پەکەکە لە نێوان دوو بژاردەدا، بژاردەی سێەم بوونی نیەو قوربانی یەکەمیش هەرێمی کوردستان دەبێت.

پەکەکە لە نێوان دوو بژاردەدا، بژاردەی سێەم بوونی نیەو قوربانی یەکەمیش هەرێمی کوردستان دەبێت.

ئەوە بۆ چوار دەیە دەچێ، بزوتنەوەیەکی کۆمنیست، بە ناوی پارتی کرێکارانی کوردستان (pkk) بە ڕابەرایەتی عبداللە ئۆجەلان، ناسراو بە (APO) لە باکوری کوردستان، دژ بە ڕژێمی داگیرکاری تورک، دەستی داوەتە خەباتی چەکداری و ڕووەو شاخە قائیم و بڵندەکانی کوردستان پێنگاڤی تووڕەی هەڵبڕیوە، ئەڵبەت لە دایک بوونی ئەم هێزە پارتیزانیە، لە سەرەتادا ئومێدێکی ئێکجار زۆری لە نێو دڵی کوردانی باکوری کوردستان خوڵقاند، بەوەی کە لە دوای کپکردنی شۆڕشی شێخ سەعید و ڕاپەڕینی دەرسم و شۆڕشی ئاگری داغ، ئەوە بۆ یەکەمین جارە هێزێکی لەم چەشنە پێ دەنێتە نێو مەیدانی سیاسی، وە خەباتی چەکداری وەک تاکە ئالیەت بۆ وەدەستهێنان ماف و داخوازییە ڕەواکانی ئەو بەشەی باکوری وڵات دەبینێ،

بێگومان بە پێویستی نازانم ڕۆبچمە نێو ووردەکاری مێژووی پەکەکە، چونکە بەشی هەرە زۆرمان ئاشنایەتیمان لەگەڵ چەپیەتی ئەو حزبە هەیەو تا ئەندازەی باوەڕی مکوم بەرچاومان ڕوونە کە پەکەکە جگە لە زیان گەیاندن بە پرسی کورد، سودێکی ئەو تۆی بۆ دۆزو مەسەلەگەلێکی پڕ بایەخی وەک دەوڵەت، نەتەوە، نەبووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەقەسەی خۆیان مهامی درووست بوونی پێکەکا، خەباتە بۆ ڕزگارکردنی کوردستان، بە هەر پێنج بەشە بەزۆر لەتکراوەکەیەوە، کەچی لە بنەڕەت و لە پڕاکتیکدا ئەم درووشمانە تەنێ بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵکی ڕەشۆک و گەنجی خودان گوڕوو تینی تازە بوو...!
بەکارهێنانی ئـــافرەت وەک تاکە ئامڕاز بۆ کەمەندکێشکردنی گەنجان بۆ نێو ڕیزەکانیان و منداڵ ڕفاندن و گۆشدانیان بە ئایدۆلۆژیای مەترسیداری ئاپۆچیەتی، کۆدی نهێنی بەهێزی پەکەکە بووە، بە شێوەیەک تا دەهات ژمارەی ئەندامانی ڕوو لە هەڵکشان دەچوو، تا وای لێهات بۆ هەر کەسێک جێی پرسیارو سەرسووڕمان بوو، کە ئاخۆ سەرانی ئەو حزبە لە کوێ، کۆمەکی لۆجستی و سەربازی دەکرێن..؟
کام هێزو کام وڵاتی ئیقلیمی پێکەکا تووڕ دەدات و بە ئاڕاستەی میلی مەسلەحەتی خۆیان و ئەجێنداکانیان بەکار دەهێنن ..؟
ئاخر دەچێتە ئاوەزی کێ..!
هێزێک، لە لایەک لەگەڵ دەوڵەتێکی گەورەی وەک تورکیا لە جەنگدا بێت، کە لە ڕووی سەرباز و چەکەوە هێزی دووەمە لە پەیماننامەی ئەتەلەنیک، ناسراو بە ( NATO)، لە لایەکی تریش هەرجارەو لەگەڵ هێزە سەرەکیەکانی باشور کە پارتی و یەکێتی بوون، پێکدادانی دژواری دەبوو، ئەمە سەرەڕای دابینکردنی پێداویستی سەربازی لە چەک و تفاق، هەروەها
پێداویستی تری لۆجستی لە خواردن و خوادنەوەو دەرمان و جل و بەرگ و .....هتد، سەرباری هەموو ئەمانە، وە بوونی چەند کەناڵێکی میدیایی زەبەلاح و درووستکردنی چەند گرووپێکی تر لە ژێر ناوی جیاواز لە پارچەکانی تری کوردستان، خۆ ئەمانە وا بە ئاسانی نابرێن بەڕێوە.....! حەتمەن بودجەیەکی زۆری گەرەکەو پاڵپشتیەکی دارایی زۆری دەوێ،

دواجار ڕووی ڕاستی پێکەکا دەرکەوت، کە چۆن سیاسەتی چەوتی ئەو گرووپە ئاڕاستەکەی بە لای ئێران داشکایەوەو سەرکردەکانی ئەو پارتە بوونەتە دەستکەلای ئاخوندەکان و بە ئاسانی دەتوانن بەکارایان بهێنن بۆ جێ بەجێکردنی ئەجێنداکانیان،

