سەرۆك بارزانی و بایەخ و پێگەی نێودەوڵەتی هەرێمی كوردستان ..
April 7, 2019
وتار و بیروڕا
راستە، ئەمانەو دەیان دەسكەوتی دیكە كە هەر یەكەیان بایەخێكی تایبەتیی خۆی هەیە، لە سووچێكەوە، زادەی خەباتی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانن. زادەی ژیری و بەرنامەرێژیی پەرلەمان و حكومەتی كوردستانن. زادەی تێكۆشانی حزبە سیاسیەكانی كوردستانن. زادەی لە خۆبوردوویی پێشمەرگەی كوردستانن. بەڵام لە هەمان كاتدا، مەحاڵ بوو ئەم دەسكەوتانە بهاتنایەتە دی و جێگیر بوونایەو گەشەیان بكردایەو بە راستە رێگەی خۆیان بڕۆیشتنایە، لە پێناو قازانجی كوردو عێراقێكی مرۆڤایەتی، ئەگەر خواستێكی پۆڵایین و كەسایەتییەكی بەهێزو عەقڵێكی وردبینی وەك جەنابی سەرۆك بارزانی، بە بێ دەنگی، بە وردی، بە خەمخۆری، بە بەردەوامی لە پشتی نەبووایە. هەروەها چوار ساڵی رابردوویی رووداو و پێشهاتەكان و شەرٍی تیرۆر و پیلانگێری ئیقلیمی و گەمارۆدان و ئینجا رزگاركردن و گەیاندنی دۆزی كورد ، سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك بارزانیی توانیی لەلایەك پێگە و دۆزی كورد بپارێزێت و لەلایەكی تریش دۆزی كورد بە ئاراستەیەكی پێشكەوتووتر هەنگاو بنێ و متمانە نێو دەوڵەتی زیاتر بنێ.. هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی ستراتێژییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە دەوڵەمەندە بە كانزاكان. بەهێزیی پێگەی ئابووریی كوردستان كاریگەریی دەبێت لەسەر ڕەوشی ئابووریی ناوچەكە و جیهان، ئابووری و سیاسەت دووڕووی یەك دراون. دەوڵەتی ئۆردن كاتێك ئاڵای كوردستان لە پێشوازی سەرۆك بارزانی هەڵدەكات لە فڕۆكەخانە و له كۆبوونەوەی جێنیشینی ئەو وڵاتە و ئاڵای كوردستان بەبێ ئاڵای عێراق دادەندرێت، دەلالەتی ئەوەیە هەرێمی كوردستان پێگەی بەهێزی خۆی هەیە.بە هۆی ئەو كەشوهەوا سەقامگیر و پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی نێو هەرێمی كوردستان ، بوونی دەیان كۆنسوڵخانە و كۆمپانیایی وڵاتانی زڵهێز و هەروەها گرتنەبەری سیاسەت و بەرێوەبردنێكی ژیرانەی هەرێمی كوردستان ساڵ بە ساڵ متمانە و بایەخی هەرێمی كوردستان لە سەر ئاستی ناوچەكە و نێو دەوڵەتی زیاتر دەبێ ،هەر بۆیە ،بانگهێشتكردنی سەرۆك بارزانی لە لایەن پادشای ئۆردنەوە بۆ كۆڕبەندی ئابووریی دەریای مردوو و هەڵكردنی ئاڵای كوردستان بۆ پێشوازی و دانانی ئاڵا كوردستان لە كۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەدا لە پڕۆتۆكۆلی نێودەوڵەتیدا پێی دەڵێن گەلی كورد شایانی ئەوەیە ببێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی، كە له لایەن دەوڵەتێكی عەرەبیشەوە بێت ئەوە جێگەی خۆشحاڵییە. ئەگەر هەڵوەستەیەكی ژیرانە لە سەر دوای رووداو و پێشهاتەكانی ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بكەین دەبینبن كە گەمارۆی دیپلۆماسی خرابووە سەر كوردستان، بەڵام بە ماوەیەكی كورت توانرا هەرێمەكەمان بخرێتەوە ناو ساحەی سیاسیی نێودەوڵەتی و لە پێشوو زیاتر دەوڵەتان گرنگی بە پێگەی ئابووری و سیاسیی كوردستان دەدەن.ئێستا سەرۆك بارزانی ڕێبەرایەتیی كوردستان دەكات و وڵاتانی ناوچەكە و جیهان بۆ مامەڵە لەگەڵ كوردستان مامەڵە لەگەڵ سەرۆك بارزانی دەكەن و سەرۆك بارزانی ئێستا نوێنەرایەتیی گەلی كوردستان دەكات و تەنانەت بۆ چارەسەركردنی كێشەی پارچەكانی كوردستان داوای ڕێنمایی لە سەرۆك بارزانی دەكرێت.