جوانی و جوامێری
March 16, 2019
وتار و بیروڕا
لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، بەڕاوێژ و گفتوگۆ بڕیاری هەڵگرتنی پاشەکەوتی مووچە دەدرێت، کاپتنی حکومەت هێژا نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرەییەی رۆژنامەوانیدا بڕیار و بەڵێنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێت، بڕیارێکی گرنگ و پڕبایەخ بۆ خەڵکی کوردستان بەگشتی و مووچە خۆران بەتایبەتی، سەرۆکی حکومەت وێڕایی ڕێز و پێزانین بۆ خەڵکی کوردستان لە تەحەمولکردنی قەیرانی دارایی و پشتیوانی خەڵک بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵێنی بەردەوامی دەدات لە چاکسازی و پاکسازییەکان و ڕێکخستنەوەی دامودەزگاکانی حکومەت و باشترکردنی ژیان و بژێوی خەڵک.
کاردانەوەی خەڵک و پێشوازی خەڵک بۆ پەرۆشی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بڕیاری هەڵگرتنی پاشەکەوت بەئاشکراو ڕوونی هەستپێدەکرا و دەخوێنراییەوە، ئومێد و هیوای خەڵک بە ئایندەییەکی باشتر سەد بارتەقای جاران زیادیکرد.
پارتی جوانی هەیە و جوامێری شکدەبات، لەماوەی بیست و هەشت ساڵی حکومڕانی کوردستان، پارتی و سەرکردایەتیەکەی و کادران و جەماوەرەکەی هاوشانی کەناڵە نیشتمانیەکانی ڕاگەیاندن، بەشێک بووین لە ئیرادەی گشتی و لەسەنگەری خەڵکەوە لەگەڵ خەڵك تێکۆشاوینو بۆ خەڵک، جوامێریمان هەیە لە فیداکاریی و خەبات و تێکۆشاندا، جوانیمان هەیە لە ئیدارەدان و ئاوەدانی و بەردەوامیداندا، هەربۆییە ئێمە بکەرین، خاوەن ئایدیا و فیکریی نیشتمانی و مرۆڤدۆستین، ئاڵاهەڵگریی فەلسەفەی بارزانین، سەرگەرمی گەیاندنی پەیامەکەمان و فیداکارین بۆ گەیشتن بە ئامانجە باڵاکانی نیشتمان.
لێ بەشێک لەو گروپ و تاقم و باندانەی دژی ئیرادەی گەل و خۆشگوزەرانی و بژێوییەکی شایستەن بە خەڵک، هەر زوو کەوتنە خۆ ڕنینەوە، بەڵێ بەناوی دڵسۆزی و پەڕۆشی بۆ خەڵک هاتنە گۆ، جا چۆن گۆ کردنێک! ئەوان کە بۆ ساتێک لەبەرامبەر خەڵک بەرپرسیارنەبوون، بۆ دەمێکی کورت لەگەڵ خەم و ئازارەکانی خەڵک نەبوون، بگرە بە ئاسودەی خەڵک و ژیانێکی شایستەی خەڵک نیگەران و پەشیون، ئەو زڕە قەڵەمانە گەرەکیانە هەمووشتێک بێبەهابکەن و دوودڵی و نیگەرانی بکەنە دۆخێکی گشتی، فەزای کۆمەڵگای کوردستان بە ڕەشبینی بتەنن! ئەو تاقمبازانە لە جیاتی هاوسۆزی خەڵک و کۆمەککردن بە دۆخی گشتی، لە سەردەم و ساتی قەیرانەکاندا ببونە بوقی دوژمن، لە ڕێگەی نووسین و لێکدانەوە بێ سەرو سەوداکانیانەوە، دۆخی دەروونی خەڵکیان دەشێواند و دەبوونە بارگرانی زیاتر لەسەر شانی خەڵک، هەربۆیە بەهیچ هەوڵ و هەواڵێک دڵخۆشنەبوون و نابن کە هەوڵ و هەواڵی باشتربوونی ژیانی خەڵک و دەرکەوتنی ئاسۆی سەرکەوتنبن.
لەیاد و بیرەوەری لە دایکبوونی (سەرۆک مستەفا بارزانی)دا، لە ساڵیادی یادەکانی ئازار و ڕاپەڕین دا، لە پێشوازیی جەژنی نەورۆز دا، بەرەی نیشتمانپارێزانبەڵێن دەدەین، درێژە بەڕێبازی بارزانی دەدەین، لەخزمەتکردنی خەڵک و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی، خەبات دەکەین بۆ بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکانی گەلی کوردستان.