بەبێ چاكسازییەكی بەردەوام ناتوانین حوكمڕانییەكی باش و سەركەوتوومان هەبێت

بەبێ چاكسازییەكی بەردەوام ناتوانین حوكمڕانییەكی باش و سەركەوتوومان هەبێت
پرۆسەی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان گۆڕانكارییەكی گەورەی بە خۆیەوە بینیوە، ئەم گۆڕانكارییەش لە دیدو تێڕوانینی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بە ئەرێنی سەیر دەكرێت، لەبەر ئەوەی پرۆسەی دەستاودەستكردنی دەسەڵات بۆ جومگەكانی حوكمڕانی لەناو خودی پارتییەوە ئەنجامدرا، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئەم پارتە بڕوای بەوە هەیە كە ئاڵوگۆڕكردنی جومگە گرنگەكان كارێكی ئاسایی و پێویستە.
ئاشكرایە هەموو كات مێژووی پارتی باری سەرشانی پارتی قورس كردووە، هاووڵاتیانی كوردستانیش بە چاوی ئومێدەوە سەیری ئەو حوكمڕانییە دەكەن كە پارتی رۆڵی سەرەكی و یەكلاكەرەوەی تێدا دەگێڕێت، ئەم ئومێدەش لەو باوەڕەوە سەرچاوەی گرتووە كە پارتی بە درێژەپێدەری فیكر و رێبازی بارزانی دەزانن، بێگومان كورتترین پێناسەش بۆ فیكر و رێبازی بارزانی مانای كوردایەتییە، لەسەر ئەم بنەمایە ئەگەر نەتوانین حوكمڕانییەكی باش پێشكەش بكەین، ئەوا ناتوانین مانای كوردایەتیش لە ئاستێكی بەرزدا پێناسە بكەین.
لەسەر ئەم بنەمایە سەرۆك مسعود بارزانی كە ئەویش پەروەردەی بەردەستی سەرۆكی گەلەكەمان مەلا مستەفا بارزانی بووە و، هەروەها درێژە پێدەری ریبازەكەشیەتی، لە راستكردنەوەی پرۆسەی حوكمڕانی هەرێمی كوردستاندا، زۆر وردبینانە هەوڵیداوە كاراكتەرە بەئەزموونەكان بۆ سەرخستنی قۆناخی تازەی حوكمڕانی لە كوردستان بۆ مەكتەبی سیاسی پێشنیار بكات و مەكتەبی سیاسیی پارتییش پشتگیری لە پشینارەكانی سەرۆك بارزانی كردووە.
سەرۆك بارزانی لە جەنابی مەلا مستەفا بارزانی-یەوە فیربووە، لە دروستكردنی بڕیاری سیاسیدا زۆر دووربینانە كاردەكات، لە هەڵسەنگاندنیش بۆ مەزندە و دەرەنجامەكان وردبینییەكی هێجگار گەورەی هەیە، لە بواری بیركردنەوەشی بۆ خۆشگوزەرانیی گەلەكەی ئەو قەناعەتەی هەیە كە دەبێت خەڵكی كوردستان بە جیاوازی نەتەوە و ئایین و بیروبۆچوونی سیاسییەوە لەم نیشتمانەدا ئازاد و خۆشگوزەران بژین، لەسەر ئەم بنەمایە بۆ ئەوەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئاستی ئومێدی خەڵكی كوردستاندا بێت، بەهێزترین دوو كەسایەتیی ناو پارتی بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیران دەستنیشان كردووە، كە ئەوانیش بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی و مسرور بارزانی-ن.
