تایبەتمەندی هەرێمی کوردستان پارێزراوە
July 12, 2019
وتار و بیروڕا
دوای گفتوگۆی لاینەکان و زنجیرەیەک ڕیککەوتن، هەنووکە گرێکوێرەی کێشە سیاسییەکان کراوەتەوە، پرۆسەی سیاسیی خێرایی وەرگرتوە، دەزگای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان جموجۆڵەکانی دەستپێکردوە، پەڕلەمانی کوردستان بە کارەکانی ڕادەگات و داڕشتنەوەی پرۆسەی حکومڕانی ڕێکخستوەو و بەردەوامە، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان متمانەی خەڵکی وەرگرتوو دەستبەکاربوو، لە هەیکەلەیەتی کابینەکە ڕا دیارە بەرهەمێکی گەورە و چاوەڕوانکراوی دەبێت، هەموو ئەمانە مژدەن بە چوارساڵی پڕدەسکەوتی گەورە و بایەخدار بۆ هەرێمی کوردستان.
دەزگای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، وەک دەسپێک و سەرەتای قۆناغێکی تازەی سیاسی، دوای دەستبەکاربوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان جموجۆڵە دیپلۆماسییەکانی دەستپێکردوە، لە ئاستی ناوخۆدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی چڕکردۆتەوە بۆ گەیشتنە ڕێکەوتن لە گەڵ حکومەتی مەرکەزی عێرقدا، بۆ ئەم مەبەستەش سەردانی بەغدادیکردوو لەنزیکەوە گفتوگۆی کێشەکانی لەگەڵ گەورە کاربەدەستانی ناوەندادا کردوو، بەردەوامە لەوەی بە ڕێگای جێبەجێکردنی دەستووری عێراق و بەسەلماندنی هەموو مافە بنچینەییەکانی کورد لە عێراقدا بگەینە ئەنجام و ڕێگای چارەسەریی.
لەسەر ئاستی پەیوەندییە دەرکییەکان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی دەوڵەتی تورکیایی دراوسێی کردوو، لە ئاستێکی باڵادا پێشوازیکراو، پێشخستن و گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە بەهەند وەرگرتوە، هەربۆیەش چاوەڕوانی پەیوەندییەکی باشتر و بەرهەمدارتر دەکەین لە پەیوەندییە هەرێمیەکاندا، بەتایبەت لە پەیوەندی هەرێمی کوردستان و تورکیادا.
پەیوەندییە گرنگ و جدییەکانی هەولێر و پاریس، سەردانی فەرمی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ فەرەنسا، کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئیمانوئێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، ئەو جدیەتەی لەم پەیوەندییانە دەخوێنرێتەوە ئاماژەن بە بووژانەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی هەرێمی کوردستان و بەشدارییەکی گەورە و قوڵی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەی سیاسی عێراق و ناوچەکەدا، گرنگیدانی دەزگا دەوڵەتیەکانی فەرەنسا بە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕۆڵە گرنگەی هەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکەدا دەیگێڕێت، لە بواری ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەتایبەت ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە تێکشکاندنی تیرۆرستانی داعشدا، هاوکات پێگەی هەرێمی کوردستان لە دابینکردنی نەوت و وزە بۆ وڵاتانی ئەوروپی، هەروەها بایەخی ئابوری هەرێمی کوردستان و بوونی هەرێمی کوردستان وەک کارکتەرێکی ئابوری بەهێز لە ناوچەکەدا، هەموو ئەمانە بوونی بەهێزی کیانی سیاسیی و ئابوری هەرێم دەسەلمێنێت.
چوارساڵی داهاتوو، زنجیرەی یاسا دەرکراوەکانی پەڕلەمان و چاودێرییەکی وردی پەڕلەمان بۆ کارەکانی حکومەتی هەرێم، چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێم و بەدامەزراوەییکردنی زیاتری حکومەت و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک، کرانەوەی زیاتری هەرێمی کوردستان بەڕووی ناوچەکە و جیهاندا، باشتر بۆچوونەکانمان پشتڕاست دەکەنەوە.
لێرەوەیە گومانەکانمان لە خەڵکانێک گەورەتر و قوڵتر دەبێتەوە کە ڕەشبینی و بەدگومانیەکانیان لە دڵسۆزی و پەرۆشیانەوە نەهاتوە، هەرێمی کوردستان تایبەتمەندی و پارێزراوی هەیە.