نێچیرڤان بارزانیی سیاسەتێكی نەرم و ئیرادەیەكی پۆڵایین ..

نێچیرڤان بارزانیی سیاسەتێكی نەرم و ئیرادەیەكی پۆڵایین ..
چوار ساڵی حوكمرانی هەرێمی كوردستان ، بە هەورازیی زۆر سەختدا تێپەڕی بە شێوەیەك كە بینیمان زۆرێك لەوانەی ئێستا خولیایی پۆست و پایە و بەشداریكردنن بۆ وەزیر و كورسیبەك رێكناكەون پشتی قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستان یان لە نێو زەریاییەكی پر كێشە و تۆفاندا بەردا ، بەڵام پارتی و بارزانیی وەك هەمیشە پشتیان لە بەرپرسیاریەتی و گەكەیان نەركرد ، بەڵكو بە خۆراگری و حیكمەت و لێزانی و گرتنەبەری سیاسەتێكی نەرم توانییان پیلان و كۆسپەكان تێكبشكێنن . بەرێز نێچیرڤان بارزانی هەمیشە خەونی ئەوە بووە جارێكی دیكە پەرتەوازەیی و لێكدابڕان نەك هەر روونەداتەوە، بەڵكو خەونی ئەوە بووە، هەموو خەونەكان بەیەكەوە كۆبكاتەوەو، هەموو پێكەوە قۆناخێكی نوێی پەرەپێدان و بونیادنانەوە دەستپێبكەین. ئەم مێژووەی رابردووی میرنشین و ناوچەگەرێتییەی هەبووە، بە تەواوی كۆتایی پێبهێنێت و لە رووی ئابووری و سیاسیشەوە بیكات بە بەهێزترین وڵات لە ناوچەكە. بەڵام ئەوەتا ئەمجارە نێچیرڤان بارزانی-یان كرد بە نیشانە، لەكاتێكدا، هەموو حیزبە سیاسییەكانی كوردستان و وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتیش باش دەزانن، نێچیرڤان بارزانی لە چەندین وێستگەی پڕ لە وەرچەرخان، بە هێزی نەرم هەموو هێزە رەقەكانی پووچ كردۆتەوە، چونكە ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی لە بەكارهێنانی هێزی نەرم خاوەنی ئەزموونێكی زۆر سەركەوتووە لە حوكمڕانیدا. ئەو سەركردانەی جیهانیش زۆر نین كە بە هێزی نەرم وڵاتەكانیان كردووە بە نموونەی جوان، هێزی و هونەرێكی مەزنی سیاسەتە لە حوكمڕانیدا، كە نێچیرڤان بارزانی بەبێ سڵكردنەوە پەیڕەوی لێ كردووە. وەك چۆن گالیلۆ سرووشتی خستە ناو سێگۆشەو فیزیاوەو، ئیتر ئەرستۆ كۆتایی پێهات، نێچیرڤان بارزانی-یش بە بەكارهێنانی ئەو هێزی نەرمەی هەرێمی كوردستانی گەیاندە ئاستێك كە لە ناوچەكە دەگمەنە. دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت، بەقەد راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی گرنگ بوو، كێشە نییە ئەمڕۆ گرفت لە جۆرو شێوازی بەكارهێنانەكەیدا هەیە، بەڵكو گرنگیی ئەم دەرهێنان و بەرهەمهێنانە لەوەدایە، كوردستان وردە وردە پێویستی بە هیچ وڵاتێك نامینێ یارمەتی بدات بە عێراقیشەوە، بە پێچەوانەوە ئیتر وڵاتانی دەوروبەر پێویستیان بەم هەرێمە دەبێت. كوردستان بەهۆی بەرهەمهێنانی نەوتەوە چووە سەر نەخشەی جیهان.كاتێك باس لە هێزی نەرمی نێچیرڤان بارزانی دەكەین، پێویستە هەموو حیزبە سیاسییەكانی كوردستان لەوە تێبگەن، نێچیرڤان خاوەن دوو هێزی زۆر گەورەو لەبن نەهاتووە، یەكەمیان ئەقڵانییەتەكەی كە دەزانێ لەگەڵ هەر بارودۆخێكدا چۆن رەفتار بكات بۆ حوكمڕانی و كوردستان چی پێویستە، دووەمیشیان ئەوەیە متمانەی زۆربەی هەرە زۆری خەڵكی لەگەڵدایە بە حیزبە سیاسییەكانی ئەم هەرێمەشەوە، چونكە نێچیرڤان بارزانی لە ژیانی حوكمڕانیی خۆیدا وێستگەی زۆر زۆر گرنگی بڕیوە كە بە راستی ئەم وێستگانە وەرچەرخان بوون. بۆچی حیزبەكان بیر لەوە ناكەنەوە، دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017، نێچیرڤان بارزانی لەناو چ شەوەزەنگێكدا پەنجەرەی رووناكی و ئومێدو ئیرادەی بۆ خەڵكی كوردستان كردەوە؟ كاتێك كوردستان كەوتە بەر هێرشی هەرێمیی و تەنانەت نێودەوڵەتیش، كاتێك فڕۆكەخانەكانی هەرێم راگیران و پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان پچڕان و، هەرێمی كوردستان لەبەردەم رەحمەتی هێرشی بەغدا مایەوە، بۆچی نێچیرڤان بارزانیتان بە تەنیا جێ هێشت؟ ئەمەیان هێزی نەرمی نێچیرڤان بارزانی بوو، وردە وردە هەرێمی كوردستانی زیاتر لە جاران بردەوە نێو كۆڕی هەرێمیی و نێودەوڵەتی، نێچیرڤان بارزانی تەنیا سەرۆك بارزانی و پارتی لەگەڵدا مابووەوە، بەڵام نەترساو ئازایانە گرێكوێرەكانی كردەوە. سەرۆك بارزانی لەناو سەنگەری بەرخۆداندا، هێرشە سەربازییەكانی بەغدای پووچەڵ دەكردەوە. كاتێك مەترسییەكان بۆ سەر هەرێم دێت، كەس خۆی ناكات بە خاوەنی، بەڵام پارتی و بارزانیی هەموو كات خۆیان بە خاوەن زانیییووە و دەزانن و ئێستاش زیاتر لە جاران و بە ستراتیژییەكی پتەو و پلانەوە هەر دوو سەركردەی بڵیمەت بە پاڵپشتی خوا و سەرۆك بارزانیی و گەلی كوردستان دۆزی كورد بەرەو بەدیهێنانی ئامانجەكانی و كوردستانێكی ئاوەدان و گەشە سەندووە بەرەو پێشەوە درەوات ..
Top