لە ساڵیادی لەدایكبوونی مستەفا بارزانی- ی نەمردا
March 12, 2019
وتار و بیروڕا
كورد وەك هەموو گەلانی دیكە هێماو سەركردەو بیرمەندی خۆی هەیە، یەكێك لەوانەی لەنێویاندا هەڵكەوتووەو رێچكەی ژیان و ئایندەو چارەنووسی گۆڕیون، مستەفا بارزانی-یە، كە لە سەردەمی تازەدا ئەزموونێكی دەوڵەمەندی هەیە و رووبەڕووی چەندین تەحەددی بۆتەوە. لە نزیكەوە ئەزموونی سۆشیالیزمی تاقی كردۆتەوە ئەو كاتەی كە لە یەكێتیی سۆڤییەتی جاران بووە، پێش ئەویش مستەفا بارزانی لە سەرەتای لاوییەوە سەركردایەتیی شۆڕش و راپەڕینەكانی كردووە، هەروەها رووخانی كۆماری كوردستانی لە مەهاباد بەچاوی خۆی دیوەو ئاگاداری ململانێی رۆژهەڵات و رۆژئاواو كاردانەوەكانی بووە بۆ سەر كێشەی كوردو هەموو ئەو گرێبەست و رێككەوتنانەی نێوان زلهێزەكان دەربارەی چارەنووسی گەلان، لە پەیماننامەو رێككەوتننامەكانی (پۆتسدام، تاران، ماڵتا،یاڵتا و رێكەوتنی جەزائیر). بێگومان هەموو ئەمانە وانەو پەندی پێ بەخشیوە و ئامادەكاریی لا خوڵقاندووە بۆ زیاتر تێگەیشتن لە سرووشتی بزووتنەوەی كوردی، هەروەها بۆ دانانی شێوازو رێچكەی لەبارتر بۆ بەدەستهێنانی مافەكان بە خەباتی ئاشتییانە و شۆڕشگێڕانە.
بارزانی وابەستەی مێژووی گەل و بنەماڵەكەی بوو، دوو نەوەی پێش ئەویش هەر خەریكی كوردایەتی بوون، لەسەردەمی شێخ عەبدولسەلام بارزانی، میراتێكی بەرچاو و باڵای نەتەوەیی بۆ بەجێماوە.
یەكێك لە خەسڵەتە تایبەتییەكانی بارزانی، دووركەوتنەوە بوو لە حزبایەتیی تەسك، ئەو پابەند بوو بە چەمكەكانی نەتەوە و نیشتمانەوە، هەروەها وابەستەبوو بە گەلەكەی و رێزگرتن لە بیروباوەڕو ئامانجە رەواكانی گەل، هاوكات كراوە بووە بەرامبەر پەیڕەوكارانی ئایینەكانی دیكەی موسڵمان و كریستیان و ئێزیدی، پاڵپشتی هەژاران بوو و هاوسۆز بوو لەگەڵ مەینەتیی ئافرەتانی كوردستان و داواكاری دۆستایەتیی بوو لەنێوان كوردو عەرەبدا و لەگەڵ جوداكردنەوەی ئایین بوو لە سیاسەت.
بێگومان بارزانی كەوتبووە ژێر كاریگەریی كولتوور و دابونەریتی ناوچەی بارزان، چونكە هەر لەوێدا چاوی بۆ ژیان هەڵێنابوو، بارزان ناوچەی شۆڕش و یاخیبوونەكان بووە دژی ستەمكارانی ئینگلیز و حكومەتە عێراقییە یەك لەدوای یەكەكەكان، هەروەها لە پەیوەندیی بە حزبی هیواوە، بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كتێبەكەیدا «البارزاني والحركة التحرریة الكردیة» باسی ئەوە دەكات كە پەیوەندی هەبووە لەگەڵ شێخ سەعید، بزووتنەوەی خۆیبوون گەیشتۆتە ناوچەی بارزان و لە هەولێر و سلێمانی و بەغدا بڵاوبۆتەوە، خۆیبوون بزووتنەوەیەكی نەتەوەیی سەرتاسەریی بووە لە سێ پارچەكانی كوردستان لەسەردەمی عوسمانیدا.
