مستەفا بارزانی: "من پێشمەرگەیەكی كوردستانیم و خــزمـەتـکـاری مــیـللـەتی خـۆمم"..

مستەفا بارزانی:

لای من یادی نەمران بیرهێنانەوەی تێکۆشان و خەباتێکی دوورو درێژی پاک و بێگەردی میللەتێکە، کە دەیان هەزار پیرو لاوی جوانی کورد بە ڕابەرایەتی باوکی روحی نەتەوەیی مستەفا بارزانی تێیدا بەشداربوون، بۆئەوەی بە خوێن و خەبات و تێکۆشانیان داهاتوویەکی خۆشتر و گەشتر بۆ ئێمەمانان دابین بکەن.
مستەفا بارزانی باوک بڕوای تەواوی بە ئازادی و خەباتی ڕەوا هەبوو، بڕوای بە یەکسانی لەناو میللەتی کوردی هەبوو، تا ئەوەی کە بۆ گەلێکی بێ کیانی وەک کورد قوتابخانەیەکی نەتەوەیی پڕ مەزن بوو...
کادر و سەرکردەکانی ئەو قوتابخانەیە، ئاشقی شەڕ و توندوتیژی و ناخۆشی و ستەمکردن لە هیچ گەلانی ناوچەکە نەبوون، مستەفا بارزانی بە ئاشکرا هەموو ڕێگایەکی ئاشتییان گرتەبەر، بۆئەوەی لەسەر مێزی گفتوگۆ بنبڕی کێشەی نێوان گەلی کورد و حکومەتەکانی یەک لەدوای یەکی مەرکەزی بکات، کاولکردنی کوردستان ڕابگرێت و ڕێگا بە تەعریبنەدات. باوکی نەمر دەیویست، ژیانێکی خۆش و جوان و شایستە بۆ نەوەکانی ئەوساو ئێستا فەراهەم بکات.
بۆیە بۆمن، عەقڵیەتی ئەو قوتابخانە مەزنە: خەبات و تێکۆشانێکی بەردەوام و بێکۆتاییە، دروستکردنی دواڕۆژێکی هێمن و سەقامگیر، ڕێزگرتن لەمافی مرۆڤ و داهاتوویەکی گەشاوە، هەروەها قەبوڵ نەکردنی ژێردەستەیی و بڕواهەبوون بە داهاتوویەکی گەش و جوان بۆ گەلانی کوردستان و ڕێکخستنی ڕای گشتی و بتەوکردنی بیری ناسیۆنالیستی کوردی و برایەتی و پێکەوە ژیان.
دەبێ ئەوەش لە یادنەکەین: کەسانێک لە دوای شۆرشی ئەیلولی مەزن سەرپەرشتی قوتابخانەی عەقلیەتی بارزانیان گرتەدەست، کە مۆڕاڵیان لەوپەڕی بەرزی و پتەویدا بوو...، ئەوان وەک ژەنەراڵ مستەفا بارزانی و هاوەڵەکانی دیکەی رۆڵەی کورد بۆ وڵاتەکەیان دەژیان، سەرما و گەرمایان دەبینی، بالیفیان بەرد و دۆشەکیان خۆڵ و لێفیان ئاسمان بوو تا ئەمڕۆیان بۆ وەپێش هێناین...
عەقڵییەتی ڕێبازی پیرۆزی بارزانی باوک بە بڕوای من، قوتابخانەیەکی گەلەک پیرۆزە، فەلسەفەی کوردپەروەرییە، جۆرە ژیانێکی یەکجار گران و جوانە و لە کاتوساتێکی پێویست و مێژوویی هاتە بوون، لە چیاو پێدەشتەکانی کوردستان خۆڕسک دروست نەبوو، بەڵکو زەروریەت ئەوەی بۆ ئێمە هێناو لە بارزانی جوان و دڵرفێن لەدایکبوو. ئێستاش ئەوانەی بە عەقلی ڕێبازی بارزانی نەمر دەژین و رەفتار دەگرن: تێکۆشەرن، پێشمەرگەن، ئاشقی میللەت و وڵاتەکەیانن.
بۆچی بارزانی نەمر سیمبولی کوردە..؟
