ئەو کادرانەی سـتێرنی حزبیان بەدەستەوەیە، ئاوڕ لە دواوەی خۆیان نادەنەوە و بپرسن...؟!
February 16, 2019
وتار و بیروڕا
بە گرنگی دەزانم پێشنیازێکی ڕۆشن بۆ یەکدەستکردنەوەو چاودێری کردنی کادری فعلی لە حزب و حکومەت بکرێت، تاوەکو ئەو کیشمەکێشی مەحفەلی و بلۆکبەندی غەیرە سیاسی و خزمخزمانێ و دوورکەوتنەوە لە پرەنسیپ و مەبادئی ڕێبازی پیرۆزی بارزانی نەمر بەکۆتا بهێندرێت. هەرکەس خەمی حزب و ڕێبازی کوردایەتی هەبیت، بەهەر بۆچونیکی سیاسی جیاوازەوە دەبی مسئولانە رووبەرووی ئەو گەندەڵی و نادادیەی ناوخۆی پارتی بیتەوە.
کەم نین ئەو کەسانەی کە دەستیان لە پشت دراوەو هێندراونەتە پێش و ئیمتیازاتیان پێشکەشکراوە، وە ئەو کەسانەیش بوونەتە خاوەن کۆمپانیاو سەرچاوەی داهاتی زۆر و ڤێلاو...... بەڵام نەک تەنها وەفا، بەڵکو جورئەت ناکەن چوارساڵ جارێ ڕووبکەنە سندوقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆیانیان بدەن .......
کێشە نابێ ئەگەر عادی ترین دیاردە لە کادری سیاسیدا بونی ئیختلافات و تصورات و بۆچونی جیاواز بێت، بەڵام دەبێ نەریتێکی حزبی بتوانی ئەوە بە سەریەکدا کەنالیزە بکات،
کە بۆچونە جیاوازەکان پوختەیی حزب بەرنە سەرەوەو لە هەمانکاتدا لە مەیدانی سیاسی و پراکتیکیدا حزب وەکو جەستەیەکی یەک بۆ شەری هەمەلایەنە دژی بورژوای دەرکەوێ. هەر کەسێک و هەر بۆچوونێکیش زیان بەوە بگەیەنێت بە کردەوە دژی ڕێبازی پیرۆزی بارزانی نەمرەو پێچەوانەی ویست و بەرژەوەندیەکانی گەلی کوردستانیشە.
خۆ ئەگەر گۆڕانکاری لە ئاستێکی جدیدا نەکرێت و ڕێگاچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە مەحسوبیات و مەنسوبیات و گەندەڵى و مشەخۆری هەندێ لە کادری ئیدارى و حزبی نەدۆزرێتەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە زیانی سیاسی زۆر دەکەین و کارو ڕەفتاری هەندێ کەس و کادری نادڵسۆز پارتی ئیفلیج دەکات.
من گومانم نیە لە ئیستادا هەموو هێزی کاراکتەرەکانی حزب و حوکومەت، ئەندامان و لایەنگران بۆ باشترکردنی پارتی زۆر پێویستن، پارتی کەسی زیادەو هێزی زیادەی نیە تا گوێ نەدەین بە لەدەستدانی تەنانەت یەک ئەندام، بۆیە کورتکردنەوەی دەستی هەر بەشیک لە تەرکیبەی حزب و کەنارخستنی هەر یەک لە کاراکتەرەکانی، زیانێکی گەورەیە.. بەڵام ئەنجامدانیشی پایەکان بۆ فراوان بوون و بەهێز بوونی حزب دڵنیایی زیاتر دەدەن.