دەستنیشانكردنی رێزدار نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەرهەمی بیركردنەوەیەكی قووڵی سەرۆك بارزانی-یە، جۆرێكە لە خەڵاتكردن، چونكە ئەم دەوڵەمەتدارە سەلماندی لە ئاستی متمانەی خەڵكی كوردستان و متمانەی سەرۆك بارزانیدایە، بەتایبەتی كە لەدوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 نێچیرڤان بارزانی چووە ژێرباری بەرپرسیاریەتی قۆناخێكی سەخت و دژوارەوە، بارودۆخێك كە بەشی هەرە زۆری حزبە سیاسییەكانی كوردستان لە ئاستی بەرپرسیاریەتی هەڵاتن و خۆیان لە حكومەت جیاكردەوە و دەیانویست وا پیشان بدەن، هەموو شتێك كۆتایی هاتووە و هەرێمی كوردستان هەڵدێراوە، بەڵام لەم رۆژە سەختانەدا نێچیرڤان بارزانی بە ورەیەكی بەرز و بە لۆژیكێكی دەوڵەتمەدارێكی لێهاتوو مامەڵەی لەگەڵ ئەو بارودۆخە سەختە كرد و توانی ئەو هەموو گەمارۆ و قەیرانەی بەسەر كوردستاندا سەپێنرا بوون، خاو بكاتەوە و سەرلەنوێ كوردستان لە پیلانی نەیاران رزگار بكات، بۆیە كاتێك سەیری دەستنیشانكردن و هەڵبژاردنی بەرێز نێچیرڤانی بارزانی دەكەین لەلایەن سەرۆك بارزانی یەوە بۆ ئەم پۆستە گرنگە، دەگەینە ئەو قەناعەتەی، سەرۆك دوای بیركردنەوەیەكی قووڵ و هەڵسەنگاندنێكی زۆر ورد ئەمەی كردۆتە پێشنیار بۆ مەكتەبی سیاسی و مەكتەبی سیاسیش هەر لەسەر ئەم بنەمایە پشتگیری لە پێشنیارەكەی سەرۆك بارزانی كردووە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر سەیری بەڕێز مسرور بارزانی بكەین كە دیسان هەڵبژێردراوی سەرۆك بارزانی-یە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران و مەكتەبی سیاسی پەسەندی كردووە، دەگەینە ئەو ئاكامەی كە ئەزموونی سەركەوتووی كاركردنی بەڕێز مسرور بارزانی بۆ دابینكردنی ئاشتی و تەناهی لەكوردستاندا، پێشتریش هەر تەواوكاری كارەكانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بووە كە ئەو كات سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بووە، چونكە ئەگەر ئەو تەناهی و ئارامییە لە كوردستاندا فەراهەم نەكرایە، ئەوا دەستكەوتە سیاسییەكانیش بەو ئاستەی ئێستا نەدەبوون، لەم خاڵەوە پێكەوە گرێدانەوەی توانا و ئەزموون و سەركەوتنەكانی هەردوو بەڕێزان (نێچیرڤان بارزانی و مسرور بارزانی) بۆ بونیادنانی كوردستانێكی بەهێز و حوكمڕانییەكی باش لە كوردستاندا، ئەو رەهەندەیە كە سەرۆك بارزانی زۆر بە قووڵی و وردی بیری لێ كردۆتەوە.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، جیا لەوەی خۆیان دوو كەسایەتیی خاوەن ئەزموون و سەركەوتوون، لە هەمانكاتدا پارتێكی گەورەی وەك پارتی دیموكراتی كوردستان پشتیوانییان لێ دەكات و لە هەمانكاتیشدا ئەوانیش ئەو بەرنامەیە جێبەجێ دەكەن كە پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردن پێشكەشی خەڵكی كوردستانی كردووە و هەروەها ئەو بەرنامەیەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی دیكەی بەشدار لە حكومەتدا پێ كردووە، ئەمەش مانای ئەوەیە، راستە ئەو بەرنامەیەی ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵدەدات جێبەجێی بكات، بەرنامەیەكی هاوبەشی هەر سێ لایەنی (پارتی و یەكێتی و گۆڕانە) كە پێكەوە حكومەتیان پێكهێناوە، بەڵام لەلایەكی دیكەوە ئەو بەرنامە هاوبەشەش رەنگدانەوەی دید و تێڕوانینی پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ حوكمڕانیی هاوبەش و دروستكردنی بڕیاری هاوبەش و جێبەجێكردنی هەمەلایەنەی ئەو بەرنامەیە بۆ خزمەتی خەڵكی كوردستان..
لەسەر ئەم بنەمایە، لە بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، چاكسازی ئەولەوییەتی پێ دراوە، بەڵام دەبێت ئەوەمان لە بەرچاو بێت كە چاكسازی پرۆسەیەكی گەورەیە و بەردەوامی دەوێت، راستە پرۆسەی چاكسازی پێویستی بە پشتگیری یاسا هەیە، بەڵام دیسان پرۆسەكە بە تەنیا بە دەركردنی یاسایەك، یان چەند یاسایەك كۆتایی نایەت، بەڵكو پێش هەموو شت پرۆسەی چاكسازی پێویستی بە ئیرادەیەكی نیشتمانی هەیە، بەڕێز مسرور بارزانی ڕاشكاوانە پرۆسەی چاكسازی كردۆتە ئەولەوییەتی بەرنامەی كابینەكەی، كە دەرەنجامی خوێندنەوەیەكی هەمەلایەنەی سەرۆك بارزانی و مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانە كە پێشتر زۆر كاری جددی لەسەر كراوە و هەموو لایەنەكانی دیراسەت كراوە، ئینجا كراوەتە ئەولەوییەتی بەرنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە شێوەیەكی گشتی سەرۆك بارزانی و مەكتەبی سیاسی گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی ئەگەر نەتوانین چاكسازییەكی ریشەیی بكەین، ئەوا ناتوانین حوكمڕانییەكی تەندروستمان هەبێت.
