سەرۆکێکی بە ئەزموون و کوردستانێکی بەهێز
May 15, 2019
وتار و بیروڕا
بەشێکی گەورەی گریمانە و ئەگەر و ئاماژەکان بۆ ئەوەن، هەرێمی کوردستان ڕوو لە بووژانەوە و هەڵکشانە، لەسەرجەم ئاست و کایەکاندا، زۆر بەدیاریکراویش لەسەر ئاستی سیاسیی و ئابوری کوردستان لە قۆناغێکی گرنگی پەرەسەندن و پێشکەوتن دایە، ئاماژەی ڕوون هەیە بۆ ئەوەی گۆڕانکاریی ناوخۆی عێراق و ناوچەییەکان لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و دۆزی ڕەوای خەڵکی کوردستاندا وەر بچەرخێت، نوێبوونەوەی پرۆسەی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان پرسێکی گرنگە بۆ گەیشتن بە قۆناغێکی پەرەسەندو، تۆ بڵێ : بۆ گەیشتن بە کوردستانێکی بەهێز.
پرسی هەڵبژاردنی پەڕلەمان و کاراکردنەوەی پۆستی سەرۆکی هەرێم و پێکهێنانی کابینەی نۆ و نوێی هەرێمی کوردستان، گەورەترە لە پرسە کەسیی و حیزبی و پرسە لۆکاڵیەکان، دروست پرسی هەبوونی گەلێکە، پرسی باشتر حکومڕانیە لە کوردستان، پرسی گەشەپێدانی ئازادی و باشتر مومارەسەکردنی دیموکراسی و ژیانی پەڕلەمانیە. سەرباری ڕێگریی و ئاستەنگی زۆر سەرئەنجام هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بە سەرکەوتووی ئەنجامدرا، یاسای دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە دوو لە سەر سێی دەنگی پەرلەمانتاران چالاککرایەوە، دوای کاتپێدانی تەواو بە گفتوگۆ و ڕێکەوتنەکانی پارتی و حیزبە بەشدارەکانی حکومەتی نوێ، ڕەووتی ڕوداوەکان خێراییان وەرگرتوە، لە نزیکترین کاتدا سەرۆکی نوێ هەڵدبژێردرێت و کابینەی نوێ پێکدەهێنرێت.
پرسی چالاککردنەوەی دەزگای سەرۆکایەتی هەرێم و بوونی سەرۆکێکی بە ئەزموون، تەوەری سەرەکی گفتوگۆی ناوەندە سیاسیی و میدیاییەکانە، هاوکات هاووڵاتیان و تەواوی چین و پێکهاتەکانی کۆمەڵگای کوردستان لەم باسە دەدوێن، بەگشتی پرسەکە لەسەر ئاستی شەقامی کوردی گەنگەشە دەکرێت،ڕووناکی گەورەش بۆ سەر کەسایەتی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی یە، وەک گەورە ئەستێرەی سیاسیی و کاندیدی گەورەترین پارتی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی بەو باکگراوند و پاشخانەی وەک کاپتن وسەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەناسرێتەوە، ئەو ناوە پڕشنکدارەیە کە ئەولەویەتی کاری یەکخستنەوەی دووئیدارەیی و یەکخستنی نێوماڵی کوردبوو، سەرۆک وەزیران بە پرۆژەیەکی گشتگیر و هەمالایەنی نیشتمانیەوە، بە دیقەتێکی وردوو بە سنگێکی فراوان و کراوەوە، بەدرێژایی ساڵانی کارکردنی لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کاری بۆ ئەوەکرد ئاسەوارەکانی دووئیدارەیی بنەبڕبکات، برینەکانی ڕابردوو ساڕێژ بکات، هاوکات کاریدەکرد بۆ هێنانەبوونی زەمینەی پێکەوەهەڵکردنی هێز و لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەت حیزبە بەشداربووەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وە مامەڵەکردنی وەزیرەکان بە یەک دووری و بە شیوەییەکی دیموکراتی و مەدەنیانە وە ڕاستگۆ ڕاشکاوانە، پیشەییانە مامەڵەکردنی سەرۆکی حکومەت، ڕوانگە و ڕەهەندێکی گرنگە لە ئیدارەدانی حکومڕانی و ژیانی خەڵک و سەرخستنی پرۆژەکان. هەربۆیە کەسایەتی نێچیرڤان بارزانی وەک " سەرۆکێکی بە ئەزموون"بە خوێندنەوەی ئەزموونی ڕابردووی و ئەو ئامادەییە زیندو و کاریگەرەی لە ناوەندی حکومڕانی کوردی بەرجستەیکردوە، دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەکاتە ئەو ناوەندەی تەواوی هێز و پێکهاتە جیاوازەکان لە دەوری بەرژەوەندییە باڵا نیشتمانیەکان کۆبکاتەوە، هاوکاتیش درێژە بەو پرۆژە گرنگ و پڕبایەخانە دەدات کە سەرۆک مەسعود بارزانی لە مێژووی پڕ دەسکەوتی سەرۆکایەتی کوردستاندا کاریبۆ دەکرد.