کۆتایی ئۆپۆزسیۆن؟!
March 4, 2019
وتار و بیروڕا
پێمباشە کۆمەڵی ئیسلامی بەسەر بکەینەوە، وەک هێزێک کە لە خولی چوارەمی پەڕلەمانی کوردستاندا تەنها پێنج کورسی پەڕلەمانی هەبوو (بەڵێ تەنها پێنج کورسی)، لەبەشداری لە کابینەی بنکە فراواندا کۆمەڵ ژمارەیەک پۆستی گرنگ و هەستیاری هەبوو، کە زیاتربوو لە قەبارەی کۆمەڵ، لەوانە سکرتێری پەڕلەمان و چەند وەزارەتێک،هەڵویستی کۆمەڵی ئیسلامی؟ بەدرێژایی ماوەی خولی چوارەمی پەڕلەمان و کابینەی هەشتەمی حکومەت، کۆمەڵی ئیسلامی بەشدار و پشکدار خراپترین ڕۆڵی وازیدەکرد،نەک هەر بەشدار و دەستبارنەبوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگ و قەیرانەکان، بگرە هەڵویستی پێچەوانەشی هەبوو. لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەوە کۆمەڵی ئیسلامی هەڵوێست و بۆ چوونەکانی ٣٦٠ پلە گۆڕانی بەسەرداهات، کۆمەڵ لە هێرشبەرێکی بێئامانی بگرەو بسوتێنەوە، گۆڕا بۆ هێزێکی شەرمنی نووزن! ئەو کۆمەڵەی خۆی وەک هێزێکی ڕادیکاڵی یاخی بەخەڵک دەناساند؟! ئەو هێزەی وەک بزاوتێکی سەرکێش و ناڕازی نمایشیدەکرد؟! ئەو حیزبەی بەناوی خەڵکەوە دەدوا و گاڵەی دەگەیشتە گوێچکەمان، گۆڕا بۆ هێزێکی دەنگ نووساوی شەرمن و چاوەڕوان.
دوای هەڵبژاردن، دوای ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن و پاشان ئەنجامی فەرمی هەڵبژاردن دۆخی گوتار و پەیامی سیاسیی کۆمەڵ قڵپ ئەبێتەوە، لەماوەی چوار مانگی ڕابردوودا، کەماوەی گفتوگۆی لایەنەکانە بۆ چالاککردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم و پێکهێنانی کبینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەدرێژایی ئەم ماوەییە کۆمەڵی ئیسلامی لە پرسگەی چاوەڕوانی دەست لەسەر سنگ بەرزە پێ ڕاوەستاوە.
تەنها تەماشای میدیایی کۆمەڵی ئیسلامی بکە، تابزانیت ئەو میدیایەیی کە تەڕو وشکی پێکەوە دەسوتاند، ئێستا دوای هەڵبژاردن چەند قڕو قەپە، ئەمیری کۆمەڵ سەرباری ئەوەی لە مێدیاکانەوە تەنک دەر دەکەوێت، هاوکات وتاری حەماسی و ئاگراوییمان پێشکەشناکات، سۆران عمر شۆڕشاوی خۆی نمایش ناکات! لەم تەلەفزیۆن بۆ ئەو تەلەفزیۆن هێرشنابات! لە ماوەی چوارمانگدا هەریەک دووجارێک دەرکەوتووە، ئەویش دەڵێت: "ئێمە تەلەفونیشمان بۆ نەکراوە تابەشداری لە کابینەی داهاتووی حکومەت بکەین!".
پەیامەکەی من لێرەوەییە، بۆ کۆمەڵی ئیسلامی نیە، ڕووم لە ڕایگشتی و جەماوەری خەڵکی کوردستانە، تا ئەوەی هەموومان بەرچاو ڕۆشنبین لە مامەڵەی حیزبەکان و دۆخ و زەمینەی حیزبایەتی، بەتایبەت بەئاگابوونمان لە چەند هێزێکی بێ بنەما و بێپرەنسیپ لە مەڕ خەم و هەمی خەڵک و داواکاری و گوزەران و ژیانی خەڵک، هێزگەلێکی بێدەربەست لە پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان، حیزبی پێکناکۆک و دژ لە درۆشم و کرداردا.