چاکسازییەکانی حکومەتی ھەرێم، لە پێشخستنی رەوشی ئافرەتان

چاکسازییەکانی حکومەتی ھەرێم، لە پێشخستنی رەوشی ئافرەتان
ئەزموونی حوکمڕانی کوردستان سەرەڕای تێبینی وکەم وکورتییەکان، بەڵام لەزۆر بواریشدا ھەنگاوی وەھای ناوە کە حەقە بەبایەخەوە چاوی لێ بکرێت، یەکێک لەو بوارانە بابەتی مافەکانی ئافرەتان و زەمینە ڕەخساندنە بۆ جێکردنەوەی ئافرەتان لە بوارە جیاجیاکانی کاروچالاکی وناوەندەکانی سیاسی وئیداریدا، ھەروەھا برەودان بەچەسپاندنی ماف ودەستکەوتەکانی بەشێوەیەک کەپاشەکشەکردن لێیان شتێکی ئەستەم بێت.
دەوڵەتداری وخۆسازدان بۆ چاکسازی کۆمەڵایەتی پێویستی بەھێنانە ئارای لانی کەمی یەکسانی ڕەگەزی ھەیە، بەجۆرێک مێینە وەک پێکھێنەرێکی گرنگی کۆمەڵگە لەمافەکانی بەھرەمەند ببێت، ئەڵبەتە دەست بردن بۆ بابەتێکی ئاوەھا لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا ئاسان وسادە نەبوو، ئەگەر سەرکردە وخاوەن بڕیاری بەجورئەتی لەپشتەوە نەبووایە، لێرەدا ڕۆڵی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دیار وبەرچاوە وەک خاوەنی پرۆژەی ڕاستەقینەی وەگەڕخستنی تواناکانی ئافرەتان بەشێوەی کردەیی.
ئەگەر تەماشایەکی ڕاڕەوی کابینە یەک لەدوای یەکەکانی فەرمانڕەوایی نێچێرڤان بارزانی بکەین دەتوانین ھەنگاوی کردەیی ببینین، ھەر لەسەرەتاوە بەدەزگای یەکسانی دەستی پێکرد، کە توانی ئەو پەیامە بگەیەنێت، کە حکومەت بەرنامەی بۆ ھێنانەکایەی ھاوسەنگی کۆمەڵایەتی ھەیە ، دواتریش ھەنگاوی دۆزینەوەی تواناکانی ئافرەتانی بەدواداھات کە خۆیی بینیەوە لە خەڵاتکردنی توێژینەوەکەی (خەندان حەمەجەزا) کە بۆ ئەو کات ھەنگاوێکی تەواو بوێرانە بوو، ئاخر ئەو کتێبە لەزاری خودی قوربانییە ژنەکانەوە ناسۆر وئازارەکانی ژنانی کوردستانی دەگێڕایەوە، دوای ئەویش پشتیوانیکردنی دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای خانمان وپشتیوانی کردنیان لەلایەن خودی سەرۆک وەزیرانەوە بووبە دەرفەتێک بۆ گەیاندنی ھەرچی زووتری داوا و خواستەکانی ئافرەتان بەناوەندی بڕیاری کوردستان وئەنجومەنی وەزیران.
ئەم ھەوڵە کردەییانە بەس نەبوون، بەڵکو بوونە دەروازەیەک بۆئەوەی پشتیوانی کۆنکرێتی وبەھێزی یاساییان بەدوادابێت، ئەویش خۆیی بینیەوە لە ھەموارکردنە یاساییەکاندا کە لەبەرژەوەندی ژنان بوون، نموونەی ھەرە گرنگیش ھەمواری یاسای باری کەسێتی عێراقی بوو، کە دەستبردن بۆ ئەم یاسایە ئەگەر پشتیوانی بەھێزی سەرۆک وەزیری لەپشتەوە نەبووایە کارێکی ھەرە ئەستەم دەبوو، بەڵام دۆزینەوەی کەسانی منەوەری شەرعزان وشارەزای لەنموونەی دکتۆر مستەفا زەڵمی لەلایەن خودی نێچیرڤان بارزانییەوە وایکرد ئەم بابەتە ڕووبەڕووی ئاستەنگێکی گەورە کە شایەنی باسکردن نەبێتەوە، ھەربۆیە بۆیەکەمجار لەمێژووی عێراقدا بەشێکی زۆر لەھاوسەنگی بۆ یاسای باری کەسێکی لەسوودی خانمان گەڕایەوە.
دەرچوواندنی یاسای ڕووبەڕووبوونەوەی تووندوتیژی خێزانی وجێەبجێکردنی لەڕێگەی دامەزراندنی بنکە ونووسینگەکانی پۆلیسی تایبەتمەندەوە، وایکرد ئەم بابەتە ببێتە زەرورەتێکی کۆمەڵایەتی وئافرەتی کورد باشتر ماف وئەرکەکانی خۆی بناسێت.
ئەمانە بەشێکن لە دەستکەوتەکانی حکومەتی ھەرێم و خودی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئافرەتانی کوردستان، کە بەجۆرێک بوونەتە بناغە بۆ ھەر پێشکەوتنێکی تر بێتە کایەوە ئەمانە دەبنە پێشینە باشەکەی وھەرگیز شیاوی پاشەکشە و گەڕانەوە بۆ دواوە نین، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستانیش بەھەمان ڕۆحیەتەوە بەردەوامیدان بەم ھەوڵانەی نێچیرڤان بارزانی ببینین، بەجۆرێک ببێتە چەتری بەشداریکردنی زیاتری ئافرەتان لەکایەی سیاسی وبڕیاری ھەمە لایەنەی کوردستاندا.
Top