قوتابخانەی نیشتیمانپەرەوەر و بەرپرسیاریەتی..
May 11, 2019
وتار و بیروڕا
پارتیی ، ئەو قوتابخانە كوردانەیە كە لە نێو قوڵانیی نەتەوەیەكدا ریشەی داكوتاوە و هەمیشە شورەیی بەهێزوپۆڵایین بووە لە بەرانبەر رٍەشەبای نەیاران و داگیركەران و هەروەها هیوا و رووناكی بووە لە شەوە زەنگەكان . ئەمەش وایكردووە كورد وكوردستان چاوەروانی دوارۆژێكی پر هیوا بكەن گەلی كورد ئەو ساتە وەختەی لە دۆخێكی پڕاو پڕ لە ناسەقامگیری و نائومێدی دابوو، شوناسەكەی لە گۆمی مەترسی دەخوڵایەوە، لەوكاتەی كورد وەك نەتەوە تێنووی ئازادی و سەربەستی بوو، خوای بەخشندە بەندەیەكی دلێر و كارزان بە كوردی دەخوڵقێنێت، ئەو زاتەش مستەفا بارزانی باوكی روحی نەتەوەییە، شۆڕشگێرێك لە بنەماڵەیەكی تێكۆشەر لە دایك بوو بێت، بێگومان هەر خودی خۆشی پایەكانی نەتەوەیی دادەرێژێت تا شوێنكەوتە و نەوەكانی دوای خۆی درێژە بەو كاروانە پیرۆزە بدەن، كە خۆی لە سەربەخۆیی كوردستان و ئازادی دەبینێتەوە.بارزانی نەمر بە سەرەتای گەورەترین بناغەی گوتاری هەستی نەتەوەیی مۆدێرن دادەندرێت، چونكە ئەو كاتانەی سەرانی حكومەتی عێراق داوای لێدەكەن هەرچێیكی دەیەوێت بۆی جێبەجێ دەكەن لە بەرامبەردا واز لە شاری كەركوك بێنێت."بارزانی نەمر" لە وەڵام دا دەفەرموێت: "كەركوك هی من نییە هی كەركوكیەكانە، تا كوردێك لە كەركوك مابێت كەركوك كوردستانیە" هەروەها دەفەرموێت: (كەركوك دڵی كوردستانە) ئا ئەمەیە گیانفیدایی و بەرزی هەستی نەتەوەیی، بەمەش ئاراستەیەكی نوێ و تازەی هێنایە نێو كایەی خەبات، تاوەكو تاك بە تاكی كورد ماف و دەسكەوتەكانی پێ بەدی بێنێت،لە ماوەی 28 ساڵی رابردوو، گشت هەوڵ و نەرمی نواندنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان ،تەنها لە پێناو بەرژوەندییە باڵاكانی گەلی كورد بووە ، نەك سازشكردن لە سەر مافی لایەنگران و دەنگدەرانی ،چونكە رووحییەتی كوردپەروەری و نیشتیمانپەروەری هەموو كاتێ لە نێو ناخی پارتییەكان كە قوتابخانەی كوردایەتیی و بارزانیین پێش هەر شتێكی تر بووە .لەگەڵ ئەوەی پارتی ، بەكردەوە كۆتایی بە سیستەمی 50 بە 50 هێنا ، بەڵام دەستێوەردانی وڵاتانی هەرێمی لە كاروباری نێو خۆیی كوردستان بەروون و ئاشكرایی روونە ، ئەگینا رەوا نییە دوای زیاتر لە 6 مانگ ،پرۆسەیەك كە تێیدا پارتی دیموكراتی كوردستان پێشەنگ بێ و زیاتر لە 45 كورسیی بەدەسهێناوە ،دەیتوانی حكومەت پێك بێنێ ئەوەندەی خایاند ..
پارتی دیموكراتی كوردستان وەك چۆن بە رێككەوتن لەگەڵ "گۆڕان"، پەرلەمانی كارا كردەوە، دەیتوانی لەو ماوەیەدا بەبێ بوونی "یەكێتی"، حكومەتیش پێكبهێنێت، بەڵام ئەوەی نەكرد، چونكە نایەوێت هێزێكی وەك یەكێتی بخاتە دەرەوەی حكومەتی نوێ و بەشێوی ئۆپۆزسیۆن بمێنێتەوە. هەموومان باش ئەوە دەزانین بە نەبوونی پارتی یا یەكێتی لە حكومەتدا كەڵێنێكی ئەمنی گەورە دروست دەبێت لە هەرێمی كوردستان، لە رووی ئابووری و كۆمەڵاتیش كاریگەری دەبێت بەسەر ژیانی هاووڵاتییان.
