سەرۆکی ھەرێم ،کارکتەرێکی بە توانا بۆ کوردستانێکی بەھێزتر..
July 25, 2019
وتار و بیروڕا
کاتێک سەیری ھەنگاوی ئەو لە بەرەی پێشەوەی سیاسەتی کوردی دەکەیت زۆر گرنگە لەم ڕۆڵەی ئەو گێڕاویەتی تێبگەی کە چی بۆ کوردستان کردووە. کردنی ئەو ھەموو کارە وادەکات لەم ئاڕاستەیە تێبگەین کەکوردستان لە ئایندە ھەنگاوی بۆ دەنێت، بێگومان ئەو ڕۆڵی کاریگەری دەبێت لە داڕشتنی ھەیکەلی ئایندە. ھەرچەندە نامۆیە گەر نێچیرڤان بارزانی ـ لەسەر ئاستی نیودەوڵەتی ناوبانگی نەبێ، چونکە سەرنجی ئەو لەسەر کاروباری ناوخۆیە، ئێستا ئەو بووەتە جێگای سەرنجی گشتی. نێچیرڤان بارزانی بەشێکی ھەرەگرنگی حکومەتی کوردستانە، بیرۆکە و ڕێگاچارەکانی ئەو لە زۆر ڕووەوە سەرقافلەی بژاردەی گونجاوە بۆ ئایندەی دوورمەودای کوردستان، بیرۆکەی میانڕەو و گشتگیرە کە بایەخ بە تێگەیشتنی گرنگی گۆڕانکاری پەیتا پەیتا دەدات لە پڕۆسەی سیاسی کوردستان. ھۆکاری کەمی سەرنجدان لەکارەکانی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو زیاتر سەرنجی خۆی خستۆتە سەر ئابوری و کاروباری ناوخۆیی. ئەوەش لە پێناو چارەسەری گشت ئەو کێشە و قەیرانانەی کە لە ماوەی رابردوو رووبەرووی گەلی کوردو ئەزموونی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی کوردستان ببۆوە . ھەروەھا ئەو سیاسەت و سەقامگیری و خۆراگرییە وایکردووە کە ھەر دوێنی گەورەترین گرێبەستی بواری نەوت و غاز لەگەڵ رووسیا و گەورەترین کۆنسۆلخانەی زڵھێزترین وڵاتی جیھان لە شاری ھەولبَر لەلایەن ئەمەریکاوە بکرێتەوە و ئەمەش پێگەی سیاسی و ئابووری ھەرێمی کوردستان بەرەو کوردستانێکی بەھێز لە ناوچەکە زیاتر دەکات .سەرۆکایەتی ھەرێم و حکومەتی کوردستان وەک دوو ستوونی بەھێز وپتەو بە ھەموو توانایەکەوە لە رووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە کار بۆ بەھێزتر کردنی پێگەی ھەرێمی کوردستان لە رووی سیاسی،ئابووری و دیپلۆماسی دەکەن ..
