قەڵاو سەنگەرێكی سەخت...

قەڵاو سەنگەرێكی سەخت...
ئەگەرچی ئەم وەختە جەنابی بارزانی و هەڤاڵانی بە هۆی ڕووخان و لەبەین چوونی كۆماری كوردستان و سیاسەتی قڕكردن و پاكتاوكردنی ڕەگەزیی و نەتەوەیی،سڕینەوەی هەست و بیریی نیشتیمانی كە لە لایەن شۆڤێنیست و دوژمن و نەیارانی دژ بە گەلی كورد لەچوار پارچەی كوردستاندا پیادە دەكرا، لە پێناوی مانەوەو هەڵبژاردنی ژیانێكی ئازادو سەربەرزو شەڕەف مەندانە بۆخۆیی و نەتەوەكەی لەئاواریی و دەربەدەری لە یەكێتی سۆڤێتی جاران بوو.
هەر ئەمەش بوو بە یەكێك لەو هۆكارانەی بیرۆكەی دامەزراندنی ڕێكخراوێكی تایبەت بە قوتابیان و لاوانی کوردستان لای جەنابی بارزانی گەڵاڵە ببێت ،
ئەم بیرۆكەیەش لەسەروبەندی گرێدانی گۆنگرەی سێیەمینی پارتی دیموكراتی كورد دابوو.
هەر لەسەر ڕاسپاردەی جەنابیشیان بوو بە یەكێك لە پێشنیارەكان بۆ كۆنگرەی سێیەمینی پارتی دیموكراتی كورد ،كە لە ١٨ی شوباتی ساڵی (١٩٥٣) لە كەركوكی دڵی كوردستان بەسترا،کەبەجدی ئەم بیرۆكەیە تاوتووێ بكرێت وكاریی تەواویشی بۆ بكرێت .
ئەوەبوو ئەم ڕاسپاردەیە دوای بەهەند وەرگرتن و هەڵسەنگاندن،تاوتوێکردن و دەوڵەمەند كردنی زیاتر لە لایەن ئەندامانی كۆنگرە بوو بە یەكێك لە بڕیارە گرنگەكان و هاوكات هەر لەم كۆنگرەیەدا بڕیاردرا بە دامەزراندنی ڕێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكانی پارتی كەتایبەت بوون بە ڕێكخراوەكانی قوتابییان و لاوان و مامۆستایان و ئافرەتان ،ناوی پارتیشمان لە پارتی دیموكراتی كورد ،گۆڕدرا بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان .
ئیدی ئەمە وەرچەرخانێكی گرنگ و مێژووی و مۆدێرن بوو لە ژیانی سیاسی و كاری ڕێكخراوەیی و پارتایەتیدا چ لەسەرئاستی ناو خۆ وەکو حزب یا لەسەر ئاستی ناوچەكەشدا، چونكە بەمە پارتی دیموکراتی كوردستان توانی دەرگا بەڕووی هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگاو تێكڕای ئازادیخوازانی کوردستان و عێراق، بەهەموو بیرو باوەڕو ئاین و مەزهەب و فکرو نەتەوە جیاوازەکاندا بکاتەوە.
ئیتر یەكێتی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان لە ١٨ی شوباتی ساڵی ( ١٩٥٣ ) لەژێر پێشنیار و ڕاسپاردەی جەنابی بارزانی یەكەمین مۆمی تەمەنی خۆی داگیرساندو هەر زوو توانی كۆمەڵێك قوتابی و لاوی خوێن گەرم و بەتواناو خۆنەویست بۆخۆی و دۆزە ڕەواکەی كێش بكات و بە خێرایێكی ئەو تۆ پەرە بە كارو چالاكیەکانی خۆی بدات، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر نەوجەوان و لاوان لە دەوری خۆی كۆبکاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش چەندین لق و ناوچەو ناوەندی نهێنی لە دەڤەرە جۆر بە جۆرەكانی كوردستاندا بۆ بەرز كردنەوەی ئاستی هۆشیاری سیاسی نەتەویی و ڕۆشنبیریی ئەندامانی کردەوە.
