رۆڵی نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی ھەرێم بۆ ئاشتەوایی و پێشکەوتنی دۆزی کورد..

رۆڵی نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی ھەرێم بۆ ئاشتەوایی و پێشکەوتنی دۆزی کورد..

ئەو رۆژگارانەی کە گوزەریان کرد ، ئەگەر خۆراگری ، پشوودرێژی و حیکمەتی سەرۆکی حکومەتی کوردستان نەبوایە ، مەحاڵ بوو ، بە ئاسایی لە نێو زەریایی پرتوفانی ناوچەیەکی پر کێشە و گێژاو رزگاربین ھەر ئەوەشە وایکردووە کە ھەمووان شاھیدی بۆ بوێری و ئازایەتی بەرێز نێچیرڤان بارزانیی بدەن و بە پیاوی رۆژە سەختەکان و کردنەوەی گرێ کوێرەکان ناسراوە، ئەو توانی لە ماوەی حکومەتداری لە ھەموو بوارەکانەوە کوردستان بەرەو گەشانەوەو کرانەوە ببات، کوردستان بە ھیمەت و سیاسەتی ژیرانەی ئەو کەوتە سەر نەخشەی وزەی جیھانی، ھەرێم بۆتە ناوەندێکی بەھێزی ئاوەدانی، بواری خوێندن و زانستی، تەندروستی، ئازادی راگەیاندن، چەسپاندنی یاساکانی مافی مرۆڤ، کردنەوەی دەیان دەروازە بەرووی جیھان لە پێناو پەرە پێدانی کوردستان، رێگاو بانەکانی کوردستان، ئاوەدانی گوندەکان، پێشکەوتنی بواری تەکنۆلۆژیا، ھێنانی کۆمپانیا زەبەڵاحەکانی جیھانی بۆ کوردستان و بەستنەوەی بەرژەوەندییان بە مانەوەی ھەرێمی کوردستان بە بەھێزییەوە، دواجاریش رزگار کردنی کیانی سیاسی ھەرێمی کوردستان لە پیلانی کەوتنی یەکجارەکی و نوێ کردنەوەی پەیوەندییەکان لە ئاستی جیھانی و نێوخۆی بۆ دۆخی پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر، ئەمانە بە دەستکەوتە ھەر دیارەکانی سەردەمی حکومەتداری نێچیرڤان بارزانی دەژمێردرێن.
دامەزراوەی سەرۆکایەتی ھەرێم بە بوونی کەسێکی بەھێز، دەبێتە خاوەن پێگەیەکی بە شکۆدار و بەتوانا، کە کوردستان زیاتر لە ھەموو کاتێکی دیکە پێویستی پێیەتی، دەوروو بەری ھەرێمی کوردستان ئاگری لێ دەبارێت، دۆخی تورکیا و پەکەکە، دۆخی ناوچە دابڕێندراوەکان، دۆخی ناڵەباری ئێران، دۆخی وێڕانی حکومەتی ناوەندی، ئاڵۆزی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، ھەموو ئەوانە وادەخوازێت کەسێکی بەھێز ببێتە سەرۆکی ھەرێم تا بتوانێت ئیدارەی دۆخەکە بدات، بە پێی ئەزموونی رابردوو نێچیرڤان بارزانی شایانترینە. سەرۆکایەتی ھەرێم، واتە ناوەندی بەھێزی بڕیاردان، واتە چەترێک بۆ ھەمووان، واتە ھەیبەت و شکۆی نەتەوە و ناوچەیەکی دیاری کراوی یاسایی، بۆیە ئەرکی سەرۆکی ھەرێم لە داھاتوو چەندە قورس بێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی باڵای کوردستان، لە ھەمانکاتیشدا ئەرکە لەسەر ھەموو پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینی و لایەنە سیاسییەکان دەست بەم دامەزراوەیە بگرن، لەبەر ئەوەی سەرۆکایەتییەکی بەھێزی ھەرێم بۆ کوردستان وەک ھەناسە پێویستە، دامەزراوەیەکی نەتەوەیی بەھێز دەتوانێت ئاگری شەڕ لە کوردستان دوور خاتەوە و گەشەی زیاتری ئابووری و خۆشگوزرانی و پەیوەندی دیپلۆماسی بەھێزتر بکات، بۆیە گرنگە و ئەرکیشە لەسەر ھەمووان لە پشت ئەم دامەزراوەیە بن لە پێناو زیاتر پێشکەوتن و گەشەسەندنی خاک و نیشتیمان لە گشت سێکتەرەکاندا بە تایبەت کە لە ماوەی رابردوو بە ھۆی کێشە و قەیران و کۆسپەکان دەرفەتی گەشەکردن و پێشکەوتنی راوەستابوون و گشت ھەوڵەکان بۆ گەساندنی ئەزموونی کوردستان و گەلەکەی بوو بۆ کەنارٍی دڵنییایی .

