سەركەوتنی ستراتیژی كوردایەتیی پارتی، بارزانیی بە سەر حزبایەتی و ناتەبایی..
March 5, 2019
وتار و بیروڕا
یەكەمین شۆڕش و سەرهەڵدانی سەرتاسەری كە كوردی كردە خاوەنی بزافێكی سەربەخۆ و گشتگیری رزگاریخوازیی نەتەوەیی و نیشتمانی شۆڕشی ئەیلوولە، شۆڕشی ئەیلوول لە مێژووی هاوچەرخی گەلی كوردستاندا خاوەنی سەروەریی خەباتی رزگاریخوازیی نەتەوەییە كە توانی هەموو هێز و توانا و هەوڵەكانی پێش خۆی و سەرجەم وزەو كارەكتەرە سیاسییە ئامادە و لێهاتووەكانی سەردەمی خۆی لە سەرهەڵدان و بەرەنگارییەكی سەرتاسەری نیشتمانیدا كۆبكاتەوەو بە نوێنەرایەتی هەموو گەل مافی كوردستان بخاتە سەر مێزی سیاسی و یاسایی لە عێراقدا.
دەستپێكی ئەو هەوڵە شۆڕشگیڕییە لە ناوەڕاستی ساڵانی شەستەكانی سەدەی رابردوودا بوو، كە شۆڕش حكومەتی ناوەندی ناچاركرد، چارەسەری لامەركەزییی بۆ خەڵكی كوردستان قبووڵ و پێشنیاز بكات.
دوای تەنازولی دەسەڵاتی داگیركار و داننان بەو مافە سەرەتاییەدا، كورد لە رێگەی شۆڕشەكەیەوە بەرەو ئاسۆ و پلەیەكی دی لە هەڵكشان بەرەو لوتكەی ئاوات و داخوازییە رەواكانی هەنگاوی نا، تا سەرەنجام بە شێوەیەكی یاسایی بەغدای ناچاركرد بە قبووڵكردنی ئۆتۆنۆمی دان بە مافی سیاسیی كوردستاندا بنێ.
ئێستاش دوای 28 ساڵ حوكمرانی هەرێمی كوردستان بە هەموو باش و كەم وكورتییەكانییەوە ، كاتی ئەوەیە كە كابینەی نۆیەم بكرێتە ، حكومەتێكی دیموكراس و بەهێز و خزمەتگوزاری لە گشت بوارەكاندا ، ئەوەی هەر تاكێكی ئەو كوردستانە لە چاوەروانیدایە ،تەنیا ناحەزانی گەلی كورد نەبێ..دوای چوار ساڵی پر لە كێشە، شەرٍ وقەیرانی دارایی و هاتنی لێشاویی ئاوارەكان و هەروەها گەمارۆدانی زاڵمانەی دەسەڵاتدارانی بەغدا لە دژی گەل و هەرێمی كوردستان ، ئێستا قۆناغێكی نوێی لە پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و سیاسی لە هەرێمی كوردستان هاتۆتە ئاراوە كە دەخوازێ گشت هێز و لایەنە سیاسی و نیشتیمانپەروەرەكان هەزمی دیموكراسی و ئەو دۆخە بكەن و هاوكار و پاڵپشتی حكومەتێكی بە هێزی كوردستان بن لە پێناو فەراهەمكردنی خوشگوزەرانی و خزمەتگوزاری لە گشت سێكتەرە كاندا بۆ خەڵكی كوردستان ..رێككەوتننامەی 4/3/2019 نێوان پارتی و یەكێتی ، بە سەركەوتنێكی گەورەی گەلی كورد و دیموكراسیخوازان هەژمار دەكرێت ، بە ئاراستەی بونیاتنانی حكومەت و كوردستانێكی بەهێز و بەو مانایەی كە هەر هێز ولایەنێك بە پێی رێژەی كورسییەكانی خۆی بەشداری دەكات و پابەند دەبێ بە پاراستنی سەقامگیری و خاك و نیشتیمان و دەسكەوتەكان و بەرژوەندییە باڵاكانی گەلی كورد .دڵسۆزی و نیشتیمانپەروەری و سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك بارزانیی لە پێناو پاراستنی تەبایی و یەكبوونی گەلی كورد ، جارێكی تر ئەو پەیامەی بە هەمووان گووت كە كاتێ یەكدەنگ بین ئەوا بەرەو دەسكەوت و سەركەوتنی گەورە هەنگاو دەنێنین و چونكە ئەوەی بە ئاشتی و تەبایی بەدی دێت و بە ناكۆكیی و ناتەبایی بەدی نایەێت . پارتی رێككەوتن لەگەڵ ھیچ لایەنێك ناكات، ئەگەر لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندا نەبێت، گوتی: “ئەو رێككەوتنەی پارتی لەگەڵ گۆڕان كردی، لەگەڵ ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ یەكێتی دوێنێ واژۆی كرد، بەدڵنیاییەوە لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستانە و بۆ كاری ھاوبەش و پێكەوەییە كە دواجار بە قازانجی خەڵكی كوردستان دەبێت. دەستكەوتەكانی رێككەوتنی ستراتیژیی پارتی و یەكێتی ناژمێردرێن، ئەگەر ئەو ڕێككەوتنەش جێبەجێ بكرێت، ئەوا كوردستان قۆناغێكی دیكەش دەچێتە پێشەوەلە30ی مانگی ئەیلوولی 2018 و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ، پارتی دیموكراتی كوردستان 45 كورسی. بەدەسهێنا كە بە