نێچیرڤان بارزانی کەشتیوانێکی خاوەن ئیرادەبوو
March 9, 2019
وتار و بیروڕا
بڕینی بووجە و قوتی خەڵکی کوردستان لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە، هەڵتۆقین و هاتنی دڕندەترین هێزی تیرۆرستی، دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام"داعش" و ئاراستەکردنی بەرەو باشوری کوردستان، دابەزینی نرخی نەوت بۆ کەمتر لە یەک لەسەر سێی نرخەکەی لەبازاڕی جیهاندا، ئەو سێ فاکتەرە کاریگەرەبوون کە دۆخێکی قەیراناوی ڕووبەڕووی حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان کردەوە، لە هەموو قەیرانەکان خراپتر ئەو گرژی و پەشێوییە سیاسییە بوو کە لەناوخۆدا سەری هەڵدا، بەگشتی زنجیرەیەک قەیران ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان و حکومەت کرانەوە، کە دیار و ئاشکرابوو ئامانج لێی خستن و ڕووخاندنی هەرێمەکە و دەستەمۆکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، لێ سەرئەنجام ئیردەی خەڵکی کوردستان و بزاوتی سەربەخۆخوازان و کاپتن و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرکەوتین و قەیران و هەڕەشەکانمان ڕەوەندەوە.
گەلی کوردستان کە ئەم رۆژانە بیست و هەشتەمین ساڵیادی ڕاپەڕین پیرۆز دەکەین، هاوکات بە دەستپێشخەری سەرۆک بارزانی لایەنە سیاسییەکان گەیشتنە ڕێکەوتن بۆ چالاککردنەوەی پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمەش سەرەتایەکی باشە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان دوای تێپەڕاندنی قەیرانەکان، بەرەو قۆناغی بووژانەوە هەنگاو هەڵبگریت.
هەشتی مارس کە رۆژی جیهانی ئافرەتانە، هاوکاتی یادەکانی ئادار و ڕاپەرینە، نێچیرڤان بارزانی وەک هەمیسە گرنگی بەیادەکەدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا پیرۆزبایی هەشتی مارس لە ژنانی کوردستان دەکات و دەڵێت: "ئەمڕۆ لە رۆژی جیهانی ئافرەتاندا، سڵاو لە هەموو ئافرەتانی کوردستان. ئافرەتی بەهێز و ئازا هەمیشە لەنێو ئێمەدا هەبووە، ئەمڕۆ دەمەوێت سوپاسێکی تایبەتیی هاوسەرەکەم و هەموو ئافرەتانی کوردستان بکەم".
هەر ئەمرۆش هەشتی مارس لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران،سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە هەڵگرتنی پاشکەوت لەسەر مووچەی فەرمانبەران، ئەم هەنگاوەش دەستپێکی قۆناغی ئاساییبوونەوەی ژیانی هاوڵاتیان و بووژانەوەی ئابووری و بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەبیت.
رێباز حەملان، وەزیری دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە جورئەتەوە بەرەوڕووی ھەموو ئاڵنگارییەکان وەستایەوە، دوای بڕینی بودجە و ھاتنی دڕەندەترین گرووپی تیرۆریستی کە بە داعش ناسرابوو و دروستبوونی قەیرانی دارایی و ململانێی ناوخۆیی و کێشەکانی بەغدا و داخستنی فڕۆکەخانە و داخستنی دەروازەکان و پەلاماردانی پایتەختی ھەرێمی کوردستان و ھەوڵدان بۆ لە ناوبردنی کیانی ھەرێمی کوردستان".
وەزیری دارایی دەڵێت: "بە دیپلۆماسییەتی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێ و ئەمریکا و ئەوروپا و بەپشتیوانی و لەخۆبوردەیی و سیاسەتی سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەرۆکایەتی ھەرێم و پاشان وەک سەرکردەیەکی گەورەی کورد کە بەرگری و پشتیوانییەکی بێ وێنەی ھەرێم و حکومەتی کرد، هەروەها خۆڕاگری هاووڵاتیانی هەرێمەکەمان و فەرمانبەران و مامۆستایان و بەڵێندەران و ورەی پۆڵایینی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و قوربانیدانی شەھیدە سەربەرزەکانمان و ھەروەھا، ستافی کابینەی هەشت کە شانیان دایە بەر کێشە و ئاڵنگارییەکان و بەرپرسیارێتییەکی مێژووییان خستەسەر ناوی خۆیان و بوونە پاڵپشتێکی بەھێز بۆ سەرۆکوەزیران کە توانی ھەرێمی کوردستان و حکومەت و دۆخی سیاسی و دارایی و پەیوەندییەکان لە کۆتاییدا بگەیەنێتە کەنارێکی ئارام".
ماەتەوە بڵێن: ئاسۆی پێشکەوتن و گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان ڕوونە، دوای تێپەڕاندنی زنجیرەییەک قەیرانی تاقەتپڕوکین، هەرێمی کوردستان لە پێشوازی قوناغێکی گرنگداییە لە هەڵکشان و بووژانەوە و ئاوەدانی.