەی ٩ بۆ ١٠ رۆژ لەو شوێنە هێڵدراینەوە، بەڵام لەو كاتەش هەموو شتێك هەر خراپتر دەبوو و ترسی ئێمەش زیاتر، لە بادووش زۆر بە دەگمەن خواردنیان پێمان دەدا، ئیتر كار گەیشتبووە ئاستێك كە هەرخواردنێكی پیس كە پێشتر نەماندەخوارد، ئەمجارە ناچار بووین بیخۆین، چونكە برسێتی خەریك بوو تاقەتی دەبردین.
بە بیرم دێت چەند جارێك داعشەكان هاتن و زۆر بە خراپی لە چەند منداڵێكی بچووكیان دا، چونكە منداڵەكان دەگریان، چەند منداڵێكیشیان لەو ماوەیە بە زۆر لە باوەشی دایكیان دەرهینا و بردیانن، ئیتر نازانم چی بەسەر ئەو منداڵانە هات، لەناو ئەم هەموو ناخۆشییە، شتێك روویدا كە من نە هیچیم لەبارەوە دەزانی و نە پێشتریش بینیبووم، ئەویش ئەوە بوو ژنێكی ئێزیدی كە لەگەڵ ئێمە دەستبەسەر بوو، لە ناو بەندیخانەكە منداڵی بوو، من دەمبینی ژنە بەتەمەنەكان چواردەوریان گرتبوو و یارمەتییان دەدا، لەوبەری ژوورەكەشەوە چەند داعشێك وەستابوون و بە دەنگی بەرز بە ژنەكە پێ دەكەنین و گاڵتەیان پێ دەكرد، من دەترسام سەرم بەرز بكەمەوە و بزانم چی روو دەدات، بەڵام دوای ئەوەی ژنەكە منداڵی بوو، بینیم زەویی ژوورەكە هەمووی لەبەر خوێن سوور بووە، ژنەكەم بینی پارچەیەك لە جلی خۆی دڕاند و لە مناڵە تازە لەدایكبووەكەی پێچا، داعشەكان هیچ شتێكییان بۆ نەهینا و تەنیا وەستابوون و گاڵتەیان پێ دەكرد.
رۆژێكیان هەستمان كرد دەنگە دەنگ و ئاڵۆزییەك لە دەرەوە دروست بوو، لەناكاو دەنگێكی زۆر بەرز هات، دایكم گوتی: پێدەچێت فڕۆكە هێرشی سەر ئەو ناوچەیە بكات، من زۆر ترسام، بەڵام نە هیچم دەگوت و نە هیچیشم دەكرد، داعشەكان هاتن و گوتیان بە خێرایی دەرچین لە ژوورەكە، ئێمەیان سواری چەند پاسێك كرد و دووبارە بردیانین بۆ تەلەعفەر، كە گەیشتینە شوێنەكە یەكێك لە داعشەكان كە دیار بوو فەرمانی دەكرد، گوتی: دەبێ هەموومان ریز بین، شوێنەكە دیار بوو حەساری قوتابخانەیەك بوو، پرسیاری لە یەك بە یەكی ئافرەتە گەنجەكان دەكرد كە ئایا هاوسەرگیرییان كردووە، یا نا، هەر كەسێك گوتبای هاوسەرگیریی نەكردووە، جیا دەكراوە و دەیانبرد بۆ لایەكی دیكە، خوشكە گەورەكەی من هەر زوو لە بن گوێی دایكم شتێكی گوت و منداڵێكی هێنا پێش خۆی، كە داعشەكە گەیشتە لای ئێمە، خوشكم گوتی: هاوسەرگیریم كردووە و ئەوە منداڵی منە، من زۆر ترسام، دەلەرزیم بەڵام باش بوو داعشەكە تێپەڕی و خوشكە گەورەكەمی نەبرد، دوای ئەمە ئەو ژن و منداڵانەی مابوون، سواری پاس كراین و بردینیان بۆ گوندێك لە نزیك تەلەعفەر، گوتیان ئەوە گوندی كەسرلمیحراب بوو، دابەشی سەر چەند گرووپێكیان كردین و ماوەی نزیكەی مانگێك لەو شوێنە ماینەوە و ئەو ماوەیە زۆر ناخۆش بوو بۆ هەموومان، هەموو رۆژێك چەكدارانی داعش دەهاتن و ئافرەتێكیان لە گەنجەكان دەستنیشان دەكرد و ئازاریان دەدا بۆ ئەوەی خۆی تەسلیمیان بكات، زۆر بە دەگمەن شتێكیان پێمان دەدا بۆ خواردن، منداڵە بچووكەكان خەریك