پارتی زیرەكانە مامەڵە دەكات لەگەڵ هێز و لایەنەكانی تری كوردستان، لە پێناو پێكهینانی حكومەتێكی بەهێز بۆ ئەوەی بتوانێت لەئاست دەنگ و خواستی خەڵكی كوردستان بێتو چاوەڕوانییەكانیان رەنج بەخەسار نەبێت، هەنگاوەكانی ورد و دووربینن تا لە ئایندە هیچ كەس و لایەنێك زەرەرمەند نەبێت، ئەوەی بۆ خەڵك و پارتەكانو دونیای دەرەوە سەلماند قازانج خواز نییە، بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان بەرژەوەندی پارتییە، ئەو هەنگاوانەی پارتی بۆ رێكخستنی و تەبایی نێو ماڵی كورد و پێكهاتەكانی كوردستانی دەنێت سوود بەخشن بۆ كوردستان.
بۆیە كۆڵ نادات هیچ پاساوێكیش بۆ بەیەك نەگەیشتن نابینێت، ئەوەی روونە لە پێكهێنانی ئەم كابینەیی حكومەتدا رێژەی دەنگ و ژمارەی كورسییەكانی خۆی لەبەرچاو نەگرتووە ئەوەندەی بەدوای رازیكردنی دڵی لایەنەكانەوەیە، ئەمەش بۆتە ئەركێكی گران بۆ پارتی. چونكە هەر لایەنەو بە پێی سوودی خۆی پشك دەخوازێت و داواكاری هەیە، یەكخستنی ئەم هەموو رایە ئارامگری دەوێت.
پارتی هەنگاوێك نانێت لێی پەشیمان ببێتەوە، ئەوەی دەیكات لە ئایندە درك بە بایەخەكەی دەكەین. ئەم شێوازە خۆماندوو كردنەی پارتی بە حزبەكانیتری كوردستان وا دەكات حكومەت و سەرۆكایەتییەكی بەهێز بێتە كایەوە لە ئەنجام كوردستان بەهێز و هاووڵاتییانیش خۆشگوزەران بن. چوار ساڵی ئارام و خزمەتگوزرا بێتە كایەوە، بەسەر ئاستەنگەكانی بەردەم خزمەتكردن زاڵ بێت.
لەم كابینەیەدا پارتی خاوەن ماڵ و لایەنەكانی تریش بە میوان سەیر دەكرێن، بەو هۆیەی ژمارەی كورسییەكان بەرێژەیەكی بەرچاو جیاوزیان هەیە. بۆیە پارتی وەك خاوەن ماڵ ئەو مافە بە خۆی دەدات ئەو پەڕی رێز لەوانی تر بگرێت، بەڵكو بگرە هەندێك جاریش دەگاتە ناز كردن و لاوانەوەیان لەلایەن حزبی یەكەم، مادام خاوەن ماڵە كەوایە ئەگەر لە هەندی پشكی خۆی سازشیش بكات بە كارێكی رەوای دەبینم، هەروەك چۆن گۆڕان زیاد لە بەركەوتەی خۆی وەرگرت، هەمان گەورەیی لەگەڵ یەكێتیش دەنوێنێت.
ئەمە كارێكی مەحاڵ نییەو لە پێگەی جەماوەری و نێودەوڵەتی پارتی كەم ناكاتەوە. بەڵام دەبێت حزبەكانیش لەوە تێبگەن هەر یەكەیان بە پێی گرنگی بوونی هەنووكەیی بۆ كوردستان نازیان هەڵدەگیردرێت، هاوسەنگی راگرتنیان كارێكی سانایی نییە. باوەڕ پێهێنانیان بەوەی رێككەوتن لەگەڵ هەر لایەنێك لە سەر حسابی ئەوەی تر نییە ئەمە كارێكی سەختە كەسانی بوێری دەوێت.ئەوەی گرنگە لێكتێگەیشتن و سازبوونی پارتیو یەكێتییە، بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ لە هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای هاریكاری و پشتگریی هەردوولا. بە پێی تێڕوانین بۆ كۆبونەوەكانی نێوانیان ئەوە دەردەخات لەیەكتر نزیكن بۆ گەیشتن بە رێككەوتن، هەروەك چۆن پارتی نەرمی دەنوێنێت و نایەوێت تاك لایەن كار بكات و هەنگاو بهاوێژێت لە حكومەتی نوێدا لە پێناو بە هێز مانەوەی كوردستان و سەقامگیری ئەمنی، ئابووری و كۆمەڵایەتی...هتد. دورخستنەوە یان بەلانی كەم لاواز كردنی دەستی دەرەكی لە بڕیارو قەوارەی هەرێمی كوردستان.دەبێ یەكێتی و گشت هێزولایەنەكانی تریش درك بەو راستییە بكەن و واز لە بەهانەو پاساو دۆزینەوە بێنێت بۆ پێكنەهێنانی حكومەت و لە ناوخۆدا كێشەكەنیان كاڵ بكەنەوە و تەنها بیر لە خزمەتكردن لە بەرژوەندییە باڵاكانی گەلی كورد بكەنەوە ..