گەڕانەوەی دۆخی هەرێمی كوردستان بۆ رەوشێكی ئاسایی بە هەوڵ و تێكۆشان و دیپلۆماسی حەكیمانەی سەركردایەتی سیاسی گەلی كورد ، بە تایبەت سەرۆك بارزانیی و سەرۆكی حكومەتی كوردستان وایانكرد كە نەخشە وپیلانە شوومەكان لە دژی ئەزموونی كوردستان پووچەڵ بكرێتەوە. دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان و ئینجا هەوڵی سرٍینەوەی قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستان لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا بە ھۆی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش و قەیرانی دارایی و پەرتەوازەییی لایەنە سیاسییەكانەوە ھەرێمی كوردستان قۆناغێكی سەختی دەرباز كرد و چاودێران ھاوڕان لەسەر ئەوەی كە ھەرێمی كوردستان لە قۆناغی گەشەی ئابووری و سیاسیدایە و پێویستە پڕۆسەی سیاسی بكەوێتەوە ڕەوشی ئاساییی خۆی بۆ ئەوەی پێكەوە داھاتوویەكی باشتر گەرەنتی بكرێت.پێویستە ھەندێ ھێڵی گشتی ھەبن و ھەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان پابەند بن بەو ھێڵە گشتییانەوە تا لە ڕووی سیاسییەوە سەقامگیریی تەواو بۆ ھەرێمی كوردستان بگەڕێتەوە. ھێڵە گشتییەكان بەھێزی و سەربەخۆییی دامودەزگاكانی ھەرێمی كوردستان و چۆنیەتیی پەیوەندیی نێوان ھەرێم و بەغدا، بەتایبەتی لە پرسە چارەنووسسازەكانی، وەك پرسی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوە. لە كاتێكدا كە بارودۆخی ناوچەكە بە رەوشێكی هەستیاردا گوزەر دەكات ، ئەوڵەوییەتی گشت لایەنەكان ئەوەیە كە هەموو هێز ولایەنە سیاسیەكان دەخوازێ گشت هەنگاوەكان دەخوازی پەڵە بكرێت لە ئاواكردنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان بێ ، نەك بەرژوەندی حزبی و شەخسی .سەردانی چەندین بەرپرسی وڵاتانی ناوچەكە و جیهان لە سەر ئاستێكی بەرز و هەروەها سەردانەكەی ئەم دواییەی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا و دوو وڵاتی كەنداو، پێگەی كوردی لەسەر ئاستی ناوچەكە و نێودەوڵەتی بەهێز تر كرد، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ شارەزایی و بۆچوونەكانی سەرۆك، كە هەردەم لە هەوڵی ئاشتی و تەبایی و پێكەوەژیاندایە، لەگەڵ ئەوەی هەوڵەكان لە چوارچێوەی یەكپارچەیی عێراقدایە، بەڵام سەروەری كورد پارێزراوە و لە چوارچێوەی پابەندبوون و سەروەری دەستوور، ئەمەش مافەكانی كورد دابیندەكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆك بارزانی مافی سەربەخۆیی كوردستانی وەلا نەناوە، بەڵكو هەنگاوەكان بۆ لێكتێگەیشتن و گەیشتن بەو مەرامە پیادەكراوە. ئەوان گرەوەكەیان دۆڕاند كە وایان مەزندە دەكرد و خەونیان بە لە دەستدانی پێگە و كاریگەر و سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی و بە كۆتاهاتنی رۆڵی پارتی دەبینی، بەڵام سەردانەی ئەم دواییەی جەنابی