گرنگی فرۆشگای قوتابخانەکان

گرنگی فرۆشگای قوتابخانەکان
ھەروەکو دەلێن " رێگای ئاسان مەگرە بەر، چونکە کەمترین چێژ و شارەزاییان ھەیە وەک لە رێگای سەخت".
گەر ئەو ووتەیەی سەرەوە شی بکەینەوە لە سەر چۆنیەتی ئیشکردنی پەروەردە لە فرۆشگای قوتابخانەکان کە بابەتێکی زیندوو و پڕ کێشەی ناوپڕۆسەی پەروەردە و پەیوەندی راستەوخۆی بە قوتابیە خۆشەویستەکانەوە ھەیە، بۆیە گرنگە ئەوپەڕی گرنگی و بایەخ بە فرۆشگای قوتابخانەکان بدەین لە ھەموو روویەکەوە کار بە رێنمایی فرۆشگاکان بکرێت و جێ بەجێ بکرێن، بە پێویستی دەزانم لە خولی ئەمجارە و پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان یاسای فرۆشگای قوتابخانەکان دەربچێت دوای ئامادەکردنی لەلایەن لێژنەی پەروەردەیی پەرلەمانی کوردستان و بەدواداچوونی ھەبێت تا چەند لەلایەن وەزارەتی پەروەردە جێ بەجێ کراوە.لەلایەن وەزارەتی پەروەردە وە لە رێگای لێژنەی باڵای فرۆشگای قوتابخانەکان بەدواداچوونی وورد ھەبێت لە سەر جێ بەجێ کردنی یاسا و رێنمایی فرۆشگای قوتابخانەکان و بەھەمان شێوە لە پەروەردەی گشتی پارێزگاکان و قەزاکانیش، چونکە قوتابیان کە لە نێوان (٤-٦)کاتژمێر لە قوتابخانەن پێویستیان بە کڕینی خواردن و خواردنەوە دەبێت و پێویستە ئەو خواردن و خواردنەوانە تەندروست و پاک بن و زیان بە تەندروستی قوتابیان نەگەیەنێت، بۆ زانیاری خوێنەر دوو ساڵ بەر لەئێستا بەرپرسانی پەروەردەیی لە شاری نیویورک بسکویت و کێکی خۆماڵی بە شوکولاتە و گێزەریان قەدەغە کرد لە فرۆشگای قوتابخانەکان بفرۆشرێت، چونکە دەرکەوت زیان بە تەندروستی منداڵ دەگەیەنێت، خالێکی تری گرنگ بابەتی فرۆشگای قوتابخانەکانی کچانە ھەر لە ساڵی (٢٠١٢) کە بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی پارێزگای ھەولێر بووین پێشنیارمان بۆ وەزارەتی پەروەردە کابینەی حەوتەمان کرد کەوا سەرجەم قوتابخانەکانی کچان لە قۆناخی بنەڕەتی (٧-٩)و قۆناخی ئامادەیی ئافرەت دابنرێت لە فرۆشگای قوتابخانەکانیان ئەو بوو لە رێگای پێشنیار و داواکاری ئێمە بوو لەلایەن وەزارەتی پەروەردە کرایە فەرمانی وەزاری و گشتاندن کرا بۆ پارێزگاکانی تری ھەرێمی کوردستان کەوا لە فرۆشگای قوتابخانەکانی کچان دەبێت ئافرەت دابنرێت و پەروەردەکانیش جێ بەجێ بکەن، ئێمەش لە رێگای لێژنەیەک لە پەروەردەی گشتی و خۆمان بەدواداچوونی چڕ و ووردمان کرد لەسەر جێ بەجێ کردنی و چەندەھا لێپرسینەوەمان کردو بە ووردی بەداوداچوونمان کرد و کە لە ئەنجامدا دڵنیایی و ئارامی دەداتە قوتابیان و کەس و کاری قوتابیان و رەنگدانەوە و وەڵامدانەوەیەکی باش و ئەرێنی ھەبوو لەلایەن قوتابیان و کەس و کاریان و بەرێوەبەری قوتابخانەکانیش کێشەو بەرپرسیاریەتیان کەمتر دەبێتەوە تا ئێستاش کاری پێ دەکرێت، بۆیە بابەتی فرۆشگای قوتابخانەکان بابەتێکی گرنگ و ھەستیاری ناو پڕۆسەی پەروەردەیە چ لە بەکرێ دانی بە کەسانی شایستە و بێ کێشەو شارەزا لە پەروەردە و قوتابخانە و فرۆشتنی خواردن و خواردنەوەکان لەلایەن لێژنەی پەروەردەی قەزا و پارێزگاکان بەدواداچوونی بەردەوامی پێویستە، چونکە تەندروستی قوتابیە خۆشەویستەکانمان لە پێش ھەموو شتێکە، ھەروەھا ئەو پارەیەی وەردەگیرێت پێویستە رێژەکانیان بە پێی رێنماییەکان خەرج بکرێن لە قوتابخانە و قوتابیە زیرەک و کەم دەرامەتەکان و رێژەیەکیش بۆ ئەنجامدانی چاڵاکیەکانی وەرزش و ھونەری لە رێگای لێژنەی فرۆشگای قوتابخانە خەرج بکرێن، فرۆشگا پێویستە شوێنێکی شیاو و پاک و خاوێنی ھەبێت و ئەوانەی کار دەکەن لە فرۆشگا مەرجەکانی تەندروستیان جێ بەجێ کردبێت، وە ھەروەھا لە رێگای وەزارەتی پەروەردە بەداوداچوون و چاودێری وورد و بەردەوام ھەبێت بۆ فرۆشگاکان لە سەر کۆی کێشەکان.
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزش و ھونەر
ماستەر لە کارگێرێ پەروەردەیی


Top