نێچیرڤان بارزانی پرۆژەی (ژیانێکی نوێ)

نێچیرڤان بارزانی پرۆژەی (ژیانێکی نوێ)
(پارتی وەک گەورەهێزی کوردستان، لە دەرەوە غرور و خۆنواندن و نازکردنەوە، بەسنگێکی فراوان و بە نەفەسێکی مەدەنیەوە پرۆسەی گفتوگۆ و دیالۆگ و دانووستانەکان بەڕێوە دەبات).
پارتی بە کردەوە سەلماندی ئاشتی کۆمەڵایەتی بۆ گرنگە، قوربانی بۆ دا، کات و قورسایی بە گفتوگۆ و ڕێکەوتنەکان دا، وەک براوەی هەڵبژاردنەکان ئەوەی ئەرکی پارتی بوو بەزیادەوە ئەنجامیدا، لە وێستگەی گفتوگۆ و دانوستانەکاندا پارتی ڕووسورانە کوردستانیبوونی خۆی سەلماندەوە، سەرباری گوشاری ناوخۆی و کەشی گشتی، پارتی دانی بەخۆدا گرت، تەواوی ڕێوشوێنە دیموکراسییەکانی گرتەبەر، دووبارە سەلماندی پرسی خەڵک پرسی پارتیە، ئێستا لای خەڵکی کوردستان پارتی ڕووسور و شەرەفمەندە بەوەی بانگەشەی بۆ دەکرد، بەوەی لە گۆڕەپاندا و بە کردار سەلماندی، پارتی دیموکراتی کوردستان پرۆژە و ڕۆژەڤی کوردستانێکی بەهێزە. باشترین بەڵگاندن بۆ دونیابینی و پرۆژە و تێگەیشتنێکی ڕۆشنی پارتی، پرۆژەی گشتیپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان و پرۆژەی خۆماڵیکردنی نەوت و وزە، وە سیاسەتی ڕوون و ڕاشکاوی پارتی و شانی بەرپرسیاریەتی پارتی لە ڕۆژە سەختەکاندا، ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و هەڵبژاردنی پەڕلەمانی کوردستانە لەساڵی ٢٠١٨، وە ئەو متمانە گەورەییەی کە خەڵکی کوردستان لەسەر سندوقەکانی هەڵبژاردن بۆ پارتیان دووپات و چەن پاتکردەوە.
لە ماوەی ٢٨ ساڵ حکومڕانی کوردیدا، ئەزموونێکمان پێکەوەنا و بەردەوامین، کە دەتوانین بڵێین زنجیرەیەک وێستگەی حکومڕانیە، لە زۆر ڕوانگە و ڕەهەندەوە خاوەنی دەستکەوتی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابوریی و فەرهەنگین، خاوەنی سەلماندنی بوون و وجوودی میللەتێکی نکۆڵی لێکراوین، ئەزموونێکمان پێشکەشکرد و دۆزی ڕەوای گەلی کوردستانمان بە هەرێمی و نێودەوڵەتیکردلە وێستگەیەکەوە بۆ وێستگەیەکیتر و لە پرۆژەیەکەوە بۆ پرۆژەیەکیتر بەردەوامین.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان شەرعیەتی یاسایی لە پەڕلەمانی کوردستان وەرگرت، پرۆژەی (ژیانێکی نوێ) ئەجندا و ڕۆژەڤی سەرۆک نێچیرڤان بارزنی یە، (ژیانێکی نوێ) دیدگا و خەون و فەلسەفەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دوێنێ و سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئەمڕۆیە، خەڵکی کوردستان لە نزیکەوە بە کارەکتەر و بە هێزی نەرم و مامەڵەی سەردەمیانە و خەون و دیدگای سەرۆک ئاشنان، نێچیرڤان بارزانی پارێزەری کیانی سیاسیی و دەستووری کوردستان،هەربۆیە ٢٨-٥-٢٠١٩ رۆژی دەنگدانە بەسەرۆکێکی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان، سەرەتای وێستگەیەکی نوێیە لە بەکردەنیکردنی کارنامە و پرۆژەی (ژیانێکی نوێ).هەرێمی کوردستان لە پێشوازی قوناغێکی گرنگداییە لە سەردەستی سەرۆکێکی نوێ بە ئاراستەی هەڵکشان و بووژانەوە و ئاوەدانی.پارتی و سەرۆکی نوێ بەردەوامی دەدان بە گفتوگۆ و دیالۆگی مەدەنی بۆ گەیشتنە ڕێکەوتنێکی نیشتمانی، ڕێکەوتنێک خواست و بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان بپارێزێت و ئایندە و ئاسۆی گەلەکەمان درەوشاوەتر بکات.

Top