ئاستەنگە هەنووكەییەكانی بەردەم حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان

ئاستەنگە هەنووكەییەكانی بەردەم حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان
لێرەدا ناتوانرێ باس لە زۆربەی ئەو ئاستەنگانە بكرێت كە لەبەردەم حكومەتی نوێدا دروست دەبن، مەبەستیش تەنیا خستنەڕووی بەشێك لەو ئاستەنگانەیە كە هەست دەكرێت بە درێژایی كاری كابینەكانی پێشووتر نەتوانراوە كاری پێویستیان لەسەر بكرێت.
یەكێك لە ئامانجەكانی هەر دەسەڵاتێكی سیاسی چەسپاندنی سەقامگیرییە، تا لە سایەیدا بتوانێت بەردەوام بێت و حوكمڕانی بكات. بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی بتوانێت بەردەوام بێت و چارەسەری قەیرانەكان بكات، پێویستە فاكتەرە دیارەكان و پۆتانسێلە نادیارەكانی سەقامگیری و ناسەقامگیری بناسێت. كۆمەڵێك هۆكاری دەرەكی وەكو ناسەقامگیریی ناوچەكە بەگشتی، نەبوونی دەوڵەت و لەژێر هەڕەشەدابوونی بەردەوام، وایكردووە هەرێمی كوردستان لە ژێر مەترسیی ناسەقامگیریدا بێت. لە هەمان كاتدا هەندێ هۆكاری ناوخۆییش وەكو ململانێی نادروستی سیاسیی نێوخۆیی، لاوازی و تەقلیدیبوونی ستراكچەری ئابووری و سیاسی لەم رووەوە كاریگەری زۆریان هەبووە. زۆریی ئەم كێشە و قەیرانە بەردەوامانە هۆكار بووە بۆ ئەوەی هەندێ فاكتەریتر كە كاریگەرییان كەمتر نەبووە لەو فاكتەرانەی باسكران و لەیەك كاتدا دەرئەنجام و كارتێكەری ئەو فاكتەرانەش بوون، كە بە روونی و وەكو پێویست كاریان لەسەر نەكرێت و فەرامۆش بكرێن.
راستە رێككەوتنی سیاسی، پێكهێنانی حكومەت، كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ سەقامگیری هەرێمی كوردستان گرنگن و دەكرێ بڵێین هەنگاوی یەكەمن، بەڵام هەندێ لایەنیتر هەن كە لە درێژخایەن و كورتخایەندا فاكتەری سەرەكیی ناسەقامگیری دەبن و راستەوخۆش لە ماوەی رابردوودا كاریگەرییان لەسەر ململانێ سیاسییەكانی نێوان حزبەكان، ئەدای كاری حكومەت و شەرعییەتی دامودەزگا رەسمییەكان و تەدەخولاتی دەرەكی هەبووە.
گۆڕانكارییەكانی ئەنجامی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و، ئەو ئومێدەی كە بە گۆڕانكاریی زیاتر هەیە دوای دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان، چاوەڕوانی و زەروورەتی گۆڕینی ئاراستە و بەرنامەی كاری حكومەتی داهاتوو دێنێتەئاراوە. بۆیە پێویستە حكومەتی داهاتوو لە ئەولەوییاتی كارەكانیدا، یان لە داڕشتنی سیاسەتی گشتیی كاركردنیدا گرنگیی پێویست بەو بابەتانە بدات كە كابینەكانی پێشوو وەكو پێویست نەپرژاونەتە سەریان.
بەشێك لەو لایەنانەی كە هەست دەكرێت لە بەردەم حكومەتی نوێدا و لە ماوەی درێژخایەندا دەبنە فاكتەر و پۆتانسیلی ناسەقامگیری، خۆیان لەم لایەنانە دەبیننەوە.
لاوازبوونی متمانەی هاووڵاتیان بە دەسەڵات و حكومەتی هەرێمی كوردستان:
لە هەرێمی كوردستاندا سەرەڕای پێشینەی مێژوویی بە دوژمن بینینی دەسەڵات كە بە یەكێك لە ئاسەوارەكانی حوكمداری دەسەڵاتی دیكتاتۆری بەعس هەژمار دەكرێت و تا ئێستاش كاریگەری لە سەر مێنتالیەتی كورددا ماوەتەوە، نەبوونی متمانەی پێویست لەنێوان دەسەڵات و هاووڵاتیان فاكتەرێكی گرنگ بووە بۆ ئەوەی كەمترین كاریگەرییان لەسەر یەكتری هەبێت. ئەو بێمتمانەییە ئەنجامی هۆكارگەلێكی نێگەتیڤی وەكو، پەرەسەندنی دیاردەی گەندەڵی، قەیرانی ئابووری و بڕینی مووچە و قووتی خەڵك (بەهەر هۆكارێ بووبێت)، ململانێی توند و بەردەوامی نێوان حزبەكان، خۆ بە خاوەن نەبینینی نیشتمانەكە هەم لای هاووڵاتی و هەندێكجار لای دەسەڵات و حزبە كوردییەكانیش، نەبوونی رۆئیایەكی هاوبەش و موكۆم بۆ پێشخستن و پاراستنی هەرێم بووە.
