سەقامگیری ،دیموكراسی ، پێكەوە ژیان كلیلی كوردستانێكی بەهێز...
May 27, 2019
وتار و بیروڕا
گەلی كورد " وەك نەتەوەیەكی رەسەن لە سەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوین هیچ كاتێ چاویی نەبریوەتە خاك و نیتشمانی هیچ دراوسێیەكی ،سەرەرای داگیركردنی نیشتیمانی و دابەشكردنی خاكەكەی بە سەر چوا وڵاتدا . بەهەرێمی كوردستان لانكەی نەتەوە و ئایین و ئایینزاو و زمانە جیاوازەكانە هەر لە دێر زەمانەوە سروشتی دیموگرافی كوردستان وا هەڵكەوتووە. واتە شوێنێكی فرەچەشن و فرە ڕەنگە لە هەموو ڕوویێكەوە، هەموو ڕەنگە جیاوازەكان لەخۆدەگرێت و پرەنسیپی پێكەوەژیانی ئاشتیانە تیایدا جێگیرە و هیچ هێزێك تاكو ئێستا نەیتوانیوە درز بخاتە نێوان ئەم ڕەنگە جیاوازانە و هەموویان لە سەر بنەمای لێبوردەیی و یەكتر قەبووڵكردن بە یەكەوە دەژین و ڕێز لە تایبەتمەندییەكانی یەكدی دەگرن.
شایانی باسە ئەم كولتوورە كۆمەڵایەتییە جێگیرە كە وەك سیمایێكی جوانی شارستانی دەركەوتووە لە ئاستی ناوچەكە و جیهان، ئەمڕۆ لەم قۆناغەی ئێستادا بووەتە یەكێك لەو هۆكارە سەرەكییانەی پێگەی باشووری كوردستانی بەرز و بەهێز كردووە لە نێو گۆڕەپانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا لە لایەك و لە لایەكی دیكەشەوە بووەتە هۆی جێگیر بوونی سەقامگیری و پاراستنی ئاشتی كۆمەڵایەتی نێوان گشت.
بۆیە دەتوانم بڵێم باشووری كوردستان تاكە شوێنی نموونەییە، لەم ڕوانگەوە بە بەراورد لەگەڵ دەوڵەتە عەرەبی و ئیسلامیەكان دا چونكە لە نێو ئەم دەوڵەتانەدا پرەنسیبی یەكتر قەبووڵكردن و لێبوردەیی بوونی نییە، واتە غیابی كولتووری دیموكراسی و زاڵبوونی بیری ڕەگەزپەرستی لەنێو ئەم دەوڵەتانەی ناوچەكەماندا وایكردووە ناسەقامگیری سیاسی و ئەمنی دروست ببێت و ئاشتی كۆمەڵایەتی بكەوێتە ژێر هەڕەشەی ئایین و نەتەوە سەردەستەكان، نمونەی هەرە زیندووش هەر لە دەوروبەرماندا عێراق و سوریا و ئێران چەند نمونەیێكی دیارن لەبەر چاومان. شایانی باسە كولتووری بە یەكەوە هەڵكردن هۆكارێكی زۆر گرنگە كە بیری توندئاژوو جێگەی نەبێتەوە لە نێوخۆی باشووری كوردستاندا. بۆیە كەس ناتوانێ بە گێرە شوێنی و فەوزا نانەوە لە ژێر هیچ پاساوێك ئەو ئارامی و سیما جوانەی كوردستان بشوێنێت ،چونكە هەرێمی كوردستان نموونەی پێكەوە ژیانی گشت چین و توێژو نەتەوە و ئایین و ئاینزاكانە .هەرێمی كوردستان وەكو هەرێمێكی فیدڕاڵ ئەندامێكی كارا و متمانەپێكراوی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی شەڕی دژ بە تیرۆرە و لەم چوارچێوەیەدا وەك بكەرێكی خاوەنددەسەڵاتێكی فراوان و یەكلاكەرەوە ڕۆڵی بەرجەستەی گێڕاوە لە درووستبوونی هاوسەنگی وسەقامگیری لەم ناوچەیە و لەم ڕووەوە كەمتر لە دەوڵەتێ هەڵسوكەوتنی نەكردووە.قۆناغی نوێی دۆناڵد ترامپ لە ناوچەكە پێویستی بە هاوپەیمانێكی باوەڕپێكراوی وەكوهەرێمی كوردستانە و دەكرێ ئەم هاوپەیمانێتیە لە زۆر بواردا بەرزبێتەوە بۆ هاوبەشی ڕاستەقینە، ئەگەر سیاسەت و ستراتیژی هەرێمی كوردستان بە پەیڕەوكردنی سیاسەتێكی سەنگین و و ژیرانەی هاوشێوەی سیاسەتی سەرۆك مسعود بارزانی و بە كاركردنی بێ ووچان لە پێناو بەها مرۆییەكان و پێكەوەژیانی ئاشتیانە و ئاسایش و سەقامگیری و بازاڕی بازرگانی ئازاد و هاوچەرخ ببێت
لە ئێستاشدا كە لە سەروبەندی دەستبەكاربوونی سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتی نوێی كوردستانین ، زیاتر لە جاران پێداگری لە سەر چەسپاندنی ئەو ماف و پرەنسیبانە دەكرێت لە پاڵ پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری لە گشت سێكتەر و بوارەكاندا لە پێناو بونیاتنانی كوردستانێكی بەهێز و گەشەسەندووە بەرەو بەدەسهێنانی ئامانجەگەورەكە و لووتكە ..