پرسیار ئەوەیە کەس و کادری بەرپرس چۆنە، پێویستە چۆن بێت؟
لەو ڕوانگەیەوە ئیدی پێویستە بەردەوام كار لەسەر کاربەدەستی حزبی و حوکومی بكرێت، تەنانەت گرنگە لە ناو هەموو لقێکی پارتی مەکتەبێکی توێژینەوەو چاودێری بوونی هەبێت تاوەکو دیراساتێکی ووردی چوارساڵی کارەکانی دامودەزگا حکومی و ئۆرگانە جیاوازەکانی حزب بکات.. بە ئاراستەی ڕێككردنەوەی کادیری شیاو كە بەرنامەو كارو رەفتارو ئاكاریان بچێتە جۆگەلەی خزمەت كردن بە كۆمەڵ و دیموكراسیو ئازادی.. دواجاریش خزمەتکردن بە حزب، نەك دروستکردنی کەس و دەستەو كارتێلی مافیاییو نەهێشتنو زەوت كردنی بژێوی و ئازادی ئەندام و لایەنگرانی حزب، بە مانایەكی دیكە، کادیری حزب لە ناو ئۆرگانە جیاجیاکانی حوکومەت و حزب وەك ئەو کادیرە مۆدێرنە لێ بكەین كە لە وڵاتانی پێشکەوتوو دیموكراسیدا هەنو خزمەت بە حزب و خەڵک دەكەنو کەسی جەماوەریین، چون هەر ماڵباتێکی پارتی کادری نیە لە ڕێکخراو و ناوچەو لق، ناشکرێت وابێت، بۆیە کادر چاوی حزبە- دەبێ بە یەک چاو سەیری کۆی خەڵکی پارتی بکات، ، نەك ئەوەی کە ئێستا هەیە هەندێ کادیر دەستکەوتی زۆر و درووستکردنی سەرچاوەی داهاتی زۆرو خۆ قەڵەوکردنی لەلا بۆتە ئارمانج و تەنها خۆیی و دەورەوبەری خۆی دەبینێت! داهاتوو و ئارمانج و پرەنسیپەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بۆتە ئامرازی...........
ئەگەر ئاوڕ لە سەرەتای دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تایبەت شۆرشی ئەیلولی مەزن بدەینەوە، تاوەکو دەستپێکی شۆرشی گوڵانی پێشکەوتن خواز، ئەو حزبە هەمیشە لە خەمی پەروەردەكردنی كادرانی خۆیدا بووە، هەمیشە لە خوارەوە بۆ سەرەوە كاری كردوە تا كادری نەوعی دروست بكاتو كاریگەریان هەبێت لەسەر چینو توێژەكانی كۆمەڵ، وە قەبوڵکردنی خزمەتکاری لەناو کۆمەڵگادا، سەرەتا بە دەستەبژێرێكی گەنجو خوێندەوار لە ساحەکەدا خۆی سەلماند، هەتا دوای راپەرینیش تا بۆی كرا لە ڕێگەی ڕێكخستنو ئۆرگانە جیاجیاکانی حزب و خولی پێگەیاندنی كادیرانەوە سەدان كادری سیاسیو كۆمەلایەتی لە ناوچەو ئۆرگانە جیاجیاكان هێندرانە پێش...
جگە لە پەروەردە نموونەیی و نیشتیمانپەروەریەکەی، ئەوەی پارتی و ڕێبازی پیرۆزی بارزانی نەمری لە باقی حزبەكانی تر جیاكردبۆوە، هەبوونی دیدێكی ڕۆشنو نزیكی بوو لە خواستو هیواو خەونی خەڵكەوە بۆ داهاتووی کورد و کوردستان، ئەگەرنا حزبی دیكەش هەبون لە شاخ وەك شۆڕشگێڕ خۆیان دەناساندو بەشداربون لە خەباتی شاخ، حزبی دێرینتریش لە پارتی هەبون لە عێراق،
بەڵام لە بەر خەسڵەتەكانی پارتی، کوردستانیان پارتی بونیان هەڵدەبژارد لەبری حزبی دیكە بە شانازیشەوە، بێئەمەکییە ئەگەر کادر خۆی بە حزمەتکاری ئەو جەماوەرە نەزانێت.