لاوازیی متمانە و هەستنەكردن بە بەرپرسیارەتی، هۆكاری ئەوە بووە كە هەم دەسەڵات (لەسەر ئاستی نوخبەی سیاسی و دامەزراوەكانیش) و هەمیش هاووڵاتیان لە هەوڵی بچڕانەوەی زۆرترین دەستكەوتی ماددی و ناماددی بن و وەكو ركابەر مامەڵە لەگەڵ یەكتری بكەن. نەبوونی متمانە و بە ركابەر سەیركردنی یەكتر لەم چەند ساڵەی دواییدا بە ململانێ و شكاندنی هەیبەتی یەكتر لە سەنگەرگرتنی خەڵك لە پەرلەمان، پەرلەمان لە حكومەت، حكومەت بەرامبەر پەرلەمان، خەڵك بەرامبەر دەسەڵات و دەسەڵات بەرامبەر هاووڵاتیان، زۆر دیار و بەرچاو بووە.
بۆیە گرنگە حكومەتی داهاتوو بە پلانێكی دیراسەكراو و موكوم لە هەوڵی دروستكردنەوە و بەهێزكردنی متمانەی هاووڵاتیان بە دەسەڵات و حكومەت بێت. نەهێشتنی ئەم كەلێنە فاكتەرێكی سەرەكیی سەقامگیریی زیاتر و باشتر بەڕێكردنی كارەكان دەبێت.
كەمكردنەوە، یان نەهێشتنی ئاسەوارەكانی قەیرانی ئابووری
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، جگە لە هەڕەشەی داعش و حكومەتی بەغدا، قەیرانی ئابووری گەورەترین كاریگەری لەسەر تێكچوونی بارودۆخی هەرێم هەبووە. ئەم قەیرانە خەڵكی هەژاركرد، خزمەتگوزاری لاوازكردو ئاوەدانكردنەوەی كەم كردەوە و سەرمایەگوزاری نەهێشتووە.
لە دەرهاویشتەكانی ئەم قەیرانە پووكانەوەی چینی ناوەڕاست بووە لە هەرێمدا. بوونی ئەم چینە لە هەر كۆمەڵگەیەكدا ئەگەر پیشەسازیش نەبێت، دەبێتە هۆكارێك بۆ جووڵەی بەردەوامی كۆمەڵگە و گەشەسەندنی. ئەوەی ئێستا تێبینی دەكرێت پووكانەوەی ئەم چینە، فراوانبوونی چینی هەژارە. ئەمەش مانای دابەشبوونی كۆمەڵگەیە بەسەر كەمینەیەكی زۆر دەوڵەمەند و زۆرینەیەكی هەژار و گەورەبوونی كەلێنی كۆمەڵایەتی بە شێوەیەكی زۆر خێرا و نەخوازراو. هەژاری یەكێك لە سیماتەكانی كۆمەڵگە ناسەقامگیرەكانە، كە دەرهاوێشتەكانی لە رووی كۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسیشەوە زۆر ئاڵۆز و پڕگرفت دەبن. بۆیە بۆ چاككردنەوەی ئەو هاوسەنگییە پێویستە حكومەت پلانی درێژخایەنی گونجاوی هەبێت و ئەم بابەتە لە ئەولەوییاتی كاری كابینەی نوێدا بێت.
