كەسایەتییە كارێزماكان مێژوو دەخوڵقێنن

كەسایەتییە كارێزماكان  مێژوو دەخوڵقێنن

لەو ساتە پر ئەسرینانەی نیشتمان و كاتێك هەرێمی كوردستان بەرەو قۆناغێكی نوێ هەنگاو دەنێت، حیكمەتی سەرۆكی هێژا رێزدار مسعود بارزانی هەرێمی كوردستانی لە مەترسییەكان رزگاركرد و هەوڵیری پایتەختی كردە ناوەندێك بۆ كوكردنەوەی دیپلۆماتكاران و سیاسەتمەدارانی جیهانی و هەرێمی.
لەم ساتانەدا كوردستان بەردەوام بەرەو هەڵكشان دەڕوات. كەسایەتییەكی كارێزمای وەك دەوڵەتمەدار نێچیرڤان بارزانی لە پەرلەمانی كوردستان بە زۆرینەی دەنگ وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەڵدەبژێردرێت، قۆناغێكی نوێ لە دەوڵەتمەداری لە هەرێمی كوردستان دەست پێدەكات، روونتر بڵێین كوردستان روو لە قۆناغێك دەكات كە هەولێر دەكاتە ناوەندی بڕیاردان، نەك بەغدا، چونكە رێزدار نێچیرڤان بارزانی یەكێكە لەو سەركردە لاوانەی‬كە هەر لە سەرەتای‬بەرپرسیارێتییەوە‬خاوەن كاریزمایەكی‬نموونەیی‬و سەركەوتوو‬بووە، ئەزموونێكی ناوازە و سەركەوتووی لە سیستەمێكی پیشكەوتووی كارگێڕی هەیە و خزمەتەكانی لە سێكتەرە جیاوازەكانی وەك بینادنانی ژێرخانی ئابووری ودیپلۆماسیەت و پاراستنی ئەزموونی سیاسیی هەرێمی كوردستان فاكتەری بەرچاون و هەر ئەم فاكتەرانەش گەواهیدەری ئەو راستییەن ‬ كە بە «پیاوی رۆژە سەختەكان» بناسرێت.
فاكتەرێكی بەهێزی سەركەوتنی هەنگاوەكانی رێزدار نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە كە بە هەمان رۆحیەتی پێشمەرگانەی سەرۆكی هێژا رێزدار سەرۆك مسعود بارزانی كاردەكات، ئەمەش وادەكات كە پێگەی هەرێمی كوردستان دەگەڕێنێتەوە سەردەمی زێڕینی خۆی.
خانەوادەیەكی تێكۆشەر و ناسراو لە خەبات و كوردایەتی
رێزدار نێچیرڤان بارزانی لە خانەوادەێكی تێكۆشەر و ناسراوی كوردستان پێگەیشتووە، لە نێو خانەوادەیەكدا پەروەردە كراوە كە هزری نیشتمانپەروەری بەشێكە لە ژیانیان و زیاتر لە سەدەیەكە رابەرایەتیی بزوتنەوەی رزگاریخوازیی گەلی كوردستان دەكەن. خانەوادەیەك كە خاوەنی مێژوویەكی زێڕینن لە خەبات و تێكۆشان و هەمیشە خەباتیان بە خامەیەكی پڕكوردایەتی دەنووسرێتەوە. تێكۆشانی‬كوردپەروەرانەی‬باب و باپیران و مێژووی‬پڕ‬سەروەریی‬بنەماڵە شۆڕشگێڕەكەی بۆی‬ماوەتەوە، تەنانەت لە زۆربەی فەرهەنگە جیهانییەكانیشدا كە باسی شۆڕشەكانی كوردستان دێت، راستەوخۆ ناوی (بارزانییەكان) دێت، چونكە ئەوان وەك هێمایەكی نیشتمانی و كوردایەتی لە گشت شۆڕش و راپەڕینەكانی گەلی كوردستاندا رۆڵی سەرەكییان هەبووە.
