پارتی پارێزەر و قەڵغانی مێژوو وشوناسی كورد..

پارتی پارێزەر و قەڵغانی مێژوو وشوناسی كورد..
دروستبوونی پارتی لە ئەساسدا بۆ ئەوە بوو تا نەتەوەكەی رزگار بكات لە ژێر دەستی و ئازادی و متمانە بەخۆ بوون لە نێو تاكی كورد بۆ رزگاریخوازی و سەربەخۆیی خوازی دروست بكات. یەكێك لەو مافەرەوایانە ریفراندۆمە بۆ سەربەخۆیی كە لە هەموو جیهان بە مافێكی رەوا هەژمار دەكرێ‌. بۆیە دەبێ‌ نەیارانی كورد و كۆیلەكانیان ئەو راستییە بزانن كە ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان تەنیا ویست و ئاواتی بارزانی نەبووە و نییە بەڵكوو هەر تاكێكی ئەم گەلە لەهەموو بەشەكانی كوردستان خەون بەو رۆژەوە دەبینێ كە رۆژێ لە رۆژان بچێتە سەر سندوقەكانی دەنگدان و دەنگ بە سەربەخۆیی وڵاتەكەی بدات، چۆن دەكرێ گەلێك كە خاوەنی سەدان هەزار ئەنفال و هەزاران شەهیدی كیمیاوی و هەزاران بێ سەر و شوێن و دەیان هەزار پێشمەرگەی شەهید و بریندار و كەم ئەندام و هەزاران گوندی خاپووركراو بێت، بەڵام كە دەنگی بۆ سەربەخۆیی وڵاتەكەی دا بە ڕای جەنابی یوسف محەمەد ئەبێ دادگایی بكرێ، ۹۳%ی خەڵكی كوردستان دەنگی بەڵێیان بە ریفراندۆم داوە كەوایە دەبێ ئەو هەموو خەڵكە دادگایی بكرێن بەتاوانی ئەوەی دەیانەوێ بەئازادی بژین و داگیركەر حوكمی وڵاتەكەیان نەكا، باشە ئەم بەڕێزە لەخۆی ناپرسێ ئەم گەلە بەدرێژایی سەد ساڵ ئەو هەموو قوربانی و ماڵوێرانییەی لەپێناو چیدا داوە، ئایا دەكرێ گەلێك سەد ساڵ خەبات بكات بەڵام ئامانجی تەنیا ژێردەستی و كۆیلایەتی بێت؟ پێویستە تێكڕا خەڵكی كوردستان بەتایبەت بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە دوژمن بەزێنەكانی نیشتمان و هەر تاكێكی دڵسۆز و سەربەخۆیی خوازی كوردستان لەئاست ئەم دەمدرێژییەی یوسف محەمەد بێدەنگ نەبن و وەك خائینێك چاوی لێبكەن و داوای لەسەر تۆمار بكەن تا سزا بدرێت بۆ ئەوەی هیچ تاكێكی ئەم وڵاتە نەوێرێ چیدیكە دژایەتی ماف و داخوازییەكانی ئەم گەلە بكات، خۆ ئەگەر ئەو كەسانەی هاوشێوەی یوسف محەمەد بیردەكەنەوە سزا نەدرێن رێگا خۆش دەبێ بۆ كەسانی بێ موراڵی دیكەش تا بێرێزی بە خوێنی شەهیدان و كەرامەتی نیشتمانپەروەران بكەن. تا ئەو جێگەی بەبیرمدا بێت تەنیا خائینان و كاسەلێس و چڵكاوخۆرەكانی كوردستان پاڵیان بە دوژمنەوە داوە و دژی خواستی گەلەكەیان وەستاونەتەوە و خوێنی نیشتمانپەروەرانیان رژاندووە، پێموایە ئەوانەش ئەمڕۆ دژی ریفراندۆمی كوردستان لێدوان دەدەن دەست كەمێكیان لەوانە نییە كە چەكیان دژی رۆڵە خەباتكارەكانی كوردستان لەشان دەكرد و لەبەرەی دوژمندا دەجەنگان، دیارە گەلیش وەڵامی باشی بۆیان هەبوو و نازناوی جاشی لێنان. منیش وەك تاكێكی ئەم نیشتمانە و وەك ریفراندۆمچییەك ئەگەر هەزار جاری تریش مێژوو دووبارە بێتەوە دەنگم هەر بەڵێیە بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان. با یوسف محەمەد و هاوبیرەكانی دڵنیابن ریفراندۆم بوو بە تاپۆیەك و چووە باخەڵی تاك بە تاكی گەلی كوردستانەوە و هار كاتێك دەستی بۆبەری بەرهەمی خوێنی شەهیدانت پێشكەش دەكا كە سەربەخۆیی كوردستانە. ئەو ئەمانەتە هاوشێوەی ئاڵایی كوردستان لە دەستێكی ئەمینی وەك پارتی،بارزانییە ...