هەڵبەتە لە ئێستادا، پارتی کرێکارانی کوردستان ڕووبەڕووی ئاسیمیلاسیۆنێکی (عەلەوی ـ شیعی) بوونەتەوە، وە بەهیچ شکلێک ناتوانێت خۆی فۆڕمیولە بکات و نەوعێک سیاسەت ڕەسەم بکات کە لەبەرژەوەندی کورد بەگشتی و باکوری کوردستان بەتایبەتی بێت، نیهائیەن کەوتۆتە زۆنگاوی سیاسەتی گڵاوی شیعە، ئەوەتا لە دوای بەهاری سوری، پێکەکا چۆن سەرسەختانە بەرگری لە ستاتیۆی بەشار ئەسەد دەکات و تێکۆشان بۆ یەکپارپەی خاکی سوریا بە ڕەوا دەبینێت، پلەی بێشەرمی ئەو حزبە گەیشتە ئاستێک کە تف لە ئاڵای کوردستان بکات و دژبەری خۆی بۆ دەوڵەتی کوردی چەندین جار هێناوەتە ئالی زمان،

هەنووکەو لەدوای کشتتر بوونی گرژییەکانی نێوان ئەمریکاو کۆماری ئیسلامی، کە پێی ناوەتە قۆناغێکی مەترسیدار، تارمای بەرکەوتنەکان تا دێت نزیکتر دەبێتەوە، مەترسی بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ تەواو هەست پێکراوە، چونکە بازاڕی نەوتی ئێران بەهۆی گەمارۆ ئابورییەکانی ئەمریکا، ڕووبەڕووی داتەپێن بووەتەوەو کار گەیشتۆتە ئەوەی کە هیچ وڵات و کۆمپانیایەک لە ترسی سزاکانی ئەمریکا ناتوانێ کڕیارێکی بە ئاشکرای نەوتی ئێران بێت، بۆیەش سەرانی کۆماری ئیسلامی بەهەر نرخێک بێت ناهێڵن بازاڕێکی تر وەک ئەلتەرناتیڤی نەوتی ئێران بوونی هەبێ، لایەنی کەم هەوڵی تێکدان و نانەوەی پشێوی ئەدات لەو زەویانەی کە وەک شوێنگرەوەی بازاڕی ئێران چاویان لێدەکرێ، بەتایبەتیش باشوری کوردستان، بۆیەش ئاشکرایە کە ئێران لە ڕێگەی پەکەکە هەوڵی تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەدات و ناهێڵێ ئەم دوورگە وشکانیە ئاسوودەگی تەواوی هەبێ.

پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە، ئاخۆ پێکەکا چما وادەکات...؟
یانژی بۆچی ئێران، پێکەکا وەک پیڕۆی چەسپاندنی سیاسەتەکانی خۆی لە ناوچەکەدا بەکار دەهێنێت..؟

پێم وابێ پێکەکا لە ئێستادا لە نێوان هەردوو بەرداشی ئێران و تورکیا قەتیسماوە، یان دەبێ ناچار بێت هەرچیەک قاسمی سلێمانی بەگوێیدا چرپاندن، ئەوان بە دەنگی بەرز بڵێن
"سمعینا وأطتعنا" یانژی دەبێت سەرانی ئەو حزبە بچنە شەڕێکی نا بەرامبەر، کە دەرئەنجامەکەی کۆتا دوو بزماری ئێرانی و تورکی دەبێت لە طابوتی هێزێک بەناوی پارتی کرێکارانی کوردستان pkk، چونکە ئێرانیەکان لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ سەرکردەکانی حزبی ناوبراو، بە ئاشکرا پێیان ڕاگەیاندوون، یان ئەوەتا ئەڵقە لەگوێی ئێمە دەبن، یانیش دەرگای قەندیل بەڕووی سوپای تورکیا دەکەینەوەو تا لە دیوی ئێران دەستیان بە کڕکڕاگەی قوڕگی ئێوە بگات و لەهەر ناوچەیەک کە دەکەوێتە نێوان سنوری ئەو دوو وڵاتە هێزەکانتان توونە دەبێت.
لێ هەموو ئاماژەکان وەها دەڵێن کە پێکەکا بۆ مانەوەی خۆی بژاردەی ئێرانی قبوڵکردووەو لە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا،
لە هەولێری ئارامترین پایتەختی ڕۆژهەڵاتی ناوین، یەکەم تاقیکردنەوەی بەسەرکەوتووی ئەنجامداو لە ئاکامدا دپلۆماتکارێکی تورک کوژراو دوو هاوڵاتی کوردیش شەهید
بوون، بەم کردە زێرابیە، پێکەکا دەستی تورکیا کراوەتر دەکات، بۆ ئەوەی زێدەتر پێ بنێتە نێو سنوری باشوری کوردستان و پانتایی پەلامارو داگیرکارییەکانی فراوانتر بکات، کە دواجار هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی مەترسیەکی تازەگی دەبێتەوەو ئاسایشی ئەو بەشە ئازادکراوە دەکەوێتە مەترسی، ڕەنگبێ لە کۆتاییەکەیدا هەر کورد دۆڕاو نەیارانیش سەرکەوتووبێت.

بۆیەش گرنگە هەموو هێزە سیاسیەکانی باشوری کوردستان
دەرک بەو مەترسیە بکەن و وێکڕا سنورێک بۆ گەمە بێشەرمیەکانی سەرانی پێکەکا دابنێن، یەک هەڵوێست و یەک دەنگبن لەمەڕ هەر پیلانگێڕییەک لە دژی قەوارەی دەستوری کوردی لە باشوری ئازاد کراو، ئەگینا ئەوەشی ئێستاکێ هەمانە خراپ لەبار دەچێ
Top