لە سەماوە و بەغداد بێدەنگ و کپ و لارەملن؟!
August 4, 2019
وتار و بیروڕا
مرۆڤ بێ دەوڵەت بێ شوناس و بێ هێز وبێ ئیرادەیە، لەو دیو سنورەکانی بوونەوەیە.
کێشەکە ئەوەنیە ئەفسەرێکی شۆڤێنی عەرەب ڕازی نابێت ئاڵای کوردستان لە گەردنمان بئاڵێنین؛ کێشەکە ئەوەیە بەشێک لە خۆمان ڕێزی ئاڵا و سیمبولە کوردستانیەکان ناگرین! کار بۆ ئەوە دەکرێت ئێمە وەک بکەر وەک هەبوویەک بوونمان نەبێت.
گۆڕینی کێشە و دۆزە ڕاستەقینەکەی کورد بە کێشەیەکی لاوەکی و پەراوێزی ئەسڵی کێشەکەیە، بە ئەجندایەکی گەورەی زەبەلاحی فرە ئامراز و کەرەستە و بە بەگەڕخستنی تەکنیکی کۆن و نوێوە کار بۆ کاڵکردنەوە و نەهێشتنی دۆزی کورد دەکرێت.
ئەو بەناو نوێنەرانەی لە دادگای فیدراڵی شکایەت لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن لەسەر پرسی نەوت، بەر لەو شکایتە و دوای ئەو شکایەتە، چەند سکاڵا و شکایەتیان لە حکومەتی عێراق کردوە؟! لەسەر پێشێلی مافەکانی خەڵکی کوردستان؟! چەند بە جدیەتەوە چونەتە دادگای فیدراڵی و تانەیان لە پێشێلکارییە دەستوورییەکان داوە؟! مەگەر حکومەتی عێراق پێنج ساڵ بوجەی خەڵکی کوردستانی نەبڕی؟! مادەی ١٤٠ی پەک نەخستووە؟! هێز و لەشکریی پێشمەرگەی کوردستانی لە هەموو شایستە دارایی و سەربازییەکان بێ بەرینەکردووە؟!
ئەوە بۆچی لە کوردستان دەنگیان دلێرە بەرامبەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەم تیڤیەوە بازدەدەن بۆ ئەو تیڤی، دەیان تیڤی و ڕۆژنامە و گۆڤار و سایتۆکەیان تەرخانکردوە بۆ کوتانەوەی خۆمان! ئەی بۆ لە سەماوە و بەغداد بێدەنگ و کپ و لارەملن؟!
لەم حزبەوە دەپەڕنەوە بۆ ئەوحزب، بەناوی ڕێکخراو وتەوژمەوە، لە ژێرپەردەی جوڵانەوە و ڕەووتی نوێوە، بەماسکی داواکاری خەڵک و کارکردن بۆ ژیانێکی شایستەوە، تەنها کارییان لێدانە لە کوردبوون، لەو ستەم و غەدرە گەورەییەی لە کورد دەکرێت، لە ئەنفال و کیمیابارانەوە تاڕەشکوژی و تەتریک و تەعریب، عەرەب بیکات عەجەم بیکات تورک و مەغول بیکات، لای ئەو بەناو کوردانە تەنها کورد خۆی تاوانبارە؟!
پەکەکە بستۆکە خاکێکی لە باکوری کوردستان ڕزگار نەکردوە و ناکات! لە گەرمیان و قەندیل و شەنگال چکارەیە؟! جگە لە لێدان لە پرۆژەی هاتنەبوونی کورد؟!
ئەوانەی لە بەغداد خزمتێکی دۆزی ڕەوای گەلیانپێناکرێت، ئەوانەی لەبەردەم سەربازێکی شۆڤێنیدا چۆکدادەن، دلێرانە نایەن گۆ بە دووپەیڤ ڕەوایەتی بوونی گەلێک ناسەلمێنن، بێهەڵوێستی و لەرزۆکی ئەوان هیچ لەو پرۆژە پیرۆزە کەمناکاتەوە، پرۆژەی ئەوانەی گشتپرسیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان ئەنجامدا، ئەوانەی لە پردێ و سحێلا و تلسقۆف بەگژ شۆڤێنیەت دا چوونەوە و هەبوونی کوردیان سەلماندەوە.