لە بیری نەکەن کە پێشمەرگە کێیەو چیکردووە بۆمان..؟

لە بیری نەکەن کە پێشمەرگە کێیەو چیکردووە بۆمان..؟
پێشمەرگە لەبیر مەکەن، هەموو گەلانی جیهان هێزێکی پارێزگار تایبەت بەخۆی درووست دەکات. دروستکردنی جەنگاوەری هەر وڵاتێك پێویستییەكی بنەرەتیی بەرگریكردن و مانەوە و سەلماندنی شوناسی خۆی وەكوو بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتی و سیاسی و تەنانەت سایكۆلۆژییە.
لە دەیەی ڕابردوودا نموونەیەك لە جەنگاوەرانی ڕاستەقینەی نەتەوەكەمان بە ناوی "پێشمەرگە" بینیومانە كە هەموو میللەتانی ناوچەكە تەنانەت جیهانیش چاودێری بەسەر چۆنیەتیی هەڵمەتی پڵنگ ئاسایان دەکردوو ڕۆژ نەبوو ڕاپۆرت و لێكدانەوە و گەنگەشەی هەواڵ لە سەریان بڵاو نەبێتەوە، مەبەستم ڕوبەڕووبوونەوەی شەڕی تیرۆر لەو چەند ساڵانەی ڕابردوو كە لە هێڵی بەرگری بینیمان چۆن سنگی خۆیان کردە قەڵغان بۆ پاراستنی كوردستانی باشورو ڕۆژئاوا...
پێشمەرگەی كورد لە هەر بەشێكی كوردستان بەهۆی قارەمانێتیانەوە هەر بەشەی کوردستان بە نازناوێكی شایستەو جیاوازەوە ناو دەبرێن (پێشمەرگە ــ هێزی پێشمەرگەی ڕۆژ ــ پارتیزان ــ هێزی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات -- خەباتگێڕ و هتد) ناوی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دەستپێکی شۆرشی بارزانیەکان و دواتریش شۆرشی مەزنی ئەیلول و سەردەمی دامەزراندنی كۆماری كوردستان لە مهاباد.
ئەو ناوە پیرۆزە بەهۆی دیاریكردنی لە لایەن پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕابەرایەتی باوکی ڕوحی نەتەوەیی کورد مستەفا بارزانی لە ساڵی ۱۹٤٦ بۆ ڕەوایی دان بە شۆرش لە پێناو وەدیهێنانی خواست و ماف و ئازادی گەلی کوردستان وەرچەرخانێکی پڕشنگدارتری بەخۆیەوە بینیوەو بە شێوەیەكی خێرا لە ناو خەڵكی كوردستان و تەنانەت دنیای دەرەوەشدا بووە ناوی ئەو خەباتكار و چالاكە سیاسی و چەكدارییەی كە دەجەنگا و چەكی هەڵدەگرت لە پێناو خاك و ئایدۆلۆژیایەكی نەتەوەیی یان بەرگری لە كولتوور و فەرهەنگ و بوونی خۆی، لە ڕاستیدا ناوی پێشمەرگە بووەتە ناوێك وەک جەنگاوەرانی كورد لە ناوخۆدا و تەنانەت هەموو جیهانیش بەو ناوە دەیناسن و تەنانەت بووە بە سیمبولێکی نەتەوەیی.
زۆر‌ن ئەوانەی نێوەخۆو دەرەکی کە پێش هێرشی تاریکپەرستانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان لە چەند ساڵی ڕابردوودا پێشمەرگەیان وەكوو "چەكداری كورد یان میلیشیای كورد" دەناسی تا كاتێك كە پێشمەرگە ڕووبەڕووی درندەترین ڕێکخراوی ترۆرستی داعش بووەوە ئیتر ناوی"پێشمەرگە" لە میدیای جیهانی و نێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش شێوەی فەرمیبوون و قەرەمانی سەردەمی وەرگرت، واتە ڕووبەڕووبوونەوەی پێشمەرگە لەگەڵ ترۆرستان وای كرد كە ووشەی پێشمەرگە ئاستی ناوخۆیی ببڕێ و بەرەو بەجیهانیبوون بڕوات و سەرنجی ناوەندە میدیایی و سیاسییەكانی جیهانی بۆ خۆی ڕابكێشێت.
