ئەمریکا و ئێران، جاڕدانی جەنگ یان گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و دانوستان.

ئەمریکا و ئێران، جاڕدانی جەنگ یان گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و دانوستان.
گۆشەگیرکردنی بەردەوامی ئێران لە لایەن ئەمریکاو وڵاتانی دیکە، درێژکردنەوەی گەمارۆ ئابوورییەکانی سەری، قەدەغەکردنی مامەڵەی وڵاتان لەگەڵ ئێران، ھێنانی کەشتیە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ کەنداو، نیشانەیەکە بۆ ئەوەی کە ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی بڕوایان وایە پێویستی بە شەڕێکی تر لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەیە. پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە ئاخۆ ھەڕەشە سەربازییەکانی ئەمریکا بەسەر ئێران دەبنە کردار یاخود تەنھا بۆ فشار دروستکردنە و وەک گوتار دەمێننەوە؟ بەپێی یاسای نێودەوڵەتی جاڕدانی جەنگ پێویستی بە ئاگادار کردنەوەی پێشوەختە ھەیە، دەمێکە ئەمریکا ئەم پەیامە دەڵێتەوە! ئەوە جگە لە پەیامی لەناوبردنی ھەندێ پێگەی سەر بە ئێرانی راگەیاندووە، کە ھەندێک لەو ئامانجانەشی لە رابردوودا لە سوریاو یەمەن پێکاوە، ئەوە وەکو لاواز کردنی ھەژموونی ئێران لە ناوچەکە و رۆژھەلاتی ناوەڕاست بە ئامانجی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی سەر ئیسرائیل کە ھەبوونی ئێران لەو ناوچە بە ھەڕەشەی گەورەو سەرەکی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل ھەژمار دەکرێت. ناردنی یەک لەدوای یەکی کەشتیە سەربازییە شەڕکەرەکانی، (یو ئێس ئێس ابرھام لینکۆلن، یو ئێس ئێس لیتی غۆڵف، یو ئێس ئێس باینبریدج، یو ئێس ئێس نیتز) و نەخۆشخانەی جەنگی دەریایی لە لایەن ئەمریکاوە بۆ کەنداو نیشانەیەکە بۆ ڕاگەیاندنی جەنگ، بەڵام دەبێ ئەوەش بڵێین ئەمریکا بەشێک لەوگەشتیانەی لە نێویاندا گەشتی یو ئێس ئێس ابرھام لینکۆلن ی لەساڵی ٢٠١٢ نارد بۆ کەنداو و جەنگیش رووینەدا، بۆیە دەکرێ خوێندنەوەی ئەوەی بۆ بکرێت کاتێک ئێران ھەڕەشەی داخستنی گەرووی ھورمز بەسەر ئەمریکا و ڕۆژئاوا دەکات، ئەوا ئەمریکا بەو ھەنگاوانەی نیازی وایە پارستنی ئەم گەرووە مسۆگەر بکات و فشاری زیاتریش بۆ سەر ئێران دروست بکات، کە بەلای ئەمریکاوە پارستنی ئەم گەرووە ژێوار و گرنگە. ئەمریکا لە دامەزاندن و بنیاتنانەوەی عێراقدا سەرکەوتوو نەبووە، واتە ئەمریکا لە ھەڵبژاردنی حوکمداری لەو وڵاتە شکستی ھێناوە و بەدیلەکانی ئەو خزمەتەیان بە ھەژموونی سیاسی ئەمریکا نەکردووە کە چاوەڕوانی دەکرد، ئەگەر چی ئێران ئەو پارووە ئاسانە نییە، بەڵام لەم پێناوەدا ئەمریکا نایەوێت ھەمان ھەڵەی عێراق لە ئێران دووبارە بکاتەوە، ئەوە لە کاتێکدا تا ئەو ساتە ئەمریکا بە ئاشکرا ھیچ ئاماژەیەکی بۆ بەدیلی حوکمداری لە ئێران نەداوە، واتا دوور و نزیک ئەمریکا