سەرچاوە بنەڕەتییەكانی فیكری بارزانی:
1. لە 19-1-1948دا كۆنفرانسێك لە شاری باكۆ بەستراو تێیدا كوردی ئێران و عێراق و سووریا ئامادەبوون، بارزانی بۆ یەكەم جار بوو باسی پرسە سیاسی و فیكری و فەلسەفییەكانی كرد، دەقی وتارە بەناوبانگەكەی لە كتێبەكەی بەڕێز مسعود بارزانی بڵاوكراوەتەوە، كە تێیدا ستراتیژیەتی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردی خستبووەڕوو، لەو قۆناخەشدا جیاوازیی كردبوو لەنێوان دوژمنان و دۆستانی كورد، بەردی بناخەی ستراتیژیی فیكری بارزانی لە كۆنفرانسی باكۆوە دەستی پێكرد، زۆربەی مێژوونووسان جەخت لەوە دەكەنەوە كە ئەمە یەكەم جارە بارزانی باس لە بواری فیكری و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بزووتنەوەو ململانێكانی ناوچەكە دەكات، بە رای من ئەمە هەوڵێك بووە بۆ دۆزینەوەی پێگەیەك بۆ كورد لە ناوچەكەدا، چونكە پێشتر كورد هیچ پێگە و رۆڵێكی نەبووە شایانی باسكردن بێت، هەروەها بارزانی هەوڵی دەدا یەكێتیی سۆڤییەتی جاران تێبگەیەنێت كە (ئەو كاتە) 20 ملیۆن كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەن، دەتوانن رۆڵی گرنگ لە ناوچەكەدا ببینن، ئەو كوردانە پەیوەستن بە شۆڕشی جیهانییەوە، ئەم وتارە بووەتە بەڵگەنامەیەكی ئەرشیفكراوی یەكێتیی سۆڤیەت و قسە و لێكۆڵینەوەی زۆر دەربارەی كراوە.
2. بۆ جاری دووەم كە فیكری بارزانی تێیدا دەركەوت لە كۆنگرەی كانی سماق بوو لە 15-4-1967، وا رێكەوت كە لەوێ یەكەم سەردانم بێت بۆ لای بارزانی و ناوچە ئازادكراوەكان و ئامادەی كۆنگرەی سیاسی- سەربازیی سەركردەكانی هێزی پێشمەرگە بووم كە ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی و مەكتەبی سیاسی و ئیدریس بارزانی-ی هەمیشە لە یاد ئامادەی بوون.
بارزانی لە كۆنگرەی كانی سماق رووی لە فەرماندەكانی پێشمەرگە و خەباتگێڕانی حزب كردو پێی گوتن: (ئێوە قارەمانانی ئەو گەلەن و خۆتان بە قوربانی دەكەن، هیواخوازم چاوتان لە هەژاران بێت و رەخنەش قبووڵ بكەن، ئەوەی لەپێناو بەرژەوەندیی تایبەتی كاربكات جێی لەنێوماندا نابێتەوە و كوردایەتیش پێویستی پێی نابێت). بارزانی لەو كۆنگرەیەدا كوردی ناساند و داواكارییەكانیشی روونكردەوە و جەختی لەسەر گرنگیی كاری بەكۆمەڵ كردەوە، بە توندییش هێرشی كردە سەر دەوڵەمەندانی كورد كە یارمەتیی گەلەكەیان نادەن، بارزانی هەمیشە دەیگوت: (من سەركردە نیم و خزمەتكارێكی گەلەكەی خۆمم)، هەروەها دەربارەی واتای پێشكەوتنخوازیی دوور لە دروشمی بریقەدار ئاماژەی بەوە دەكرد، (پێشكەوتنخواز ئەو كەسەیە كە ستەم لە گەلەكەی ناكات و دزی لێ ناكات و پارێزگاری لە كەرامەتی دەكات.) هەر لەو كۆنگرەیەدا بە توندی رەخنەی لە مەسەلەی حزبایەتیی تەسك گرت و لەم رووەوە گوتی: (بە درێژایی ژیانم خیانەتم لە كەس نەكردووە و قبووڵیش ناكەم كەس خیانەتم لێ بكات، رێكخستنی ریزەكانمان بنەمای سەركەوتنمانە و ئێمەش ململانێی مان یان نەمان دەكەین، پێویستە سووكایەتیی بە شوان و گوندنشین و ئافرەت نەكەین)، هەروەها زیاتر گوتی: (لە ساڵی 1945 و لە ساڵی 1948 و لە 1960دا گوتوومە و ئێستاش دووبارەی دەكەمەوە و دەڵێم كە هیچ كێشەو ناكۆكی لە نێوان گەلی كوردو گەلی عەرەبدا نییە، كوردو عەرەب دۆست و بران، بەڵام ململانێمان لەگەڵ رژێم و حكومەتەكانە و داوادەكەین حكومەتێكی دیموكرات پێكبێت و ئێمەش هێرش بۆ كەس ناكەین و داكۆكی لە خۆمان دەكەین، حزب خۆی لە خۆیدا ئامرازە نەك ئامانج). بارزانی خاوەنی فیكرو بۆچوونی دیارو روون بوو، شۆڕشی ئەیلوول و ئۆتۆنۆمی و فیدرالی بەڵگەی زیندووی ئەو راستییەن.
