رژێمی ئێران هیچ رێگەیەكی بۆ رزگاربوون لە بەردەم نەماوە ..

رژێمی ئێران هیچ رێگەیەكی بۆ رزگاربوون لە بەردەم نەماوە ..
هەڵسوكەوت و هەژموونگەرانیی چوار دەیەی رابردوو رژێمی ئێران لە سەر ئاستی ناوچەكە و خەرجكردنی سەدان میلیارد دۆلار و دروستكردنی سەدان گروپی میلیشایی و لایەن بە سپۆنسەری خۆیان ، هەوڵەدانە بەردەوامەكانی بۆ بە دەستهێنانی چەكی كۆمەڵكوژ و ئەتۆمی و دەستێوەردانی ئاشكرا و هەوڵەكانی بۆ بەدەسهێنانی " هیلالی شیعی" ، بەتایبەت لە ماوەی شەرٍی تیرۆر لەماوەی چوار ساڵی رابردوو لە رێگەی " عێراق و سوریا و یەمەن و لوبنان"، ئەمانە وایانكرد كە مەترسییەكی گەورە لە سەر ئەمنییەتی ناوچەكە و بەرژوەندیی وڵاتانی جیهان دروست ببێ‌ و كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتیی سنوورێك بۆ ئەو دەستێوەردانانە دابنێ‌.ئەگەر هەڵوەستەیەك لە سەر گەمارۆ یەك لە دوای یەكەكانی ئەمریكا گوشارێكی زۆری خستۆتە سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران و بەهۆی ئەو گەمارۆیانەوە ئەو ڕێژیمە كەوتۆتە پەلەقاژە و تەنانەت دۆستە نزیكەكانیشی ئاوڕێكی بەخێری لێنادەنەوە.دوو زلهێزی دنیا كە چین و ڕووسیا و پێشتر لەبەر پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان لە هێندێك بابەتی پێوەندیدار بە ئێرانەوە دژایەتیی ئەمریكایان دەكرد، بەڵام ئێستا كە كۆماری ئیسلامی لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی پێیان هەیە، بە تەنیا لە دەریادا جێیان هێشتوە.ڕوسیا كە لەگەمارۆ نەوتییەكانی سەر ئێران شەش میلیارد و پێنج سەد هەزار دۆلار قازانجی پێدەگا، هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا دژكردەوەیەكی ئەوتۆی لە بەرابەر ئەمریكادا لەخۆی نیشان نەداوە. دوێنی گەورەترین كۆمپانیاكانی چین كە كڕیاری نەوتی ئێران بوون، كڕینی نەوتی ئێرانیان ڕاگرت و نەیانویست پێوەندییە بازرگانییەكانیان لەگەڵ ئەمریكا فیدای رژێمی ئێران بكەن.هەروەها وڵاتانی ئەورووپایی ماوەی یەكساڵە خەریكی ئامادەكردنی ڕێكارێكن بۆ مامەڵە و بازرگانی لەگەڵ رژێمی ئێرانن، بەڵام ئەوانیش تا ئێستا هەر ئەمڕۆ بە سبەی بەو ڕژێمە دەكەن.لە دوایین كاردانەوەی رژێمی ئێران بەو هەڵوێستەی ئەورووپا، ماوەی شەست ڕۆژی بۆ یەكیتیی ئورووپا دیاریكرد هەتا بەڵێنییەكانی خۆیان لە سەر بەرجام جێبەجی بكەن، بەڵام ئورووپاییەكان وڵامێكی توندیان بە رژێمی ئێران دایەوە و مەرج و هۆشداری ئێران یان ڕەتكردەوە. چەند دەوڵەتێكی ئەورووپایی هۆشداریان دایە ئێران كە بچووكترین دەستكاریی ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی كە بە بەرجام ناسراوە ، دەبێتە هۆی گەڕانەوەی گەمارۆكانی ئەورووپا بۆ سەر ئێران.وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە ڕەوانەكردنی كەشتی و فڕۆكەی بی 52 و هێزی سەربازی، ئاڵقەی گەمارۆكانی بۆ سەر كۆماری ئیسلامی تەنگتر كردۆتەوە و لە بواری سەربازیشدا گەمارۆی داوە.پێشتر كە هەموو سەرنجەكان لە سەر گەمارۆ نەوتی و ئابوورییەكان بوو، ئێستا هەموو چاوەكان لە سەر چەك و فڕۆكە و هێزی سەربازین و چاوەڕوانی ڕوودانی شەڕێكی دیكەن لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.پێش ئەوەی كە ئەمریكا كەشتی و فڕۆكە شەڕكەرەكانی بەرەو كاناڵی سوئێز و گەرووی هۆرمز رووانەبكات، بەپرسانی سوپای پاسداران كە دەستیان بە خوێنی ژن و منداڵانی سووریا سوور بوو و لەوێ وەك قارەمان خۆیان نیشاندەدا، هەڕەشەیان لە ئەمریكا دەكرد و بە خۆهەڵكێشان و هەڕوگیف دەیانەویست هێز و توانای خۆیان بە خەڵكی ئێران و جیهان نیشان بدەن، بەڵام كە شەر دەرگای پێگرتن، كەوتنە پاڕانەوە و لاڵانەوە و لە دەرگای هەموو ۆلاتێك دەدەن بۆ ئەوەی كە لەو شەڕ و قەیرانە دەربازیان بكەن كە ماوەی چل ساڵە بە دروشمی مردن بۆ ئەمریكا و ئیسرائیل لای وڵاتانی ئیسلامی خۆیانی پێوە هەڵدەكێشن و ئێستاش بۆ رزگاربوون لە نقوومبوونیان خەریكی نزا و پاڕانەوەن تا بەڵكوو وڵاتان یا لایەنێك فریایان بكەوێ‌ و لە رووخان رزگاریان بكات ،بەڵام ئیتر كات درەنگ بووە و پاشگەزبوونەوە و نەبوونە فریای ئێران ناكەوێ‌ و ئەمرٍۆ و سبەی چ بە گوشاری ئەمەریكا بێ‌ یا سەرهەڵدانی نێوخۆیی ئەو رژێمی بەرەو رووخان دەچێ‌..
Top