سەرۆك هەر سەرۆكە و پارتیش قوتابخانەی كوردایەتییە ..

سەرۆك هەر سەرۆكە و پارتیش قوتابخانەی كوردایەتییە ..
ئەگەر بە ویژدانەوە بروانییە ، خەباتی زیاتر لە نیو سەدەی خەباتی پێشمەرگایەتی ،سیاسی و دیپلۆماسی و كەسایەتی بەهێزی هێژا سەرۆك مەسعود بارزانیی بكەین ، زۆر بە سادەیی و روونی بۆمان ئاشكرا دەبێ‌ ، هێژا بارزانیی هیچ كات لە پێناو بەرژوەندی شەخسی كۆششی نەكردووە ،بەڵكو بە هەموو توانایەكەوە شەو و رۆژ و لە ئاوارەیی و جەنگ و رۆژگارە سەختەكاندا پشت و پەنایی گەل و نیشتیمانەكەی بووە و بۆ ساتێك بیری لە خۆشەویستیەكانی ژیانی نەكردۆتەوە ..هەموو كات هەستە نیشتیانی و نەتەوەییەكانی بە سەر بەرژوەندییەكانی حزبی زاڵبووە و كوردایەتیی لە نێو روح و جەستە و مێشكی ئاوێتە بووە ، خەمی هەموو كوردێكی بە خەمی خۆی زانیبووە ، لە هەر شوێنك پرسی كورد تووشی كێشە و ئاریشە بوو بێتەوە ،ئەوا بە هەموو توانایەكەوە بەرگریكاری راستەقینە بووە ..یەكێك لەو تایبەتمەندییانەی سەرۆك بارزانی ئەوەیە كە هەمیشە سیاسەتەكانی لە سەرچاوەی هەست كردن بە مەسئولیەتەوە بەرامبەر بە میللەت دادەڕێژێت و بەڕێوەیان دەبات. بە مانایەكی دیكە، وەك چۆن جورئەت لە بڕیارەكاندا هەبووە، بە هەمان شێوە دیققەت و بەراوردكاری و لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندیی خەڵك و نەتەوە لەو بڕیارانەدا رەچاو كراوە. بۆیە، سیاسەتەكانی جەنابی سەرۆك، لە قۆناغە سەخت و ئاڵۆزو زەحمەتەكانی بیست و پێنج ساڵی رابردوودا، هەمیشە لەگەڵ هەست و نەستی خەڵكی كورد گونجاوەو لە هەموو پارچەكانی كوردستان بە دڵ و بە گیان لایەنگیرییان لێكراوە.
سەرۆك بارزانی خاوەن دیدێكی سیاسیی دووربین و وردو حەكیمانەی دوور لە هەڵچوون. لە زۆر قۆناغدا، رەنگە كێشەی سیاسیی گەلی كورد بە هەڵە ببردرابووایەو میللەت زەرەری زۆری بكردایە ئەگەر حیكمەت و بیرتیژی و دووربینی ئەو سەرۆكە نەبووایە. سەرۆكایەتی هەمیشە لای ئەو نەوە دلێرەی بنەماڵەی شكۆداری بارزانیان تەنیا رووكەش و دروشمی بریقەدارو خۆڕەپێش كردن و لاف و گەزاڤی رۆژانە نەبووە، بەڵكو كارو بەرنامەو خزمەت و خۆخەریك كردن بووە لە بابەتە ستراتیژییەكانی پابەند بە بەرژەوەندییەكانی نەتەوەو گەل.خەسڵەتێكی هەرە گەورەی دیكەی ئەوە بووە كە هەمیشە بە چاوی یەكسانی و عەدالەت و یەكڕیزییەوە رەفتاری لەگەڵ میللەتەكەی خۆی كردووە. هەوڵی داوە هەموو پێكهاتە سیاسییەكان بە یەك چاو سەیر بكات و بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانی لەسەرووی هەمووی ئیعتیبارە حزبی و تەسك و سنووردارەكان دابنێت. لەوەش زۆرتر، بە یەك شێواز رەفتار بەرامبەر هەموو پێكهاتە جیاوازەكانی كۆمەڵگای كوردەواری جوڵاوەتەوە بێ ئەوەی ئاوڕ لە هیچ جیاوازییەكی ئایینی و ئیتنی و مەزهەبی بداتەوە. بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و خەڵكی عێراق لە پێشەوەی هەموو بەرژەوەندییەكانی دیكەی بووە.