بەڵێ یەكێتی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان درێژەی بەکارەكانی خۆی داو بوو بە شاڕێگەییەك بۆ پێگەیاندنی سەدان سەركردەو تێكۆشەرو كادری دلسۆزو بەتوانا كەشێل گیرانە تائێستاش برەو بەو کاروانە دەدەن کە بارزانی ڕێ نیشاندەری بوە. کادیرانیشی هەمیشە پێشەنگن لەو كارانەی كەدوێنێ و ئەمڕۆ و سبەش پێیان دەسپێردرێت دلسۆزانەو بوێرانە بەڕێوەیان دەبەن،یەكێتی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان هەردەم قوتابخانەیەكی گرنگ وكاریگەر و پاڵپشتێكی پتەو بەهێز بووە بۆ خەباتی ڕزگاریخوازی و هێنانەدی ئامانج و خواستە ڕەواكانی گەلە کۆڵنەدەرەکەمان ، هەمیشە قەڵاو سەنگەرێكی سەخت و پۆڵاینیش بووە، بۆ تێ سرەواندنی گورزو سەرەڕمی كاریگەرو كەمەرشكێن بۆ شۆڤێنیست وداگیرکەرانی کوردستان،لەبەر ئەوەشە جەنابی بارزانی مەزن لەوەسفی قوتابیاندا دەفەرموێت: قوتابیان سەری ڕمن لە گشت شۆڕش و ڕاپەڕینێكد، لەوەسفی لاوانیشدا دەفەرموێت : لاوانی كورد شورەی پۆڵاینن بۆ پاراستنی کوردستان.
ئەگەر لە بەر ڕۆشنایی ئەم وتانەی بارزانی باوکیشە وە سەیری مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردستان بکەین دەبینین بەشێكی زۆری بە خوێنی ئاڵی كادرو ئەندامانی یەكێتی قوتابیان و لاوانی دیموكراتی كوردستان نوسراوەتەوەو كوردو كوردستان هەمیشە پێیانەوە سەربڵندەو شانازییان پێوە دەكات .
بۆیە جێگای خۆیەتی لەم ڕۆژدا وێڕایی ئەوەی كە یادی ٦٦ مین ساڵ وەگەڕی دامەزراندنی هەردوو ڕیکخراوی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان دەكەینەوە ،یادی هەموو ئەو نیشتیمان پەرەرانەش بکەینەوە کەڕۆژانێک وێستگەکانی ژیانیان لێرە بوەو سەر بەرزانە تێکۆشان و خەباتیان کرد تەنها بۆ ئەوەی ئاڵای كوردستان لە بەرزیدا بشەكێتەوە،هەر بۆ ئەم مەرامەش سەری بەرزیان نایەوە .
لەهەمان كاتدا یادی سەركردەو تێكۆشەری ناسراوی ئاشووری و كورد پەروەری كوردستان( فەرەنسۆ هەریری ) بکەینەوە، کەویستگەکانی ژیانی سیاسی خۆی لەم ڕێکخراوەدا دەستپێکردو تەواوی تەمەنی خۆشی بۆ ڕزگاری گەل ونەتەوەکەی تەرخان کرد.
کەلە بەرەبەیانیەکی وەک ئەمڕۆدا کە یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان سەرگەرمی خۆ ئامادەکردن بوون بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی دامەزراندنیان و پێشوازی کردن لەئەندام و میوان و دۆست و لایەنگرانیان لەو سەروبەندەدا (فرنسۆ هەریری) وەک هەر ڕۆژێکی ئاسای ڕێگای سەر کاری بۆ لقی۲ی پارتی دیموکراتی کوردستان گرتبوە بەر کە ئەو کاتە بەرپرسیاریەتی لقی ناوبراوی پێ سپێردرابوو ، بێ ئاگا لە بۆسەیەکی قێزەوندا تیرۆریستان کەژاوەی ئۆتۆمبێلەکانیان خستە بەر ڕێژنەی لولەی تفەنگەکانیان و لە ئەنجامدا مخابن ! فرنسۆ هەریری لەگەڵ یەکێک لە یاوەرانی خەڵتانی خوێن کرا ،گەیشت بەو کاروانەی ڕێبواری ڕێگەی زیاتر لە سی ساڵی خەبات و تێکۆشانی بێ پچڕانی بوو .

سەروەری بۆشهیدانی ڕێگای ئازادی کوردستان
شکۆداربێت داگیرساندنی ٦٦مین مۆمی تەمەنی یەکێتی قوتابیانی کوردستان و یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان.
Top