بارزانییەكان هێمایەك بۆ كوردایەتی
لەلایەكی ترەوە زۆربەی ناوەندەكانی لێكۆڵینەوەی ستراتیژی لەسەر ئاستی جیهان و كەسایەتییە بەئەزموونەكانی سیاسی و ئەكادیمی لە هەنگاوەكانی رێزدار نێچیرڤان بارزانی تووشی شۆك بوون، بەتایبەتی لەوكاتەی كە پیلانی 16ی ئۆكتۆبەر رووی دا، هەنگاوەكانی رێزدار نێچیرڤان بارزانی تایبەتمەندییەكی زۆری هەبوو، كە وایكردبوو هەموو ناوەندەكانی لێكۆڵینەوەی ستراتیژی بە سەرسوڕمانەوە لێكدانەوەیان بۆ لێدوان و هەنگاوەكانی دەكرد، بەوەی هەڵسوكەوت و عەقڵی لە سیاسییەكی رۆژهەڵاتی ناچێت و خاوەن هەڵسوكەوت و بیركردنەوەیەكی زۆر تایبەتمەندە، چونكە بە سیاسەتی نەرم و هەنگاوی لۆژیكی توانی شكست بە پیلانی چەند لایەنە لە دژی هەرێمی كوردستان بێنێت. لەسەر ئەم بنەمایە مێژووی پڕقەیرانی چەند ساڵی رابردوو، دەوڵەتمەدار نێچیرڤان بارزانی بە كەسایەتییەكی‬سەركەوتوو، بە مرۆڤێكی‬خاوەن ئەتەكێت و بە دیپلۆماتكارێكی‬پڕئەزموون و نەرم‬رەفتار و خاوەن بڕیاری‬دروست پێناسە دەكات. بەتایبەتی كە ‬بە لێهاتوویی و بە سیاسەتی حەكیمانەی توانیویەتی ‬لە چارەسەركردنی‬كێشەكاندا زۆر سەركەوتوو بێت، باشترین بەڵگەش ئەوەیە دەوڵەتمەدار بە هێمنی و لەسەرخۆیی توانی ‬شكست بە پیلانی پیلانگێڕانی 16ی ئۆكتۆبەر بێنێت و، تەواوی پیلانی نەیاران پووچەڵ بكاتەوە. بە زنجیرەیەك هەڵمەتی دیپلۆماسی توانی زۆربەی قەیرانەكان چارەسەر بكات و كێشمەكێشی‬نێوان بەغدا و هەرێم بە تێڕوانینی‬حەكیمانە بەرەو ئاقاری‬هێوركردنەوە و ئارامی‬بەرێت. بە رێكاری دیپلۆماسی و دیالۆگ هەنگاوەكانی دەست پێ كردووە، هەر ئەمەش وایكرد بەرژەوەندیی گشتیی هەرێمی كوردستان پارێزراو بێت و باڵانسی هێز رابگرێت و هەرێمی كوردستان لە كێشەی مەترسیدار پارێزراو بێت.
هەوڵەكانی رێزدار نێچیرڤان بارزانی وەك ماراسۆنی دیپلۆماسی لەم ماوەیەدا توانی هەنگاوی زۆر تایبەتمەند بنێت، هەروەها ئەوەمان لەیاد نەچێت، یەكێك لە ئەركە قورسەكانی سەرشانی دەوڵەتمەدار نێچیرڤان بارزانی ئاشتكردنەوەی لایەنە كوردستانییەكان بوو، ئەمەش لەو چوارچێوەیەدا هات كە زۆر لەخۆبوردووانە هەنگاوی ناوە و هەردەم باوەڕێكی تۆكمەی بە لێكتێگەیشتن و دروستكردنی باوەڕ و متمانە لەنیوان لایەن و حزبە جیاوازەكاندا هەبووە، هەمیشەش خەونی گەورەی ئەوە بووە كە جارێكی دیكە پەرتەوازەیی و لێكدابڕانی هاونیشتمانی نەك هەر روونەداتەوە، بگرە یەكڕیزی و كاری پێكەوەیی بەرجەستە بكرێت.
