پارتی نە هەڵەی کرد نە پەلە بەڵکو خوێندنەوەیەکی ستڕاتیجی بۆ ئێستاو ئایندەی یەکێتی کردووە،
April 1, 2019
وتار و بیروڕا
ئەڵبەت، لەگەڵ ئەوەی پارتی لە هەر هەڵبژارنێکدا بە ڕێژەیەکی زۆر لە پێشەوەی یەکێتی بووە، وەلێ هەر جار لە پێناو دەستەبەر کردنی کۆ دەنگی و یەک هەڵوێستی کورد و پارێزگاری کردن لە دەستکەوتەکان، لە ئستحقاقی ئینتخابی خۆی خۆش بووە، لەو پێناوەشدا هەم پارتی قوربانی زۆری داوە، هەمیش یەکێتی سوو ئیستفادەی کردووە، ڤێجا ئەو مڕوونەتەی پارتی بۆ بەرژەوەندی خۆی إستغلال کردوو، بێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە ڕۆژێک دێت، پارتی إعادە نەزەڕ بکات و بەو پەیوەندیانەی خۆی لەگەڵ یەکێتی دا بچێتەوەو مەسەلەی پەنجا بە پەنجا بۆ ئەبەد لە گۆڕ بنێت، کە لە ئەصلدا بیدعەیەکی سیاسی و ئینتخابی بێ وێنەبوو،
پێخەمەت لە دوای هەڵبژاردنی پایزی ٢٠١٨، کە پارتی وەک حزبی یەکەم و سەرقافڵەی ڕیفراندۆم و خۆ نەچەمێنان، توانی چل و پێنج کورسی پەرلەمانی مسۆگەر بکات و سەرکەوتنێکی گەورە وەدەست بهێنێت، ئیتر لە دوای ئەوە پارتی بە ڕووئیایەکی تازەگی لە کۆی پرسەکان دەڕوانێ و خۆ سازدانێک لە تێگەیشتی سیاسیەتی پارتی بەدی دەکرێ و ئەستەمە وەک بەرێ دەستی یەکێتی بگرێ، بە تایبەتیش دوای خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەر و هەڕاجکردنی نێوەی خاکی کوردستان، وەک هەوڵێک بۆ لە باربردنی پڕۆسەی سەربەخۆیی باشوری کوردستان و دواجار هەڵوەشاندنەوەی قەوارە و کیانی هەرێم، ئینجا ئەگەر یەکێتی ئەو کەتنەی نەدەکرد، بێگومان پارتی دەبوو بەو لەتە سێوەی کە سۆقڕات باسی دەکات،
ئێستاش کە یەکێتی بڕیاری ئەوەی داوە حزبێک نەبێت لە پێناو نەتەوەو گەڵ تێبکۆشێ، وە لە مەبدەئە نیشتمانییەکان هەرتم سازش بکات، بۆ بەرژەوەندی دوو سێ کەسی خۆیان گۆتەنی کاڵفام، لە هەرکوێ پێویست بێت خاک ئەرزان فرۆش بکات، ئەگەر بدۆڕێ سەر لە گێژە بێت و گەر براوەش بێت سۆسیال دیموکڕات، ئەوەیان مانایەک بۆ بوونی پڕۆسەی سیاسی و هەڵبژاردن و دیموکڕاسی ناهێڵێتەوە،
جگە لەمە وەک ڕۆژی ڕووناک دیارە کە یەکێتی لە ناوەخۆی خۆیدا پێنگاڤ بەرەو پێکدا هەڵپڕژانێکی نوێ و مەترسیدار دەهاوێژێ و تا ئەو ئاستە پانتایی دەبڕێ کە باڵی دەست ڕۆیشتوو، چاکتر بڵێم، باڵی خاک فرۆشان، وەک چۆن دەستیان گرتووە بەسەر تەواوی داهات و دارایی ئەو حزبە، ئاوهاش مۆنۆپۆڵی گشت ئۆڕگانەکانی یەکێتی لە پێشەڕۆژدا لە دەستی ئەوان دەبێت و هەرچی خەبات گێڕ و کورد پەروەری ئەو حزبە هەیە شاپ بەدەر دەکرێن، واتا لە ئێستاوە پاڤل تاڵەبانی سکرتێری داهاتووی یەکێتیەو لاهوریش دەستە ڕاستیەتی، بۆیە پارتی وەک ئەلتەرناتیڤ، هەر حزب و هێزێکی تری پێ گونجاو ترە لە یەکێتی،
