دیدگای پاشە رۆژ بۆ بنیاتنانی مرۆڤــ

دیدگای پاشە رۆژ بۆ بنیاتنانی مرۆڤــ
سیاسەتمەداری دیار و سەرکردەی روحی ھیندی مھاتما غاندی دەلێ" باشترینەکانت لە مرۆڤــ دەست دەکەوێت، ئەگەر باشترینەکانی خۆتی پێ بدەیت".
بێگومان ھەر مرۆڤێک گەر دڵسۆزی و مرۆڤایەتی ھەبێت، کە مرۆڤایەتی ھەموو سیفات و ئادکارە جوانەکانی مرۆڤــ دەگرێتەوە، ئەوا ئەو مرۆڤە ھەرگیز سڵ ناکاتەوە لە بەخشینی ئەوەی دەیزانێ بۆ تێگەیاندن و پێگەیاندنی مرۆڤەکانی تر، چونکە ھەر مرۆڤێک مرۆڤایەتی ھەبێت ئەوا مرۆڤایەتیەکە چاودێرە لە سەری و ھەر ئەویشە پەروەردەی دەکات و ئاراستەی دەکات بۆ کاری چاک و باش، ھەر بۆنموونە ووڵاتەپێشکەوتووەکان وپڕ شارستانیەتەکان خۆ ناتوانن لە سەر ھەر کەسێک پۆلیسێک یان چاودێرێک دابنێن بەتایبەتی گەر ووڵاتێک (٢٠٠٠٠٠٠٠) بیست ملیۆن کەس دانیشتوانەکەی بێت، ناکرێ (٢٠٠٠٠٠٠٠) بیست ملیۆن پۆلیس یان چاودێر چاودێریان بکات ئەوە کارەساتە، بەڵکو پەروەردە چاودێریان دەکات ئەو پەروەردەیەی کە تۆ تاکەکانت مرۆڤەکانت پەروەردە کردووە لە چوارچێوەیەکی راست و درووستت داناوە ئەوا ئەو رێچکەی خۆی وەرگرتووە و بەردەوام دەبێت لە سەر پەروەردەی دروست، چونکە پەروەردە پڕەنسیپێکە لە پڕەنسیپەکانی کۆمەڵایەتی و ھەر مرۆڤێک ئەگەر باش پەروەردە کرابێت ئەوا بە رێچکەی باش دەڕوات لە سەر رێڕەوی رەوشتی بەرز و رێڕەوی دیسپلینی دروست، چونکە رەوشت باشترین پەروەردەیە بۆ مرۆڤــ. گەر بە کورتی سەرنج بدەین دەبینین ووڵاتانی پێشکەوتووی ئێستا بۆ ھەستانەوەیان تەنھا و تەنھا گرنگیان بە "بنیاتنانی مرۆڤەکان" داوە بۆ ئەوەی باشترینیان لێ وەربگرن باشترینیان پێشکەش کردن .
ھەر بۆ نموونە گرنگترین ھۆکاری سەرکەوتنی مالیزیا بریتی بوو لە جەخت کردنەوە لە سەر بنیاتنانی مرۆڤـ پێش بنیاتنانی بەرد و دیوار، بێگومان دوای پێکەوە ژیان لە نێوان نەتەوە و ئایینەکان کە لەلایەن سەرکردەی ھەستانەوە (مھاتیر محەممەد) پلانێکی تۆکمە و گرنگی دانا ئامانج لێی "بنیاتنانی مرۆڤەکان" بوو کە بە بڕوای مالیزیا بە نرخترین گەنجینە کە ھەیەتی (مرۆڤە) ئێستاش مالیزیا لە ووڵاتە دەوڵەمەند و پێشکەوتووەکانی جیھانە و نھێنی ئەو سەرکەوتنەش دەگەڕێتەوە بۆ بنیاتنانی مرۆڤـ لە رێگای پەروەردە و فێرکردن کە بە یەکێک لە سیستەمە پێشکەوتووەکانی پەروەردە و فێرکردن دادەنرێت کە (پەروەردە و فێرکردن) یەکێک لەو سێ ستوونەی نەخشە رێگاکەی بوو لە کاتی گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن (مھاتیرمحەممەد) زۆر گرنگی و بایەخی پێداو ئەنجامەکەش ھاتە دەست، ھەروەھا (سەنگاپورە) کە لە وولاتێکی ھەژارو وێران لە سەر دەستی (لی کوان یو) بۆتە وولاتێکی ھەرە پێشکەوتوو و دەوڵەمەند ھەردەم لە ریزبەندی ووڵاتە یەکەمەکانە لە پەروەردە و فێرکردن وبنیاتنانی مرۆڤــ، چونکە دروشمی (لی کوان یو) ئەوبوو" مرۆڤـ دروست بکەن پێش ھەر شتێکی تر" و مرۆڤی دڵسۆزی دەست نیشان کرد و مرۆڤیان دروست کرد و سەنگاپورەیان بنیاتنا بە شێوەیەکی ھەرە پێشکەوتوو گەشەسەندوو نموونە یەگجار زۆرن ...
زۆربەی ووڵاتە عەرەبیەکان دیدگا و بەرنامە و نەخشە رێگایان دیاری کردووە لە پەروەردە و فێرکردن پرۆژەی تایبەت بە پەروەردە و فێرکردنیان ھەیە لەلایەن وەزارەتەکانی پەروەردە و فێرکردنی ووڵاتە عەرەبیەکان دانراوە وەکو (دیدگای پاشە رۆژ بۆ بنیاتنانی مرۆڤــ ) لە رێگای پەروەردە و فێرکردن و کاری ووردی لە سەر دەکەن بە پێی پلانی بەردەوام و تۆکمەی دیراسەت کراو ھەر بۆ نموونە لە میسر ساڵی (٢٠٣٠) لە سعودیە ساڵی (٢٠٣٠) ، لە ئیمارات ساڵی(٢٠٢٠) لە ئوردەن (٢٠٢٥) لە سولتان نشینی عوممان (٢٠٤٠) ووڵاتانی تریش بە ھەمان شێوە، لێرەدا پرسیارێک دێتە بوون ئێمە لە ھەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی پەروەردە چ دیدگایەکی پەروەردەییمان راگەیاندووە بۆ بنیاتنانی مرۆڤــ؟ کوا ھەنگاوەکان و نەخشە رێگاکانمان ؟؟ ئایا بیری لێ کراوەتەوە ؟
ھیوادارم لە حکومەتی داھاتوو وەزارەتی پەروەردە بە گرنگییەوە بە کرداری کار لەسەر دیدگا و نەخشە رێگای پەروەردەیی بکات بۆ بنیاتنانی مرۆڤــ بۆ پێشکەوتن وگەشەسەندن و تۆکمەیی کوردستان بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ووڵاتە پێشکەوتووەکان.
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێرێ پەروەردەیی
Top