بەو پێیە، دەتوانین بڵێین پێشمەرگە بەرهەمی نەتەوەیی كورد و ئەو جەنگاوەرەیە كە كورد بە درێژایی زیاتر لە سێ چارەگە سەدە بەرهەمی هێناوە، ئەو مرۆڤە شۆڕشگێڕ و خۆنەویستەیە كە بەرژەوەندیی تاكەكەسیی خۆی فیدای خاك و نەتەوەو گەل دەكات و ئامادەیە بۆ پاراستن و بەرگری لە خاك و شەرەف و كەرامەتی نەتەوەكەی گرینگترین سەرمایەی ژیانی كە گیانیەتی بەبێ بەرامبەر و بێ چاوەڕوانیی هەر چەشنە پاداشێك فیدا بكات و لە هەموو حەز و ئاواتەكانی چاوپۆشی بكات بۆ گەیشتن بە ئامانج و ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان.
مێژووی كورد بەپێی هێندێك بەڵگەنامە و لێكوڵەران و مێژووناسانی خۆرهەڵاتی ناوین دەگەڕێتەوە بۆ چەند هەزارساڵ لەمەوبەر، هەر لە سەرەتای ناودێركردنی جوگرافیای كوردستانەوە كە پێش ئەوەی سوڵتان سەنجەری سەلجووقی ناوی بنێ "كوردستان" (كارداك)ی ناو بووە و هەر بە شێوەی عەشیرەت و خێڵ ژیانی كردووە و هیچكات خوازیاری داگیركردنی وڵاتانی دەوروبەر نەبووە و هەركات و هەرسات لە لایەن هەر وڵاتێكی داگیركەرەوە ئەگەر هێرش كراوەتە سەری، بە هەموو شێوازێك بەرپەرچی دراوەتەوە و سینگی خۆی كردۆتە قەڵغانی بەرگری و بە هەزاران ڕۆڵەی قارەمانی لە سەر خاك و ئەو جوگرافیایەی كە لێی نیشتەجێ بووە، شەهیدی داوە و هیچكات نەیویستووە ژێردەست و ملكەچی بێگانە بێ و هەموو كاتێك بەرگریی لە شووناس و بوونی خۆی كردووە، یانی دەتوانین بڵێین هەمیشە كەسانێك لە رەگەزی مێینە و نێرینە لە ناو نەتەوەی كورددا هەڵكەوتوون كە خۆیان وە پێش مەرگ بخەن و فەلسەفەی فكریان بەو جۆرە بێت كە لە پێناو ژیانێكی ئاسوودە بۆ نەوەكانی پاش خۆیان گیانیان فیدا بكەن.
هەروەها لە مەڕ ئەخلاقی پێشمەرگەوە دەتوانین بڵێین هەر لەگەڵ هەڵسوكەوتی بەرامبەر بە خەڵكی سڤیل و ئەو داگیركەرانەی ڕوویان لە كوردستان كردووە بۆ داگیركردنی تەنانەت وەكوو دیلێك هەڵسوكەوتی هەبووە و وەكوو تاوانبارێك چاوی لە داگیركەرانیش نەكردووە.
لە بەرامبەر ئەو دیلانەش بە كار نەهێنانی توندوتیژیی لەڕادەبەدەر، نەشێواندنی جەستەی دوژمنان و شاردنەوەیان، ڕێگە دان بە میدیا و ڕێكخراوە نێونەتەوەییەكان تاكوو چاوەدێریی ئەو جەنگانە بكەن، هەروەها جیاوازی دانەنان بەپێی ئایین و مەزهەب و نەتەوە بەگشتی و ئەنجام نەدانی تاوانی جەنگ و جینۆساید. ئەمانە لە خەسڵەتی پێشمەرگەدا بە جوانترین شێوە سیمای خۆی وەرگرتووە.
دوژمنانی گەلی كورد دەبێ هەردەم ئەوەیان لە بیر بێ كە گۆڕەپانی شۆڕشی كورد هەرگیز بێ پێشمەرگەیی بەخۆوە نابینێ و سەركەوتن هەردەم بۆ نەتەوەی كورد و ڕۆڵە حەماسەخولقێنەكانی ئەو نەتەوەیە دەبێت.


Top