سووتاندنی ئاییندەی نەتەوەیەک

سووتاندنی ئاییندەی نەتەوەیەک
ئەوە ڕاستییەکی تاڵە عەرەبە ھاوردەکانی کەرکووک و خورماتوو و خانەقین و داقوق، ڕەنجی ساڵێکی جوتیارانی کوردیان سووتاند، کەزیاتر لە سێ ھەزار دۆنم دەغڵودانی جوتیارانی کورد بوو، لە سنووری گوندەکانی کەرکووک، بەڵام ئەو ڕاستییە تاڵە، نابێت ڕاستییەکی تاڵترو زەقترمان بیربباتەوە، ئەویش ئەوەیە کەبەری ڕەنجی خەباتی چەندین ساڵەی کورد و نەوە لەدوای نەوەی کوردستان و شۆڕش لەدوای شۆڕش بەفیرۆ بچێ، چونکە سووتاندنی دەغڵودانی گوندە کوردنشینەکان تەنھا بۆ مایە پوچی و زەرەر لێدانی جوتیارانی کورد نییە، بەڵکو کارێکی قێزەوەنی بەرنامە بۆ داڕێژراوە، کە ئێستا لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم دەگوزەرێ، ئەوەش تەنیا بریتی نییە لە سووتاندنی دەغڵودان. بەڵکو ئەوە جۆرێکە لە گۆڕینی دیمۆگرافیای ئەو ناوچەیە و مەترسییە بۆ سەر نەتەوەیی کورد، بۆ ئەوەی ھەمیشە ھەست بە ترس و دڵەڕاوکێ بکات و ناچار بێت زێدی باب و باپیری جێ بھێڵێت، چونکە لە دەستوری عێراقدا ئەوە ھاتووە کە کوردیش دەنگی لەسەرداوەو ڕازیبووە بەوەی کەرکووک لەڕێگەی ماددەی ١٤٠و لەڕێگەی ڕاپرسییەوە خاوەندارێتی بۆخاوەنەکەی بێگێڕدرێتەوە، ئەگەر سەرکردایەتی کوردستان حزبە کودرییەکان زوو بەخۆنەکەون و ڕێگە لەو غەدر و تاوانانەی دەرھەق بە کورد دەکرێت نەگیرێت، ئەوا بە ناچاری گوندنیشنان ڕەودەکەن و دەبێتە ھۆی کەم بوونەوەی نفووسی کورد لەو ناوچانە، لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠کاریگەری خراپی لەسەر دەرئەنجامەکانی سەرژمێریەکە دەردەکەوێت، ڕەنگە بەری ڕەنجی خەباتی چەندین ساڵەمان وەک سووتاندنی بەری ڕەنجی جوتیارە کوردەکان بەبەرچاومانەوە ببنە دووکەڵ، خوێنی شەھیدانی کوردستان لەمێژەوە کە لەپێناو کەرکووکدا ڕژاوە بەفیڕۆبچێت، ھاوکات بکەوینە بەر نەفرەتی نەوەکانی ئاییندە، ھەروەھا مەتەرسییەکی دیکە ئەوەیە کەبڕیارە لەکۆتایی ئەمساڵدا ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لەپارێزگای کەرکووک ئەنجام بدرێت، ئەو پۆستەی ئێستا ململانێی لەسەرە ڕەنگە بەھۆی ئەم بارودۆخەی دروست بووە بۆھەمیشە لەدەستی کورد دەربھێنرێت، پێویستە پێش ئەوەی خەمی پۆستی پارێزگاری کەرکوومان بێت، لە خەمی ئاییندەی کەرکووکدا بین، خەمی ئاییندەی نەتەوەیەکمان بێت کەپێویستی بەمانەوەی کوردنشینانی ناوچەکەو خۆڕاگری کردنیان لەبەردەم ئەو ھەموو زوڵم و زۆرەی دەرھەقیان دەکرێت، پێویستە بەزووی ھەنگاوی جدی بنرێت بۆ رێگری کردن لەو ھەنگاوانەی بۆ سڕینەوەی مۆرکی کوردایەتی و کەم کردنەوەی نفوسەکەی لە ناوچەکەدا دەکرێت، پێویستە پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەی لەسەربکات و حکومەتی ھەرێم پێش حکومەتی ناوەندی قەربووی جوتیارەکان بکاتەوە، کە مافێکی سەرەتایی جوتیارە کوردەکانە، چونکە بەری ڕەنجیان بەھۆی کورد بوونیانەوە سووتێندرا، پێویستە حکومەتی ھەرێم بۆچارەسەری ئەم دۆخە بەزووی وەفدێک ڕەوانەی بەغدا بکات، چونکە مەترسی ئاڵۆز بوونی دۆخی کەرکووک لە زیادبوونە و دۆخی ئێستای شارەکە مەترسیدارە و پێویستە ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە شارەکە و رێگری لەو پێشێلکاریانە بکرێت، ئەو تەعریبەی کە لە کەرکووک ئەنجام دەدرێت، سەرجەم بڕیارە سیاسییەکان و تەعریبکردنی کەرکووک لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە بە فەرمانی راکان سەعید، کۆ بوونەوەی لوتکەی حزبە کوردستانییەکان ببەسترێت و کارێک بکەن تا زووە ڕێ لەو کارەساتە گەورەیە بگرن، کەوا بەرۆکی کوردی گرتووە و خەریکە جێ پێیان لە زێدی خۆیان لەق دەکەن. دوژمنەکانمان ئێسقانمان دەشکێنن کەچی ئێمە ھەر خەریکی خواردنی گۆشتی یەکترین، پێویستە لەم دۆخەی ئێستادا بەیەک دەنگ ھەڵوەستە لەسەر ئەم مەترسییە بکەین و حکومەتی ناوەند ئاگاداربکەینەوە، چونکە دواجار ئاییندەی کوردستان بەندە بەناوچە دابڕێنراوەکانەوە.
Top