رۆژێكیان ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاگاداری كردمەوە سەبارەت بە توێژینەوەیەكم لە كۆنگرەی یادی نەوەد ساڵەی لەدایكبوونی بارزانی كە لە سەڵاحەدین سازكرا، ئەو پەست بوو لە وشەی (بارزانیزم) و حەزی لێ نەدەكرد، منیش لە وەڵامدا گوتم: ئایا دان دەنێیت بە بوونی رێبازێكی فیكری و سیاسیی بەرچاوی بارزانی، گوتی: بەڵێ، منیش گوتم: بە كوردی و بە عەرەبی ئەو دوو وشەیە دەڵێینەوە (نهج البارزاني)بە عەرەبی و بە كوردیش (رێبازا بارزانی)، ئەوەی كە كردوومە گۆڕینی ئەو دوو وشەیەیە بۆ یەك زاراوە كە (بارزانیزم)ە و بە لاتینیش –barzanîzim- ئایا ئەو مایەی شەرمەزاری و تووڕەییە؟ بەو برادەرەم گوت: ئەوەی لێی دەترسم، ئەوەیە كە تۆ حەز بە رێبازی خاوەن زاراوەكە ناكەیت، نەك خودی دەستەواژەكە، هەندێ كەس دەڵێن من وەك خۆم كە نوێنەرایەتیی حزبێك، یان رەوتێكی سیاسی دەكەم كە لە بەشی كوردستانی خۆماندا سەنگی هەیە، لە قۆناخە دیاریكراوەكاندا دژی بارزانی وەستاومەتەوەو تۆمەتمان بۆ هەڵبەستووە و نووسیوە، دواتر گەڕاوینەتەوە و هەڵوێستمان گۆڕیوە بەدوای بەرژەوەندییەكاندا گەڕاوین. من راشكاوانە بەوانە دەڵێم: تەحەدداتان دەكەم كە نموونەیەكم بۆ بێننەوە، هەموو ئەرشیفەكانمان لای خەڵكە، راستە لە زۆر پرسی پەیوەست بە كێشەكانی سووریا ناكۆك بووین، بەڵام بارزانی بە سنگفراوانییەوە گلەییەكانی ئێمەی وەردەگرت، ئێمەش هەمیشە و لە هەموو قۆناخەكاندا لە رووی ئەو سەركردەیانە دەوەستاینەوە كە لە بارزانی هەڵدەگەڕانەوە، یان درۆ و دەلەسەیان دەرحق ئەو زاتە بڵاودەكردەوە، بەتایبەتی لە ساڵی 1966 و دوای نسكۆی 1975 لە كتێب و نامیلكە و بەیاننامە و رۆژنامەكان، هەروەك بەڕێزان جەلال تاڵەبانی و مەحموود عوسمان و سامی عەبدولڕوحمان، ئەوانە دواتر پەشیمان بوونەوەو گەڕانەوە ماڵەكە، دوای شكستهێنانی پرۆژە ئەلتەرناتیڤەكانیان.
كەلەپووری مێژوویی بارزانی سەرچاوەی ئیلهامە و دەكرێ سوودی لێ ببینین، تا ئەو سەردەمەی ئێستاشمان پەندو وانەی لێ وەربگرین، بەتایبەتیش لە بواری ئازادیی مافی چارەی خۆنووسین و شێوازەكانی خەبات و پێكەوەژیانی نێوان نەتەوەو ئایین و مەزهەبەكان و لێبووردەیی و قبووڵكردنی یەكدی و دۆستایەتیی كوردو عەرەب و پێكەوەژیانی هاوبەش.
مایەی شانازییە بۆ من، كە یەكەم كەس بووم لە رووی تیۆرییەوە لە (رێبازی بارزانی)م كۆڵییەوە، دوای ئەوەی بە دیداری شادبووم بە دوو قۆناخ لەمیانی شۆڕشی 1967 و دوای ئاشتی لە 1970 كارم لەسەر ئەم شتە كرد، هاوكات زانیاری و بەڵگەنامەكانم كۆكردەوە، شارەزای رووداووەكان بووم، لەوانەی لەگەڵیدا بوون، بەتایبەتیش ئیدریس بارزانی-ی هەمیشە لەیاد، هەروەها لە كتێبەكانی سەرۆك مسعود بارزانی و دیدار و دانیشتەكانی ئەو، كە گەنجینەیەكی دەوڵەمەندە پڕیەتی لە زانیاری. من دوای هەر دانیشتنێك لەگەڵ كاك مسعود هەموو تێبینی و سەرنجە گرنگەكانم دەنووسییەوە، بێ ئەوەی بهێڵم هەستی پێ بكات، ئەمە وێڕای كتێبی گەڕیدە و مێژوونووسانی بیانی و كوردو عەرەب و ئێرانی، هاوكات بەدواداچوونم لە چەندین دەیەدا هەبووە، تا گەیشتمە داڕشتنی ئەو رێبازە تازەیە و دیاریكردنی بنەما تیۆرییەكان و سەرچاوە و لێكەوت و بنەما مێژووییەكان، لەپاڵ شكۆ سیاسی و رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی و ئەنجامە مەیدانییەكانی ئەو رێبازە، بێگومان من ئەمە بە بەشێكی گرنگی رەسیدی فیكری و رۆشنبیری و نەتەوەیی و نیشتمانی لەقەڵەم دەدەم.