چوار ساڵی تێپەراندنی قەیران و گەمارۆ و راگرتنی باڵانسی سیاسی و دیپلۆماسی لە سەر ئاستی عێراق، ناوچەکە و جیھان و ئینجا ھەرێمی کوردستان ھەروەھا کارێکی سادە نەبوو، بەڵکو ھەوڵە بەردەوامەکانی نێچیرڤان بارزانیی توانیی گشت بەستەلەکەکان تێک بشکێنێ بەرەو ئاسۆیەکی گەش..رێزدار نێچیرڤان بارزانی لە دوای ڕاپەڕینەوە ڕۆڵێکی گەورەی ھەبووە لە ئاشتەواییی نێوخۆیی و چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەگەر سەرنج بدەین بە درێژاییی ساڵانی ڕابردوو، کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەت بووە، لە کاتی ھەبوونی کێشەکاندا ھەمیشە دەستپێشخەر بووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە دانوستان و گفتوگۆ، ھەموو لایەنەکانیش گەواھی ئەو ڕاستییە دەدەن، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی چ ڕۆڵێکی خێری ھەبووە لە کاتی ناکۆکی و لێکترازانی لایەنە سیاسییەکاندا.لە قۆناغی داھاتووشدا نێچیرڤان بارزانی ھەمان ڕۆڵی ڕابردووی ھەبێت، بگرە زیاتریش، چونکە پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، سەرۆکی ھەرێم دەخاتە بەردەم بەرسیاریەتیی گەورەتر. بەدڵنییاییەوە بەرێز نێچیرڤان بارزانی ھێندە نەرم بووە و نازی لایەنە کوردستانییەکانی ھەڵگرتووە ئێمە زۆر جار گلەییمان ھەبووە لە بەڕێزیان، بۆیە لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانیش دەبێتە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی ھەموو لایەنە کۆک و ناکۆکەکان. نێچیرڤان بارزانی، بەردەوام لەگەڵ ئاشتەوایی و ڕێکخستنی نێوماڵی کورد بووە، ھەتا لە کاتی ھەبوونی کێشەکانیشدا ھیچ کاتێک نێچیرڤان بارزانی لێدوانی توندی نەداوە، بەردەوام لە دڵنەوایی و دژی لێکترازانی ھەموو لایەنەکان بووە، بەدڵنییاییەوە بەھەمان شێوە لە پۆستە نوێیەکەیدا ئەو سیاسەتە قووڵتر بکاتەوە و ھەموو لایەنەکان لە دەوری سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان کۆ بکاتەوە، چونکە بەڕاستی ھەر ئەوە خزمەتی کوردستان دەکات.قۆناغی داھاتوو و ئێستاش ئەوەمان لێ دەخوازێت یەکڕیز و یەکگرتوو بین، لەبەر ئەوەی پێم وایە ئێستا ڕەوشەکە زیاتر مەترسیدارە و دەبینین لەسەر ئاستی ئیقلیمی و جیھانی ئاڵۆزییەکی گەورە ھەیە، دەوروبەرمان بە عێراقیشەوە ئەوەمان پێ دەڵێت، ئەگەر نزیکمان نەکاتەوە لە یەکتر لەنێو ھاوکێشە ھەرێمی و جیھانییەکاندا، ئەوە کاتێکی وەک ئێستا بە گرینگ نازانین بۆ یەکڕیزی و ئاشتەواییی نێوخۆ."
Top