پشتیوانی وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خوازیاری بوونی کوردستانێکی بەھێز ھەر لە خۆیەوە نەھاتووە ،بەڵکو بۆ دارٍشتن و جێبەجێکردنی ئەو پلان و سیاسەتە حەکیمانەیە لە رووی سەقامگیری و دیپلۆماسی، سیاسی و رووحییەتی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لە نێو ناوچەیەکی پر کێشە و ئاڵۆز دەگەرێتەوە ، کە وایانکردووە ئەمرٍۆ بە بایەخەوە بروانە ھەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی دەستووری متمانە پێکراو بەرەو کوردستانێکی بە ھێز ..کاتێک دەوڵەتێک پێی باشە ھەرێمی کوردستان بەھێز بێت، واتاکەی نزیک دەبێتەوە لەوەی بڵێت، ھەرێمێکی خاوەن سەروەرییان مەبەستە. سەروەری، زاراوەیەکە بۆ وڵاتان بەکار دێت نەک بۆ ھەرێمەکان. ئەگەر بێینە سەر زاراوەی سەروەری، واتا دەوڵەت نابێت ھیچ قەوارەیەک لە بڕیاردان شان لە شانی بدات؛ نە لە ئاستی ناوخۆیی و نە لە ئاستی دەرەوە. وشەی "ھەرێمێکی بەھێز" باڵاترین وەسفە بۆ ھەرێمێک بەکار بێت. لە سەرووی ئەو وشەیەوە سەروەریمان ھەیە؛ سەروەری ھاوتایە لەگەڵ سەربەخۆبوونی وڵات. لە سەروبەندی ھەڵبژاردنەکانی بانگەشەی مانگی ٩ی ٢٠١٨، پارتی دیموکراتی کوردستان بە دروشمی "بنیاتنانی کوردستانێکی بەھێز" ھاتە ناو مەیدانی بانگەشەی ھەڵبژاردن. ئەم حزبە سەرکەوتنێکی بەرچاوی تۆمار کرد. دەنگدەری ھەرێمی کوردستان پێی خۆشە ھەرێمەکەی ھەر بەھێزتر بێ. ڕێزدار سەرۆک "مەسعوود بارزانی" لە دوای سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵبژاردنی ٣٠/٩/٢٠١٨لە ڕۆژی ٢١/١٠/٢٠١٨ ڕای گەیاند: "حکوومەتێکی بەھێز، بۆ کوردستانێکی بەھێز دادەمەزرێت." لەم قسانەی جەنابی سەرۆک بارزانی دیارە، کە حکوومەت ئامرازێکی گرنگە بۆ ئامانجێکی گەورەتر، ئەویش بەھێزبوونی ھەرێمی کوردستانە.حکوومەتێکی بەھێز پێویستیی بە زۆرینەیەکی پەرلەمانی و سەرۆکی ھەرێم و ھێزی پێشمەرگەیە کە لە پشتی بێت. حزبی یەکەم و سەرکەوتوو پارتی دیموکراتی کوردستان بە ٤٥ کورسی پەرلەمان لە کۆی ١١١ کورسی خۆی لە خۆیدا پاڵپشتییەکی بەھێزی دیموکراسییە بۆ حکوومەتی نوێ. سەرۆکی ھەرێمیش بە سەرکردایەتیی ڕێزدار کاک "نێچیرڤان بارزانی"، کارەکتەر و کەسایەتیی شارەزا لە حوکمڕانی، پاڵپشتێکی مەزنە بۆ حکوومەتی نوێ. ھێزەکانی پێشمەرگەیش یەکێک بوو لە لەناوبەرانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی جیھانی: "داعش". کەسانی پۆڵایین لە پشت ئەم سەرکەوتنانەوە بوون، بەشێکیش لەوانە بە باکگراوندێکی ئاسایشی و پێشمەرگەئاسا حکوومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان پێک دەھێننەوە. ناوی بەڕێز کاک "مەسرور بارزانی" لە لایەنی حزبی براوەی ھەڵبژاردنەکان بۆ سەرۆکایەتی حکوومەت پێشنیار کراوە؛ بێ گومان ئەو وەسفانەی سەرەوە بەتەواوی تێیدا بەدی دەکرێت. ئەم دوو بەڕێزەی لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ کردوون، ئاگایان لە گشت خاڵە بەھێز و لاوازەکانی ئەم ھەرێمە ھەیە؛ ئەوان پیاوی دەوڵەتن.
بەڵگەی ھەرە بەرچاویی پشتیوانیکردن لە کوردستانێکی بەھێز ، پەیوەندی دەیان سەرکردە و وەزیر لە سەر ئاستێکی بەزر لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و ئەزموونی دەستووری ھەرێمی کوردستان ئاماژەیەکی روونن بۆ پشتیوانیکردنی وڵاتان لە بوونی کوردستانێکی بەھێز ..