هەروەها یەك لە خەسڵەتە گرنگەكانی ئەوە بووە كە هەمیشە رێگرە بووەە لە تیرۆر. بەشدارییەكی كاریگەری كردووە لە نەهێشتنی تیرۆرو توندڕەوی و تەسك بینی لە كوردستاندا. پێی وا بووە كاتێك كورد ئاسۆكانی ئازادی و تەبایی لەبەردەمدا دەكرێتەوە كە خۆی و تێكۆشانە بێ وچانەكەی خۆی جیا كردەوە لە تیرۆر. هەروەها كاتێك ئەو ئاسۆیانە زیاتر دەكرێنەوە كە كوردستان پاك كرایەوە لە تیرۆریستان و ئەمن و ئاسایش دابین كراو خەڵك ئەمین بوون لە سەرو سامانی خۆیان. ئەوەی راستی بێت، ئەمن و ئاسایشی كوردستان لە جەوهەرە گەورەكەیدا دەگەڕێتەوە بۆ دیدو كارو ئەو بەرنامەڕێژییە وردو بە دیققەتەی جەنابی سەرۆك بەڕێوەی بردووە.
پارتی دیموكراتی كوردستان بە گوتاری نەتەوەیی و هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانەوە بۆ بەرگری لە مافەكانی تاكی كورد لە هەرێمی كوردستان و پاراستنی خاكی ئەم نیشتمانەدا بەردەوام پێشەنگ بووە. ئەوە دروشم نییە، ئەوە تەنیا وەبیرهێنانەوەی ئەو رۆژانەیە كە دژبەرانی كورد و داگیركەران خەونیان بەو دەموساتانەوە دەبینی ئاڵای داگیركەر لەسەر قەڵای هەولێر بشەكێتەوە و ئاڵای پیرۆزی كوردستان بە بێحورمەتی بخرێتە بەرپێی داگیركەرە دڵ پڕ لە قینەكانەوە.
ئەوەی باسی دەكەین دروشم و فڕوفیشاڵی كاتی هەڵبژاردن نییە، بەڵكو وەبیرهێنانەوەی ئەو شانازییانەیە كە لە سایەی ئازایەتی و لەخۆبوردوویی پێشمەرگە وەدی هاتوون و پارێزراون. با ئەو رۆژانەمان بێنەوە بیر، كە پێشمەرگە چاونەترسەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە ژێر ئەمری سەرۆك بارزانیدا وەك چیای سەفین پێشیان بەلێشاوی دەبابە و ئاگربارانی ئەو هێزەدا كە بە نیازی كاولكردنی كوردستان هاتبوو، خۆیان نەچەماند و سەرەڕای ئەوەی جەنگەكە جەنگێكی نابەرابەر بوو و، هێرشكەران نوێترین چەك و ئامرازەكانی شەڕی سەردەمیان بەدەستەوە بوو، كەچی پێشمەرگەی بە ورە و بەبیروباوەڕ بە كەمترین دەرەتان و ئامرازی شەڕكردن لمبۆزی ئەو هێزەی لە خۆڵ وەردا و پاشەكشەی پێ كردن.
هاتنی داعش و گەڕانەوەی داعش لە چەند كیلۆمەتریی بەغداوە بەرەوكوردستان، نەك شتێكی كتوپڕ نەبوو، بگرە پیلانێكی ئیقلیمی بوو، پیلانێك كە تەنانەت هەڵكشانی داعش بەرەو بەغداشی وا داڕشتبوو بۆ ئەوەی كورد بێخەم و خەمسارد پاڵ بداتەوە و ئەوان لە هێرشێكی كتوپڕدا دەسكەوتی سەدەیەك خەبات و خوێنی هەزاران تێكۆشەری ئەم وڵاتە تێكەوە بپێچن و نەیهێڵن، بەڵام خۆڕاگریی پێشمەرگە و هێزی دیپلۆماسییەتی سەرۆك بارزانی ئەنجامی پیلانەكەیان پێچەوانە كردەوە.