بەدیلی بۆ حوکمداری ئێستای ئێران نییە! ئەمریکا خاوەنی ستراتیژیەکی دوورمەوداو قووڵە، ئاڕاستەی سیاسەتەکانی لێڵ و نادیارە، بەرژەوەندییەکانی لەو ناوچەیە زۆرن، ئەوانەش وەکو ھۆکارێک وادەکەن کە بڕیارەکانی ئەمریکا زۆر موتڵەق و یەکجارەکی نەبن و قابیلی گۆڕانکاری و پێچەوانەبوونەوە بن، بۆ نموونە بڕیاری کشانەوەی ھێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سوریا لە دیسەمبەری ٢٠١٨ و دواتر گۆڕانکاری لە بڕیارەکەو پاشگەزبوونەوەی، ھەروەھا بڕیاری ئەمریکا بۆ چەکداماڵینی ٦٧ گرووپی میلیشیا شیعەکان لە یەنایری ٢٠١٩ کە تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە. پێدانی ژمارە تەلەفۆنی ترەمپ بە بەرپرسانی ئێران لە رێگەی سەفارەتی سویسرا لە تاران، ئەویش بۆ ئاگادار کردنەوەی ئێران لە حالەتی گەڕانەوەی بۆ دانوستانەکانی تایبەت بە ئەتۆم، لێکدانەوەی جۆرێک لە گاڵتەجاڕی بەسەر ئێران بۆ کراوە، بەڵام دیوێکی تریشی ئەوەمان نیشان دەدات کە ئەمریکا لە جاڕدانی جەنگ لە دژی ئێران جددی نییە، چونکە ئێران ڕایگەیاندووە کە بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا ناگەڕێینەوە، حەسەن روحانیش بە ئاشکرا ئاماژەی بەوەدا کە دەستبەرداری پێداویستییەکانی بەرگریکردن لە خاکمان نابین، کە مەبەستی ئەتۆمە. ئا ئێستا ھاوپەیمانەکانی ئێران بە ئاشکرا دژی ھەڕەشەکانی ئەمریکا نەھاتینە دەنگ، ھەرچەندە سەرۆک پۆتین ئامۆژگارییەکی سەرەتایی بۆ ئێران نارد کە بە دوور کەوتنەوەی لە رێککەوتنامەی ئەتۆم دواجار ئێران تاوانبار و سەرپێچیکار سەیری دەکرێت، دەکرێ بڵێین روسیا نایەوێت لە ئێستادا لایەنگیری بکات، بەو تێڕوانینەی کە ئەمریکا بخزێتە ناو شەڕێکی نوێ تاوەکو زیاتر مەیدانی جەنگی لەسەر ئاستی جیھان فراوانتر بێت، لە دیدی روسیا ئەوە گرنگە، چونکە بە فراوانکردنی مەیدانی جەنگ تێچووی لایەنەکانی جەنگ زیاتر دەبێت، بەڵام ناکرێ ئەوەش لەبیر بکەین کە رووسیا و چینیش لەگەڵ ئێران لە زۆر ناوچەی جیھان بەرژەوەندییەکانیان لێک نزیکەو تا ئاستێک خزمەت بە ھەژموونی یەکتری دەکەن، ئەوانە وەکو ھۆکارێکی سەرەکی وادەکەن کە بە پلەی یەکەم ئەمریکا بیر لە دەرئەنجامەکانی شەڕ بکاتەوە، کە لە ئەگەری ھەڵوێست وەرگرتنی وڵاتانی ھاوپمانی ئێران، ئەوا کارەساتی گەورە بەسەر ناوچەکە دێت و مەترسی گەورەش بۆ سەر ھاوپەیمانەکانی دروست دەبێت، کە بە بڕوای زۆرێک لە شارەزایانی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان ئیسرائیل سەلامەت نابێت، کە ئێران زۆر جددیە لە بە ئامانج گرتنی. لە دەرئەنجامی ئەو خوێندنەوەمان بۆمان دەردەکەوێت: ھەرچەندە ئەگەرەکانی جەنگ زیاترن، بەڵام ھەردوولاش خۆیان دەپارێزن لە جەنگ، دەکرێت ئەو دەھۆڵ کوتینەی شەڕ بگۆڕێت بە ناچاربوونی ئێران بە گەڕانەوەی بۆ دانوستانەکان، یاخود نێوەندگیر کردنیان.
Top