سەرۆك ئەوەی بۆ هەموو لایەك دەرخست كە سەرۆك بارزانی سەركردەیەكی كاریگەر و كاریزمایە و لە ناوچەكە پێگەی تایبەتی هەیە كە لەو سەردانەدا بەشێوازێكی فەرمی لەسەر ئاستی بەرز پێشوازییان لە سەرۆك بارزانی كرد. پێویستە هەوڵەكان لە پێناو بەرژەوەندی كورد و دابینكردنی مافە رەواكان بێت، ئەمەش بێگومان بە یەكڕیزی و پێكەوە كاركردنی سەرجەم لایەنەكانی كوردستان دەبێت، دوور لە بەرژەوەندی حزبی و ناوچەگەری و پێكهێنانی حكوومەتێكی بەهێز و بە توانا بە گوێرەی ئاكامی هەڵبژاردنەكانی 30ی ئەیلوولی رابردوو، پۆستەكانیش بە گوێرەی ئەو ئیستحقاقە دابەشبكرێن، حكوومەتێك بێت كە پێویستە لایەنی بەشداربوو بە گیانێكی كوردپەروەرانە و لە ئەستۆگرتنی بەرژەوەندی كوردستان كارەكان ئەنجامبدات، دوور لە موزایەداتی و كشانەوەی دواساتەكان، یا رۆڵی ئۆپۆزسیۆن و حكوومەت لە هەمان كاتدا. ئیتر كاتی ئەوە هاتووە چیتر بەرژوەندی گشتی نەكرێتە قوربانیی بەرژوەندی حزب و كەس ولایەنێك و هەنگاوەكانی خزمەتگوزاری لە گشت بوارەكاندا دەسپێ بكات ، بەتایبەت دوای ئەوەی چوار ساڵی پر لە كێشە ، گەمارۆدان و شەرٍ و پیلانگێریمان تێپەرٍاند .. ھاوڕایی و یەكھەڵوێستیی ھێز و لایەنە كوردستانییەكان بۆ قۆناغی ئێستای گەشەكردنی ھەرێمی كوردستان بەرامبەر ئەو پێشھاتانەدا كە ڕوو دەدەن زۆر گرنگە، لە داھاتووشدا گرنگە كە گوتارێكی ھاوبەش ھەبێت. شتێكی ئاساییە جیاوازی لە بۆچوونی حزبەكاندا ھەبێت، لە ھەموو دنیاش ئەوە نۆڕماڵە، بەتایبەتی لە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا جیاوازییەك ھەیە لە وردەكاریدا ئەوەیدا كە چۆن سیاسەتی دارایی و سیاسی و ئەمنی بەڕێوە دەبەن، ئەمانە نابنە كێشەیەك بۆ ئەوەی پەرتەوازەیی زیانی لێ بكەوێتەوە، لەبەر ئەوەی ھەر جیاوازییەك ھەبێت لە ھەڵوێستی لایەنە سیاسییەكاندا كارێكی مەترسیدار نییە، ئەوەی جێگەی مەترسییە، نەبوونی یەكهەڵوێستی لە پرسە چارەنووسسازەكاندایە، كە دەبێ بە پاڵپشتیی یەكدی ڕووبەڕووی تەحەدیات و ھەڕەشەكانی سەر ھەرێمی كوردستان ببنەوە.پارتی و یەكێتی پێشتر ڕێككەوتنیان ھەبووە، ھەندێ بنەمای ھاوبەشیان ھەیە و پێشتریش كاریان لەسەر كردووە و پێكەوە بوونە، ڕاستە ھەندێك جار پەیوەندیی نێوان پارتی و یەكێتی ھەوراز و نشێوی تێدا بووە، بە بڕوای من دوای ئەوەی پارتی و یەكێتی پێكەوە حكوومەت پێك دێنن، ئەو گرفتانەی ڕابردوو كەمتر دەبنەوە و زیاتر تەبا دەبن. گەلی كورد ، لە پێناو بە دیهێنانی ئامانجەكانی هەزاران شەهیدی بەخشیووە و دەبەخشێ ، هیچی تر نابێ كات بە هەدەر بدرێ لە پێناو بەرژوەندی تایبەت و پۆست و شتی تر ، ئیتر كاتی ئەوە هاتووە كە حكومەتێكی بەهێز و خزمەتگوزار لە ئاست چاوەروانییەكانی خەڵكی كوردستان ئاوا بكرێت و چوار ساڵی ئایندەمان ببێتە گرنگیدان و پێشكەوتن لە گشت سێكتەرەكان بەرەو كوردستانێكی بەهێزتر..