١١٦ مین ساڵیادی لە دایکبوونی رابەری رۆحی نەتەوەیی ..
March 14, 2019
وتار و بیروڕا
مستەفا بارزانی نەمر ، ئەو سەرکردە نەتەوەیی و کارێزمایەی کە رێگەی نەدا چرای کوردایەتی و بەرخۆدانی کورد وکوردستان بکوژێتەوە و لە بێ ئومێدیییەوە کوردی گەیاندنەوە بۆ ھیواو گەشبینی ، بۆ وەستان لەسەر کەسێتی و رۆڵی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردا وەکو رابەرێکی کورد و عێراقییەک شایەنی رێزە لە خەباتی درێژخایەنی لەپێناو ئازادی و دیموکراسی گەلی کوردستان و لە بەرھەڵستکردنی دیکتاتۆرییەت و ستەمی ئاوەزی شۆڤێنی. ناوی تەواوی مەلا مستەفا (کوڕی شێخ محەممەد کوڕی شێخ عەبدولسەلامی یەکەمی کوڕی مەلا عەبدوڵڵای کوڕی مەلا عەبدولسەلامی کوڕی مەلا سەعیدی کۆڕی شێخ محەممەدی کوڕی مەلا ئەحمەد ناسراو بە (پێرەش) کوڕی مەلا عەبدولرەحیمی کوڕی میر یوسف خانی کوڕی میر سەعیدی کوڕی میر سەییدی خانی کوڕی میر قوبادی یەکەمی کوڕی حسێن (وەلی) کوڕی حەسەن بەگی کوڕی سەیفەدینی کوڕی محەممەد بەھائەدینی دامەزرێنەری میرنشینی بادینانە، لە رێکەوتی ١٩٠٣/٣/١٤ لە (گوندی بارزان) (لەدایکبووە) و سەربە شێخانی تەریقەتی (نەقشبەندی) یە.
ھێشتا تەمەنی نەگەیشتبووە سێ ساڵان تورکەکان لە ساڵی ١٩٠٦ ھەڵمەتێکی سوپایی دەھێننەسەر عەشیرەتەکانی کورد و شێخ عەبدولسەلامی براگەورەی بەدیلدەگرن، بارزانی لەگەڵ شێخی براگەورەی و دایکی بۆ ماوەی (٩) مانگ لە زیندانی عوسمانییەکاندا لە شاری موسڵ زیندانیدەکرێن، ھەر لە تەمەنی منداڵییەوە کەسایەتییەک بووە سەرنجی دەوروبەری بۆ لای خۆی راکێشاوە، بەمەش بارزانی دەبێتە (یەکەم منداڵی زیندانی کورد)واتە بارزانی بووەتە یەکەمین سەرکردەی ھەڵکەوتووی کورد کە ھەر لە منداڵییەوە لەلایەن داگیرکارانی کوردستان زیندانیکرابێت، بارزانی لەمالێکدا گەورەبووە کە تەریقەتی نەقشبەندی و رەوشتی ئایینی و جموجووڵی شۆڕشگێری و سیاسی و خەسڵەتی بەرچاو و دیاری ئەم خێزانە بووە، بۆیە ھەر بە منداڵی بە بیری ئایینی و شۆڕشگێری پەروەردەدەکرێت و ھەر لەزووەوە دەبێتە جێگەی سەرنجی خانەوادەکەی و خەڵکی دی، لە منداڵییەوە بەھۆی خورەوشتی بەرز و ئازایەتییەوە سەرنجی خەڵکی بۆ خۆی راکێشاوە و سۆز و خۆشەویستی خانەوادەکەی بەدەستھێناوە، چونکە ھەر لە منداڵییەوە خانەوادەکەی بەرەو مەشقی راووشکاری و ھونەری چەک ئاراستەیانکردبوو، سروشتی ژینگەی بارزانیش رۆڵی لەو ئامادەسازییە ھەبووە، ئیدی بارزانی خۆی بە راووشکار لە چیا سەرکەشەکانی بارزان خەریککردبوو بۆئەوەی لەرووی جەستییەوە رێک و بەھێزبێت.