زۆربەی چاودیرانی سیاسی ئەوە دەخەنەڕوو كە دەوڵەتمەدار نێچیرڤان بارزانی توانی سەرۆكایەتی كابینەی یەكگرتووی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سالی 2006دا بكات، كە ئەوكات ئەو هەنگاوە كارێكی زۆر ئەستەم بوو. دوای ساڵانێكی زۆر جەنگی ناوخۆ و قۆناغی دووئیدارەیی بە راستی راگرتنی هاوسەنگیی هێز تەنیا لە توانای ئەو دەوڵەتمەدارەدا بوو.
رێزدار نێچیرڤان بارزانی بە لۆژیكێكی ورد و پشتیوانیی مەرجەعی نەتەوەییمان رێزدار سەرۆك مسعود بارزانی توانی هەموو قۆناخە سەختەكان تێپەڕێنێت. ئەمڕۆ هەست بەو هەنگاوانە و دەرئەنجامەكانی دەكەین. هەموومان شایەتی بۆ ئەنجامە سەركەوتووەكانی دەدەین، بەتایبەتی لە دوای هەڵبژاردنی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بینیمان چۆن هەموو لایەنە سیاسییەكانی هەرێم، عێراق، ناوچەكە و جیهان برووسكەی پیرۆزبایی ئاراستەی رێزدار نێچیرڤان بارزانی دەكەن، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە تەنیا دەوڵەتمەداری هەرێمێك نییە، بگرە دەوڵەتمەدارێكە لە سەر ئاستی ناوخۆ و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی پێگەی هەیە، ئەم پێگەیەش لە پیادەكردنی ئەو سیاسەتەوە هاتووە كە لە ماوەی حوكمڕانی وەك سەرۆك وەزیرانی كوردستان پیادەی كردووە.
كابینەی نوێ و خەونی میللەت
ئەمڕۆ كوردستان رەوشێكی زۆر تایبەتمەندی هەیە و بگرە تا راددەیەك رەوشەكەی زۆر نایابە، چونكە مەرجەعی نەتەوەیی ڕێزدار سەرۆك مسعود بارزانی وەك سەرۆكێكی رۆحیی هەموو میللەت، رێزدار نێچیرڤان بارزانی وەك دەوڵەتمەدارێكی سەركەوتوو، رێزدار مسرور بارزانی وەك ئەندازیاری ئارامی و پاراستنی ئاشتی و پاڵەوانی تێكشكاندنی تیرۆریزم، پێكەوە لە گۆڕەپانی سیاسی وەك چیایەكی بەهێز بەرامبەر بە نەیاران وەستاون و ئەمەش دەبێتە هەنگاوێك بۆ سەركەوتنی میللەت و كۆتاییهاتن بە كێشەكان، بەتایبەتی بوونی مەرجەعی نەتەوەیی و ئامۆژگارییەكانی دەبێتە سمبولی بەهێزبوونی هەرێمی كوردستان لەم كاتەدا، بێجگە لەوەی هەنگاوە سەركەوتووەكانی رێزدار مسرور بارزانی لە پرۆسەی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم نموونەیەكە كە جیهان شانازی پێوە دەكات. ئەمڕۆ پاڵەوانی تێكشكاندنی تیرۆر سەرۆكایەتیی كابینەی داهاتوو دەكات، ئەمەش زیاتر وادەكات ئەم كابینەیە بەهێز بێت و بتوانێت هەنگاوەكانی سەركەوتووانە جێبەجێ بكات، ئەوەی گرنگە هەموو كورد بە تێڕوانینێكی گەشبینانە لە ئایندەی وڵات دەڕوانێت.

Top