یادداشتی رۆژ

یادداشتی رۆژ

ئەمجارە سەفەرەکە خۆشە

وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە هەولێری پایتەخت،

زۆر لە مێژ نییە تەنانەت سەرۆک کۆمارەکەشیان بە راشکاویی تانەی لە سەرۆکایەتی کوردیی دەدا و کوردی لا هیچ نەبوو و رێگای بە خۆی دەدا کە بێ حورمەت بێ.

ئێستا مڵی خۆیان شۆر کرد و بەرەو هەولێر وەرێکەوتن. ئەوە لە مەجبوورییەوەیە لەبەر ئەوە کە نیازمەندی کوردن.

سیاسەت ئاوهایە ، بە تایبەت ئەگەر هاتوو ئەساسەکەی لە سەر بنەمای هەلە داندرا.

رۆژێک دەنگێت بەرز دەکەی و رۆژی تر دەنگێت ناێت.

ئێمە و تورکیا جیرانین، ئەوە دێتە ئەو واتایە کە هەم رەکابەرین لەبەر ئەوە کە بەشێکی زۆری خاکی کورد لە لایەن ئەوانەوە داگیر کراوە و

هەمیش هاوکارین لەبەر ئەوە کە پێویستیمان بە یەکتر هەیە.

ساز کردنی بالانس لە نێوان ئەم دوو خالەدا ناوەرۆکی سیاسەتی نێوان ئەم دوو میللەتەیە.

لەم پرۆسەیە دا

ئەوەی لە مافی خۆی خۆش نابێ داگیرکراوە و ئەوەی پێویستە بە خۆشی یان ناخۆشی راستی قەبوول بکات داگیرکەرە.

سیاسەتی ناوچە بە قازانجی کورد دەسورێت پێویستە زۆرترین کەلک لەم فرسەتە وەرگرین بۆ بە هێزتر کردنی خۆمان ، لە ناو خۆماندا و لە ناوچەدا و لە پێوەندییە جیهانییەکاندا.

بۆیە گرینگە کە سیاسەتی کوردیی لە چوار بەشی ولاتدا زیاتر لە هەر کاتی تر هەمئاهەنگ بن.
Top