بارزانیی نەمر بە یەکێک لە سەرکردەکانی سەردەمی خۆی (و پاش خۆیش) لەوەدایە، کە ئەو، بە پێچەوانەی سەرۆک پارتەکانی دیکە، پەروەردەی جۆری دووەمی سەرکردەکانە و ھەلگری ھەموو بەھا و ناوەرۆکی پەیامی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی رابەرە ئایینیەکانە و، لەھەمان کاتدا سەرۆکی پارتێکی سیاسیی سەردەمە.ھەر ئەم تایبەتمەندیەیە وایکرد، بە درێژایی نزیگەی نیو سەدە، بارزانی نەمر ببێتە ھیما و سەرکردەی بزافی رزگاریخوازی کورد و سەرکردایەتی نەتەوەکەی بکات بە جۆرێک دۆست و نەیار رێزی تایبەتی لێ بگرن و دان بە پێگە و رۆلی سەرکردایەتی بدەن.لەم قوناغە ھەستیارەدا و، لەم ھەموو ململانێ حزبیانەدا، پێویستیمان بەوە ھەیە ژیان و ئەزموون و بیر و ھزری بارزانی نەمرمان لەبەر چاو رابگرین و ھاوکاری سەرۆک مسعود بارزانی بین و،ەک ھەلگری پەیام و ھزری بارزانی نەمر و، تەواوکەری ئەرک و ئامانجە نەتەوەییەکانی کورد.ھەموو گەلێکی سەر ئەم زەمینە ھێماو قارەمانی خۆی ھەیە، بارزانی خاوەن فیکرو ژیانی کردارەکیی خۆیەتی، ئەو لەنزیکەوە لەگەڵ ئەزموونی سۆشیالیستدا ژیاوە ، کاتێ بەرەو یەکێتیی سۆڤییەتی جاران بە کاروانە مێژووییەکەی بەڕێ کەوت و زیاتر لە دە ساڵ لەوێ مایەوە، ئەوکاتە نیوەی جیھان سۆشیالیست بوو و چارەسەری کێشەی نەتەوەییش بەپێی پرەنسیبەکانی سۆشیالیزم مایەی گفتوگۆو باسکردن بووە، ئەم ئەزموونە فیکری بارزانی بەھێزترکرد کە بە چاوی خۆی بینی چۆن سۆشیالیزم لە چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەییدا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە شکستی ھێناوە، ئەمەش ئاماژەیەکی کاریگەر بوو لە فیکری بارزانی.کلتووری مێژوویی ناوچەی بارزان کاریگەریی زۆری ھەبووە بۆسەر فیکری بارزانی لە رووی لێبووردەیی و قبوڵکردنی فرەئایینی.مستەفا بارزانی بۆ خۆشبەختی و سەربەستی ئەم گەلە و میللەتە بوو تا بگەینێتە قۆناغی کۆتایی و کورد لەژێر دەستی دەربێت و ببێت بە دەوڵەت، کە پەنجا ساڵی تێکۆشانی بارزانی و پێشتریش تێکۆشانی شێخ عەبدولسەلامی بارزانی ئەمە سەدەیەک و چارەکێکە تێدەکۆشین تا ئەو میللەتە ڕزگاری بێت ئێستا دەرفەتە ئێمە لە دەوری سەرکردایەتی لە دەوری درێژە پێدەری ئەو ڕێبازە کە سەرۆک بارزانیـیە دەتوانین کۆ بینەوە و، کاتێکی زۆر باش و زێرین بۆ کورد ھاتووەتە پێش ڕاستە تووشی چەند قەیرانێکی ناخۆش بووینە، لەوانەش شەڕی تیرۆریستانی داعش و قەیرانی دارایی، بەڵام نابنە ھۆی ئەوەی ڕابوەستین دەبێت لەسەر خەبات و تێکۆشان بەردەوام بین و ھەول بدەین پرۆسەی ڕیفراندۆم کە جەنابی سەرۆک ھەوڵی سەرخستنی دەدات وەک مافێکی ڕەوای ئەو میللەتە جێبەجێ بکرێت تا میللەتی کوردیش وەکو ھەموو میللەتانی جیھان ببێتە خاوەن کیانی سەربەخۆ و سەربەستی خۆی بێ..