ئەوجا ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایە هەڵوەستەیەك لەسەر نەفەسدرێژی و هەوڵەكانی پارتی بكەین لە پێكهێنانی كابینەی تازەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، ئەوا دەبینین كە لە ماوەی نۆ مانگی پرۆسەی بەردەوامی دانوستاندن بۆ پێكهێنانی حكومەت، پارتی هەموو هەوڵی خۆی خستەكار بۆ ئەوەی بتوانێت لەگەڵ لایەنە سەرەكییەكاندا بگاتە رێككەوتن و بە هاوبەشی حكومەتەكە پێكبهێنن، ئەم سووربوونەی پارتی لەسەر بەشداریی لایەنە سەرەكییەكان، ئەو تێگەیشتنەی پارتیمان بۆ دەردەخات كە دەزانێت پرۆسەی چاكسازی چەند ئەركێكی قورس و گرانە و پێویستە لایەنە سیاسییەكانی دیكە و هەروەها خەڵكی كوردستایش پێكەوە شانی بدەینە بەر بۆ ئەوەی هەموو پێكەوە بتوانین حوكمڕانیەكی ئەوتۆ بێتە ئاراوە كە شایستەی خەڵكی كوردستان بێت و سەركەوتووبین.
سەبارەت بە پرۆسەی چاكسازییش، لە دید و تێڕوانینی پارتی دیموكراتی كوردستاندا، چاكسازی پرۆسەیەكی هەمەلایەنە و تێكڕای هەیكەلی دامەزراوەكان لە هەموو سێكتەرە جیاوازەكان دەگرێتەوە، بۆیە ئەگەر مەزندەی ئەوە بكەین كە ئەم پرۆسەیە بە ماوەیەكی كورت، یان تەنانەت لەماوەی چوار ساڵی داهاتووی حكومەتدا تەواوی چاكسازییەكان ئەنجام دەدرێن، من پێموایە زیاد لە پێویست خۆمان گەشبین دەكەین، بەڵام گرنگە لەو راستییە دڵنیا بین كە دەستپێكردنی چاكسازی دەرگاكان واڵا دەكات بۆ ئەوەی قۆناخ بە قۆناخ هەنگاو بۆ پێشەوە هەڵبگرین و پرۆسەی چاكسازی بكەینە پرۆسەیەكی بەردەوام و ئەو قەناعەتەمان لادروست بێت، ئەو سێكتەرەی ئەمڕۆ چاكسازی تێدا دەكەین، لەوانەیە هەمان سێكتەر لە یەك دوو ساڵی داهاتوو پێویستی بە چاكسازیی دیكە هەبێت، بەڵام ئەوەی كە بە دەستپێكی ئەم پرۆسەیە گەشبینمان دەكات ئەوەیە كە بەڕێز مسرور بارزانی وەك سەرۆك وەزیران ئەو ئیرادەیەی تێدا دەبیندرێت كە توانای ئەنجامدانی چاكسازی هەیە، هەروەها ئەوەش ئاشكرایە كە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان پشتیوان و هاوكارێكی تەواوی دەبێت.
ئەوەی لە دەستپێكی ئەم قۆناخە تازەیەی حوكمڕانی لە كوردستاندا هەستی پێ دەكرێت و دەكرێت وەك ئومێدێك بە گەشبینییەوە سەیر بكرێت، ئەوەیە كە هەست دەكرێت جۆرێك لە هەماهەنگی و هاوسەنگی لەنێوان كۆی دامەزراوە گرنگەكانی حوكمڕانیدا هەیە، بەتایبەتیش هەست دەكرێت ژینگەی سیاسیی پەرلەمانی كوردستان بەرەو سەقامگیرییەكی سیاسی دەچێت و لەو كەش و هەوایەدا لایەنەكانی بەشدار لە حكومەت و لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنی پێكەوە كۆكردۆتەوە، ئەمەش بێگومان دەبێتە فاكتەرێكی گرنگ بۆ چەكەرەكردنی دیموكراسی پەرلەمان لە ئاستێكی باشدا رۆڵی چاودێریی خۆی لەسەر حكومەت بە باشی بگێڕێت و لە هەمانكاتیشدا هاوكاری حكومەت بێت بۆ ئەوەی بە یاسای تازە پشتگیری لە جێبەجێكردنی بەرنامەكەی بكات، دیارە لە سەرووی هەماهەنگیی پەرلەمان و حكومەت، دەسەڵاتی دادوەرییش لە كوردستاندا رۆڵێكی دیار و بەرچاو و گرنگی دەبێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە هەتا یاسا سەروەر نەبێت، ئەوا ناتوانرێت هەنگاوی گرنگ بۆ حوكمڕانیی باش هەڵبگیرێت.











* راوێژكاری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
Top