ریفراندۆمە شكۆدارەكەی كوردستان، كە ئێستا نەك هەر بە وتەی پارتی و لایەنگرەكانی و نیشتمانپەروەرانی كوردستان، بگرە بە وتەی ئەو كەسانەی كە لەسەروبەندی ریفراندۆمدا لە هیچ سووكایەتیكردنێك بە ریفراندۆم سڵیان نەكردەوە، ئێستا كارتێكی دیپلۆماسیی نێوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییە بەدەست كوردەوە. ئەوەش بەرهەمی تێڕوانینی دوورمەودا و ستراتیژیك و خوێندنەوەی وردی سەرۆك بارزانی و پارتی بوو لەو رووداوانەی وا ئێستا خەریكن بەڕاست دەگەڕێن و ئەوكات كورتبینان هەر بەخەیاڵیشیاندا نەهاتبوو. ئاخر تەنیا حزبێك كە ئاڵاهەڵگری سەربەخۆیی بێت و خەون بە سەربەخۆیی نیشتمانەوە ببینێ،هەروەها لە رووی كەسایەتی ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەوە ،بەرێزیان چ لە سەر ئاستی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوچەكە و جیهان خاوەن پێگەیەكی بەهێز و متمانە پێكراوە و وەك چۆن لە رابردوو و ئێستا و داهاتووش بینرا و دەبینرێت ،بۆ زۆرینەی پرسە گرنگەكان و چارەسەریان دەگەرێنەوە لایی سەرۆك بارزانیی ..روون و ئاشكرایە ،ئێستا كوردستان بووەتە سەنتەری دیپلۆماسییەتی وڵاتانی عەرەبی و ئەوانیش ركابەری دروستكردنی پەیوەندیی باشن لەگەڵ كوردستاندا، ئەمەش دەرئەنجامی سەركەوتنی سیاسەتی كوردستانە و دەستپێشخەریی سەرۆك بارزانییە بۆ ئاشتەوایی لە ناوچەكەدا".
سەرۆك مسعود بارزانی وەك رێبەری بزاڤی رزگاریخوازیی نیشتمانیی كوردستان و كەسایەتییەكی كاریگەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش، هەمیشە وەك رێبەرێكی حیساب بۆكراو و خودان هەڵوێست و كردار سەیركراوە، بۆیە لە زۆر لاوە لەلایەن دوژمن و ناحەزانەوە حیسابی وردی بۆ كراوەو هەوڵدراوە كەوا لە كەسایەتیی جەنابیان بدرێت، هەموو لایەك باش دەزانن خۆبەدەستەوەدان لە فەرهەنگی بارزانی-دا بوونی نییە، مسعود بارزانی نوێنەرایەتیی ئیرادەی گەلی كوردستانی كردووەو، تا ئێستاش ئەو نوێنەرایەتی ئیرادەی گەلی كوردستان دەكات، بۆیە دوژمنان هەوڵیانداوە لە رێی هێرشكردنە سەر كەسایەتیی مسعود بارزانی، ئیرادەی گەلی كوردستان بشكێنن، بەڵام خۆشبەختانە هێژا سەرۆك بارزانی وەك چیایەكی سەركەش و خۆڕاگر بەرامبەر هێرش و پەلاماری ناحەزان و دوژمنان وەستاوەتەوەو بە هێمنی و لێهاتوویی و سیاسەتی حەكیمانەی خۆی هەوڵ و هێرش و پیلانی ناحەزو دوژمنانی پووچەڵ كردۆتەوەو، بەردەوام هیوایەكی نوێی بە گەلی كوردستان بەخشیوە. كەسایەتیی بەرێزیان و قوتابخانەكەشیان ئامانجێكی روون ودیاریان بۆ پرسی كورد وكوردستان هەیە.
Top