بوو لەبرسا دەمردن، دایكم لەگەڵ ژنەكانی دیكە باسی ئەوەیان دەكرد كە ئافرەتە گەنجەكان كە رۆژانە جیایان دەكردنەوە فرۆشراون، من تێنەدەگەیشتم چۆن مرۆڤ دەفرۆشرێت! بەڵام ئەوان ئاوا باسیان دەكرد، رۆژێكیان چەند داعشێك هاتن و ژنە بەتەمەنەكان و ئەو مندالانەی خاوەن پێداویستیی تایبەت بوون جیایان كردنەوە، ژنێكیان دەستنیشان كرد و منداڵەكەیان جێ هیشت، كچێك بوو، هاواری دەكرد، منیش با لەگەڵ دایكم بم، بەڵام داعشەكان گوتیان گەنج و جوانەكان بە جیا دەبرێن بۆ سووریا، دیار بوو ئەوانیش لە سووریا دەفرۆشران، من لەوێ تێگەیشتم كە پێویستە خۆم وا نیشان بدەم كە كێشەی تەندروستیم هەیە بۆ ئەوەی منیش لەگەڵ خۆیان نەبەن بۆ سووریا، دەلەرزیم و دەترسام نەكا لە دایكم جیا بكرێمەوە، هەر كە رۆیشتن پرچی خۆمم بە ناشرینی كورت كردەوە، و بڕیارم دا خۆم وەك نابیست (كەڕ) نیشان بدەم كە كێشەی دەروونیم هەیە، چەند رۆژێك تێپەڕی و داعشەكان هاتنەوە تا چەند كچێكی دیكە لەگەڵ خۆیان ببەن، یەكێك لە داعشەكان دەستی بۆ من راكێشا و ئەوی دیكەیان هات بۆ ئەوەی لەگەڵ خۆیان بمبەن، من هەرچییەكی گوتیان وام نیشاندا كە نابیستم، تۆزێك ئازاریان دام، بەڵام دواجار بڕوایان كرد كە من هەر بەڕاستی نابیستم و كێشەی دەروونیم هەیە، بەڵام داعشێكی دیكە هات و گوتی: من دەبێ لەگەڵ دایكم بۆ مووسڵ بگوازرێینەوە، ئەو رۆژە دواجار بوو كە من خوشكەكەمم بینی، كە رێگەیان نەدا لەگەڵ ئێمە بێت و لەو شوێنە هێشتیانەوە. كە گەیشتینە مووسڵ ئێمەیان لە هۆڵێكی گەورە دانا، كە پڕ بوو لە خەڵكی دیكە، هەرچەندی لە چواردەوری خۆمم دەڕوانی، هەمووی ئەو كەسانە بوون كە كێشەی جەستەیی، یان دەروونییان هەبوو، هەمووشیان ئێزیدی بوون، من بیرم لە هیچ نەدەكردەوە ئەوە نەبێت كە پێویست بوو وەك كەسێكی نابیست و ناتەواو خۆم نیشان بدەم، نەك هەر لە پێش داعشەكان، بەڵكوو لە پێش ئێزیدییەكانی دیكەش، تەنیا بۆ ئەوەی داعشەكان لەگەڵ خۆیان بۆ شوێنێكی دیكەم نەبەن، ماوەی چوار مانگ و نیو لەو شوێنە بووین و بۆ من زۆر سەخت تێپەڕی، هەر كاتێك داعشێك هاتبایە ژوورەوە من رۆحم دەردەچوو، دەبوایە هەرچییەك بیڵێت و هاواربكات من وا نیشان بدەم كە نابیستم، ئیتر وای لێ هاتبوو كە خەریك بوو خۆمی راستەقینەمم لەبیر دەكرد، هەر چۆنێك بێت من بەردەوام بووم تا ئەوەی رۆژێك داعشەكان هاتن و ئێمەیان لە ژوورەكان دەركرد و لە شوێنێكی چۆڵ ئێمەیان ئازاد كرد، ئاخر ئەو گرووپەی ئێمە بۆ ئەوان هیچ سوودێكی نەبوو، چونكە هەموومان، بە راست، یان بە ناڕاست، كێشەی جەستەیی و دەروونیمان هەبوو، دوای ماوەیەك رێكردن كە گەیشتینە كوردستان و ناوچەكانی ژێر دەستی پێشمەرگە، ئیتر من توانیم قسە بكەم، ترسم نەما و دەمزانی ئیتر پێویست ناكات خۆم وەك نابیست نیشان بدەم، لەبیرمە یەكەم شت كە دوای چوار مانگ و نیو بە دایكمم گوت، ئەوە بوو: خۆزگە خۆشكەكەشم لەگەڵمان بوایە و ئازاد كرابا.