پارتی دیموكراتی بەهێز بوو كوردستانیش بەهێزتر دەبێت، لە ئایندەدا ئەركی پارتی قورستر دەبێت، بڕیارەكانی پارتی بەسەنگتر دەبن لە ناوخۆ و جیهان، بڕیاری كۆتایی لەسەر پرسە گرنگەكان و ئیدارەی وڵات زیاتر دەكەوێتە دەستی پارتی.گەلی كورد متمانەی بەولایەنە بەخشی كە خەباتی كردووە بۆ دەستەبەركردن و بەدەستهێنان و پاراستنی مافەكانی ئەم گەلە، چونكە ئیدی بۆ خەڵكی ڕوون بووەوە كە پارتی هەڵگر و پارێزەری پەیامی كوردایەتییە. ئێمە ناتوانین ئەم سەركەوتنەی پارتی لە خانەیەكی تەسكی حزبایەتیدا قەتیس بكەین، بەڵكو دەڵێین بەرەی سەربەخۆخوازان سەركەوتن. خەڵكی كوردستان بۆی دەركەوت پارتی حزبێكی جێگیر و تۆكمە و ڕێكخراوە، لەوشوێنەی پارتی باڵادەست بووە بە بەراورد بە ناوچەكانی تری هەرێم ئارامی و ئاسایش و خزمەتكردن زیاتر بووە. خەڵكیش دەنگیان پێی داوە تا ئارامی و ئاسوودەیی و خزمەتی زیاتر لە پارتییەوە ببینن لە سەرتاسەری هەرێم.ئەو حزبانەی كە پێشتر ڕكابەری پارتی بوونە، دەبینین دەنگەكانیان بە هەڵبژاردنەكانی پێشتر زۆری لە كەمی داوە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو حزبانەی كێشەیەكی زۆری ناوخۆییان هەیە، هەمیشە شپرزە و فرەباڵ دەردەكەون. خەڵكیش دەنگ بە حزبێكی وەها نادات كە ناتوانێ نێوماڵی خۆی ڕێك بخات و حزبێكی یەكگرتوو نەبێت. بەڵكو دەنگ بە حزبێكی تۆكمەی یەكدەنگی وەكو پارتی دەدات.یەكێك لە دروشمە گەورەكانی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا بریتی بوو لە ''پارتی بەهێز بێت كوردستان بەهێز دەبێت''، بێگومان نەیار و دوژمنان هەر ئاوا تەماشاكەری ئەم سەركەوتنەی پارتی نابن، لە هەرقۆناخێك بێت دەیانەوێت كێشە بۆ پارتی و بەرنامە و هەنگاوەكانی دروست بكەن. بەڵام بەهێزبوونی پارتی، واتە بەهێزبوونی كوردستان، چونكە پارتی پارێزەر و قەڵغانی كوردە. بە درێژایی مێژو نەیارانی كورد هەوڵیان داوە یەك هێزی سیاسیی گەورە لە كوردستان نەبێت، بەڵكو هەمیشە هێزەكانیان بەش بەش كردووە. چونكە هەبوونی یەك هێزی گەورە و یەك سەركردەی بەهێز زۆر پرس و كێشە یەكلایی دەكاتەوە و كورد بە یەكدەنگی دێڵێتەوە. پارتی بەهێز بوو كوردستانیش بەهێزتر دەبێت، ئەركی پارتی قورستر دەبێت لە ئایندەدا، بریارەكانی پارتی بەسەنگتر دەبن لە ناوخۆ و جیهان، بڕیاری كۆتایی لەسەر پرسە گرنگەكان و ئیدارەی وڵات زیاتر دەكەوێتە دەستی پارتی. بۆ كوردستانێكی بەهێز دەبوو پارتی سەركەوێت و سەریش كەوت. قۆناغی ئێستاش كە ناوچەكە پێیدا گوزەر دەكات ،گۆرانكارییە لە سەر ئاستی ناوچەكەدا كاریگەری زۆریش لە سەر دەوروبەرمان دادەنێ‌ و بۆ ئەو مەبەستەش بوونی پارتی دیموكراتی كوردستان و كوردستانێكی بەهێز پێوستییەكی حەتیمە ..
Top