بارزانیی نەمر هەمیشە ورەی داوە بە پێشمەرگەو جەماوەر بۆیە رۆژ دوای ڕۆژ خەڵك زێدەتر چووەتە ناو دڵی، ڕابەریكی عەدالەت خواز بووە، دەرگای بۆ هەموو مرۆڤێکی گەورەو بچووك واڵا بووە، بارزانیی نەمر هەمیشە ئەوەی لە توانای دابووە بۆ خەڵكەکەی چارەسەری کردووە، خاوەن پەیمان و بەڵێنی خۆی بووە و هەتا دوژمنەكانیش زانیویانە كە چەند خاوەن وەعدە، بارزانی باوک سەرۆکێکی بە قەناعەت بووەو لە ژیانی خۆی وەك پێشمەرگە ژیاوە لە رووی جلوبەرگ و خواردن چ جیاوازی نەبووە لەگەڵ پێشمەرگە، هەمیشە خۆی بە خزمەتكاری میللەتی خۆی ناوی بردووە و فەرموویەتی: "من پێشمەرگەیەكی كوردستانم و خزمەتکاری میللەتی خۆمم" زۆر پێی ناخۆش بووە كە بە ناوی گەورە ناوی ببەن، هەمیشە لە گەڵ پێشمەرگە لە پێشەوەی سەنگەر بووە.
بارزانی باوک بڕوای تەواوی بە پێشمەرگە هەبووەو زانیویەتی کە کورد تەنها پێشمەرگە ئاسا دەتوانێت بەرگری لە خاك و كوردستان بكات و مافەکانی خۆی وەدەست بێنێت، بارزانی نەمر هەموو كاتێك ئەو كەسانەی خزمەتی شۆڕشیان کردووەو چەكیان کردۆتە شان فەرامۆشی نەكردوون و ناوی ئەو كەسانەی هەمیشە هێناوەو لە بیری نەكردوون، بۆیە پێشمەرگەكان لە گەڵ رابەریان بارزانی نەمر باوەری تەواویان بە عەقڵیەتی قوتابخانەی کوردایەتی هەبووەو دڵنیابوون كە رۆژێك دێت هەر سەردەكەون و رۆژێك دێت كوردستان ئازادی وەدەست دێنێت.
۱/۳ ساڵ یادی کۆچی مرۆڤێکی مەزن: مستەفا بارزانی پاک و تێکۆشەرە، کە شەهید بوونی بۆ ئازادیی کوردستان لە جیاتی ژیان هەڵبژارد و گیانفیدابوون بۆ مردن و لە پێناوی سەربەستی کوردستان و گەلەکەی دەژیان... مستەفا بارزانی خۆیی و تەواوی ماڵباتەکەی ژیانیان سەخت بووە و بێناز ژیاون، لە ئەشکەوت و بنبەردەکان، لەناو ڕووبارو ژێر تەپۆلکەکان بێداربوون، زۆربەی کات برسی و تێنوو بوون، ڕێگا هەوراز و نشێوەکانیان بێکۆتایی بوون، بەڵام بەرگەی هەر هەموو ناخۆشییەکانیان دەگرت بۆیەش ئەوان، چینە هەرە هەرە جوانەکەی کورد و کوردستان بوون و هەن، کە زۆر بە ئاسانی سەدان ساڵی دیکەش کورد دەتوانێ شانازییان پێوە بکات...!
ئاخر ئەو عەقڵیەتەی ڕێبازی باوکی لەسەر بنیاتنراوە دیسپلینێکی پڕ لە شکۆی هەیە، تەنیا چینە هەرە هەرە جوانەکەی گەل بەرگەی تێگەیشتن و هەزمکردنی دەگرێت، بەرگەی ئەم ژیانە پڕ لەسەروەرییە و ئەو عەقڵیەتە مەزنەی دەگرێت.
بۆیە لە دوای کۆچی مستەفا بارزانی باوک، سەرۆک مەسعود بارزانی و هەموو ئەوانەی داینەمۆی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتی و دەوڵەمەندکردن و فراوانکردنی عەقڵیەتی ئەو قوتابخانەیە بوون،
کادری لێهاتوو دیپلۆماتکارو سیاسەتوان و شارستانی بوون، شارەزای مێژووی کورد و جیهان بوون، ئەزموونداربوون، پەیوەندیی بەهێزیان لەگەڵ سەرکردە و دیپلۆماتکارەکانی زۆر وڵاتی جیهانی هەبوو، جۆشدراو پەروەردەی قوتابخانەی هەمان ئەو پیاوە مەزنە بوون....
لەوکاتەشی کە هەندێ شەخص و حزب و تاقمو گروپی کورد پشتیان لە عەقڵیەتی بارزان کرد و عەقڵیەتی ڕێبازی پیرۆزی ئەو ژەنەڕاڵە مەزنەیان نەکردە پێوەر بۆ پێدانی پلە و پایە یان خزمەتکردن و پەروەردەکردنی هاووڵاتییان و بنەمایەکی جوان بۆ حکومەتداری، وڵاتەکەمان بەرەو هەڵدێرو بەو دەردە نادیارە ڕۆیشت کە ئێستا دەیبینین، بێ کیان، بێ دڵ و ......!.



Top