بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان و قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان ئێستا لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستمان بە یەكڕیزی و یەكدەنگی هەیە
March 4, 2019
وتار و بیروڕا
خوێندنەوەی پێگەی جوگرافیای سیاسیی هەرێمی كوردستان بۆ رووداوە پێشبینی كراوەكان و مامەڵەی هێزە دەرەكییەكان كارێكی پێویست و گرنگە، بەڵام لەمە گرنگتر ئەوەیە سەركردایەتی سیاسی و حكومەتی هەرێمی كوردستان چۆن لەناو ئەم رووداوە گەرمانەدا پارێزگاری لە پێگە و سەروەریی هەرێمی كوردستان دەكەن، هەتا رووبەڕووی زیانێكی گەورە نەبین و، دۆزەكەشمان هەنگاوێكی دیكە بەرەو پێشەوە هەڵبگرێت.
ئاشكرایە سیاسەتی خۆگونجاندنی ئەرێنی لەگەڵ رووداو و گۆڕانكارییەكاندا بریتییە لە: (هونەری پاراستنی بەرژەوەندییەكان)، كەواتە بۆ ئێمەش وەك هەرێمی كوردستان پیادەكردنی ستراتیژیەت و سیاسەتی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان و قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان دەبێ لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەكی دیكەدا بێت، بۆیە پێویستە لەم پێناوەدا هەموو لایەنە سیاسییەكان خاڵە جیاوازەكانیان چاوپۆشی لێ بكەن و پابەندی پرنسیپەكانی گەل و نیشتمان بن، بۆ ئەوەی لە ئەگەری هەر گۆڕانكاری و رووداوێكدا گەلەكەمان بە كەمترین زیان لێی دەرباز بێت.
دوابەدوای كارەسات و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، هەرێمی كوردستان رووبەڕووی بارۆدوخێكی قورسی سیاسی و ئابووری بووەوە، بەڵام ئەوەندەی نەخایاند و دەرەنجامی خوڕاگریی گەل و هەنگاوە هێمن و پتەوەكانی حكومەتی هەرێم، توانرا جوغزی دابڕان بترازێنرێت و سەرلەنوێ بارودۆخەكان هێور بكرێنەوە. لە ئێستادا جیا لەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پەیوەندییەكان بەرەو ئاساییبوونەوە چوونە، لەگەڵ عێراقیشدا (بەتایبەتی دوای سەردانە گرنگەكەی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا)،خەریكە كێشەكان بە شێوازی دیالۆگ و لێكتێگەیشتن دەرگای چارەسەریان بۆ دەكرێتەوە.
لە هەمانكاتدا پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق، لە میانەی هەردوو هەڵبژاردنی ئایاری 2018ی پەرلەمانی عێراق و ئەیلوولی 2018ی پەرلەمانی كوردستان، توانی بە وەدستهێنانی متمانەی زۆرینەی دەنگدەران وەك حزبی یەكەم لە پێگەیەكی بەهێزدا بمێنێتەوە، چونكە لە راستیدا پارتی دیموكراتی كوردستان بە خوێندنەوەیەكی مێژوویی وا دەردەكەوێت لە قەوارەی حزبێكی سیاسی فراوانتر و بەرجەستەترە و، زیاتر لە چوارچێوەی بزووتنەوەیەكی نیشتمانی – نەتەوەیی - دیموكراتدا خۆی دەبینێتەوە، لەو سونگەیەشەوە سەرۆك بارزانی وەك رابەر و سەركردەیەكی نیشتمانی مامەڵەی هاوسەنگ لەگەڵ كۆی لایەنە سیاسییەكانی پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستاندا دەكات. پارتی ئەركێكی گەورەی نیشتمانی لە سەرشانە و لە تەنگژەكان و ساتە سەختەكاندا ئەگەر بە تەنیاش شان بداتە بەر بەرپرسیاریەتی، درێخی ناكات، بۆ رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردستانیش ئامادەی نواندنی هەموو هاوكاری و ئاسانكارییەكە، بەڵام هەمیشە خوازیارە بە هەماهەنگیی سەرجەم هێزە نیشتمانییەكان ئەركەكان بە دەستەجەمعی ئەنجام بدرێن.
ئەم خەمەی پارتی لە پێناوی ئەوەیە تێكڕای لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لەم قۆناخە هەستیار و چارەنووسسازەدا یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بن. لێرەوە ئەگەر هەڵوەستەیەك لەسەر هەوڵەكان بۆ پێكهنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەین، ئەو راستییە راشكاوانە بەرجەستە دەبێت، كە چۆن پارتی دیموكراتی كوردستان و شەخسی سەرۆك بارزانی پەرۆشانە لە هەوڵی ئەوەدان كە چەندی دەكرێت بە زوویی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمدا رێكبخرێتەوە و كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بەشداریی تێكڕای ئەو لایەنە سیاسییانە پێكبهێندرێت كە خوازیاری ئەوەن لەم حكومەتەدا بەشداری بكەن.
سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا هێشتا لە یەك دوو خاڵدا ناكۆكی هەیە، هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەم لەگەڵ برادەرانی بزووتنەوەی گۆڕان هەنگاوی باشی بڕیوە و دەرەنجامەكەی ئیمزاكردنی رێككەوتنێكی سیاسی لە نێوان پارتی و گۆڕاندا لێكەوتەوە، بە بیانووی ئەو ناكۆكییەش پەرلەمانتارانی یەكێتی بەشدارییان نەكرد لە یەكەمین دانیشتنی رۆژی 18ی شوباتی پەرلەمانی كوردستاندا، بەڵام هەر دوابەدوای ئەمەدا جەنابی سەرۆك بارزانی، لە نامەیەكیدا كە ئاراستەی كاك كۆسرەت رەسووڵ-ی كردبوو، داوای لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كرد، كە لە زووترین كاتدا لە سەر ئاستی هەردوو مەكتەبی سیاسی كۆبوونەوەی هاوبەش بكەن و خاڵە ناكۆكەكان چارەسەر بكرێن. ئەوەی پەیوەندیدارە بە كێشەی كەركووكەوە، بە بڕوای من تەنیا كێشەی نێوان پارتی و یەكێتی نییە، بەڵكو كێشەی كەركووك و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ رەوشی ئێستای كەركووك و ناوچەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، پێویستی بە رێككەوتنێكی فراوانتر لە رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی هەیە.
گرنگە خەڵكی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان بەگشتی و پارتی و یەكێتی بەتایبەتی، بگەنە ئەو قەناعەتەی (كێشەی كەركووك) تەنیا بە رێككەوتنی پارتی و یەكێتی نە چارەسەر دەكرێت و، نە رەوشی سیاسی و سەربازیی ئەو شارەش هێور دەبێتەوە، كێشەی كەركووك كێشەیەكی مێژوویی نێوان بزوتنەوەی رزگایخوازیی خەڵكی كوردستان و تەواوی ئەو حكومەتە جیاوازانەیە كە لە ماوەی 100 ساڵی رابردوو حوكمڕانیی عێراقیان كردووە، هەر بە هۆی ئەو پرسە گرنگەوە (كەركووك) بارزانی-ی نەمر قوربانی بە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دا. چون لە ماوەی 100 ساڵی رابردوو هەوڵدراوە جوگرافیاو ناسنامەی كوردستانییەتی كەركووك، بە بەعەرەبكردن و راگواستن بشێوێنن، بەداخەوە لە ئێستاشدا ئەم هەوڵانە هەر بەدەوامن، جیا لەوەی بە دەیان گرووپ و هێزی میلیشیای چەكدار لەناو ئەو شارەدا بوونی هەیەو، هەڵمەتی بەشیعەكردنیشی هاتۆتەسەر، بۆیە كە دێینە سەر كێشەی كەركووك دەبێت كۆی رەهەندەكانی ئەو پرسە لەبەر چاو بگیرێت . راستییەك هەیە پێویستە نادیدەی نەگرین، ئەویش بریتییە لە بوونی نەتەوەكانی دیكەی كەركووك، زۆر گرنگە هەماهەنگی بكرێت لەگەڵیاندا لە بارەی ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكە، سەرەڕای گفتوگۆكردن لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵیدا. ئەم تێگەیشتنە هاوبەش و بابەتییانەیە بۆ پرسی كەركووك و ناوچەكانی دیكەی دەرەوەی هەرێم گونجاوە و كات و ماوەشی دەوێت.
پارتی دیموكراتی كوردستان وەك ئاماژەم پێ كردووە، رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان (وەك لایەنی براوەی سێیەمی هەڵبژاردنەكان) ئیمزا كردووە، وەكو تێبینی دەكرێت، خەڵكانێك هەن رێككەوتنەكەی (پارتی و گۆڕان)یان پێ هەرس ناكرێت و پڕوپاگەندەی ناحەزانە بڵاو دەكەنەوە، وەك رێككەوتنەكە بە شێوەیەك لە شێوەكان بۆ هەراسانكردنی یەكێتی بێت، دیارە ئەو خەڵكانە چاویان بە سەقامگیری و ئارامیی پرۆسەی سیاسیی كوردستاندا هەڵنایەت، لە كاتێكدا بێجگە لەو خاڵەی تایبەتە بە رەوشی ئێستای كەركووك، پارتی و یەكێتی هیچ جیاوازی و ئیشكالیەتێك لە سەر 17 خاڵیان نییە، بە هەمان شێوە هاوتەریبیی پرۆژەی بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی كارێكی ئەرێنییە، بۆیە توانای رێككەوتنیان هەبوو، ئایا ئەمە چ ناڕێكییەكی تێدایە؟ بەپێچەوانەوە و بە واتایەكی دیكە: پارتی دیموكراتی كوردستان لە بارەی پرۆسەی سیاسیی كوردستان و شێوازی حوكمڕانی و بەشداریی لایەنە سیاسییەكان لە كابینەی نۆیەمدا هیچ لارییەكی نییە و دەرگاش واڵایە بۆ وتووێژكردن لەگەڵ لایەنەكانی دیكە بە تایبەتی كۆمەڵی ئیسلامی.
پەلەكردن لە دامەزراندنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان خواستێكی گەلەكەمانە، خەڵكی لە چاوەڕێی ئەوەدان رۆژێك زووتر حكومەت پێكبهێندرێت و دەست بەكار بێت، بۆ ئەوەی كاروباری رۆژانەی خەڵك و خواست و داواكارییەكانیان جێبەجێ بكرێن، هەروەها هەماهەنگیی لایەنە سیاسییەكان لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتدا دەبێتە سەرەتایەكی نوێی بەرپرسیارییەتی و كاری هاوبەش لە قوناغێكی هەستیاردا.