ئینجا هەمان باڵ، کە بە باڵی دەست ڕۆیشتووی ناو یەکێتی ناسراوە، گەرەکیانە بە ٢١ کورسی پەرلەمانی، بە هاش و هوش، وەک بەرێ نیوەی پۆستەکانی کابینەکەی کاک مەسرور بۆ خۆیان حاصل بکەن، بۆیەش هێندە دەیهێن و دەیبەن، چونکە ترسیان لە بوونی ئەوە وەک سەرۆکی حکومەتی داهاتوو، گومان لەوەدا نیە پارتی و بەتایبەتیش جەنابی کاک مەسرور، سیاسەتی ئەو چەند ساڵەی دوایی گرووپە خیانەتکارەکەی نێو یەکێتی لە یاد بکەن، بۆیەش دەستیان داوەتە حەملەیەکی قڕێژ و سەرو بنی زمانیان ئەوەیە کە
ڕێکەوتنی پارتی لەگەڵ گۆڕان لەسەر کۆمەڵێک پرسی گرنگی وەک سەرۆکایەتی هەرێم و تێپەڕ کردنی یاسای چاک سازی، هەم هەڵەی کردەوە هەم پەلە، وەلێ پێم وابێ ئەم هەڵیت و پەڵیتەی ئەوان جگە لە کوتنی ئاسنی سارد، هیچی تر نیە، چونکە پارتی دەیهەوێ دیموکراسی چ وەک چەمک، چ وەک ناوەرۆک تەعریفی خۆی لەدەست نەدات و ڕۆبچێتە ناوەخنی کۆمەڵگاوەوە، بە تایبەتیش مەسەلەی هەڵبژاردن، وەک یەکێک لە بنەما و پایە گرنگ و سەرەکیەکانی دیموکڕاسی، چوون بەڕاستی لۆژیک نیە، حزبێک بەو قەبارە بچوکە بەرکەوتەی بەقەد حزبێک بێت کە نزیکەی نیوەی کورسیەکانی پەرلەمانی بەدەست هێنا بێت، جا ئەگەر وایە چ مانەیەک بۆ پڕۆسەی دیموکڕاسی و هەڵبژاردن دەمێنێتەوە،
بۆیە بەعیقدەی من، پارتی هەرگیز ئەو هەڵە مێژوویە ناکات کچی خۆی ناکاتە قوربانی کوڕی خەلک، ئەمە لە لایەک، لە لایەکی تر پارتی لە دوای ١٦ ئۆکتۆبەر پارتیەکی ترەو سیاسەت و دوونیا بینی جیاوازی دەبێت لە داهاتوو، وە پارتی وەک حزبی پێشەنگ کار بۆ کوردستانێکی بەهێز ئارام دەکات و ئیتر سەردەمی دیموکراسی و یەکسانی بە پڕاکتیک لە ئەرزی واقیعدا جێ دەکاتەوە، کار دەکات هێڵە گشتیەکان ڕێچکەی ڕاستەقینەی خۆیان بگرن.
لە کۆتایدا یەکێتی بەغارە غار دێتە نێو پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەی نۆیەم، چونکە ئەم حزبە فرچکی بە پۆست و پلە گرتووە، ئەگەر لە دەرگاوە دەریکەن لە پەنجەرە دێتە ژوورەوە، بەڵام دیهەوێ ناز بەسەر پارتی بکات، تا مودیر عامێک یان مودیر مەکتەبێک زیاتر وەرگرێ