ڕاستیەکان ئاشکران لای هەمووان، بەڵام سەمەرە لەوەدایە هەندێک لەوانەی ئێستا ستێرنی حزبیان بەدەستەوەیە، ئاوڕ لەوە نادەنەوە بۆچی دەنگدەرو جەماوەری پارتی لە ئاستی خەبات و قوربانیدان و گەورەیی ئەو حزبەدا نیە کە خودی هەندێ لە بەرپرسی مشەخۆر هۆکارن بەداخەوە، تەنانەت تێفکرین و پێبوونی ئەو کەسانە وایان لە خەڵک گەیاندووە کە حزب وەک کۆمپانیایەکەو بەس.
کادرانمان دەبێ تێبگەن لەوەی کە لە پرۆسەی دیموكراسی و شۆرش و خەباتکردندا هەموو حزبێك ئایدیایەكی میحوەری هەیە كە ئامانجەكانی تیادا رون دەكاتەوەو هەوڵ بۆ راكێشانی زۆرترین ئەندام و دەنگدەر دەدات، بەڵام مومکین نیە دوو حزبیش لە دیدو تێروانینو ئایدۆلۆژیا وەك یەك بن، ئەگەرنا پێویست بە بوونی هەردوكیان ناكاتو دەبێت ببنە یەك حزب، لێرەوە دەتوانین ئەوە دیاری بكەین كە چی بۆ بوژاندنەوەو پێشەوەچوونی زیاتری پارتی و گەیاندنی پەیامی ڕاستەقینەی ڕێبازی پیرۆزی بارزانی نەمر وەک خۆی جێبەجێ بکەین.
تۆی خوێنەر فەرموو ئەزمونی کۆی حزبەكانی دوونیا بخوێنەوە، هیچ ئەزمونێك بەر دیدناکەوێت شكستی نەهێنابێت كاتێك كادرو بەرپرسانی حزب بەرامبەر بە مادی یان پۆستو ئیمتیازات كاریان كردبێت، حزب دوركەوتبێتەوە لە ئامانجەكانیو فكرو ئایدۆلۆژیای فەرامۆش كردبێت، هاتنە پێشەوەی خەڵک لەسەر بنەمای خزمایەتی و کەسایەتی و .......، نەك شایستەیی و لێهاتوویی، پێدانی هەندێ پلەی كادری حزب بەهۆکارگەلی بێ بنەما، وایكرد ئیدی شەمەندەفەری حزب نەگاتە دوا مەنزڵ، یانیش بۆ گەیشتن هێواشتر بڕوات.
بۆ پارتی بە پێویستی دەزانم، بە زووترین كات كاربكات لەسەر ژیاندنەوەی فكری بارزانچێتی لەناو حزب بۆئەوەی وتەی بارزانی باوک "پێویستە مرۆڤ خزمەتکاری میللەتی خۆی بێت" بکرێتە بنەمای کارو گوفتارو هەڵسوکەوتی کادری پارتی لەناو حکوومەت و حزب، وە بە گۆشكردنی كادری رۆشنبیرو خاوەن عەقڵو ڕا، لەلایەك بۆ پێشوەچوونی زیاتری حزب و لەلایەكی دیكەش بۆ ئەوەی خەڵكی ئاسایی هەست بە جیاوازی پارتیمان بكات بە بەراورد بە حزبەكانی دیكە، خاڵێكی تری جەوهەری بۆ ئێمەی پارتی ئەوەیە: دان بە کەمبوونی کادری جەماوەری و لێهاتوو ڕۆشنفکر دا بنێین٫ وە ئاوڕێکیش لە ژیان و گوزارانی ئەو کادرانە بدرێتەوە کە ڕۆچوون بە ناو ناخی خاڵکدا لە خوارەوە، بژێویان باشتر بکرێت.