ئاراستەكردن و خاوەنداریكردنی گەنج:
زۆریی ژمارەی گەنج لە كۆمەڵگە پێشكەوتووەكاندا ئاماژەی دڵخۆشكەری پێشكەوتنی زیاترن. بەڵام لە كۆمەڵگە گەشەسەندووەكاندا دەشێ زۆریی ژمارەی گەنج لە كاتی بێ پلانی فاكتەری ناسەقامگیری بێت. زۆریی ژمارەی گەنج و لە هەمانكات چاوكراوەییان بە رووی پێشكەوتنی دنیادا، بەرزیی ئاستی چاوەڕوانییەكانیان لە ژیان و لە دەسەڵات، نەبوونی دەرفەتی كار و كەمدەرامەتییان، دەشێ ئێستا و لە داهاتوودا بە فاكتەرێكی كارای ناسەقامگیری سیاسی و كۆمەڵایەتی هەژمار بكرێت. بەتایبەتی كە ساڵانە ژمارەیەكی زۆری گەنج (ئەوانەی خاوەن بڕوانامەن) دەخزێنە نێو بازاڕی كار و زۆربەیان بێكار و بێ هیوا دەمێننەوە.
شكستی دەسەڵات و حكومەتی هەرێم لە پرۆسەی گەشەپێدانی مرۆیی:
كابینەكانی پێشووی حكومەت سەرەڕای زۆریی خزمەتگوزاری و دابینكردنی ئاسایش و ئارامی، بەڵام بەپێی پێوەرەكانی گەشەسەندنی مرۆیی، نەیانتوانیوە سوود بە تاكەكان و هاووڵاتیان بگەیێنن. بابەتی گەشەپێدانی مرۆیی و ئاراستەكردنی كۆمەڵگە، تا ئێستاش لە سیاسەت و بەرنامەی كاری حكومەت و دەسەڵاتدا زۆر لاواز و ناكارا بووە.
نامۆبوونی دەسەڵات و خەڵك بەیەكتر، درێژخایەن نەبوونی بەشێكی زۆری بەرنامەكان، پرۆژەكان و بڕیارەكانی حكومەت كە زۆربەی جار تەنیا تا گۆڕینی كابینەكان بڕیان كردووە، خۆنەدۆزینەوە لەناو بەرنامە و پرۆژەكانی حكومەتدا، زاڵبوونی مێنیالییەتی یەكترنەخوێندەوە بەوەی كە دەسەڵات و هاووڵاتیان لە پێشخستنی كۆمەڵگە و لەكاتی چارسەركردنی قەیرانەكان تەواوكەری یەكترن، نەك مونافس و دژیەك، نیشانەی شكستی پرۆسەی گەشەپێدانی مرۆیی بووە لە هەرێمدا. درێژەكێشانی بارودۆخی ناسەقامگیریی ناوچەكە و هەرێمی كوردستان و قەیرانەكانی چەند ساڵی رابردوو، گۆڕانكارییە خێراكان تاكی ماندوو، ناجێگیر لە رووی دەروونی و زەینییەوە بەرهەم هێناوە. ئەم ناجێگیربوونە، لەهەموو ئاستەكان بە كار و بەرهەمی ها،وڵاتیان و دامودەزگاكانەوە دیارە. لە هەمانكاتدا نەبوونی سیاسەتێكی تۆكمە و دیاریكراو لە لایەن دەسەڵاتی كوردییەوە بۆ ئەوەی بزانێت هاووڵاتیان و كۆمەڵگە بە چ ئاراستەیەكدا دەبات، كۆمەڵگەیەكی شێواو و ئاڵۆزی بەرهەم هێناوە. سیفەتی كاربەڕێكردنی دەسەڵاتی كوردی و نەبوونی پلان و چوارچێوەیەكی دیاریكراو بۆ ئەوەی ئامانج و ئەو ئاراستەیە دیاری بكات كە دەسەڵاتی كوردی، كورد وەكو نەتەوەیەك و كۆمەڵگەی كوردستان دەیەوێت پێی بگات، هۆكاری قەیرانە یەك لە دوای یەكەكان بووە.
نەبوونی سیاسەتێكی دیاریكراو بۆ ئاراستەكردنی كۆمەڵگە و نەوەكانی داهاتوو، لایەنی نەبینراوی ناسەقامگیریی كۆمەڵایەتی- سیاسین لەهەرێمی كوردستاندا. بێكاری و بەرهەمدارنەبوون، زیادبوونی تاوان و تاوانی رێكخراو و هەموو ئەو دیاردانەی هاوشانیان دەبن، تەحەددای گەورەی داهاتوویی هەرێمی كوردستان دەبن. پێویستە حكومەتی داهاتوو بەرچاوڕوونییەكی تەواوی لە ئاراستەكردنی كۆمەڵگە و رۆڵی لە دروستكردن و پێگەیاندنی نەوەكانی داهاتوودا بە ئاراستەی پاراستنی ئەزموونی هەرێمی كوردستان هەبێت.

Top