بەراورد بە خولی پێشووی پەرلەمانیش پارتی 7 كورسیی زیاد كردووە. گەلی متمانەی بەولایەنە بەخشی كە خەباتی كردووە بۆ دەستەبەركردن و بەدەستهێنان و پاراستنی مافەكانی ئەم گەلە، چونكە ئیدی بۆ خەڵكی ڕوون بووەوە كە پارتی هەڵگر و پارێزەری پەیامی كوردایەتییە. ئێمە ناتوانین ئەم سەركەوتنەی پارتی لە خانەیەكی تەسكی حزبایەتیدا قەتیس بكەین، بەڵكو دەڵێین بەرەی سەربەخۆخوازان سەركەوتن. خۆ بە هەمان شێوە لە هەڵبژاردنەكانی ئیسپانیاش ئەو پارتانەی پشتگیریی سەربەخۆییی كەتەلۆنیایان دەكرد دەنگەكانیان زۆر زیادی كرد سەرەڕای هەڕەشە و پاڵەپەستۆكانی حكوومەتی ئیسپانیا. خەڵكی كوردستانیش بە هەمان شێوە پێشانیان دا كە لەگەڵ سەربەخۆیین و بۆیەش دەنگیان بە پارتی دا.خەڵكی كوردستان بۆی دەركەوت پارتی حزبێكی جێگیر و تۆكمە و ڕێكخراوە، لەوشوێنەی پارتی باڵادەست بووە بە بەراورد بە ناوچەكانی تری هەرێم ئارامی و ئاسایش و خزمەتكردن زیاتر بووە. خەڵكیش دەنگیان پێی داوە تا ئارامی و ئاسوودەیی و خزمەتی زیاتر لە پارتییەوە ببینن لە سەرتاسەری هەرێم.ئەو حزبانەی كە پێشتر ڕكابەری پارتی بوونە، دەبینین دەنگەكانیان بە هەڵبژاردنەكانی پێشتر زۆری لە كەمی داوە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو حزبانەی كێشەیەكی زۆری ناوخۆییان هەیە، هەمیشە شپرزە و فرەباڵ دەردەكەون. خەڵكیش دەنگ بە حزبێكی وەها نادات كە ناتوانێ نێوماڵی خۆی ڕێك بخات و حزبێكی یەكگرتوو نەبێت. بەڵكو دەنگ بە حزبێكی تۆكمەی یەكدەنگی وەكو پارتی دەدات. یەكێك لە دروشمە گەورەكانی پارتی لەم هەڵبژاردنەدا بریتی بوو لە پارتی بەهێز بێت كوردستان بەهێز دەبێت. پێوەست بە كاركردن بۆ ئەم دروشمە، بێگومان نەیار و دوژمنان هەر ئاوا تەماشاكەری ئەم سەركەوتنەی پارتی نابن، لە هەرقۆناخێك بێت دەیانەوێت كێشە بۆ پارتی و بەرنامە و هەنگاوەكانی دروست بكەن. بەڵام بەهێزبوونی پارتی، واتە بەهێزبوونی كوردستان، چونكە پارتی پارێزەر و قەڵخانی كوردە. بە درێژایی مێژو نەیارانی كورد هەوڵیان داوە یەك هێزی سیاسیی گەورە لە كوردستان نەبێت، بەڵكو هەمیشە هێزەكانیان بەش بەش كردووە. چونكە هەبوونی یەك هێزی گەورە و یەك سەركردەی بەهێز زۆر پرس و كێشە یەكلایی دەكاتەوە و كورد بە یەكدەنگی دێڵێتەوە. پارتی بەهێز بوو كوردستانیش بەهێزتر دەبێت، ئەركی پارتی قورستر دەبێت لە ئایندەدا، بریارەكانی پارتی بەسەنگتر دەبن لە ناوخۆ و جیهان، بڕیاری كۆتایی لەسەر پرسە گرنگەكان و ئیدارەی وڵات زیاتر دەكەوێتە دەستی پارتی. جێی ئاماژەیە ، بەپێی رێككەوتنەكەی پارتی و یەكێتی، سەرەتا كاندیدە یەكلابووەوەكەی یەكێتی دەكرێتە سەرۆكی پەرلەمان و یاسای سەرۆكایەتیی ھەرێم ھەموار دەكرێتەوە، ھاوكات سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە پەرلەمان ھەڵدەبژێردرێت، كە كاندیدی پارتی بۆ ئەو پۆستە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ئێستای حكوومەتی ھەرێمی كوردستانە، دواتریش، لە كۆتاییەكانی ھەفتەی داھاتوو، ئەگەری زۆرە سەرۆكی ھەڵبژێردراوی ھەرێمی كوردستان، كاندیدی براوەی یەكەمی ھەڵبژاردن، كە پارتی دیموكراتی كوردستانە و لەلایەن پارتییەوە مەسرور بارزانی، راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان كاندید كراوە، بۆ پێكھێنانی كابینە نوێیەكە رابسپێرێت، كە ماوەی ٣٠ رۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێكھێنانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و دیاریكردنی پۆستە وەزارییەكان، كە لەناو پەرلەمانی كوردستان متمانەی یاساییان پێ دەدرێت بۆیە، پارتی هەم لەگەڵ كوردستانێكی بەهێز و هەمیش لە گەڵ پتەوكردنی یەكریزیی نێو ماڵی كوردە كە ئەوەش ستراتیژییەكی راست و دروست و سەركەوتن و دەسكەوتی گەورە بۆ گەلی كورد بەدی دێنێت ..