هەرێمی کوردستان دەستکەوتی گەورە و بەردەوامی
July 20, 2019
وتار و بیروڕا
زیادبوونی جموجۆڵەکانی پارتی کرێکاران(پەکەکە) لە سنورەکانی هەرێمی کوردستان دا، جگە لەپەلکێشکردنی داگیرکارانی خاکی کوردستان بۆ سەر خاک و خەڵکی کوردستان چی ئامانج و بەرژەوەندیەکیتری لە پشتە؟! جگە لە دروستکردنی پشێوی و نائارامی بۆ ئارامترین ناوچەی ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست چی ئامانجێکیتری هەیە؟! مەگەر دروستکردنی هەرجۆرە پشێوی و تەنگەژەیەک لە هەرێمی کوردستان بە قازانجی نەیاران و دوژمنانی کورد و کوردستان نیە؟!
دیسان بە گەڕانەوە بۆ مێژووی سێدەیە حکومڕانی هەرێمی کوردستان، باشور نەوایەکی ئارامبوە بۆ کوردانی هەرچوار پارچەکەی کوردستان، ئامێزێکی گەرمی دایکانە بووە بۆ هەموو ئەو کوردە خێر لە خۆنەدیوانەی دوژمن لە زێد و خاکی خۆیانی وەدەرنان، ئەزموونی حکومڕانی باشوری کوردستان دەرفەتێکی گەورە و زێڕینی بەبوژانەوەی فەرهەنگ و کولتور و ئەدەبیاتی کوردی بەخشی، زۆرن ئەو هونەرمەند و ئەدیب و خاوەن بەهرانەی لە پارچەکانیتری کوردستانەوە لە کەشی ئارام و ئازادی هەرێمی کوردستان بەهەرەمەندبوون، هەرێمی کوردستان چاوگی ئازادی کورد و هیوایەکی بەهێزی تەواوی خەڵکی کوردستانە، ئەو پنتە گرنگەی کوردبوونە کەهەمووان وەک دەلاقەی ڕزگاری و سەربەخۆیی لێدەڕوانین.
هەرێمی کوردستان هەمیشە هۆکاری خێربووە بۆ پارچەکانیتری کوردستان، سەرکردایەتی سیاسی کوردستان و بەتایبەت سەرۆک مسعود بارزانی هەمیشە داکۆکی لە ماف و داواکارییەکانی کورد و کوردستانیان کردۆتەوە، لەهەر ناوچە و پارچەیەک بوون، ناردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە سنوری سێ دەوڵەت دا بۆبەهاناوە چونی خەڵکی کۆبانێ گەوای ئەم بۆچونەیە، هەوڵەکانی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی بۆ بەدیهێنانی ئاشتی لە باکوری کوردستان و چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی کورد لە باکوری کوردستان، سەلمێنەری خەمخۆری و هەوڵەکانی داکۆکی هەرێمی کوردستانە لە هەرچوارپارچەی کوردستان، قۆناغی دروستبوونی پرۆسەی ئاشتی لە باکوری کوستان و چەند هەنگاوێکی کردەیی لە سەلماندنی بەشێک لە مافە فەرهەنگیەکانی کورد لە تورکیا بەرئەنجامی هەوڵ و کۆششی بەردەوامی نێچیرڤان بارزانی بوو، لێرەوەیە هەرێمی کوردستان خاوەنی دەستکەوتی گەورەیە بۆ خەڵکی کوردستان، هەموو قەیران و ڕێگرییەکان بۆ بەرگرتنە بە هەوڵە گەورە و گرنگەکانی هەرێمی کوردستان.