ڕامانێكی كورت لەسەر چەمكی دەوڵەتی باش و خراپ
July 9, 2019
وتار و بیروڕا
چەمكی دەوڵەتی خۆشگوزەران (Welfare State) بۆ یەكەمجار لەلایەن دەوڵەتمەداری ئەڵمانی (ئۆتۆ ئێدوارد لیۆپۆلد ڤۆن بیسمارك -Otto Eduard Leopold von Bismarck) بەكارهێنراوە. بیسمارك لە ساڵانی 1815تا 1898 ژیاوە و لە(1ی ژووەنی ساڵی 1867 تا 21ی مارسی 1871) وەك یەكەم ڕاوێژكاری باڵای ئەڵمان(صدر اعظم) ئیدارەی وڵاتی لە ئەستۆ گرتووە و لەو ماوە كورتەدا بە هۆی كارنامەی درەوشاوەی نازناوی -سەرۆكی ئاسنین–یان پێ بەخشیوە. بیسمارك جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە دەبێ داڕشتنی سیاسەت لە سەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و خۆشگوزەرانیی هاووڵاتی بونیاد بنرێ، هەنگاوەكانیشی لە پێناوی چەسپاندنی سەروەریی نەتەوەیی بووە، بۆیە بە باوكی نەتەوەیی ئەڵمان ناسراوە.
ئەگەرچی جیا لە كاریگەریی هەزاران ساڵەی ئایینی، لەسەدەی كۆتایی هەزارەی دووەمی زایینییش و بەتایبەتی دوای شۆڕشەكانی فێبریڤەری و ئۆكتۆبەری یەكێتیی سۆڤیەتی پێشوو لەساڵی 1917ی زایینی و سەركەوتنی حزبی بلشویك بە ڕێبەرایەتی ڤێلادیمێر لنین و دامەزرانی حزبی كۆمۆنیستی یەكێتیی سۆڤیەت، تەوژمێكی جیهانگەرایی و سۆسیالیستی ڕووبەڕووی ناسیۆنالیزم و نەتەوەگەرایی بوویەوە، بەڵام لە پاش لێكترازانی یەكێتیی سۆڤیەت لە ساڵی 1991ی زایینی و جیابوونەوە و سەربەخۆیی پتر لە 15 وڵاتی سەربەو یەكێتییە، جارێكی دی پێناسەی دەوڵەتی خۆشگوزەران بە بەهاكانی نەتەوەییەوە گرێ درایەوە، گۆڕەپانە هزرییەكەش تا هەنووكە گیرۆدەی مێتۆدی جیاواز و تەفسیری جۆراوجۆر بۆ سیستمە سیاسییەكانی سۆسیالیستی، سەرمایەداری، لیبڕاڵی، دیموكراسی، ئیتنی و ئایینی و هەروەها شۆڕشە پیشەسازییەكانە، بێگومان جیابیرانیش لە ئێستا و داهاتووشدا لە ململانێی بۆچوونی یەكدیدا دەبن.
ئەوەی كە گرینگ و جێی بایەخپێدانە، ئەوەیە كە ناوەندەكانی توێژینەوە و لێكۆڵینەوەی فكری و سیاسەتسازان لەمێژە تاوتوێ و شرۆڤەی سیستمە سیاسییەكان دەكەن، بۆ ئەوەی جێگە بە سیستمە شكستخواردووەكان لێژ بكەن و جێگرەوە(بدیل)ی باشی بۆ بدۆزنەوە، لە ئێستاشدا لایەنگرانی چەمكی دەوڵەتی خۆشگوزەران(Welfare State)، حوکمڕانیی باش (Good Governance)و دەوڵەتی باش (Good Government) كە هەر كامیان پێناسەی خۆیان هەیە، لە سەر ئەوە كۆكن: دەوڵەت دەبێ ئابووری و سوپای بەهێزی هەبێ، توانای پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتی هەبێ، یاسامەندی بچەسپێنێ، دەرفەتی یەكسان بخولقێنێ، دادپەروەری جێگیر بكا، خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیانی مسۆگەر بكا.. هەر حوكمڕانی و دەوڵەتێكیش یەكێ لەو فاكتانەی نەبێ، بە دەوڵەتی خراپ، یان شكستخواردوو لە قەڵەم دەدرێ.. ئەو دەوڵەتانەش كە دوورن لە دادپەروەری و حوكمڕانەكانی میللەتی خۆیان سەركوت دەكەن، سامانیان بە تاڵان دەبەن و لە خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاری بێبەشیان دەكەن، جگە لە وەی دەوڵەتی شكستخواردوون، حوكمڕانییەكەشیان بەرەو هەلدێر دەڕوا، گومانیش هەڵناگرێ، درەنگ و زوو خۆیان لە دۆڵی فەوتاندا دەبیننەوە.