كۆڕبەندی ئابووریی دەریای ئۆردن لە كات و ساتی ئێستادا ئەنجام دەدرێت كە داعش بەفەرمی كۆتاییی بە خەلافەتەكەی هاتووه، بەتایبەت لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە ڕێبەرایەتیی سەرۆك بارزانی.كۆڕبەندی ئابووری ئۆردن لە تۆقیتێكدا ئەنجام دەدرێت كە داعش لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی دەوروبەری ئۆردن بەرەو هەرەسهێنان دەچێت و شتێك نەماوە به ناوی داعش كە خاكی بەدەستەوە بێت، كە كۆڕبەندەكە بۆ بووژانەوەی ئابووریی ئۆردنە به پلەی یەكەم و پاشان بووژانەوەی ئابووریی ئەو ناوچانەی كە به شەڕی داعش سووتاون.پاش ئەنجامدانی ڕێفراندۆم، كوردستان بە كۆمەڵێك قەیرانی قورسدا تێپەڕی كە وڵاتانی دراوسێ و بەشێك له وڵاتانی عەرەبی كارێكی وایان كرد ڕووی سیستەمە سیاسییەكانی پێش خۆیان سپی كردەوە و هێرشێكی ئابووری و دەرونیی ناڕەوایان كردە سەر كوردستان كە تەنیا داوای مافی سەربەخۆییی خۆی كردبوو، بەڵام وڵاتی ئۆردن بەرانبەر بە ڕێفراندۆم هەڵوێستی سلبیی نەبوو. دەوڵەتی ئۆردن هەمیشه پێوەندیی لەگەڵ سەركردایەتیی كورد باش بوو..ئۆردن ئەو وڵاتەیە هەمیشە لەگەڵ سەركردایەتیی كورد لە مێژوو و ئێستا و لە كاتی ئەنجامدانی ڕێفراندۆمی سەربەخۆییی كوردستان لە 25/9/2017دا پێوەندییەكی باشی هەبووە، هیچ كارێكی نەكردووە كە دژی بەرژەوەندییەكانی كوردستان بێت. سەرۆك بارزانیی ،بەپێی ئەو باگڕاوندەی لە بواری سیاسی و نێودەوڵەتیدا ھەیەتی و ڕۆڵی گرینگ و کاریگەریشی لەسەر ئاستی ناوچەکە ھەیە، لەسەر ئەو بنەمایەشە لە ئاستی سەرۆکی وڵاتان بانگھێشتی کۆڕبەندی جیھانیی دەریای مردوو کراوە لە وڵاتی ئۆردن.پارتی وەك زەروورەتێكی مێژوویی بۆ هاووڵاتیانی كوردستان دامەزراوە، لەو ڕۆژەوەیش كە بە سەركردایەتیی باوكی ڕۆحیی نەتەوەییمان "بارزانیی نەمر" خۆی ڕاگەیاندووە، هەمیشە كاری كردووە بۆ پاراستنی خاكی كوردستان لە دوژمنان، بۆیە ئێستایشی لەگەڵدا بێت، تاكە حیزب كە بمانپارێزێت لە دەستی دوژمنان، پارتییە. پارتی ئەو حیزبەیە كە دەتوانێت ئاییندەی كوردستان و نەوەكانمان زامن بكات، هەروەك چۆن بینییشمان ڕۆژانی شومی خیانەتی 16ـی ئۆكتۆبەر، كوردستانی لە پیلانی ناوخۆیی و ئیقلیمی پاراست، لە پردێ و سحێلا و چەند ناوچەیەكی دیكە، تەوای پیلانەكانی دوژمنی شكست پێ هێنا بۆ لەناوبردنی قەوارەی سیاسیی كوردستان. ئاماژەکانی پێشوازیکردن و دانانی ئاڵای کوردستان و دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی جیھان، یەکەم ئەوە پێگەی جەنابی سەرۆک دەردەخات لە لایەکی دیکەوە گرینگی و پێگەی ھەرێمی کوردستان لە ناوچەکە دەردەخات، بەتایبەتی لەدوای شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش، چونکە چاوەڕێی گۆڕانکاری دەکرێت و لە ھەرێمی کوردستانیش جووڵەی بازرگانی گەشەی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە. ھەرێمی کوردستان لە ھاوکێشەی ناوچەکە ژمارەیەکی گرینگە، چونکە کورد بەشێکە لە ھێزی تەوازون لە نێوان وڵاتانی ناوچەکەدا و، پێگەی کورد زۆر بەھێزترە لە ڕابردوو، لەبەر ئەوەش، بەبێ ھەرێمی کوردستان و بەبێ کورد ھیچ بڕیارێک لە بوارە جیاوازەکاندا لەبارەی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوینەوە نادرێت..